دینا موحسین: ژنۆلۆژی ئاسۆی هۆشیاری و خۆناسین دەکاتەوە
دینا موحسین، سەرۆکی ناوەندی ژنۆلۆژی لە میسر، دەڵێت: پاراستنی ژنان و بەهێزکردنیان پێویستی بە تێپەڕاندنی چارەسەرە یاساییە نەریتییەکان هەیە بەرەو چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی جیاکاری و توندوتیژی، جەختی لە گرنگی پەروەردەی ژنان کردەوە.
مالڤا محەمەد
ناوەندی هەواڵ ـ لە سایەی پەرەسەندنی دۆسیەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان، زیادبوونی مەترسییەکان لە تاوانەکانی کوشتن و دەستدرێژی، پێویستییەکە دەردەکەوێت بۆ نزیکبوونەوەی فکری و کۆمەڵایەتی کە لە چارەسەرە نەریتییەکان تێپەڕێت، لە ڕەگی کێشەکە بکۆڵێتەوە لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا، لە پەیوەندیی نێوان یاسا و ڕۆشنبیریی سەپێندراودا.
بۆ زانینی هۆکارەکانی پەرەسەندنی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی پاراستنی ژن و بەهێزکردنی دەبنەوە، ڕۆڵی توێژینەوەی زانستی و پەروەردە لە بونیاندنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتردا، ئاژانسەکەمان لەگەڵ پزیشک دینا موحسین، سەرۆکی مەڵبەندی ژنۆلۆژی بۆ هۆشیاری و لێکۆڵینەوەکان لە میسر و مامۆستای ڕاگەیاندنی سیاسی، ئەم دیدارەی ئەنجامدا:
چی زانستی ژنۆلۆژی لە توێژینەوە نەریتییەکانی ژنان جیا دەکاتەوە؟ چۆن دەکرێت لە چوارچێوەیەکی زانستییەوە بگۆڕدرێت بۆ ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری، بەتایبەت لە سایەی پەرەسەندنی توندوتیژی دژ بە ژنان لە میسر؟
ناکرێت لە ڕاستی ژنی میسری بگەین بەدوور لەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژێت، چونکە پێگە و مافەکانی کاریگەریان بەسەرەوەیە بەهۆی دابونەریت و میراسی مێژوویی و گەلییەوە، کە هەندێک جار ڕەنگە پێش یاساش بکەون، بەتایبەت لە بواری پەروەردە و کارکردن و بەشداریی کۆمەڵایەتیدا.
کۆمەڵگەی میسری جیا دەکرێتەوە بە هەمەجۆری لە نێوان پارێزگاکان و ناوچە گوندنشین و شارنشینەکاندا، لە نێوان ناوچەکانی باکوور (وەجهی بەحری) و باشوور (سەعید) و ناوچە کەناراوی و سنوورییەکاندا، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر بارودۆخی ژنان و ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، توێژینەوە لە ڕاستی ژن پێویستی بە تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی هەر ژینگەیەک و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە جیهانییەکان هەیە بە شێوەیەک کە لەگەڵ ڕاستی ناوخۆییدا بگونجێت.
هەروەها فشارە ئابوورییەکان، داخرانی فکری و دەستگرتن بە هەندێک لە میراسە کۆنەکانەوە دەبنە ڕێگر لە بەرامبەر پەروەردەی ژن و گەشەکردن و بەشدارییە ڕۆشنبیری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی، چونکە هەندێک لە ژنان سەرقاڵی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان دەبن لەسەر حسابی دەرفەتەکانی فێربوون و پێشکەوتن.
هەڵەیە کۆمەڵگەی میسری تەنها لە قاهیرە و جیزەدا کورت بکرێتەوە، چونکە ڕاستی ژن لە ئەسوان و پارێزگاکانی سەعید جیاوازە لە ڕاستی لە ئەسکەندەریە، مەتروح، پۆرت سەعید، سوێس و سینا، کە ئەمەش پێویستی بە هەمەجۆرکردنی شێوازەکانی هۆشیارکردنەوە هەیە بەپێی بارودۆخی هەر کۆمەڵگەیەک و کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی.
هەوڵەکانی هۆشیارکردنەوە بابەتە بنەڕەتییەکانیش دەگرێتەوە، وەک بەرنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە، دابینکردنی خوێندن بۆ منداڵانی کچ، نەهێشتنی نەخوێندەواری، پەرەپێدانی مافی ژن لە کارکردن و بەشداریی کۆمەڵایەتیدا، بەڵام ئەم هەوڵانە ڕەنگە ڕووبەڕووی بەربەست و خۆڕاگری ببنەوە بەهۆی ترسان لە پێشێلکردنی دابونەریتی باو یان ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەتکردنەوە و پشتگوێخستنی کۆمەڵایەتی.
