چەند دیمەنێک لە کاتی بنیادنانی گوندی ژن وار

گوندی ژنوار لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ کرایەوە، یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ژنان لە بواری ژیان و تێکۆشانی دژ بە توندوتیژی، دەکەوێتە باشووری شاری دەربەسی لە کانتۆنی حەسەکە - باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنوار ئەو شوێنەیە کە ئێستا ژنان بە هاوبەشی تێیدا دەژین و کار و بەرهەمیان هەیە، دانیشتوانی گوندەکە ژیانی یەکسانی و ڕێز و زانست و ڕەنج و بەرژەوەندیان لە دژی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی بنیادناوە، بەشێوەیەکی ڕێکخراوەیی و پەروەردەیی درێژە بە ژیان دەدەن.

 

لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ژنان خاوەن پرۆژە و چەندین دەستکەوتی خۆیانن و یەکێک لەو پڕۆژانە دامەزراندنی گوندی ژنوارە، دانیشتووانەکەی لەو ژنانە پێکدێن کە  بوونەتە قوربانی شەڕ و ململانێکان، ئەوانەی هاوژین و کەسوکارەکانیان لە دەستداوە، یان ئەو ژنانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە و لە کەسوکاریان دابڕاون.

 

پێش ئەوەی گوندەکە دروست بکرێت، چەندین لێکۆڵینەوە لەسەر پرۆژەکە کراوە بۆ ئەوەی گوندێکی تایبەت بە ژنان هەبێت، ساڵی ٢٠١٧ پڕۆژەکەی پەسەند کرا و دروستکردنی گوندەکە لەلایەن هەموو ژنانەوە دەستیپێکرد،

 

ژنوار لەوانەیە یەکەم گوندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت، بەڵام یەکەم گوندە کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ژنان دروستکراوە، تیایدا ژنان بڕیار لەسەر ژیان و جموجوڵەکانیان دەدەن و لە دژی هەموو خراپە دەرەکییەکان پێکەوە تێکۆشان دەکەن.