ژنانی جوتیار باس لە ئەزموونی سەرکەوتنیان دەکەن

ژنانی جوتیار باس لە ئەزمونی دەستکردنیان بە پڕۆژەی کشتوکاڵی دەکەن و ڕاهێنەرێکیش دەڵێت: ئەم پرۆژانە کە ژنان بەشداری تیادا دەکەن سەرکەوتوو ترن و دەستی ژنان هەمیشە لەناو پرۆژە جیاوازەکان دایە

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ژنان بە دۆزەرەوەی کشتوکاڵ و چاندنی دادەنرێن، بەڵام لە زۆربەی سەردەمەکاندا ڕەنگی پیاوان بە کاری جوتیاری و کشتوکاڵییەوە دیارە و تەنها باس لەوان دەکرێت کە ڕۆڵیان هەبوە لە کشتوکاڵ کردندا.

 

ئێستا شەپۆلێکی چڕی گەنجان و ژنان ڕوویان لە کشتوکاڵ کردن کردووە و لە پاڵ ئەوەشدا جگە ئەوەی بوونەتە خاوەن داهاتی خۆیان، لە هەمانکاتدا خەڵک بۆ بینینی پرۆژەکانیان سەردانیان دەکەن و بەروبوومی خۆماڵیش بەرهەم دەهینن و دەیخەنە بازارەکانەوە.

 

یەکەم جار لە ژیانی ناو گوندەکەمەوە دەستم پێکرد

ڕێژنە حسێن، ناسراو بە ڕێژنە دێهاتی، خاوەنی براندی کیژی دێهاتە، کە سەرجەم بەرووبوومە خۆماڵیەکانی وەکو هەنگوین و گوێز و میوەی وشک کراوی خستووەتە ناو براندەکەی، باسی لەوە کرد، سێ ساڵ پێش ئیستا لە گوندەکەی خۆیان ژیانی سروشتی لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بۆ بینەر گواستووەتەوە، وتیشی: پاش تەواوکردنی خوێندنم لەگەڵ دایک و باوکم خەریکی باخداری و هەنگەوانی بووین و بەرهەمە خۆماڵیەکانم پیشانی خەڵکدا و توانیم بەرهەمەکانم بفرۆشم لە ڕێگەی پەیجەکەمەوە بە ناوی کیژی دێهات.

 

وەک ڕێژنە دێهاتی باسی کرد، بەرهەمە خۆماڵیەکان شایەنی ئەوەن بکەونە بازاڕ و لەلایەن هاوڵاتیانەوە تام بکرێن و بەکاربهێنرێن، وتیشی: بڕیارم دا بەرووبومی گوندەکانی تریش بخەمە ناو براندی کیژی دێهاتەوە، چونکە هەریەک لە گوندەکان بە تایبەتمەندییەک و خواردنێک بەناوبانگن.

 

"من لەبەرئەوەی کچی گوند بووم کارەکان بۆم ئاسان بوو"

ڕێژنە لە پاش تەواو کردنی خوێندن دێتەوە گوندەکەیان و دەبێتە هاوکاری دایک و باوکی، لەبارەی کاری کشتوکاڵ و هەنگەوانی وتی: زۆرترین پرسیار کە ئاڕاستەم بکرێت ئەوەیە، کە ژیان لە گوند و کارکردن قورس نییە؟، من دەڵێم تەنها پیاو ئیشی دەرەوەی نەکردووە و لە دێر زەمانەوە ژنان لەناو کاردا بوون، سەختی هۆی هەیە، بەڵام بە هاوکاری خێزان و دەوروبەر قورسیەکان تێپەڕیوون.

 

لەیلان یەکەم ژنە خاوەنی کێڵگەی تووی سورە

لەیلان، خەڵکی قەرەداغە و یەکەم ژنە لە عێراقدا خاوەنی کێڵگەی بەرهەم‌ێنانی تووی سوور و شاتووە، لەیلان دەرچووی بەشی کشتوکاڵیە و پاش دەرچوونی، پڕۆژەیەکی دامەزراند و بووتە خاوەن داهاتی خۆی، "پڕۆژەی بلاک بێریم هەڵبژارد تا پەرەی پێبدەم، چونکە پێشتر پڕۆژەیەکی بەو شێوەیە نەبووە، پڕۆژەکەم تا ئێستا ئاستی باشی بڕیوە و توانیومە تیایدا سەرکەوتوو بم.

 

"گوندەکەم سەرچاوەی بیرۆکەی کارەکەم بوو"

گوندی واژەی سەر بە شارۆچکەی شارباژێر بووەتە سەرچاوەی کار و دانانی پرۆژە بۆ تریفە بەکر، چونکە لە گوندەکەی ڕێژەیەکی زۆر لە بەرووبووم و میوە هەیە، لە پرۆژەکەی تریفەدا میوەی وشک کراوە و دۆشاوی ترێ و سرکە بەرهەم دەهێنرێت، چونکە گوندەکە بەو بەرهەمانە بەناوبانگە، وتی: بیرم لەوە کردەوە کە دەبێت بەروبوومی جوتیاران بپارێزرێت، بۆیە میوەکان وشک دەکەمەوە و سرکەش دروست دەکەم و ئەمەش دەبێتە بەرهەمێکی ناوخۆ، ژنانیش ئێستا پشت بە خۆیان دەبەستن و ئازایانە دێنە مەیدانی کارەوە.

 

ڕاهێنەران پرۆژەکانی ژنان بەرز هەڵەسەنگێنن

شاجوان جەلال، ڕاهێنەری کشتوکاڵی ڕۆڵی ژنان لە پرۆژە کشتوکاڵیەکان بەرز دەنرخێنێت، خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە توانیویەتی ببێتە راهێنەرێک بۆ ئەو ژنانەی کە حەزیان بە پرۆژە کشتوکاڵییەکانە، وەک خۆی باسی دەکات، ئەم پرۆژانە کە ژنان بەشداری تیادا دەکەن سەرکەوتوو ترن و دەستی ژنان هەمیشە لەناو پرۆژە جیاوازەکان دایە، وەک هەنگەوانی و توترک و وشک کردنەوەی بەروبووم.