ژنانی خاوەنکار لە فێستیڤاڵی هەنار کارەکانیان نمایش دەکەن

ئەمڕۆ سێ ڕۆژە فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لە شاری هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت و ژنانی خاوەنکار پێشەنگایەتی بەشداربوون لە فێستیڤاڵەکەدا دەکەن و بازاڕ بۆ شتومەکەکانیان دەکەنەوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ئەمڕۆ سێ ڕۆژە فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لە شاری هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت، ژنانی خاوەنکار بە بەرهەمەکانیان فێستیڤاڵەکەیان ڕازاندووەتەوە و بەهرە و تواناکانیان بۆ گەشتیاران دەخەنە بەرچاو.

 

داری سروشتی سەرچاوی جوانی کارەکانی شنۆیە

شنۆ عه‌زیز، خاوه‌نی براندی دار سازە، کە چه‌ندین جۆر كه‌لوپه‌لی جوانكاری ناوماڵ بە داری سروشتی دروست دەکات و لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەیانفرۆشێت، وەک خۆی باسی دەکات، جۆری دارەکانیان پێکدێت لە گوێز، قەزوان، بەڕوو، کالبتۆز و ئه‌و دارانه‌ی بگونجێت بۆ كار، ئه‌وان ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، سەبارەت بە بیرۆکەی دەستکردن بە کارەکەشی وتی: سه‌ره‌تا كۆته‌ره‌ دارم له‌ ماڵە‌وه‌ بۆ جوانی داده‌نا، به‌ڵام دواتر ورده‌ ورده‌ كارم تیادا كرد و حه‌زه‌كه‌مان بۆ دروستبوو، تا وایلێهات بوو بە سەرچاوەی داهات، ئێستاش لەم فێستیڤاڵەکەدا بەشداریمان کردووە، خەڵک بە سەرنجەوە لە کارەکانمان دەڕوانن.

 

كاره‌كانی شنۆ ورد و سه‌رنجڕاكێشن، ئه‌زمون و شێوازی فێربوونیان باس ده‌كات و ده‌ڵێت: سودمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیوە، هەروەها ئه‌و ماددانەی بەکاری دەهێنین بۆ تەختەکان لە دەرەوە دەیهێنن، بەداخەوە گه‌نجمان هه‌یه ‌و ده‌ستڕەنگینن بەڵام بەهۆی بەردەست نەبوونی پێداویستییەکانەوە ناروانن بەهرەکانیان دەربخەن، پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە کە چەندین بیرۆکە هەیە کاری تیادا بکەن و شانازی بە خۆیانەوە بکەن.

 

یاری منداڵان بەهاری کردە خاوەن کاری خۆی

یەکێکی دیکە لە کەپرەکانی نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، کەپرەکەی بەهارە، کە خاوەنی براندی "نەسیمی گوڵەکانم"ە و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەردەوامە لە پێشخستنی کارەکەی.

 

بەهار محەمەد بوکەڵەی خوری دروستدەکات، باسی لە کارەکانی کرد و وتی: کارەکانمان بوکەڵەی دەستی منداڵانە و ئاسانە بۆ دەستی منداڵ، لە خوری و لۆکە دروستی دەکەین و بەپێی بەرەوپێشچوونی کارەکانم گۆڕانکاری بەسەر چنینەکانیشیدا هاتووە، سەرەتا تەنها جلوبەرگم دەچنی، دواتر گوڵ و ڕازاندنەوەی ماڵم دەچنی و لە ئێستاشدا کارەکانم بووەتە بوکەڵەی دەستی منداڵ.

 

بەهار محەمەد دەربارەی گرنگی فێستیڤاڵەکان بۆ ناساندنی کاری ژنان وتی: ئێستا خەڵک پێی خۆشە برەو بە کاری ناوخۆیی بدات، بۆیە فێستیڤاڵەکان ڕێگەیەکی باشە بۆ ناساندن و ساغکردنەوەی بەرهەمە دەستییەکان، داواکارم ژنان بێ کار نەبن و ببنە خاوەن داهات و بەری رەنج و ماندوو بوونی خۆیان بخۆن.