ژنانی خاوەنکار :سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگییەکانی کارکردن بەردەوامی بە تواناکانمان دەدەین

زۆرێک لە ژنانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ڕێگری و هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە ناوچەکەدا، لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا دەستی کاری ناوچەکە پێکدەهێنن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ کارکردنی ژنان لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا ڕەنگی داوەتەوە، لە کۆندا ژنان لە ماڵەکانی خۆیاندا بەرهەمی کاریان دەبوو، لە لایەن پیاوانەوە کاری فرۆشتن و ساخکردنەوەی بۆ ئەنجام دەدرا، بەڵام لە ئێستادا ژنان هەم بەرهەمهێنن و بەرهەمەکانیشیان لە بازاڕەکاندا ساخ دەکەنەوە، بەڵام ئاستەنگییەکانی کۆمەڵگە بەردەوامی هەیە، هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئاستەنگە لەبەردەم کاری ژنان، بەشێک لە خێزانەکان لە دوای تەواوکردنی خوێندنی ژنان، لە ڕێگەی ئاستەنگی دروستکردن و ڕێگەنەدان لە ژێر ناونیشانی شەرەف و زەوتکردنی تواناکانی ژناندا ڕێگە نادەن کاربکەن، بەڵام هەبوونی تواناکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی ژنان لەو ئاستەنگیانە ژنانێکی زۆری لە بازاڕەکانی کاردا دەرخستووە، ژنان لە ئێستادا بە هەبوونی پۆستی باڵا، لە بواری سەربازی، سیاسیی، پەروەردە و خوێندنی باڵا، کارگەکان، باڕارگەری و جوتیاریشدا لەبەرچاون، بەڵام ئەم بارودۆخەی ئێستا کە ژنان کاردەکەن ئەوە ناگەیەنێت، ژنان لە دۆخێکی باشی مامەڵەکردنی کۆمەڵگەدابن، پاش ئەوەی ڕووبەڕووبونەووەی خێزانەکانیان، بەشێکی زۆر لە خاوەنکارەکان ئاستەنگی و پشێوی بۆ ژنان دروست دەکەن، لە ڕێگەی توندوتیژی دەرونی و گێچەڵی سێکسییەوە، لە کاتێکدا ژنان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان بەردەوام لە کارکردندان، پێویستە ژنان هۆشیاری تەواوی کارکردنیان لە پڕۆژەکاندا هەبێت، لە تەواوی ماف و ئەرکەکانیان ئاگادار بکرێنەوە، تا بتوانن لە ڕێگەی دەستەبەرکردنیانەوە کارەکانیان بەبێ هەبوونی ئاریشەیەک ئەنجام بدەن.

 

"سەرەڕای دروستبوونی ئاستەنگی کۆمەڵگە و خاوەنکارەکان ژنان هەوڵ بۆ کارکردن دەدەن"

شەیدا بورهان، کاسبکار ئاماژەی بەوەکرد، لە مێژە ژنان لە دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان کاریان کردووە، لە ڕێگەی شوانکاری و مەڕدارییەوە هاوکاری خێزانەکانیان کردووە، وتی: لە سەردەمی کۆندا ژنان لە ماڵەکانیاندا کاریان دەکرد و هاوژینەکانیان لە بازاڕەکاندا فرۆشیاریان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ژنان لە ڕێگەی بەرەوپێشچوونی ئەقڵیەتیاندا لە چوارچێوەی ماڵەکاندا نەماونەتەوە، لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا جێدەستیان بەدی دەکرێت، ژنان وەک سیاسەتمەدار، فەرمانبەر، مامۆستا، پزیشک، دوکاندار و کاری جوتیاری و سەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا ڕەنج دەدەن، سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگییەکان بە هۆکاری هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە بەڵام بەردەوام لە بەرەوپێشبردنی کارەکانیاندان، سەرەڕای بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە زۆرێک لە خێزانەکان لەم سەردەمەدا لە دوای تەواوکردنی خوێندن ڕێگە بە کچەکانیان نادەن کار بکەن، بەڵام ژنان بە هەوڵ و ماندوبونیان بەردەوام لە تێکۆشاندان بۆ گۆڕینی ئەو بیروڕایە و هەوڵی دابینکردنی بژێوییەکانی خۆیان دەدەن.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: هەبوونی ئاستەنگییەکانی ژنان بۆ کارکردن، کۆمەڵگە و ژنان بەرەو دواوە دەبات، پێویستە ژنان هەردەم لە هەوڵی بەدەستهێنانی خەونەکانیانبن، لە ڕێگەی بونیادنانی کارێک بۆ خۆیان و پشتبەستن بە تواناکانیان دەتوانن کۆمەڵگە بەڕێوە ببەن، بەشێک لە شوێنەکانی کارکردن ژنان لە لایەن خاوەن کارەکانیانەوە دەخەنە ژێر چەندین ئاستەنگی کارکردنەوە، تا ژنان نەتوانن بە ئازادانە کارەکانیان ئەنجام بدەن، پێویستە ژنان هۆشیاری تەواویان لە بەرامبەر مافەکانی کارکردنیاندا هەبێت، تا بتوانن بەبێ دروستبوونی ئاستەنگی بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

