خەڕەك و مووڕێسی کولتوورێکی کۆنی مەسیحییەکانە

ژنانی مەسیحی دانیشتووی کۆیە لە چالاکییەکدا خەڕەک و مووڕێسییان نمایشکرد و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەمە کولتوورێکی دێرینی خۆیانە و ساڵانی زوو وەك پیشەیەك بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان جاجم و بەرماڵییان بۆ گوند و شارەكان دروست دەكرد.

شیا کۆیی

 

کۆیە- لە ڕووی مێژووییەوە شارۆچکەی كۆیە یەکێک بووە لەو ناوچانەی کە چەندین باوەڕی جیاوازی وەک مەسیحی و جوو و موسڵمانی تیادا ژیاوە، جووەكان بە كاری زەڕەنگەری و مەسیحییەكان بە كاری خەڕەك بەناوبانگ بوون و كارگەی ڕستن و چنینیان هەبووە، مەسیحییەکان لە بەغداوە ڕەنگیان هێناوە و بەرماڵ و جاجم و ئەو چنراوانەیان پێ ڕەنگكردووە، كە چنیویانە، بەڵام وردەوردە ئەو كارانە نەماون، تەنیا كەلوپەلەكان ماونەتەوە و وەک بەشێک لە کولتوور و پیشەیان، مەسیحییەکان ئامێرەکانیان پاراستووە.

 

خستنەڕووی ئامێری خەڕەک – مووڕێسی بە ھەموو پێداریستییەکانییەوە، لە کۆنەوە پیشەی مەسیحییەکانی کۆیە بووە، ئەگەرچی بەشێک لە ئامێرەکان ئێستا نەماون، بەڵام لە کاتی خۆیدا لە مووی بزن و خوری مەڕ پێداویستی و کەلوپەلی ناوماڵ و جلوبەرگی پێ دروست کراوە، دەبێی ئەوەش بڵێین کە گوندی هەرمۆتە لە کۆیە ئێستا شوێنی نیشتەجێبوونی مەسیحییەکانی کۆیەیە و دەکەوێتە رۆژئاوای شارۆچکەکەیە، نزیکەی ١٥٠ ماڵی تێدایە، كەزۆرینەی مەسیحین و بەشێک لە موسڵمانیشی تیادایە.

 

مەسیحییەکان لە چالاکییەکدا لەناو زانکۆی کۆیە، بۆ زیندوو هێشتنەوەی کولتوورەکەیان و ناساندی بە نەوەی نوێ ئامێری خەڕەکیان نمایشکرد.

 

خەڵک لە دوورەوە دەهاتن و داوای چنراوەکانیان دەکرد

سەعدیە شعیا مەڕبێنە، دانیشتووی شاری كۆیە، سەبارەت بەم نمایشە كولتوورییە وتی: ئەمڕۆ دەمانەوێت یادی پیشەیەكی گرنگ بكەینەوە، كە باوكم دەیكرد، ساڵانی زوو وەك پیشەیەك بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان دایکم، باوکم و خوشک و براکانم جاجم و بەرماڵمان بۆ گوند و شارەكان دروست دەكرد و بژێوی ژیانمان لەسەری پەیدا دەکرد.

 

وتیشی: یەكەمجار خوریمان دەهێنا و بە تەشی دەمانڕست یان خەڵك خۆی بە ئامادە دەکردین، باوكم ڕەنگی دەكرد و دوای ئەوە شتمان لێ دروست دەكرد، بە پێی داواكاری خەڵكەكە، بە زۆریش جاجم و بەرماڵی نوێژ (دووگرد بوو) هەندێجاریش پارچەی بچووكی دروستدەكرد، دایكم بۆی دەكردینە جانتا و هەندێكی بۆ چێشتخانەی ماڵەوە بەكار دەهێنا.

 

سەعدیە شەعیا ئاماژەی بە پێكەوە ژیانی مەسیحی و موسڵمانانی كۆیە كرد و باسی لەوەكرد. لەو سەردەمەدا جیاوازی لە نێوان مەسیحی و موسڵمانان نەبووە، دەشڵێت: زۆرجار كە خەڵكی شوێنە دوورەكان دەهاتن لە ماڵی ئێمە دەمانەوە، ئەوانیش پەنیر و شتیان بۆ دەهێناین، بەردەوام بەرماڵمان هەبوو تا نوێژ بكەن و زۆرجار كە مانگی رەمەزان دەبوو، ئەوان بەڕۆژوو دەبوون و دایكم بەربانگی بۆ دەكردن و پارشێوان نانی بۆ حازر دەكردن، ئێمەش لەگەڵ ئەوان هەڵدەستاین و نانمان دەخوارد.

 

سەعدیە بە تامەزرۆییەوە دەیگوت: خۆزگە ئەوكاتانە بگەڕێتەوە، ئەوكات ژیان زۆر خۆشبوو، باوكم زۆر بەناوبانگ بوو، تا ساڵی ١٩٩٨ کۆچی دوایی کرد، ئیتر ئەو كارەی باوكم نەما و تەنیا هەندێ كەس هاتن و كەرەستەكانی باوكمیان دەبرد، تا ئیشەكە بمێنێتەوە.

 

کارەکە چێژ بەخشبووە بۆ ژنان

لەیلا فەرەنسی نعمان، مامۆستای خانەنشینە و وتی: تەمەنم هەشت ساڵان بوو، كە ئەو كارەی خوری و موومان كردووە، لەگەڵ دایكم و نەنكم و براو خوشكەكانم پێکەوە دەمانکرد، ژنەكان لە هاویندا كاری موومان دەكرد و دەمانبەستەوە، بۆ بەیانی پیاوەكان دەچوون دەیانبردە ناو رەزی و دەیانكردە گڵۆڵە و دەیانفرۆشت.

 

لەیلا وتیشی: شانازی بەو كارەوە دەكەین كە ئەوكات دەمانكرد و زۆر كارێكی خۆشبوو بۆ ئێمە، هەرچەندە زۆرجار دەستمان بریندار دەبوو، چونكە سوژن دەچوو بە دەستماندا و خوێنی لێدەهات، ئەوكاتەش پلاستەر و شت نەبوو، هەروا دەمانپێچایەوە و بۆ خۆی چاك دەبووەوە.