هانه ١٠ ساڵە یه‌كێكه له به‌شدارانی فێستیڤاڵی هه‌نار و پایزی هەڵەبجە
دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو، هانە جوتیار یەکێکە لەو ژنانەی لە ماوەی ١٠ ساڵدا بەرهەمەکانی هەناری هەڵەبجە ساغ دەکاتەوە.
هەڵەبجە
دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە ئەمساڵ بە دروشمی (ڕەسەنایەتی و شوناسی نەتەوەیی، پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و گەشەپێدانی چالاكی كولتوری و هونەری) بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام بوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا ٧٠٠ خاوەن بەرهەم تیایدا بەشدار بوون و ژنان پێشەنگی خاوەنکارەکان بوون، کە بەرهەمە خۆماڵی و دەستییەکانیان لە پێشەنگاکەدا بە بازاڕ کرد، فێستیڤاڵەکە بووەتە نەریتێکی ساڵانە و دەیان هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن و بە پێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بڵاوی کردووەتەوە، تەنها لە ڕۆژی یەکەمدا ٨٠ هەزار گەشتیار و لە ڕۆژی دووەمیشدا ١١٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە شاری هەڵەبجە و فێستیڤاڵی هەنار کردووە.
هانه جوتیار، یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە، کە لە هەر ١٠ ساڵەکەی فێستیڤاڵەکەدا بە هەنار و دەنگە هەنار و ئاو و دۆشاوی هەنار بەشداری کردووە.
هانە باس لە بەرهەمەکانی هەنار دەکات کە دەستکردنی خۆیانە و هەموو ساڵێک هەوڵ دەدات بەرهەمی زیاتر لە فێستیڤاڵەکەدا بۆ گەشتیاران ئامادە بکات، وتیشی: ئەم فێستیڤاڵانە گرنگی خۆی هەیە و دەرفەتێکی باشە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانمان، خه‌ڵك به‌هۆی فێستیڤاڵه‌وه دێت هه‌م هه‌ناری باش ده‌باته‌وه و هه‌م سه‌ردان ده‌كات و دیمه‌نه جوانەکان دەبینێت، هیواخوازم لەم ڕێگەیەوە بتوانین به‌رهه‌مه‌كانمان به ده‌ره‌وه بناسێنرێت.
چیا قاسم وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری شاری هەڵەبجە وتی: خوازیارین هه‌ماهه‌نگیه‌كان به‌رده‌وامی هه‌بێت، به‌شداری خاوه‌ن پیشه و جوتیاره‌كان له ٤٠٠ جوتیارەوە بەرز بووەتەوە بۆ ٦٠٠ جوتیار و بەهیواین لە داهاتوودا زیاتر ببێت.