دید و سه‌لیقه‌ی ژن له پاراستنی ژینگه‌دا له پێشەنگایهكدا نمایش كرا
پێشەنگای ژینگه‌یی بۆ حوسنا مەحمودی شێوه‌كاری ژینگه‌یی کرایەوە، کە تاکە شێوەکاری ژینگەیە لە بواری هونەری ریسایکلین کار دەکات.
هەڵەبجە
حوسنا مەحمود، ده‌رچووی به‌شی كارگێری كاره و هه‌رچه‌نده به ئه‌كادیمی نهیخوێندووە، بەڵام حەز و خولیای بۆ هونەر وایکردووە لە بواری هونەری ژینگەییدا خۆی پێشبخات و ژن و ژینگە لە تابلۆکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، دەشڵێت: دەمەوێت بە کارە هونەرییەکانم، ژینگه له پیسبوون بپارێزم، ئەویش بە کەمکردنەوەی بابەتە فرێدراوەکان و دووبارە بەکارهێنانەوەی لە تابلۆکانمدا، دەمەوێت پەیامی ژینگەیی بگەیەنم بە هاوڵاتیان و خزمەتێکی زۆر بکەم بە هونەر و ژینگەش.
سەبارەت بە بەرهەمە هونەریەکانی لە پێشەنگاکەدا، وتی: ٢٨ تابلۆم لە پێشەنگاکەدا نمایشکردووە، سەرجەمیان لە قوماشی بە فیڕۆدراو دروستکراون کە لای بەرگدروو و کەسوکار کۆم کردوونەتەوە، بەرهەمەکانم خاڵی بوون لە بۆیە و فڵچە و ئەوەش کە ماوەتەوە لە تابلۆکان کردومە بە کەلوپەلی جوانکاری و گۆشە و پشتی، تا بیبەخشم بە هاوڕێیانم، بەمەش دوو ئامانجم پێکاوە، یەکێک بەخشینی دیارییە و دووەمیش بەکارهێنانەوەی کەرەستە فڕێدراوەکانە بۆ پێویستی ڕۆژانە.
حوسنا ژینگە بە ماڵی یەکەم دەزانێت و دەڵێت: دەبێت كه‌ره‌سته فڕێدراوه‌كان نه‌كه‌ین بە ئه‌رك به‌سه‌ر ژینگه‌وه، چونكه ژینگه ماڵی یه‌كه‌ممانه.
حوسنا مەحمود، ده‌رچووی به‌شی كارگێری كارە و خاوه‌نی چه‌ندین بروانامه‌یه له بواری ژینگه‌دا، چوار پێشەنگای تایبه‌ت و بیست پێشەنگای هاوبه‌شی کردووەتەوە و به‌ڕێوه‌به‌ری دوو پڕۆژه‌ی ژینگه‌ییه له شاری هه‌ڵه‌بجه، ئه‌زمونی زیاتر له ١٥ ساڵ كاری ڕێكخراوه‌یی له بواری ژینگه‌دا هەیە.