دابەشنەکردنی مووچە ژیانی فەرمانبەران و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی سەخت کردووە

پێنەدانی مووچە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمانبەران و مووچەخۆران قەیرانی ئابووری دروستکردووە و بە تایبەت کاریگەری لەسەر ژنان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەیە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- مووچە مافی هەموو تاکێکە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا و لەلایەن حکومەتەکانەوە لە بەرامبەر ڕەنجی فەرمانبەران و ڕاپەڕاندنی کارەکاندا، دابەش دەکرێت تا پێداویستییەکانی ژیانی هاوڵاتی دابین بکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، بەهۆی قۆرخکردنی داهاتی هەرێم لەلایەن دەسەڵات و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان مووچەخۆران لە کاتی خۆیاندا، ئەو مووچەیەی مافی خۆیانە، پێیان نادرێت و تا ئێستاش بە پاشەکەوت و لێبڕینەوە بەسەریاندا دابەش دەکرێت، ئەمەش بارگرانی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان بە گشتی و بەتایبەت بۆ ژنان و خاوەن پێداویستی تایبەتەکان دروست کردووە.

 

"پێنەدانی مووچە بارگرانییەکی زۆری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دروست کردووە"

شەهێن ڕەحمان، خاوەن پێداویستی تایبەتە و باسی لەوەکرد، نزیکەی ٧٠ ڕۆژە مووچە وەرنەگیراوە و ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە، کە تەنانەت ناتوانن کرێی هاتووچۆ بدەن بۆ ئەوەی بڕۆنە سەر کارەکانیان، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٣ەوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنێکی ٥٠ ساڵە بە دەوڵەتی تورکیا فرۆشرا، مووچە بۆ فەرمانبەران و و دامەزراندن بۆ خوێندکاران نەما، وتیشی: من وەکو ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کە دەبوو مووچەیەکی تایبەت بە خۆمم هەبوایە، بەڵام نە مووچەم هەیە و نە ئەو ١٥٠ هەزارەم هەیە، کە حکومەت وەکو هاوکاری دەیدا بە خاوەن پێداویستی تایبەت.

 

هەروەها وتی: پێنەدانی مووچە بۆ هەموو فەرمانبەران قورسە و بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بۆ ژنان دوو جار قورسە، بەتایبەتی ئەگەر ژن بیت و خاوەن پێداویستی تیابەت بیت، من خۆم کە لە دەرەوە کار دەکەم و دابینکردنی بژێوی ژیان و یارمەتیدانی دایک و باوکم لەسەرە، بارگرانییەکی زۆرم بۆ دروست بووە.

 

"هەرێم بۆ پێدانەوەی قەرزەکانی پاشەکەوتی لە مووچەی فەرمانبەران کرد"

هاوناز عومەر، فەرمانبەرێکە و ئەوەی خستەڕوو، پێنەدانی مووچە دابینکردنی پێداویستییەکانی قورس کردووە بە تایبەتی بۆ ژنان، بەتایبەت ئەگەر دابینکردنی بژێوی ژیانی لەسەر بێت، چونکە ژنان ناتوانن کاری قورس بکەن، پێنەدانی مووچە لایەنی دەروونی تاکەکانیشی تێکداوە و بووەتە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێوان خێزانەکاندا، "پێنەدانی مووچە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە کە دەستی پێکردووە دەگەڕێتەوە بۆ پابەند نەبوونی دەوڵەتی تورکیا بە ڕێکەوتنێکی ٥٠ ساڵەوە، بۆیە هەرێم توشی قەرزێکی زۆر بوو، وە لە مووچەی فەرمانبەرانی پاشەکەوتی دەکرد بۆ ئەوەی قەرزەکەی بداتەوە".

 

دەشڵێت: دوای ساڵی ٢٠١٣ خەڵکی دڵخۆش بوو کە هەرێمی کوردستان بووەتە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆی، بەڵام بەداخەوە پێچەوانەی ویستی خەڵک بوو، ئەمە خۆی کارەساتێکە کە مووچەمان لەسەر بەغدا بێت، هیوادارم حکومەت لە کاتی خۆیدا مووچە دابەش بکات، چونکە هەموو کەرتەکانی تەندروستیش بایکۆتی دەوامیان کردووە، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک دروست دەکات.

 

  

"ناتوانین پێداویستییەکانمان دابین بکەین"

خەیاڵ سابیر، خاوەن پێداویستی تایبەتە و ڕوونی کردەوە، پێنەدانی مووچە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دروست کردووە، هەر لە ڕووی کڕینی دەرمانەوە تا پێداویستییەکانی تر، ئەو ١٥٠ هەزارەی وەکو هاوکاری بۆ ئێمەیان داناوە بەشی پێداویستییەکانمان ناکات، من لەگەڵ باوکمدا دەژیم و ئەویش مووچەخۆرە، بەڵام دوو مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، بۆیە ناتوانین پێداویستییەکانی ژیانمان بە ئاسانی دابین بکەین، هیوادارم حکومەت ئاگای لە میلەتەکەی خۆی بێت و مووچە دابەش بکات، چونکە ئەم دۆخە بازاڕی وەستاندووە و هەژاری دروست کردووە.