٢٠٢٣؛ ژنانی نووسەر ئەمساڵیان بە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ژنان تێپەڕاند

ژنانی کورد دەستێکی باڵایان هەیە لە نووسین و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە، لەم بەشەدا گرنگترین ئەو بەرهەمانەی ژنان دەخەینەڕوو، کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە بواری نووسین و لێکۆڵینەوەدا ژنانی کورد دەستێکی باڵایان هەیە، هەر ساڵێک کۆمەڵێک ژنی بەتوانا بەرهەمەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە و جەخت لەسەر بابەتێک دەکەنەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ژنان بەرهەمی پڕ لە زانیاریان خستە ناو کۆمەڵگەوە، هەرچەندە لە پەرتوکی نووسەرەکانی ئەمساڵدا بابەتی سیاسی کەمتر باسکراوە، بەڵام بابەتی پەرتوکەکان زیاتر لە بواری هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا بووە، بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیار ببنەوە لەو کێشانەی ڕووبەڕووی بەتایبەت ژنانی باشووری کوردستان دەبێتەوە.

 

بەشێک لەو پەرتوکانەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن نووسەرانی ژنەوە بڵاوکراونەتەوە؛

"کچی ناو وێنەکە"

ئەم پەرتوکە لە نووسینی نووسەر و شاعیر شەهلا فەیزوڵایە، لە ٢٠ چیرۆک پێکهاتووە و باسی چیرۆکی ئازارەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان دەکات، لەگەڵ منداڵانی سەر شەقامەکان و گۆڕستانی بێ ناونیشان، ئامانجی نووسەر لە نووسینی ئەم پەرتوکە، پیشاندانی ژیانی پڕ لە ئازاری ژنان و منداڵانە لە زاری خۆیانەوە، وەک خۆی دەڵێت: "ژن لە ژن تێدەگات"، پەرتوکەکە لە ٣ی ئاداردا بڵاوکرایەوە.

 

"گۆڕەکەی دایکم"

ئەم پەرتوکە لە نووسینی پارێزەر و نووسەر ماردین جەلالە، زۆربەی نووسینەکانی لەسەر ژنان بووە و خاوەنی چەندین بەرهەمە، ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنان بووە لەسەر ئەرک و مافەکانیان، دواین پەرتوکیشی بە ناوی" گۆڕەکەی دایکم" بوو لە ٢٢ی تەمموزدا بڵاوکرایەوە و باس لەو ئازارانە دەکات بەسەر گەلی کوردا هاتووە لە کاتی شاڵاوی ئەنفالدا.

 

"ڕۆمانی دایە"

ڕۆمانی دایە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ ڕۆزا حەمەساڵح لە زمانی عەرەبیەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ڕۆمانەکە باسی خەبات و ژیانی تراژیدیای ژنە شۆڕشگێڕیکی شاری سلێمانی دەکات بە ناوی درەخشان میرزا ئیبراهیم، نووسەر ئەم ڕۆمانەی لەپێناو پشتگیریکردنی ژنان و دایکان کە ڕووبەڕووی داگیرکاری دەبنەوە، وەرگێڕ کردووە، ڕۆمانەکە ٢٢ی ئاب ناساندنی بۆ کرا.

 

پەرتوکی "مێژووی ڕۆژنامەگەری لە هەڵەبجە"

ئەم پەرتوکە لە نووسینی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری هەڵەبجە نزار کەریمە، ئامانجی نووسەر دەرخستنی مێژووی ڕۆژنامەنووسی بووە لە هەڵەبجە کە سەرەتای کاروانی ڕۆژنامەگەری لە شاری هەڵەبجە هەبووە و توانیویانە مێژووی ئەو شارە بنووسنەوە، پەرتوکەکە لە ١٩ی ئاب ناساندنی بۆ کرا.

 

پەرتوکی "سپێدەیەکی تاریک"

ئەم پەرتوکە لەلایەن نووسەر پەخشان محەمەدەوە نووسراوە، نووسەر خاوەنی بەرهەمێکی ترە و دوا بەرهەمیشی بە ناوی "سپێدەیەکی تاریک"ە، لە پەرتوکەیدا چیرۆکی ژنانی ناو چاکسازی دەگێڕێتەوە، ئامانجییەتی ژنان هۆشیار ببنەوە بەرامبەر مافەکانیان و سزای سەر تاوانەکان، پەرتوکەکە لە ٩ی ئابدا ناساندنی بۆ کرا.

