ڕەنجی ژنانی کرێکار لە کەرتی کشتوکاڵدا لەبیر دەکرێت

ژنان ٧٠٪ی هێزی کاری کشتوکاڵی پێکدەهێنن، بەڵام کرێیەکانیان نزیکەی ٥٠٪ کەمترە لە هاوتا پیاوەکان و ژمارەیەکی کەمیش مافی پاراستنی کۆمەڵایەتییان هەیە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- تونس زۆرجار وەک پێشەنگی مافەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا پیناسە دەکرێت، بەڵام گەڕان بەناو کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا ڕێژەیی و سنووردارییەکانی ئەم ڕاستییە بەدی دەکرێت و وێنەکە ڕوونتر دەبێتەوە، ژنانی جوتیار لە زاری خۆیانەوە باسی ئەو چەوساندنەوانە دەکەن کە لە کاردا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

لە یەکێک لە کێڵگە گەورەکانی زەیتوون لە دەوروبەری بوفیشە لە پارێزگای سوسە (شارێکی کەناراوی ١٤٠ کیلۆمەتر لە پایتەختەوە) ، کۆمەڵێک ژن زەیتوون کۆدەکەنەوە، هەر دوو یان سێ ژنێک لەژێر دارێکدا لە کەشوهەوایەکی سارددا کۆدەبنەوە، بایەکی بەهێز و شوێنپێی باران کە لە شەودا دەبارێت و بەڕۆژ لەسەر زەوی دەمێنێتەوە، هەندێکیان بە ئازادی قسەیان دەکرد و ڕێگەمان پێدرا وێنەیان بگرین، هەندێکی دیکە بە وریاییەوە قسەیان دەکرد، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە ڕەتیان دەکردەوە باسی چیرۆکەکانیان بکەن چونکە هاوکارەکانیان هەموو ئەو شتانەیان دەوت کە دەکرا بوترێت.

 

لێرەدا چیرۆکی کرێکارە ژنەکان هاوشێوەن، کە زۆربەیان لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی سەختدا دەژین و ناچار دەکرێن پاڵپشتی خێزانەکانیان بکەن لە کاتی کارکردن لە کاتی سارد و باران و لەژێر تیشکی خۆردا، دەستە بریندارەکانیان گەورەترین شایەتی ئازارەکانی کۆکردنەوەی زەیتوونن بەبێ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت سکاڵا بکەن یان واز لە کارکردن بهێنن و هەندێک پشوو وەربگرن.

 

ئازاری ڕۆژانە

مریەم ئەلسیبەی کە خەڵکی گوندی کاسرینە، باسی کار و ژیانی ڕۆژانەی خۆی کردو وتی: ٥  منداڵم هەیە، دوویان لە زانکۆ دەخوێنن و هەموو خەرجییەکانی خوێندن و پێداویستییەکانیان دەکەوێتە سەر شانم، بارودۆخم تا ڕادەیەک هاوشێوەی بارودۆخی کرێکارانی دیکەیە، ئازاری ڕۆژانەمان کاتێک کۆتایی نایەت ماندوو دەبین، زۆرجار ڕووبەڕووی توندوتیژی زارەکی دەبینەوە لەلایەن خاوەن زەوییەکانەوە، ڕووبەڕووی مامەڵەی شەرمەزارکەر و بەکارهێنانی بەهای کرێی دیاریکراو و کاتژمێرە درێژەکانی کارکردن دەبینەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ٣٠ ساڵی لە بواری کشتوکاڵدا بەسەر بردووە و هەلومەرجەکانی ناوچەکە ناچاری کردووە ئە کارە بکات، بەهۆی نەبوونی کارگە یان هەر هەلێکی دیکەی کار.

