"پێویستە منداڵانی ئۆتیزم لەلایەن دایک و باوکەوە قبوڵ بکرێن"
بۆکان تۆفیق، بەڕێوبەری سەنتەری پەپولەکانی کوردستان دەڵێت: هۆشیاری زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر دایک و باوکەکان هۆشیاربن، زووهەست بە منداڵەکانیان دەکەن و ڕێگە چارەسەریەکان دەگرنەبەر.

هێرۆ عەلی
سلێمانی- ئۆتیزم حاڵەتێکە کە پەیوەندی بە گەشەکردنی مێشکەوە هەیە و کاریگەری لەسەر چۆنیەتی هەستکردن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤ لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشە لە کارلێکی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیکردندا، هەروەها ئەم نەخۆشییە شێوازە سنووردار و دووبارەبووەکانی ڕەفتار لەخۆدەگرێت، کە لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا دەرەکەوێت.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٧، ڕۆژی ٢ی نیسانی وەک ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم دەستنیشانکرد، هەموو ساڵێک لەم ڕۆژە دا، جیهان یادی ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی ئۆتیزم دەکاتەوە وتێیدا وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی بەرامبەر ئەم نەخۆشییە دەکەن.
"ئەو ژینگەیەی کە منداڵەکەی تێیدا دەژی هۆکارە بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان"
بۆکان تۆفیق، بەڕێوبەری سەنتەری پەپولەکانی کوردستان، باسی نەخۆشی ئۆتیزمی کرد، وتی: حاڵەتی ئۆتیزم تێکچوونی گەشەی دەمارەکانی مێشکە، ئەگەر باسی هۆکارەکانی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم بکەین جیا لە لایەنە پزیشکیەکەیەوە، لایەنی کۆمەڵایەتی و ژینگەییمان هەیە کە جاری وایە حاڵەتن بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان، ئەگەر نیشانەکان و لایەنی ژینگەیی پێکەوە ببەستینەوە دەبینین، جۆری مامەڵەکردنی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکەدا وئەو ژینگەیەشی کە منداڵەکەی تێدا دەژی هۆکارن بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان، کەیسمان هەبوە لە تەمەنی دوومانگیەوە مۆبایل دراوە بەدەستی منداڵەکەوە، ئەمە بەئەگەرێکی زۆرەوە نیشانەکانی ئۆتیزمی تێدا دەردەکەوێت، لەکاتێکدا منداڵەکە خۆی هەڵگری حاڵەتی ئۆتیزم نییە، بۆیە ژینگە و حاڵەتەکەم بەستەوە بەیەکەوە، چونکە ئێستا تێکەڵکێش بوە، ئەگەر کەسێک زۆر ورد نەبێت لە هەڵسەنگاندنی منداڵەکە و کاتی باشی بۆدابین نەکات دەکەوێتە هەڵەوە کە ئایە ژینگەکەی هۆکار بووە یان بۆماوەییە.
"دەرکەوتنی نیاشانەکان لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی ترجیاوازە''
وتیشی: ئەگەر نیشانەکان دابەش بکەین بۆ چەند بەشێکەوە، ئەوا بەم شێوەیە دەبێت: نیشانەی کۆمەڵایەتی، ئەم منداڵانە ئەوەندەی پەیوەندی لەگەڵ شتە بێگیانەکاندا دەبەستن، پەیوەندی لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان نابەستن، دواتر لە ڕووی تەرکیز و ئاگاییەوە، ئەم منداڵانە ئاوڕدانەوەیان نیە بۆ بانگکردن، هەروەها لەڕووی جووڵەوە، پێداکێشان بە دەمووچاوی خۆیاندا و خولانەوە و شت سوڕان بەدەستیان هەیە، دواتردواکەتنی قسەکردن، هیچ وشەیەک ناڵێن یان تەنها یەک وشە دەڵێن یاخود زمانی ئاماژە بەکاردەهێنن، شێوازی ژیانی منداڵەکە، خەو و خواردنیان، خەویان ڕێکنیە یان کاتێکی کەم دەخەون، هەروەها کێشەی کەم خواردنیان هەیە، منداڵاکە یەک جۆر ڕەنگی خواردن دەخوات، هەندێک حاڵەتی تریشمان هەیە وەکو ڕەقبوونی ماسولکەکان بەتایبەتی ماسولکەی پەنجەکانیان، ئاماژەشی بەوەکرد دەرکەوتنی نیاشانەکان لە هیچ منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر وەکو یەکنیە و جیاوازە، یەکێکی تریش لە نیشانەکانیان هەستیاریە، ئایا منداڵەکە ئەو نیشانەی تێدا بەرزە یان نا، جا هەر شەش هەستیاریەکە بێت یان کەمتر، منداڵمان هەیە ئەگەر تۆزێک قۆڵی کراسەکەی تەڕبێت، ئەگەر کەسێک لێێ تێنەگات بۆ ئەو زۆر ئازار بەخش ومایەی بێزارکردن دەبێت، لەبەرئەوە دەبێت دایک یاخود ڕاهێنەر زۆر ئاگاداری ئەو حاڵەتەبن، چونکە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تاچەند هەست بە منداڵەکە دەکات و لێیتێدەگات و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات .
''چەند کەیسێکمان هەیە کە لەکاتی لەدایک بووندا، دکتۆرەکان منداڵەکەیان لەدەست کەوتۆتە خوارەوە، دواتریش بە ئۆتیزم لە قەڵەمیان داوە''
بۆکان تۆ فیق، ئاماژەی بە هۆکارەکانی نەخۆشی ئۆتیزم کردو وتی: من لای خۆمەوە دابەشکاریم بۆکردوە و کردومە بەدووبەشەوە، بەشێکیان بۆماوەیی و پزیشکین کە دیاریکراون و خەڵک پێیان ئاشنان، بەشیکیشیان ژینگەین، ئەو ژینگەیەی تێیدایە تاچەند ژینگەیەکی تەندروستە، چونکە هۆکارە بۆئەوەی نیشانەکانی تێدا بەرزبێتەوە یان کەم بێتەوە، ئەگەر هۆکارە بۆماوەیی و پزیشکیەکەش باس بکەم، لێرەداچەند کەیسێکمان هەیە کە لەکاتی لەدایک بووندا، دکتۆرەکە منداڵەکەی لەدەست کەوتۆتە خوارەوە، دواتریش کە لیژنە لێکۆڵینەوەی لێکردوە بە ئۆتیزم لە قەڵەمیان داوە، هەروەها منداڵمان لابوە کە لەکاتی لەدایک بونیدا ئۆکسجینی کەم یان زۆریان داوەتێ، ئەمانەش هەندیک هۆکارن کە جێگەی گومان و پرسیارن، بۆیە چەنێک کاتی دووگیانی دایکەکە گرنگە، ئەوەندەش کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەش گرنگە.
لەکۆتایی قسەکانیشیدا چەند ڕێنماییەکی بۆ دایک و باوکان هەبوو وتی: ئەمە تاقیکردنەوەیەکی خوای گەورەیە کە ئەم منداڵە دەبەخشێت پێیان، بۆیە یەکەم شت ئەو منداڵە قبووڵ بکەن، چونکە کە قبوڵیان کرد زووتردەتوانن بینێرنە سەنتەرەکان، چونکە گرفتێکی تریشمان ئەوەیە دایک و باوکەکە حاڵەتی منداڵەکەیان قبوڵ نیە، کە قبوڵیشاین نەبوو ناینێرنە سەنتەرەکان، ئەمەش زیان بەمنداڵەکە دەگەیەنێت.