مافی ژنان لە نێوان یاسا و سیاسەتەکان... چ ئایندەیەک چاوەڕێی ژنانی عێراق دەکات؟

لەژێر هەژموونی سیستەمی پیاوسالاریدا، ژنان لە عێراق ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبنەوە کە ڕێگرن لە گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەری، سەرەڕای ئەم ئاڵەنگاریانە، تەڤگەری ژن بەردەوامن لە خەباتیان بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری بنەڕەتی.

مالڤا محەمەد

ناوەندی هەواڵ
-نادیە مەحمود،ژنە چالاکوانی عێراقی جەختی لەوە کردەوە کە یاسای نادادپەروەرانە، سیاسەتی جیاکاری و ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی کۆنەپەرستانە، هەموویان ڕاستی بەهێز دەکەن کە ژنان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێ بەشکراون، ئەمە پێویستی بە کردەوەی بەکۆمەڵ هەیە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری ڕاستەقینە، لەسەر بنەمای هەماهەنگی و تۆڕکردن و هاوپەیمانی نێوان هێزە جیاوازەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان.

مافی ژنان لە مێژە بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەی دادپەروەر و هاوسەنگ بووە، هێشتا ژنان لە عێراق ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبنەوە، چ لە ڕووی یاسایی و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، لە کاتێکدا هێرشەکان بۆ سەر دەستکەوتە یاساییەکان لە دەیەکانی ڕابردوودا بەدەست هاتوون، زیاتر دەبن، ژنە چالاکوانانی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵەنگاریانە، کار بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی ژنان لە پۆستەکانی بڕیارداندا دەکەن.

بۆ پێداچوونەوە بە دیارترین قەیران و ئاڵەنگاری بەردەم ژنان و چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و بەهێزکردنیان بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەکانیان، گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری ڕاستەقینە کە دادپەروەری و یەکسانی مسۆگەر دەکات، ئاژانسەکەمان لەگەڵ نادیە مەحمود، نووسەر وژنە چالاکوانی عێراقی، ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانی ژنانی ئامان، بۆ ئەم چاوپێکەوتنە قسەی کرد:

ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ڕووبەڕووی ئالەنگاری ئاڵۆز دەبنەوە، بەتایبەتی کە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە تووشی شەڕ و ململانێ دەبن، ئەم قەیران و ململانێیانە چۆن کاریگەرییان لەسەر ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگەکاندا هەیە؟
هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری، یاسایی و مافی مرۆڤ نەک تەنها کاریگەری لەسەر ڕۆڵی ژنان بەڵکو لەسەر پێگەی تاکەکەسیشیان هەیە، زۆرجار ژنان هەمان مافی پیاوان پێ نادرێت، ئەوە بەباشی دەزانرێت کە ئێمە لە کۆمەڵگە سەرمایەداریەکاندا دەژین، ژنان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری ئابووری بەرچاو دەبنەوە، بەدەست هەژاری و زیادبوونی قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن، ئەگەر سەیری ڕێژەی بەشداری ژنان لە بازاڕی کار بکەین لە وڵاتانی ناوچەکە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە سەدا ١٥ بۆ ٢٠ تێناپەڕێت، لە عێراقدا ئەم ڕێژەیە بۆ نزیکەی لە ١٢%ی کۆی هێزی کار دادەبەزێت، نەبوونی هەلی کار هەژاری لای ژنان گەورەتر دەکات، وایان لێدەکات بەرەوڕووی دۆسیەی دیکە ببنەوە، وەک توندوتیژی خێزانی، ئەو ژنانەی لە هەژاریدا دەژین زۆرجار ناتوانن سەربەخۆیی دارایی بەدەستبهێنن، بەهۆی سنوورداربوونی توانا ئابوورییەکانیانەوە ناچاریان دەکات لە ژینگەی توندوتیژیدا بمێننەوە.

جگە لە هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان، سیستەمی یاسایی لە ناوچەکەدا کە لە زۆر لایەنەوە لەسەر شەریعەتی ئیسلامی دامەزراوە، ڕۆڵێکی بەرچاو لە ژیانی ژناندا دەگێڕێت، لە نێو ئەم یاسایانەدا یاساکانی باری کەسی جیاوازن، زۆرجار هەڵاواردنێکی ڕوون لە دژی ژنان لەخۆدەگرێت.