لێرەدا دیاردەی بێدەنگیی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت، کە تاک ناچار دەکات لە ترسی لێکەوتەکانی، هاوتەریب بێت لەگەڵ کۆمەڵگەدا، تەنانەت ئەگەر باوەڕیشی بەوە نەبێت کە باوە، دەبێت هۆشیارکردنەوە تەنها سنووردار نەبێت بە گواستنەوەی زانیاری، بەڵکو دروستکردنی متمانە بەخۆبوونیش لەلای ژنان و منداڵانی کچ بگرێتەوە، بەهێزکردنیان بۆ دەربڕینی ڕای خۆیان و بڕیاردان.
لە ئەنجامدا، بەهێزکردن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان دەست پێ دەکات بە یارمەتیدانی بۆ تێپەڕاندنی ئەو ترسانەی کە ڕێگری لە دەربڕین، بەشداریکردن و داواکردنی مافەکانی دەکات، لەگەڵ چارەسەرکردن و بەرنگاربوونەوەی بنەما کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی کە جیاکاری بەهێز دەکەن، لەوانەش عەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریت و ئەو ڕەفتارانەی پێگەی ژن کەم دەکەنەوە.
ئایا ڕۆڵی ژنۆلۆژی تەنها سنووردارە بە لێکۆڵینەوە لە ئازاری ژنان یان درێژ دەبێتەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا و سەرلەنوێ دروستکردنەوەیان؟
ڕۆڵی ژنۆلۆژی درێژ دەبێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و جیاکاری لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا چونکە خێزان نوێنەرایەتیی یەکەم ژینگە دەکات کە تێیدا بیرۆکەکانی مرۆڤ سەبارەت بە خۆی و کەسانی تر دروست دەبن، لە هەندێک خێزاندا، شێوازەکانی جیاکاری لە تەمەنی منداڵییەوە دەست پێ دەکەن، لە ڕێگەی جیاکاری لە هەڵسوکەوتدا لە نێوان منداڵی کوڕ و کچدا، هەروەها پێدانی لەپێشینەیی خوێندن بە منداڵی کوڕ لەسەر حیسابی کچ، بەتایبەت کاتێک تواناکانی ئابووری سنووردار بن.
ڕەنگە ئەم ڕەفتارانە لە سنووردارکردنی بەشداریی منداڵی کچ لە ژیانی گشتیدا دەربکەون، کەمکردنەوەی توانای دەربڕینی ڕای خۆیدا، قەدەغەکردنی لە بڕیاردان کە پەیوەندی بە داهاتوویەوە هەیە.
لە مەترسیدارترین شێوازەکانی جیاکاری ئەوەیە کە ڕێگە بە منداڵی کوڕ بدرێت توندوتیژی بەرامبەر خوشکەکەی ئەنجام بدات، لە کاتێکدا داوای لێ دەکرێت قبوڵی بکات یان بێدەنگ بێت لە ئاستیدا، لەم بارودۆخەدا، بابەتەکە تەنها ڕەفتارێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە چەسپاندنی تێڕوانینێکی نایەکسان بۆ دەسەڵات و مافەکانەوە هەیە لە ناو خێزاندا، کاتێک منداڵێکی کچ لە ژینگەیەکدا گەورە دەبێت کە بە کەمتر سەیری خوێندن، ئازادی یان بەشداری دەکات، ڕەنگە ئەم تێڕوانینانە بگوازرێنەوە بۆ پەیوەندییەکانی داهاتووی و پێگەکەی لە ناو کۆمەڵگەدا، لەبەر ئەم هۆکارە چارەسەرکردنی توندوتیژی و جیاکاری دەبێت لە خێزانەوە دەست پێ بکات، لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە شێوازەکانی پەروەردەکردن و گەورەکردنەوە، بەهێزکردنی یەکسانی لە ماف و دەرفەتەکاندا، چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیەی کە کەرامتەی مرۆڤایەتی خەڵاتێک نییە کە بەستراوە بێت بە ڕەگەزییەوە.
ناتوانرێت کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر بونیاد بنرێت ئەگەر ژن وەک هاوڵاتییەکی پلە نزم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئەوەی داوا دەکرێت بریتییە لە دانیپێدانانی تەواو بە مرۆڤبوون، مافەکان، توانای بەشداریکردن و بڕیاردانی.
