خونچە بە نان کردن بژێوی ژیانی دابین دەکات

خونچە جەزا دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و باسی لەوەکرد، لەبەر بژێوی ژیان نانەواخانەی داناوە و  هەرچەندە فەرمانبەری زانکۆی هەڵەبجەشە، بەڵام لەبەرئەوەی بە ٣ مانگ جارێک مووچە دەدرێت، بۆیە بڕیاری داوە کار بکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لەناو بازاڕی شاری هەڵەبجەدا، کە گوزەرێکە تەنها پیاوان تیایدا دوکاندارن، خونچە جەزا بێ گوێدانە قسەی خەڵک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی نانەوایەکی داناوە و نان و ناوساجی و کەلانە و ناوەشکێنە بۆ کڕیارەکانی ئامادە دەکات.

 

خونچە جەزا دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و باسی لەوەکرد، لەبەر بژێوی ژیان نانەواخانەی داناوە و  هەرچەندە فەرمانبەری زانکۆی هەڵەبجەشە، بەڵام لەبەرئەوەی بە ٣ مانگ جارێک مووچە دەدرێت، بۆیە بڕیاری داوە کار بکات، وەک خۆی دەڵێت سەرەتا قورس بووە بۆی، چونکە لە گوزەرەکەیدا تەنها ژنە لەوێدا کار دەکات، بەڵام تێیپەڕاندووە و بە شانازییەوە کارەکانی دەکات.

 

خونچە باسی لەوەکرد، کە کەلانە، ناوساجی، ناوەشکێنە دەکات، وتیشی: ئەوەندە دەکەم کە بەشی کڕیارەکان بکات، کاتژمێر ٨ی بەیانی دەستپێدەکەم و کاتژمێر ٥ کۆتایی پێدەهێنم و دڵخۆشم بە کارەکەم.

 

"حەزم بە کارەکەمە"

خونچە جەزا باس لەوە دەکات بە حەز و ئارەزووی خۆی دەستی بەکار کردووە و سەرەڕای کاری دایکایەتی و دەوام، بۆ بژێوی ژیانی دەستی بەم کارەش کردووە، وتیشی: من زۆر حەزم بە نان کردن بوو، بۆیە بڕیارمدا لەبەر بژیوی ژیان حەزەکەم و نان کردن لێکبدەم و بڕێک پارەشم دەست دەکەوێت کە بژێوی خۆمی پێدابین بکەم.