 

"تەقەی خۆشی"

ئەم پەرتوکە لەلایەن ژنێکی گەنجی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ناوی چنور تۆفیق نووسراوە و یەکەم ئەزموونی نووسەرە لە بواری نووسینی پەرتوکدا، ئامانجی نووسینی ئەم پەرتوکە باسکردنی ژیانی نووسەرە لە دوای تەقەیەکی خۆشی کاتی ڕژێمی بەعس کە دەیکاتە خاوەن پێداویستی تایبەت، نووسەر ویستویەتی ئەو پەیامە بە بینەر بدات لە کاتی خۆشی دەربڕیندا پێویست بە تەقەکردن ناکات، چونکە لەوانەیە ژیانی چەندین کەس بخاتە مەترسییەوە، پەرتوکەکە لە ١٠ی ئەیلول ناساندنی بۆ کرا.

 

"گەڕیدەی حەقیقەت"

پەرتوکی گەڕیدەی حەقیقەت لە نووسینی ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە، لەلایەن نەجیبە قەرەداغیەوە وەڕگێرانی بۆ کراوە، لەم پەرتوکەدا باس لە ژیانی ناگیهان ئاکارسەل کراوە کە چۆن بە دوای ڕاستییەکاندا گەڕاوە، هەروەها ئەو ڕێگریانەی بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری دێنە سەر ڕێگەی ژنان، پەرتوکەکە ٢١ی تشرینی دووەم ناساندنی بۆ کرا. 

 

"بەرنامەکانی شەمێران" و "نهێنی ئەشکەوتی کونەبا و خودناسی"

ئەم دوو پەرتوکە لەلایەن نووسەر فەوزیە ساڵح مەنمی نووسراوە، نووسەر ئامانجی لە نووسینی ئەم پەرتوکانە ئەوە بوو، گەنجان هۆشیار بکاتەوە و دوور بکەونەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆربەی کێشەکان بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە، هەروەها گەنجان پێویستە چۆن خۆیان بناسن و خۆیان بنیاد بنێن، پەرتوکەکان لە ١٣ی تشرینی دووەمدا ناساندنی بۆ کرا.

 

"یادەوەری خوێن، لە زمانی گوڵەوە"

ئەم ڕۆمانە لە نووسینی نووسەر دڵسۆز عەبدولڕەحمانە، ئەم نووسەرە چەندین دیوانی شیعری هەیە و یەکەم ئەزموونی ڕۆمانی "یادەوەری خوێن، لە زمانی گوڵەوە" بووە، ڕۆمانەکە هەروەک نووسەر خۆی دەڵێت: بە زمانێکی ژنانە نووسیویەتی و باس لە خۆشەویستی دەکات کە دەکرێت مرۆڤێکی دڵڕەق و نادادپەروەر ببێتە کەسێکی دڕندە، یاخود کەسێکی باش. ڕۆمانەکە ٧ی کانوونی یەکەم ناساندنی بۆ کرا.

 

"ئافرەت و جڤاک"

ئەم پەرتوکە لە نووسینی نووسەری شاری دهۆک ئاواز حەجیە، پەرتوکەکە باس لە ژیانی نووسەر و ئەو ڕێگریانە دەکات هاتوونەتە بەردەمی و چۆن تێی پەڕاندوون، هەروەها ئەزموون و سەرکەوتنی چەند ژنێکی شاری دهۆک دەگێڕێتەوە، مەبەست لە نووسینی پەرتوکەکە هۆشیارکردنەوەی تاکەکان و تێگەیشتنیانە لە ژیان و دەوڵەمەندکردنی پەرتوکخانەکانە، چونکە پەرتوکەکانی تایبەت بە ژنان کەمن، ئەمە یەکەم ئەزموونی نووسەرە لە بواری نووسیندا، پەرتوکەکە لە ٤ی ئایار بڵاوکراوەتەوە.