لە عێراق یاساکانی ئەم دواییە مشتومڕێکی بەرفراوانی لێکەوتەوە و توڕەیییەکی بەرچاوی ژنانی لێکەوتەو، چونکە هەندێک ماف کەمدەکاتەوە کە شەش دەیە لەمەوبەر لەبەردەستیاندایە، ئەم پاشەکشە یاساییە نەک هەر گوزارشت لە پاشەکشە لە پێشکەوتنی مافەکانی ژنان دەکات، بەڵکو ڕاستییەکی بەردەوام دەکات کە ژنان لە سەرەتاییترین و بنەڕەتیترین مافەکانیان بێبەش دەکات، جیاوازیی یاسایی ڕەگەزی فراوانتر دەبێت.

چەسپاندنی نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی، ئایینی و تائیفی، لەگەڵ خێڵەکی، بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە لە بەهێزکردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی دژی ژنان، کە تادێت فۆڕمی توندوتیژی و جیاکاریی بەخۆیەوە بینیوە، پیاوان بە باشتر دەزانن بەسەر ژناندا، ئەم مەرجانە چ پەیوەندیدارن بە ئابووری، کۆمەڵایەتی، یاسایی، یان مافەکانی مرۆڤ، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژنان هەیە و ئازادییە یاسایی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، تاکەکەسی و مەدەنییەکانیان سنووردار دەکەن، ئەم ڕاستییە باڵادەستی سیستەمی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا بەهێزتر دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕۆڵ و پێگەی ژنان دروست دەکات و نایەکسانی ڕەگەزی بەردەوام دەکات.

بەڕای ئێوە هۆکاری زەوتکردنی مافەکانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی نوێنەرایەتی لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا کە ڕێگری دەکات لە بەجێگەیاندنی ڕۆڵەکانیان و گەیشتن بە یەکسانی؟
بێگومان نەخێر، سیستەمێکی پیاوسالاری و سەرمایەداری پەیوەندییە مرۆییەکان بەڕێوەدەبات و دەستڕاگەیشتن بە ژنان بەو پۆستانە بە مانای کۆتایی هاتنی ئەم سیستەمە جیاکارییە نییە بەرامبەر بە ژنان، تەنانەت لە پەرلەمانەکانیشدا ژمارەی کەمی ژنان، لە باشترین کاتدا، بانگەشە بۆ مافەکانی ژنان دەکەن، بوونی ڕێژەیی ئەوان، بە بەراورد لەگەڵ نوێنەرانی پارتە پیاوسالارەکان، مانای ئەوەیە کە ناتوانن پێگەیەکی باڵادەست لە بڕیاردان بەدەست بهێنن و دەنگی زیاتر لە پیاوان بەدەست بهێنن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سیاسەتانەی لە پەرلەماندا پەیڕەو دەکرێن.

بۆ نمونە لە عێراق پشکی ٢٥% بۆ ژنان تەرخانکراوە، بەڵام پارتە ئیسلامییەکان زۆرجار ئەو ژنانە هەڵدەبژێرن کە بۆچوونەکانیان دەرببڕن نەک نوێنەرایەتی داواکاری ژنان بکەن، لە ڕاستیدا ئەم ژنانە زیاتر ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری ئەم حزبانەن، لەوەی کە زیاتر گوزارشت لە پێداویستییەکانیان دەکەن.

بۆیە ئەم نوێنەرایەتییە سنووردارە بەس نییە بۆ گۆڕینی پێگەی ژن، بەو پێیەی سیستەمێکی هەمەلایەنە و باڵادەست بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی بیروبۆچوونی پیاو، جا چ لە بواری ئابووریدا بێت یان لە یاساکاندا، جگە لەوەش خێڵ و مەزهەب و تەنانەت دامەزراوە پەروەردەیی و ڕاگەیاندنەکان پێکەوە کاردەکەن بۆ چەسپاندنی پێگەی کەمتری ژنان.

وەک چالاکوانێکی ژن، ئەم سیاسەتانەی لە پەرلەمانەکاندا جێبەجێ دەکرێن، چییان دەوێت بۆ ئەوەی بگۆڕدرێن؟
ئایا هەوڵی ڕێکخراوە ژنەکان بەسە بۆ گۆڕینی ئەم ڕاستیە؟
هەر ئاڵوگۆڕێک پێویستی بە فشارە لە خوارەوە، واتە لە کۆمەڵگەوە و خەبات لە دژی ئەم سیستەمە پیاوسالارییە، ئەم خەباتە بەشێکی لە لایەن ڕێکخراو و تەڤگەرت ژنەکانەوە، لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، ناوەندەکانی کرێکاران و تەڤگەری کۆمەڵگەی مەدەنی، کە هەوڵەکانیان یەکدەگرنەوە بۆ هێنانەدی گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنە بۆ ئەم سیستەمە. بەبێ تەڤگەری دەستەجەمعی یەکگرتوو و ڕێکخراو کە لەسەر بنەمای هاڕمۆنی و تۆڕ و هاوپەیمانی لە نێوان هێزە جۆراوجۆرەکانی بەرگری لە مافەکانی ژنان دابنرێت، گەیشتن بەو مافانە لە ڕادەبەدەر قورس دەمێنێتەوە.

بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکان ڕیزەکانیان یەکبخەن، هاوشانی ژنانی چالاکوان و بەهێزکردنی هێزی تەڤگەری ژن، بەبێ ستراتیژێکی ڕوون و بەرنامەیەکی کاریگەر و بەبێ توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی بنەمای سێکسیزم، گۆڕانکاری دەبێتە شتێکی مەحاڵ، هێزە کاردانەوەکان لە کۆمەڵگەدا بە ئاسانی لە بیروبۆچوونی خۆیان پاشەکشە ناکەن و ڕێکخستن و هاودەنگی لەم ڕووبەڕووبوونەوەدا دەکاتە چارەنووسساز.

وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری هاوپەیمانی ژنانی ئامان کە ژنانی چالاکوان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لەخۆدەگرێت، ئایا هیچ پڕۆژەیەکی یاسایی لە ئێستادا لە ژێر ڕەچاوکردندایە کە بتوانێت کاریگەری لەسەر مافەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت و هاوپەیمانییەکە چۆن دەتوانێت پشتگیریان بکات؟

هاوپەیمانییەکە ژمارەیەکی کەمی چالاکوانی لە وڵاتانی عەرەبی زمان هەیە، بەو پێیەی ئێمە بە پلەی یەکەم سەرنجمان لەسەر عێراقە، بەڵام ئێمە هیچ داواکارییەکی ئەندامێتی لە چالاکوانانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەت ناکەینەوە.

تەنیا بەهۆی قسەکردن بە ناوی فێمینیزمەوە تووشی هێرشی توند دەبین و پێشتریش تووشی هێرشی توند بووین، بە ئامانجی شێواندنی چەمکی فێمینیزم، بۆیە چالاکوانانی مافی ژنان خۆیان لە تەنانەت هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەی "فێمینیزم" بەدوور دەگرن.

لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراو و تەڤگەری ژنەکان ماندوو نەناسانە کار دەکەن بۆ بەرگریکردن لە پرسی ژنان، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە ڕوانگەیەکی یەکگرتوو بەدەست بهێنن، چالاکیەکانیان بە پارچەپارچەیی ماونەتەوە و بەردەوامن لە پابەندبوون بە دەسەڵاتە هەنووکەییەکان و ئاشتبوونەوەیان لەگەڵیاندا لە ترسی ئەوەی ئەگەر دژایەتی شتێک بکەن تووشی هەڕەشە و فشار ببن، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ئێمە لە وڵاتێکی دیموکراتیدا نین، وەک چۆن دەستوور بانگەشەی ڕێزگرتن لەو بەهایانە دەکات.

کەواتە، پێش ئەوەی بتوانین وەک ژنەکان کاریگەری لەسەر سیستەمی دەوڵەتمان هەبێت، پێویستە سەرەتا ڕیزەکان دابخەین. ئێمە لە قۆناغێکداین کە دەبێت لە کردار و پارچەپارچەبوونی تاکەکەسی تێپەڕین و خەریکی کردەی یەکگرتوو بین، پرسی ژنان یەک پرسن و پێویستی بە هەوڵی یەکگرتوو و بەیەکەوە گرێدراو هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، کرداری تاکەکەسی بەرەو هیچ شوێنێک نابات. ئەمەیە کە هاودەنگی بۆ پرسی ژنان شتێکی بنەڕەتی دەکات.

چۆن بتوانین پردی پەیوەندی نێوان نەوە جیاوازەکان دروست بکەین بۆ ئەوەی باشتر پشتگیری لە پرسی ژنان بکەین؟
دروستکردنی پرد لە نێوان نەوەکاندا هیچ ئاڵەنگاریەکی نییە، بە مەرجێک دیدێکی هاوبەش هەبێت کە کرێکاران و چالاکوانی ژنان لە بواری فێمینیزمدا یەکبخات، لەسەر بنەمای بنیاتنانی تەڤگەری ژنی بەهێز لە عێراقدا، گەیشتن بە ئامانجەکانی تر کاتێک دەبێتە شتێکی مومکین کە ئەم دیدە هاوبەشە ئامادە بێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی نەوەی پێشوو، پێویستە بتوانێت دەستپێشخەریی ژنە گەنجەکان لە باوەش بگرێت، شوێنی داهێنانیان بۆ دابین بکات لە کاری ژندا و درێژە بەو گەشتە بدات کە نەوەی پێشوو دەستی پێکردووە، پەیوەندی نێوان نەوەکان ئاڵەنگاری بەرچاو دروست ناکات تا ئەو کاتەی کراوەیی هەبێت بۆ هاوبەشکردنی ئەزموونەکان، گوێگرتن لە یەکتر و کارلێکی ئەرێنی.

