ژنوار؛ ناوەندێکی ژیانی کۆمەڵایەتی ژنان

 لە گوندی ژنوار کە ژنانی گوندەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکردین، ژیانێکی کۆمەڵایەتی دەژین، ژنانی دانیشتووی ژنوار ئاماژەیان بەوەکرد، دڵخۆشن بە ژیان لە گوندەکەدا.

بێریڤان ئینتاچی

 

دربەسپی- گوندی ژنوار یەکەم گوندی ژنانە لە سەرانسەری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری دربەسپی، لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پڕۆژەی گوندی ژنوار لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ دەستیپێکرد و لە ١٠ی ئاداری ٢٠١٧ دروستکردنی خانوو لەو گوندە دەستیپێکرد، دوای ساڵێک لە بیناسازی، لە ساڵی ٢٠١٨ کارەکانی گوندەکە کۆتاییان هات، لەو کاتەوە گوندەکە بووەتە پەناگەیەک بۆ ژنان، پەناگەیەک بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت شارەکان بەجێبهێڵن و پشت بەو سروشتە دەبەستن کە بە دەستی ژن جوان کراوە.

 

بە ئامانجی بینینی چووینە گەندەکە، گوندی ژنوار پێکهاتووە لە ٣٠ خانوو، خویندنگەیەک، چێشتخانەیەکی کۆمەڵایەتی، فرۆشگەیەک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژنانی گوندەکە، هەروەها کلینیکێکی ژنان، لە ژنوار ژنان لە کشتوکاڵەوە تا ئاژەڵداری، لە پەروەردەوە تا تەندروستی، گرنگی بە پێداویستییەکانی خۆیان دەدەن، هەروەها گرنگی بە سەلامەتی گوندەکە دەدەن.

 

دەمەو بەیانی بەیەکەوە لەگەڵ ئێشکگرانی ژنوار پێشوازی لە ڕۆژەکە دەکەین، دەلال حاجی عومەر، یەکێک لەو ژنانەی کە لە ژنوار دەژی، ئێزیدییەو خەڵکی حەسەکەیەو لەگەڵ سێ منداڵەکەیدا ماوەی ٥ ساڵە لە گوندەکەدا دەژی، وتی: ٥ ساڵ بە باشی تێپەڕیوە، ئێمەی ژنانی گوند لە هەموو کارەکانماندا پێکەوەین، من ئێزدیم، بەڵام لێرەدا تێبینی ئەوە ناکەم کە لەگەڵ موسڵمانانم، هەست دەکەم لەناو خزمەکانمدام، لە فێستیڤاڵە ئێزدییەکانماندا، ژنانی گوندەکەش لەگەڵمدا ئاهەنگیان گێڕا، ئەوان بە هیچ شێوەیەک خۆیان لە من دوور نەخستەوە و منیش خۆم لێیان دوور نەخستەوە.

 

ژنان لە هەموو کارەکاندا پێکەوەن

دەلال حاجی عومەر وتی: لە هەموو کارەکانی گوندەکەدا پێکەوەین، ژیانی گوندەکە بە باشی دەڕوات، بەیانیان کە قوتابخانە هەیە، دوای ئەوەی منداڵەکان نانی بەیانی دەخۆن و دەچنە قوتابخانە، هەموو ژنانی گوندەکەش هەڵدەستن و هەرچی گوندەکە هەبێت پێکەوە ئەنجامی دەدەن، هەندێک جار هەندێک سەردانکەر دێنە گوندەکە، دووبارە پێکەوە ئامادەکاری دەکەین بۆ میوانەکان، خواردنیان بۆ ئامادە دەکەین، لە گونددا فێری زمانی کوردی دەبین، پەروەردە دەدرێت.

 

بانگەوازی من بە تایبەتی بۆ ژنانی ئێزدی نەترسن و متمانەیان بەخۆیان هەبێت، مرۆڤەکان لە هەر شوێنێک بن دەتوانن بە باوەڕییانەوە بژین، ئەگەر مرۆڤ خۆی بەهێز نەکات هەرگیز بەهێز نابێت، هەر بۆیە دەڵێم ژنان خۆیان بەهێز بکەن و بێنە ژنوار.

 

ژنان فێری خوێندنەوە و نووسین دەبن

پەروەردە بەشێکی گرنگی ژیانە لە گوندی ژنوار کە ژنان سەرقاڵی چەندین کارن، هاوکات لەگەڵ پەروردە ئاساییەکان، ژنان لە خویندنگە کۆدەبنەوە و فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی کوردی دەبن، مامۆستا بچووکەکە کە خۆی خوێندکارە، زمانی کوردی فێری دایکان دەکات.