 

"دراما تورکیە دۆبلاژکراوەکان و کاریگەری لەسەر بەها کۆمەڵایەتییەکان"

ئەم پەرتوکە لەلایەن ڕۆژنامەنووس هەژان هێرشەوە نووسراوە و تایبەت بووە بە نامەی دکتۆراکەی، یەکەم پەرتوکی نووسەرە و باس لە کاریگەری دراما تورییە دۆبلاژکراوەکان دەکات، کە لە کۆمەڵگەدا بە ڕێژەیەکی زۆر تاکەکان خویان گرتووە بە سەیرکردنی ئەو دراما تورکیانەی باس لە بابەتی کۆمەڵایەتی و ڕۆمانسیەت دەکات و کاریگەری نەرینی لەسەر تاکەکان بەجێدەهێڵێت، پەرتوکەکە لە ٢٦ی ئایاردا ناساندنی بۆ کرا.

 

"هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕەخساندنی مافی بەشداری ژن لە پرۆسەی سیاسی"

ئەم پەرتوکە لە نووسینی ژنە چالاکوانی بواری ژنان ڕێزان شێخ دلێرە، ئامانجی نووسینی ئەم پەرتوکەی نووسەر هاندان و پشتیوانی نێودەوڵەتییە لە خەباتی ژنان، بە دوو زمان نووسراوە و لە ٢٨ی تشرینی دووەمدا ناساندنی بۆ کرا.

 

"پلاندانانی شارنشینی"

ئەم پەرتوکە لە نووسینی مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین، فاتیمە قادرە، خاوەنی ١٠ پەرتوکی چاپکراو و ٢٠ توێژینەوەیە، یەکێک لەو پەرتوکانەی بە ناوی "پلاندانانی شارنشینی"ە، کە یەکەم پەرتوکە هەموو پێوەرەکانی خزمەتگوزاری بۆ پلاندانانی شاری تێدا باس کراوە، ئامانجی نووسەر لە نووسینی ئەم پەرتوکە باشترکردنی دیزاین و کەمبوونەوەی گرفتەکانی شارنشینیە، پەرتوکەکە لە ٢٥ی ئابدا بڵاوکراوەتەوە.

 

لەبەر تریفەی مانگ خەونەكانی نیشتمانمان دەچنی

ئەم پەرتوکە لە بیرەوەری و یاداشتەكانی سیاسەتمەدار نەرمین عوسمانە، کە نووسەر یادەوەرییەکانی خۆی و ژیان و تێکۆشانەکانی خستووەتەڕوو، لە پەرتوکەکەدا نووسەر ژیانی سیاسی خۆی خستووەتەڕوو، کە بە چیدا تێپەڕیوە و سەرباری سەختی و بەربەستەکان ژنان هێزیان هەیە بە چی بگەن.

 

هەروەها پەرتوکەکانی "گوڵدانی ژن"، "مێگەرایی" و "ڕوانگە و ڕەھەندەکانی بزووتنەوەی ژنان" دوو بەرهەمی دیکەی نووسەرن کە لە ماوەی ئەمساڵدا بڵاوکراونەتەوە.

 

لێکەوتە سیاسی و ژینگەییەکانی پڕۆژەی گاپی تورکی

ئەم پەرتوکە بە زمانی عەرەبی نووسراوە و لە نووسینی مەدیحە سۆفی، شارەزای بواری ژینگەیە، تیایدا بە وردی باس لە هێڵی بوومەلەرزە و پرۆژەی گاپ دەکات، کە پڕۆژەیەکی بەنداوی بەرفراوانە و لەسەر هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لە تورکیا دروستکروە، پڕۆژەکە ڕۆڵی گرنگ لە شێواندنی چینەکانی زەویدا دەبینێ و ئەگەری بوومەلەرزەی ئەو ناوچەیە زیاتر دەکات، لە کاتێکدا خۆی لەسەر هێڵی بوومەلەرزەیە.

 

پروشەی پەپولە پەیام

ئەم پەرتوکە دیوانێکی شیعرییە لە نووسینی نیشتمان عەبدولقادر، یەکەم بەرهەمیشی بە ناوی "دیوانی نیشتمان" بوو، کە پێکدێن لە کۆمەڵێک دەقی شیعری لە ٢٢٢ لاپەڕە پێکهاتووە.

 

خوشکان و من

ئەم پەرتوکە لە نووسینی بەیان ناسیحە و ڕووناک شوانی پێشەکی بۆ نووسیوە، کە لە پەنجەرەی بیرەوەری دایک و کچێکەوەیە و بیرەوەری نووسەرە، لە ١٨٨ لاپەڕە پێکهاتووە.