هەروەک ئاماژەت پێکرد یاساکانی ئێستای عێراق مافی ژنان پێشێل دەکەن و جیاکارییان بەرامبەر دەکەن. بەڕای ئێوە چ چاکسازییەکی یاسایی پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی کەرامەتی ژنانی عێراق؟
پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ چەندین چاکسازی یاسایی، سەرەتا لە هەموارکردنەوەی هەندێک ماددەی یاسای سزادان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی کە سزای ژنان شەرعیەتی پێ دەدەن یان دەستدرێژیکاران لە سزا دەبەخشن ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانییەکانیان بکەن، ئەم هەڵاواردنە دەبێت بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە و دەستدرێژیکاران بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بە هەمان شێوە، پێویستە ڕفێنەران سزا بدرێن ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانییەکانیان کرد، نەک پاداشت بدرێن بە هاوسەرگیریکردنیان بە بیانووی کۆمەڵایەتی، هەروەها پێویستە ماددە جیاکارییەکانی یاسای مەدەنی هەموار بکرێتەوە.

سەبارەت بە یاسای باری کەسی کە زۆرترین پەیوەندی بە مافەکانی ژنانەوە هەیە، لەم دواییانەدا شاهیدی پاشەکشەی ڕاستەقینە بووین، کە دەستکەوتەکانی ژنان لە ماوەی ٦٠ ساڵدا بەدەستیان هێناوە، لەناوچوون، ئەمە پاشەکشەیەکی ڕاستەقینە دەکات، بۆیە دەبێت یاسای باری کەسی دووبارە دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی یەکسانی ڕەگەزی لە هەموو مافەکانی هاوسەرگیریدا مسۆگەر بکرێت، لەوانە هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات، مافی ماڵ و سەرپەرشتیکردنی منداڵ.

هەروەها هەر یاسایەک کە فرەژنی بە یاسایی بکات و تاک هاوسەری چەسپێنێت، دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە، جگە لەوەش پێویستە هاوسەرگیریی کەم تەمەن وەک تاوان پۆلێن بکرێت و بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە، هاوکات لەگەڵ قەدەغەکردنی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان، بەهۆی ئەو زیانە قورسەی کە دەیگەیەنێت، چونکە ژنان و منداڵان وەک قوربانیی سەرەکی ئەو کارانە دەمێننەوە، ماوەی زیاتر لە ١٣ ساڵە ڕێکخراوەکانی ژنان لەژێر چەتری یاسای توندوتیژی خێزانی هەوڵیانداوە توندوتیژی دژی ژنان بە تاوان بناسێنن، بەڵام ئەم هەوڵانە هێشتا نەیانتوانیوە یاسایەکی ڕوون دەربکەون کە ئەو جۆرە پێشێلکاریانە بە تاوان بزانێت، لەم نێوەندەدا سیاسەتەکانی حکومەت پشت بە ئامرازەکانی وەک پۆلیسی کۆمەڵایەتی دەبەستن کە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی خێزان دامەزراون، بەڵام یاسایەکیان نییە کە کارەکانیان ڕێکبخات، وایکردووە ژنانی دەستدرێژیکراوان تووشی دووبارەبوونەوەی ژینگەیەکی توندوتیژ بن، بەداخەوە زۆرێک لەو ژنانەی پەنایان بۆ ئەو هێزانەی پۆلیس بردووە، کۆتاییان بە کوشتن بووە، تیشک دەخاتەسەر پێویستی بەپەلەی جێبەجێکردنی یاسای کاریگەر بۆ پاراستنی ژنان، لەوانەش دامەزراندنی شوێنی داڵدەدانی سەلامەت کە پارێزگارییان لێدەکات کاتێک تووشی توندوتیژی دەبنەوە.


جگە لەوەش، بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە هەنگاوێکی پێویستە بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی سەربەخۆی داهاتیان بۆ دابین بکرێت، بە تایبەت لە عێراقدا کە کاری چاودێری وەک ئەرکێک سەیر دەکرێت نەک وەک کارێک کە شایەنی پێزانینی دارایی بێت، پێویستە ئەم کارە بەهایەکی زۆری پێبدرێت، ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی دەبن، پێویستە دەستیان بە پشتیوانی حکومەت بگات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و پاراستنیا