 

"پێویستە ژنان هەوڵی زیاترکردنی دەستی کاری ژنان بن"

شیبا خدر، خاوەن کارگەی شابی بۆ بەرهەمهێنانی خواردەمەنی و وەکیلی چەندین بڕاندی دەروەوەی جیهان ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لە سەرەتای بڕیاردانی کار کردنیاندا ڕوبەڕووی ئاستەنگی و چەندین خراپی هەڵوسوکەتی کۆمەڵگە دەبنەوە، بەڵام پێویستە بەردەوامی بدەن بە کارەکانیان، وتی: سەرەڕای ئاستەنگییەکانی کۆمەڵگە لە بەردەم کارکردنی ژنان و هەبوونی ئابووریەکی تایبەت بە ژنان، بەڵام ژنان بەردەوام لە کارکردن و ڕووبەڕووی تەواوی ئاستەنگیەکانی کۆمەڵگە و خێزانەکانیان دەبنەوە، کارکردن و دابینکردنی بژێوی ژیانی بەشێک لە خێزانەکان لە تەواوی دنیادا پشتی بە ژنان بەستووە، بەشێک لە خێزانەکان ئاستەنگی دروست دەکەن، بەشێکی دیکەش هاوکاری ژنان بۆ دابینکردنی خولیا و پێداویستییەکانیان، بەڵام کۆڵنەدان بۆ بەدەستهێنانی خولیاکانیان لە کارکردندا توانای ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگییەکان دەردەخات، بەشێک لە خاوەن کارەکان گرفت بۆ کارکردنی ژنان دروست دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەیان هەوڵی بەرەوپێشبرن و دابینکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ ژنان دەدەن، لە کارگەکەی ئێمەدا سەرجەم کارمەندەکان ژنان و هەوڵی زیاترکردنی هەلی کاری ژنان دەدەین، هەبوونی دەستی کاری ژنان کارێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ئاستەنگییەکان لەبەردەم کارکردنی ژناندا لەلایەن کۆمەڵگە و بەشێک لە خاوەنکارەکان زیاتر دەبێت، بەڵام پێویستە ژنان ماف و ئەرکەکانی کارکردنیان بزانن، تا بتوانن لە ڕێگەی یاساوە ڕێگری لە توندوتیژیە دەروونی و جەستەیەکانیان بکەن، هەروەها خێزانەکان هەردەم هاوکاری کارکردن و بەرەوپێشبردنی تواناکانیان بن. 

 

"سەرکۆنەکردنی ژنان لە کاتی کارکردندا بەردەوامە بەڵام دەبێت ژنان ئاگاداری مافیەکانیان بن لە کاتی کارکردندا"

سێوە عەلی، فرۆشیار، ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا ژنان ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن بۆ بەرەوپێشبردنیان، لە ئێستادا ژنان هەوڵی بەرەوپێشبردنی تواناکانیان دەدەن، وتی: لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە ژنان لە بازاڕەکاندا کار دەکەن، لە ڕێگەی تواناکانیان و ڕووبەڕووبووونەوەیان لە بەرامبەر کۆمەڵگە بەشێکی زۆر هەوڵی دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دەدەن، تواناکانی ژنان بۆتە هۆکاری ئەوەی خاوەنکارەکان زیاتر ژنان وەک بەڕێکردنی کارەکانیان قبوڵ بکەن، بەشێک لە کۆمەڵگە بەردەوام ئاستەنگی لەبەردەم کارکردنی ژن دروست دەکات بەڵام ژنان بەرپەچی تەواوی ئەو ئاستەنگیە دەداتەوە، دەبیندرێت لە زۆربەی ڤیستڤاڵ و چالاکییەکانی دەرەوەدا ژنان هەلی کار دەڕەخسێنن، یان کار وەردەگرن و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، پێویستە لە لایەن کۆمەڵگە و خزانەکانەوە پاڵپشتی تواناکانی ژنانبن تا بتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن، بەڵام ئەگەر پشتگیریەک نەبوو بۆ ژنان مانای ئەوە نییە کە نەتوانن کاربکەن، بەڵکو ژنان بەردەوام پێویستیان بە تێکۆشانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگییەکانیان.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: چاوی کۆمەڵگە بەردەوام لەسەر ژنان بووە، ئەقڵییەتی پیاوسالاری هۆکاری سەرکوتکردنی ژنان بووە، بەڵام ژنان هەردەم لە هاتنەدەرەوەیانن لەو کۆت و بەندکردنەدا، لە ئێستادا بەڕێژەیەکی باش توانیویانە جێی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگرن، بەڵام زۆرێک لە کۆمەڵگە بەردەوام ئاستەنگیان بۆ دروست دەکات، دەبێت ژنان بەرچاوڕونی مافەکانی کارکردنیان بن.