چۆن دەکرێت ژنان لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا بەشدار پێ بکرێن لە بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری و داڕشتنی چارەسەرەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکاری و توندوتیژی؟
هۆشیارکردنەوە دەروازەی بنەڕەتییە بۆ گۆڕینی بیرۆکە و باوەڕەکان، بەڵام گۆڕانکاری لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوو نادات، تەنها بە ئاراستەکردن و ڕێنماییکردن یان دەرکردنی بڕیاردانی بەسەر ئەوانی تردا بەدی نایەت، کاتێک ژنێک وتی پێگەی ژن تەنها لە ماڵ و هاوژین و منداڵدا کورت دەبێتەوە، لەوانەیە ئەم بیرۆکەیە بەرهەمی ئەو پەروەردەیە بێت کە وریای لێوەی هاتووە و ئەو سەرچاوە فکریانەی لەسەری گەورە بووە، ڕووبەڕووبوونەوەی بە بێڕێزیکردن پێی یان سزاکردن نابێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و دابینکردنی دەرفەتە بۆ ناسینی ئەزموون و تێڕوانینی جیاواز.
پێویستمان بەوە هەیە کە بگەیەنینە زۆرترین ژمارەی گونجاو لە ژنان ، بەکارهێنانی ئامرازی جیاواز، وەک سیمینار، وۆرکشۆپی ڕاهێنان، وتار، هەڵمەتە ڕاگەیاندنەکان، سەکۆ دیجیتاڵییەکان و دیدارە ڕاستەوخۆکان لە ناو کۆمەڵگە خۆجێییەکاندا.
پێویستە ژن هاوبەش بێت لە بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری، نەک تەنها وەگر بێت بۆی، گرنگە گوێ لە ئەزموونی ژنان بگیرێت، تێگەیشتن لە پێداویستییە کردەییەکانیان، بەشدارپێکردنیان لە دیاریکردنی کێشەکان و پێشنیارکردنی چارەسەری گونجاو بۆ ژینگەکانیان، هەروەها دەبێت بەرنامەکانی هۆشیارکردنەوە ڕەچاوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و ئابوورییەکان بکەن، چونکە ئەوەی بۆ ژینگەیەک گونجاوە لەوانەیە بۆ ژینگەیەکی تر کاریگەر نەبێت.
ئامانجی کۆتایی تەنها گۆڕینی بیرۆکەکان نییە، بەڵکو بەشداریکردنە لە گۆڕینی ڕەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەهێزکردنی توانای ژنان بۆ بەشداریکردن و بڕیاردان و بەرگریکردن لە مافەکانیان.
چۆن دەکرێت توێژینەوەی زانستی و داتاکان بەکار بهێنرێن بۆ چاودێریکردنی نیشانەکانی مەترسیی کوشتنی ژنان و دەوەردانە پێشوەختەکان بۆ ڕێگریکردن لە تاوانەکان پێش ئەوەی ڕووبدەن؟
توێژینەوەی زانستی نوێنەرایەتیی یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان دەکات بۆ تێگەیشتن لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و دابینکردنی چارەسەری گونجاو بۆیان، بەڵام سەرکەوتنی بەستراوە بە متمانەپێکراوی زانیارییەکان، دروستیی داتاکان و بێلایەنیی توێژەر.
توێژەران بەرپرسیارێتییەکی بەرچاو لە ئەستۆ دەگرن، چونکە ئەو زانیاریانەی کە پێشکەشی دەکەن لەوانەیە بنەمای سیاسەتە گشتیەکان، بەرنامەکانی هۆشیاری، پلانەکانی دەستێوەردانی مەیدانی پێکبهێنن، ئەگەر داتاکان کەموکوڕی یان نادروست بن، ئەوە دەتوانێت ببێتە هۆی بڕیاری نەگونجاو و ئەگەری چەواشەکردنی خەڵک و داڕێژەرانی سیاسەت، خاڵی دەستپێکی گونجاو بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بریتییە لە بەدەستهێنانی زانیاری باوەڕپێکراو و ئاماری ورد، پاشان شیکردنەوەیان لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی خۆیاندا.
بۆ نموونە، ئەگەر داتا باوەڕپێکراوەکان بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەوارییان لە نێوان منداڵانی کچ لە ناوچەیەکی دیاریککراودا نیشان دا، دەکرێت هەڵمەتی پەروەردەیی و هۆشیارکردنەوە ئاراستەی ئەو ناوچەیە بکرێت، هەروەها ئەگەر داتاکان بڵاوبوونەوەی ڕەفتاری زیانبەخشیان بەرامبەر بە منداڵانی کچ لە ناوچەیەکی تردا ئاشکرا کرد، دەکرێت بەرنامەی دەستوەردان دابڕێژرێت کە خێزانەکان، سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئامانج بگیرێن.
هەمان شت جێبەجێ دەبێت لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان، تا داتای دروستتر سەبارەت بە شێوازەکانی توندوتیژی، شوێنی ڕوودانی، بارودۆخی بەستراوە پێیەوە و ئاستی دووبارەبوونەوەی بەردەست بێت، دەکرێت سیاسەتی خۆپارێزیی کاریگەرتر پەرەی پێ بدرێت، لەبارەی تاوانەکانی کوشتنی ژنانەوە، ئەوەی داوا دەکرێت بریتییە لە تێپەڕاندنی تەنها تۆمارکردنی تاوانەکان دوای ڕوودانیان بەرەو لێکۆڵینەوە لەو نیشانانەی کە ڕەنگە ئاگادارکەرەوەبن لە مەترسی، وەک هەڕەشەی دووبارەبووەوە، پەرەسەندنی دەستدرێژییەکان، توندوتیژیی پێشوو، ڕێژەی بەردەستبوونی هۆکارەکانی پاراستن و وەڵامدانەوە.
