بازاڕی کۆنەی مهاباد؛ دەرخەری دۆخی کارکردنی ژنان و کاریگەری فرۆشتنی کاڵای ستۆک

بازاڕی کۆنە لە شاری مهاباد، ناوەندی کڕین و فرۆشتنی کاڵای ستۆکە و بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دۆلار و سنووردارکردنی بازاڕی ئۆنلاینەوە ڕووبەڕووی لاوازی بووەتەوە، بەڵام ژنان بە بەکارهێنانی فرۆشتنی ئۆنلاین توانیویانە درێژە بە کارەکانیان بدەن.

نەسیم محەمەدخواهـ

 

مهاباد- بازاڕی کۆنە لە شاری مهاباد بە یەکێک لە بازاڕە بەناوبانگەکانی کڕین و فرۆشتنی کاڵای کۆن و ستۆک لە ئێران ناسراوە، سەرەڕای فشارە ئابوورییەکانی ئەم دواییە، ئەم بازاڕە توانای ڕاکێشانی کڕیارانی لە هەموو وڵاتەوە پاراستووە، بەڵام لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی کاڵای ستۆک و سنوورداربوونی بازاڕکردنی ئۆنلاین بووەتەوە، ئەمەش توانای کڕینی خەڵکی زۆر کەم کردووەتەوە و دەستڕاگەیشتن بەم بازاڕەی بۆ زۆر کەس سنووردار کردووە.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا فرۆشی ئۆنلاین بۆ بەرهەمەکانی کۆنە ڕەوتێکی گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆوە بینی، کە دەرفەتێکی گەورەی بۆ ئەو ژنانە ڕەخساندووە کەمتر چالاکن لە بازاڕە ڕاستەخۆکاندا، ژنان بە بەڕێوەبردنی کەناڵەکانی تێلێگرام و پەیجەکانی ئینستاگرام توانیویانە کڕیاری نوێ بۆ خۆیان ڕابکێشن و لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە کاڵا بکڕن و بفرۆشن.

 

بازاڕی ئۆنلاینی فرۆشیارانی ژن گەرمە

لەیلا ن.، فرۆشیارێکە لە بازاڕی کۆنەی مهاباد، سەبارەت بە دۆخی بازاڕ وتی؛ بەرهەمەکانی کۆنە بە شێوەیەکی سەرەکی لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاوردە دەکرێن و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە، نرخەکانیان ڕاستەوخۆ بەرزبووەتەوە، دوای دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، نرخی دۆلار نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە، بەهۆی هاوردەکردنی کاڵای کۆنە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی قاچاخ و کۆڵبەرەوە، کاسبکاران ناچارن بەرتیلی زۆر بدەنە ئەو بازگانەی دوای شۆڕش لە ڕێگەی مهاباد دانراون، لەپێناو تێپەڕاندنی کاڵاکانیان، ئەمەش تێچووی گواستنەوەی زیاتر کردووە و نرخی بازاڕیشی بەرز کردووەتەوە.

 

لەیلا سەبارەت بە دۆخی کارکردنی ژنان لە بازاڕی کۆنە ڕوونی کردەوە: "هەرچەندە زۆربەی فرۆشیارانی ئەم بازاڕە پیاون، بەڵام زۆرێک لە ژنان لەم ساڵانەی دواییدا لە فرۆشتنی ئۆنلاین چالاک بوون و سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە، ئەم شێوازە فرۆشتنە دەرفەتی کڕینی کاڵای بۆ فرۆشتن ڕەخساندووە بەبێ ئەوەی سەرمایەی سەرەتایی هەبێت و تێچووی کرێ کردنی دوکانی نەهێشتووە".

 

فلتەر کردنی ئینتەرنێت کاریگەری لەسەر بازاڕی ئۆنلاین هەیە

سەحەر.ڕ.، یەکێک لە کارکەرانی بازاڕی کۆنەیە لە شاری مهاباد سەبارەت بە دۆخی ئەم بازاڕە وتی: کرێی دوکانەکان لە ١٠ ملیۆن تمەنەوە دەستپێدەکات و بەپێی شوێنەکە دەگاتە ٢٥ ملیۆن تمەن، ئەو ژنانەی لەم دوکانانەدا وەک فرۆشیار کاردەکەن، داهاتێکی کەمیان هەیە؛ مانگانە نزیکەی ٥ ملیۆن تمەن مووچە وەردەگرن، بەبێ بیمە و ...هتد لەبەرچاو بگیرێت و ئەگەر خەرجییەکانی گەشتکردن لەم بڕە پارەیە ببڕین، داهاتی کۆتایییان لەوە کەمترە.

 

سەحەر جەختی لە ڕۆڵی کاریگەرانەی فلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر فرۆشتنی ئۆنلاین کردەوە و وتی: هەرچەندە فلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تێچووی پەیوەست بە بەکارهێنانی فلتەر و کەمی کوالێتی ئینتەرنێت وایکردووە فرۆشتنی ئۆنلاین قورستر بێت، بەڵام ژنان هێشتا چالاکییە کاریگەرەکانیان ئەنجامداوە لەم بوارەدا.

 

بە گشتی بازاڕی کۆنەی مهاباد لەبەردەم چەندین ئاڵنگاریی دایە، بەڵام هێشتا دەرفەتی فراوانبوون و گەشەسەندن هەیە، بەتایبەتی لە بواری فرۆشتنی ئۆنلاینی ژنان لەم بوارەدا.