 

 لەگەڵ جێگیربوونی ژیانی سروشتی لە گوندەکەدا، پێداویستییەکانی کارەبای گوندەکە بە وزەی خۆر چارەسەر دەکرێت، بەم مانایە، ژنان بە وزەی بەدیلەکەی خۆر، سروشت دەپارێزن و پێداویستییەکانی خۆیان بەدی دێنن.

 

ژنان ئاسایشی خۆیان بەدەست دەهێنن

 وەک ئاماژەمان پێدا، لەو گوندەی کە ژنان پێکەوە بە ژیانێکی کۆمەڵایەتی دەژین، زۆرێک لەو کارانەی کە هەن، لەلایەن ژنان خۆیانەوە بەڕێوەدەچن، یاسەمین ئەحمەد ئەحمەد خەڵکی عەفرین کە نزیکەی سێ ساڵە لەو گوندە نیشتەجێیە و لە بەشی پاراستن کاردەکات، سەبارەت بە ژیانی خۆی لەو گوندە قسەی بۆ کردین و وتی: کاتێک لە حەلەب دەژیام، پێیان وتم کە گوندێکی ژنان لە دەربەسپی هەیە، پاشان ویستم بێم و بیبینم، لەو کاتەدا وتم وەک سەردانکەر یەک دوو مانگ لێرە بمێنمەوە و دواتر بڕۆمەوە، کاتێک هاتمە ئێرە و کەمتر لە مانگێک لێرە مامەوە، بۆچوونم گۆڕی و بڕیارمدا چیتر لێرە بژیم، بیرم کردەوە و وتم ئەمە ئەو شوێنەیە کە خەونم پێیەوە دەبینی تێیدا بژیم، ئەم شوێنە بۆ گەشەپێدانی خۆم و کچەکەم باشترە.

 

"پاراستن بۆ ژنان گرنگە"

وتیشی: دوو منداڵم هەیە یەکێکیان کوڕە و یەکێکیان کچە، کوڕەکەم لای باوکیەتی و کچەکەم لەگەڵمدایە، بەیانیان کە خوێندنگە هەیە منداڵەکانمان لە خەو هەڵدەستین و دەیاننێرین بۆ خویندنگە، هەر کارێکمان هەبێت لە گوندەکەدا هاوبەشی دەکەین، فڕنێکمان هەیە و پێکەوە نانی خۆمان ئامادە دەکەین، ئێمە پێکەوەین جا کشتوکاڵ هەبێت ئاژەڵداری هەبێت، پاککردنەوە بێت، خشتەی ڕۆژانەمان دیاری دەکەین و بەو پێیە کارەکان دابەش دەکەین، لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێکانم بەشدارم لە کاری پاراستندا دەکەم، بەڵام ئێمە کارەکانی ترمان پێکەوە ئەنجام دەدەین، پاراستن بۆ ژنان گرنگە، نامانەوێت کەسێک لە دەرەوە بێت و بمانپارێزێت، لێرە بەرپرسیارێتی خۆمان لە ئەستۆ دەگرین.

 

"دەرگای ژنوار کراوەیە بۆ هەموو ژنان"

یەسەمین ئەحمەد وتیشی: هەر کەسێک دێتە گوندەکە وەک دایکان ئاگاداری ئەوەین، خواستی دەرەکی زۆر بۆ گوندەکە هەیە، کاتێک دێن و بە چاوی خۆیان دەیبینن، کاریگەری لەسەریان دەبێت، ژنان پێکەوە ژیان لەم شوێنەدا بونیاد دەنێن، چێشتخانەیەکی گەورەمان هەیە و پێکەوە خواردن ئامادە دەکەین، سێ ساڵە لێرەم, خۆشەویستیمان بۆ ژنوار جیاوازە، لێرە دایک و منداڵ زۆرن، بەڵام ئەوەی ئێمە پێی دڵخۆشین ئەوەیە کە هەموو ژن و دایکەکان لەگەڵ منداڵەکانیان پێکەوەن، لە ئازار و شادیدا پێکەوەین، کەسایەتیم لە ژنوار گۆڕا، باوەڕم بە خۆم هەبوو، بۆ کچەکەشم هەمان شتە. کاتێک دەڵێین ژیانێکی ئازاد لێرەدا دەیبینین  و بەو شێوەیە دەژین.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، گوندی ژنوار کراوەیە بۆ هەموو ژنان، لە هەر شوێنێک ژنێک هەبێت نەزانێت بۆ کوێ بچێت و بیەوێت خۆی پەرەپێبدات، خۆی پەروەردە بکات، ئەمە شوێنی خۆیەتی.