ڕۆز عومەر بە فڵچەکەی خۆی خەونەکانی دەڕازێنێتەوە

لە منداڵییەوە بە بێ بوونی هیچ پەروەردەیەکی فەرمی تەنها بە هەوڵی خۆی بووە خاوەنی بڕوانامە، ڕۆز عومەر کە ئێستا خوێندکاری بەشی پزیشکی و وێنەکێشە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دەرگای پێشانگایەکی تایبەت بۆ هەموو خۆشەویستانی هونەر بکاتەوە.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ – ڕۆز عومەر، لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە دەستی بە ڕەنگکردنی خەونەکانی خۆی کرد بە ڕەنگی بێوێنە و سەلماندی کە لێهاتوویی بە تەمەن سنووردار ناکرێت، بەردەوامی دەتوانێت دەرگاکانی سەرکەوتن بکاتەوە. هەرچەندە هەندێک کە تەنها هەوڵ دەدەن خۆیان بە قسە دەرببڕن، بەڵام ئەو هەوڵی دا بە ڕەنگکردنی تابلۆکانی ببێتە زمانێك بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەی خۆی و دەربڕینی خەونەکانی. ئەمڕۆ هەنگاوی ڕێکوپێک بەرەو سەلماندنی خۆی دەنێت، پشت بە لێهاتوویی و حەزەکەی بۆ وێنەکێشی دەبەستێت و دڵنیایی دەدات کە ئەگەر ئارەزوو هەبێت هیچ شتێک ڕێگری لە مرۆڤ ناکات.

 

ڕۆز عومەر لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا ئەمساڵ پۆلی ١٢ی بە زمانی کوردی خوێند و سەرکەوتوو بوو. ئێستا لە زانکۆی ڕۆژئاوا دەستی بە خوێندنی بەشی پزیشکی کردووە. ڕۆز عومەر بۆ ئاژانسەکەمان باسی لە کاری وێنەکێشی خۆی کرد.

 

ڕۆز عومەر دیاری کرد کە ئەو لە منداڵییەوە حەزی لە شێوەکارییە، و گوتی کە خوشکەکەشی وێنەکێشی دەکات و قسەکانی بەم شێوەیە دەست پێ کرد: "لە منداڵییەوە تا گەنجیم حەزم بە شێوەکاری کردووە. شێوەکاری کارێکی بەڕێز و بەبایەخە. هەروەها هونەر بە هەموو بەشەکانییەوە گرنگە، من بە تەنها خۆم فێری وێنەکێشی بووم. لە شتی زۆر بچووکەوە دەستم پێ کرد تاوەکو ئەمڕۆ تابلۆی گەورە و بەنرخ دروست دەکەم، لە هەمان کاتدا خێزانەکەم هێزێکی زۆریان پێدام، لەبەر ئەوەی من لە خێزانێکی هونەرمەندو شاعیرم، بە تایبەت خاڵ و خوشکم زۆر پشتگیرییان کردم، بێگومان مرۆڤێک کە بە ماندووبوون و خۆشەویستی دەستپێبکات، لە کۆتاییدا ئەنجامی ماندووبوونی خۆی دەبینێت.

 

"من لە ڕۆژئاوا بەشداری چەندین پێشانگا بووم"

ڕۆز عومەر ئاماژەی بەوەکرد، بەشداری چەندین پێشانگا بووەو وتی: لە یەکەم پێشانگادا کە بەشداری تێدا کردم، داوام لێ کرا وێنەی سەرۆکەکان بکێشم. لەبەر ئەوەی وێنەکانم زۆر باش بوون، لەلایەن خاوەن پێشانگاکەوە بڕوانامەم پێدرا، هەروەها دووەم پێشانگا بە شێوەی پێشبڕکێ ساز کرا و من سەرکەوتوو بووم و جارێکی تر بڕوانامەم پێشکەش کرایەوە، بەڵێ؛ من لە سەر ئاستی ڕۆژئاوا بەشداری چەندین پێشانگا بوومە. ئێستا دەتوانم پەروەردەی وێنەکێشی پێشکەش بەو کەسانە بکەم کە دەیانەوێت فێر ببن، بێگومان بە ورە و ئارەزوو هەموو کەسێک دەگاتە ئەو شتانەی کە دەیەوێت.

 

"بە دلۆپە خوێنی شەڕڤانان کۆبانێ ڕزگار بوو"

ڕۆز عومەر تیشکی خستە سەر ئەو تابلۆیانەی کە بە کاریگەرییەوە کێشاوونی و وتی: ئەو تابلۆیەی کە لەسەر ئەسپم کێشاوە زۆر باوەڕپێکراو و پڕ لە خۆشەویستە، ڕەنگی سوور مانای ئەو خوێنە دەگەیەنێت کە بۆ ئازادی ڕژاوە، ڕەنگی ڕەشیش ڕەنگێکی بەهێز و سەرنجڕاکێشە. ڕەنگی سپیش مانای ئەوەیە کە دوای هه‌موو تاریکییەک ڕۆشنایی دەردەکەوێت، لە هەمان کاتدا ئەسپ لە چاندی گەریللا و کوریدا زۆر بەنرخ بوو. تابلۆیەکی تری منیش ئەوە بوو کە شەڕڤانێک بۆ ئازادی گەلەکەی شەڕی کردووە و گەیشتووە بە پلەی شەهیدبوون. من خویستم سەرنج بخەمە سەر ئەو هێرشانەی کە لە کۆبانێ ڕوویان دا، بێگومان بە دلۆپە خوێنی شەڕڤانان کۆبانێ ڕزگار بوو. تاوەکو کورد هەبن هەمیشە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر پێ خۆی دەمێنێتەوە.

 

" دەبێت هەموو کەسێک بتوانێت خەون و خەیاڵەکانی خۆی بکێشێت"

ڕۆز عومەر تیشکی خستە سەر ئەو ئامرازانەی کە وێنەیان پێدەکێشێت و قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێ هێنا: ئەو ئامرازانەی کە وێنەیان پێدەکێشم، لە شام، ئەوروپا و چەندین شوێنەوە دەیهێنم. بۆ تابلۆکانی خەڵووز ئامرازی تایبەت هەن، بێگومان هەموو تابلۆیەک بە ئامرازێکی جیاواز دەکێشدرێت، سەڕای وێنەکێشی من لە ڕێکخستنی خەونە بچووکەکانیشدا دەژیم. هەروەها سندووقی دیارییەکان دروست دەکەم و دەیفرۆشم، بەڵام لە کاری دیارییەکاندا پێویستە مرۆڤ لە ڕووی وردەکارییەکانەوە وریا بێت. لەبەر ئەوەی ئەو شتەی سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشێت وردەکارییە. داواکاری من ئەوەیە پێشانگایەکی تایبەت بە خۆم بکەمەوە، بۆ هەموو مرۆڤێک کە خەونی وێنەکێشی هەیە بێت و بەشداری تێدا بکات.