 

"کاری ماڵەوە دەکەم و خواردب ئامادە دەکەم، بەپەلە دەڕۆمە دەرەوە"

لە لایەکی دیکەوە، عەیشە تواتی، کە سێ منداڵی بێ باوک بەخێو دەکات و لە ناوچەی بوفیشە دەژی، وتی: بەیانی زوو لەخەو هەڵدەستم بۆ ئامادەکردنی نانی بەیانی و نیوەڕۆ بۆ منداڵەکانم. دوای ڕێکخستنی ماڵەوە، جلی پاراستن لەبەر دەکەم و بەپەلە دەچمە دەرەوە بۆ شوێنی کۆبوونەوەی ژنان، چاوەڕێی ئۆتۆمبێل دەکەین بۆ چوونە دارستانە زەیتوونییەکان، ئەو کێڵگانەی ڕۆژانە کاری تێدا دەکەین دوورن لە ماڵەکانمان، لۆری گواستنەوەی نافەرمی بەکاردەهێنین، ڕۆژانە دوو دینار دەدەین بۆ گواستنەوە لە بارودۆخێکی ناسەلامەتدا.

 

وتیشی: ١٥ سالە بە بەردەوامی بەبێ پشوو بەسەر برد، چونکە ئەو ڕۆژەی لە ماڵەوە بەسەری دەبەم مانای ئەوەیە کە مووچەم وەرنەگرتووە، هیچ بژاردەیەکی دیکەم نییە بۆ کارکردن لە شوێنێکی تر.

 

"یاساکان تەنها لەسەر کاغەزن"

"ف.ب" ژنێکی گەنج لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستییەکە وای لێکردووە لە کێڵگەکاندا کار بکات، وتی: ئەمە یەکەم جارە لە کەرتی کشتوکاڵدا کار دەکەم بۆ دابینکردنی خەرجی ژیان، چونکە بارودۆخی دارایی خێزانەکەم قورسە، هەندێک یاسا هەن کە پارێزگاری لەو ژنانە دەکەن کە لە کەرتی کشتوکاڵدا کار دەکەن، بەڵام من بەڕاستی وەک مەرەکەبی سەر کاغەز دەیبینم، وەک کەمی کرێ و زۆری کاتژمێرەکانی کارکردنی قورس، کرێکارانی ژن لە کەرتی کشتوکاڵدا ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە سەرەڕای بوونی یاسایەک کە پارێزگارییان لێدەکات، وەک یاسای پاراستنی کۆمەڵایەتی و یاسای گواستنەوەی سەلامەت.

 

پێیوایە کاتی ئەوە هاتووە ئەم یاسایانە چالاک بکرێت بۆ پاراستنی ژنانی کرێکار، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی داواکارییەکان سادەن، داواکاری دابینکردنی ئامرازێکی سەلامەتی گواستنەوە دەگرێتەوە بۆ گەیشتن بە کار لە گوند و کێڵگەکاندا، چونکە بوونی ٤٠ ژن لە بارهەڵگرێکی سەرکێشی مەترسیداردا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتووەتەوە.

 

ژنانی گوند وازیان لە خوێندن هێناوەو لە کارکردندا نایەکسانی هەیە

بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای نیشتمانی ئامار، ٣٢٥ی ژنانی تونسی لە گوندەکاندا دەژین و نزیکەی ٦٥٪ لە تەمەنی زوودا وازیان لە خوێندن هێناوە، بەمەش ڕێژەی نەخوێندەواری لەنێو ژنانی گەنددا گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠٪،

 

بەپێی ئامارەکانی کۆڕبەندی تونس بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ژنان ٧٠٪ی هێزی کاری کشتوکاڵی پێکدەهێنن، بەڵام کرێیەکانیان نزیکەی ٥٠٪ کەمترە لە هاوتا نێرەکانیان و ژمارەیەکی زۆر کەمیش مافی پاراستنی کۆمەڵایەتییان هەیە، لە کاتێکدا تەنها ٣٣٪ ژنانی جوتیار ئاسایشی کۆمەڵایەتییان هەیە، ئەمەش زۆر کەمترە لە کرێکارانی پیاو.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونسەوە ئەنجامدراوە، نزیکەی ٤٠٪ی ژنانی گوندەکانی تونس تووشی کێشەی تەندروستی دەبن، بەزۆری بەهۆی بارودۆخی کارکردنەوە، بەهۆی نەبوونی دەستگەیشتن بە سەنتەرەکانی چاودێری تەندروستی.