دەبێت ئەم هەوڵانە لەسەر بنەمای هەماهەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، توێژەران و دامەزراوەکانی پاراستندا بێت، لەگەڵ پاراستنی نهێنیی داتاکانی زیانبەرکەوتووان و دەستەبەرکردنی پارێزراوییان، داتای دروست تەنها بە پێناسەکردنی کێشەکە ناوەستێت، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی کارە لەپێشینەکان، ئاراستەکردنی سەرچاوەکان، داڕشتنی دەستوەردانی گونجاو، هەڵسەنگاندنی ئاستی سەرکەوتنیان لە کەمکردنەوەی توندوتیژی.
ناوەندی ژنۆلۆژی بۆ هۆشیاری و لێکۆڵینەوەکان لە کاتی دامەزراندنییەوە چی بەدی هێناوە؟ دیارترین ئەو ئاڵەنگارییانە چیین کە هەوڵی تێپەڕاندنیان دەدات؟ یەکەم هەنگاوی کردەیی کە دەبێت ئەمڕۆ بنرێت بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ژنان و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆیان چییە؟
ناوەندی ژنۆلۆژی بۆ هۆشیاری و لێکۆڵینەوەکان دامەزراوەیەکی تازەیە، چونکە کارەکانی لە نزیکەی پێنج یان شەش مانگ پێش ئێستاوە دەست پێ کردووە، بەڵام لە سەرەتاوە پێداگر بووە لەسەر تێپەڕاندنی چوارچێوەی تیۆری بەرەو جێبەجێکردنی کردەیی، لە ڕێگەی ڕێکخستنی وۆرکشۆپی ڕاهێنان بۆ منداڵانی کچ، گەنجان و ژنان، بەستنی سیمینار و وتاری هۆشیارکردنەوە کە گفتوگۆی دۆسیەکانی ژن و کۆمەڵگە دەکەن.
هەروەها ناوەندەکە کاری کردووە لەسەر پەرەپێدانی سەکۆ ڕاگەیەندراوەکەی و خستنەگەڕی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکەی، دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە دۆسیەکانی ژنان، گەنجان و توێژینەوەی زانستیدا، لە قۆناغی داهاتوودا هەوڵ دەدەین چالاکییەکانمان فراوانتر بکەین بۆ ئەوەی پارێزگاکانی سەعید، سینا، دەلتا، کەناڵ (سوێس) و ناوچە ڕۆژئاواییەکان بگرێتەوە، لەگەڵ داڕشتنی بەرنامەی هۆشیاری و ڕاهێنان کە گونجاو بێت لەگەڵ تایبەتمەندیی هەر ناوچەیەکدا.
تۆڕێکیشمان هەیە لە ژنان و کەسانی گرنگیدەر بە دۆسیەکانی ژنان لە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیدا، لەوانە سودان، یەمەن، لیبیا، سووریا، لوبنان، عێراق و فەڵەستین، کار دەكەین لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوانیان و ئاوگۆڕبوونی ئەزموونەکان و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاوکاریی هاوبەش.
باوەڕمان بەوە هەیە کە کارکردنی دامەزراوەیی پێویستی بە هەڵسەنگاندنی بەردەوام هەیە، گوێگرتن لە ڕەخنەی ئەرێنی و نەرێنی، فێربوون لە هەڵەکان و ڕاستکردنەوەی کەمکورتییەکان، چونکە گرنگ بانگەشەکردن نییە بۆ بێگەردی و بێ کەموکوڕی، بەڵکو توانای گەشەسەندن و باشترکردنی بەردەوامە.
سەبارەت بە لەپێشینەکانیش، پێم وایە کە پەروەردە و نەهێشتنی نەخوێندەواری خاڵی دەستپێکی ڕاستەقینەن بۆ بەهێزکردنی ژنان، ناکرێت داوا لە ژنێک بکرێت کە مافە یاساییەکانی بزانێت یان دەست بەو لایەنانە ڕابگات کە دەیپارێزن ئەگەر بێبەش بێت لە سەرەتاییترین ئامرازەکانی زانستە وزانیارییەوە، وەک خوێندنەوە و نووسین.
کەواتە پەروەردە تەنها مافێکی بنەڕەتی نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، یاسایی و سیاسی، پاراستنی ژنان دەبێت دەست پێ بکات بە دابینکردنی دەرفەتەکانی