فێستیڤاڵی ئارین بیسک و زوڵفێن ئاشتی چاوەڕوانی شانۆکارانە

لە شاری کۆبانێ ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی “ئارین بیسک و زوڵفێن ئاشتی” دەکرێت، فێستیڤاڵی ئەمساڵ ١٠ گروپی شانۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆ دەگرێت.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ - فەرماندەی یەپەژە “ئارین میرکان” یەکێکە لە سیمبولەکانی بەرخۆدانی ١٣٤ ڕۆژەی کۆبانێ کە لە ٥ی تشرینی یەکەمدا چالاکییەکی بەرخۆدانی لە گردی مێشتەنور ئەنجام دەدا و بەم خۆبەختکردنە چارەنووسی شەڕ بە گشتی گۆڕا.

 

تەڤگەری چاند و هونەری کۆبانێ و دەستەی چاندی هەرێمەکە، بۆ یادکردنەوەی ئارین میرکان و خاوەندارێتی لە ناوی ئەو، لە ساڵی ٢٠٢١دا فێستیڤاڵی شانۆی بەناوی “ئارین بیسک و زوڵفێن ئاشتی” ڕاگەیاند، ئەو فێستیڤاڵە کە ئەمساڵ لە خولی چوارەمی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، لە ٣ ساڵی ڕابردوودا پێشوازی لە شانۆکارانی کورد، عەرەب، ئەرمەن، چەرکەس و تورکمان کردووە کە بووەتە شوێنێکی گرنگ بۆ پێکەوەبەستن و پێشکەشکردن و ڕامان و هەستەکانی شانۆکارانی هەرێمەکە.

 

ئاژانسەکەمان بۆ وەرگرتنی وردەکارییەکانی خولی چوارەمی فێستیڤاڵەکە، چاوپێکەوتنی لەگەڵ میرخان ئیسماعیل، ئەندامی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە ئەنجام دا.

 

“میراسی شەهید ئارین لەگەڵ فێستیڤاڵی شانۆدا زیندوو دەمێنێتەوە”

میرخان ئیسماعیل ڕایگەیاند، فێستیڤاڵەکە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمدا دەست پێ دەکات، وتی: تێکۆشەر ئارین میرکان بە چالاکیی فیدایی خۆی لە بەرخۆدانی کۆبانێدا دەنگی دایەوە و وەک سیمبولێکی ژنانی شەڕڤان و بەرخۆدانی ناوی خۆی مسۆگەر کرد، ئێمەش وەک تەڤگەرییە چاندیەکانی هەرێمەکە بڕیارمان دا کە بە ڕێگەی فێستیڤاڵی شانۆییەوە، خاوەندارێتی لە تێکۆشان و بەرخۆدانی شەهید ئارین بکەین، بۆ ئەمەش لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە لە کۆبانێ فێستیڤاڵی "ئارین بیسک و زوڵفێن ئاشتی" بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵیش بە دروشمی "لە هر شارێکدا چیرۆکێک و لە هر دڵێکدا بیرۆکەیەک" لە ٣٠ی تشرینی یەکەمدا جارێکی تر پێشوازی لەم فێستیڤاڵە لە خولی چوارەمی خۆیدا دەکەین.

 

میرخان ئەوەشی خستە ڕوو کە دەبوو فێستیڤاڵەکە لە ٥ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوە بڕوات، بەڵام بەهۆی هەندێک بارودۆخی تەکنیکی و ناوچەییەوە، فێستیڤاڵەکە دواخرابوو.

 

“ئەمساڵ بەشداری دەوڵەمەندە”

میرخان باسی لەو گروپانە کرد، کە ئەمساڵ بەشداریی فێستیڤاڵەکە دەکەن، وەک هەمیشە بەشدارییەکە لە ئاستی چەندین شاری ڕۆژئاوای کوردستان و دەرەوەدا دەبێت و وتی: لەبەر ئەم هۆکارە، لیژنەی چاودێری کە لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوودا لە جوڵەدایە، پێشوازی لە گروپەکانی کۆبانێ، عەفرین، حەڵەب، قامیشلۆ، دێریک، حەسەکە و ڕەققە دەکات، ئەمساڵیش فێستیڤاڵەکەمان بە بەشداریی گروپێکی شانۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەوڵەمەند و ڕەنگاوڕەنگ دەبێت.

 

”ئێمە سەیری چیرۆکی شارەکان و بیری دڵی شانۆنامەنووسان دەکەین”

میرخان وتی: ئەمساڵ لەگەڵ ١٠ گروپدا لەسەر شانۆی ناوەندی چاند و هونەری باقی خۆدۆ سەیری ١٠ سیناریۆی جیاواز دەکەین کە هەر یەک لەوانە چیرۆکی شارێک و بیرۆکەی دڵێک پێشکەش دەکات، وتی: ئەوەی کە فێستیڤاڵەکەمان دەوڵەمەند دەکات بەشداریی شار، چاند و نەتەوە جیاوازەکانە کە ئەمە بووەتە ناسنامەیەکی فێستیڤاڵی ئارین بیسک و زوڵفێن ئاشتی، بۆ ئەمەش پێکەوە بە ڕێگەی شانۆگەرییەوە بیرۆکە، هەست، خۆشی و خەمۆکیی خۆمان هاوبەش دەکەین.

 

“شانۆیی ناوەندی چاند و هونەر چاوەڕوانی هەموو کەسێکە”

میرخان ئیسماعیل، ئەندامی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی“ئارین بیسک و زوڵفێن ئاشتی” قسەکانی بە بانگەوازێک بۆ بەشداریی گەورە بەم شێوەیە کۆتایی پێ هێنا: هونەر مەیدانێکی فراوانە، شانۆش یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێبازەکانی، لەبەر ئەوە داواکاری و بانگەوازیی ئێمە بۆ هەموو شانۆکارانی کورد ئەوەیە کە لە ڕێگەی ئەم فێستیڤاڵانەوە هونەری خۆیان پێشکەش بکەن و لەم بوارانەدا پێشکەوتنی گەورە دروست بکەن، هەروەها بانگەوازیی ئێمە بۆ خەڵکی کۆبانێ ئەوەیە کە بە بەشداریی خۆیان فێستیڤاڵەکەمان کە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام دەبێت، گەورە بکەن و ئێمە بتونین بەم شێوەیە خاوەندارێتی لە میراس و تێکۆشانی شەهید ئارین بکەین و هەمیشە ناوی ئەو بەرز ڕادەگرین.