سەیدسادق، بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خوێنەری کتێب کەمی کردووە

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بوونی کتێبی ئەلکترۆنی ڕێژەی سەردانیکردنی خوێنەری بۆ کتێبخانەی گشتی سەیدسادق کەم کردووە.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵە کتێبخانەی گشتی سەیدسادق بە هەردوو بەشی زمانی کوردی و عەرەبی کراوەتەوە، لە کتێبخانەکەدا زیاتر لە هەزار کتێبی بە ناوەڕۆک و بابەتی جیاوازی تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا بێ کەموکورتی نییە و نەبوونی هۆڵی خوێندنەوە و ڕەفە لە کتێبخانەکەدا گرفتی بۆ خوێنەر و سەردانیکارانی دروستکردووە.

 

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بوونی کتێبی ئەلکترۆنی و نەبوونی پاڵنەری گەنجان بۆ خوێندنەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو خوێنەر کەمی کردووە.

 

شەهلا ڕەشید، دەرچووی بەشی کتێبخانە و زانیارییەکانە لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی و ماوەی ١٢ ساڵە فەرمانبەری کتێبخانەی گشتی سەیدسادقە، باسی لەوەکرد، لە کتێبخانەکەدا بە پێی ناوەڕۆک پۆلێنی کتێبەکان دەکرێت، هەروەها تیشكی خستەسەر ئەو خوێنەرانەی کە سەردانی کتێبخانەکە دەکەن و وتی: لە ماوەی ١٢ ساڵی کارکردنمدا بەراورد بە دوو سێ ساڵی سەرەتای کارکردنم، خوێنەر بە شێوەی بەرچاو کەمی کردووە و خوێنەری جدیمان زۆر کەمە، ئەوانەی دێنە کتێبخانەکەمان زیاتر ئەوانەن پێویستیان بە کتێبێکە، بۆ نمونە خوێندکاری زانکۆن بۆ توێژینەوەکانیان یاخود خوێندکارن بۆ ڕاپۆرتی قوتابخانە دێن.

 

شەهلا باسی لەوەکرد، هەندێک کات لە وەرزی خوێندندا سەردانیکارانی کتێبخانەکە زیاد دەکات، بەهۆی پێویستی خوێندکار بە کتێبەکانی کتێبخانەکە، وتیشی: بەڵام دوای تەواوبوونی وەرزی خوێندن، لە ماوەی مانگێکدا ٢٠ کتێب لەم کتێبخانەیەدا ناڕواتە دەرەوە، کە ئەمەش جێگەی نیگەرانیە.

 

کەمی خوێنەر بۆ زۆری بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە

شەهلا ڕەشید بەپێی ئەو ئەزموونەی هەیەتی، کەمبوونەوەی خوێنەری بۆ دوو هۆکاری سەرەکی گەڕاندەوە، ئەوانیش، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە خوێنەر و گەنجەکانی ئێستا سەرقاڵی بوون و زۆرینەی کاتەکان بەوەوە بەڕێدەکەن و کاتی خوێندنەوەکانیان بەفیڕۆ دەڕوات، هۆکارێکی دیکەش بوونی کتێبی ئەلکترۆنییە، وەک کتێبە pdfەکان، کە لە ڕێگەی موبایل یاخود لاپتۆپەوە دەخوێنرێتەوە و بەشێوەی بەرجەستە نییە، هەندێک جاریش کتێبەکان بێ بەرامبەرە و ئاسان بەدەستدێت، شەهلا وتیشی: هیچ کاتێک کتێبێکی ئەلکترۆنی ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی کتێبێکی بەرجەستە، چونکە ئەو کتێبەی لەسەر وەرەقە بخوێنرێتەوە چێژێکی تایبەت بە خوێنەری ڕاستەقینە دەدات.

 

"کتێب خوێندنەوە بۆ ژنان گرنگە"

شەهلا ڕەشید، باسی لە گرنگی کتێب خوێندنەوە بۆ ژنان کرد و وتی: خوێندنەوە بۆ ژنان گرنگترە لە پیاوان، چونکە پەروەردە و ڕۆڵی سەرەکی پەروەردە دایکەکانن، بۆیە گرنگە کە ژنان خوێنەر بن بۆئەوەی تاکێک و منداڵێک بە پەروەردەیەکی ڕاست و دروست بهێنرێتە کۆمەڵگەوە، بۆیە ئەگەر پیاوێک یەک کتێب لە مانگێکدا بخوێنێتەوە، دەبێت ژنان دوو کتێب یان زیاتر بخوێنێتەوە، پیاوان ڕەخنە لە ژنانی خوێنەر دەگرن، یاخود پێیان دەڵێن ئەرکی تۆ تەنها چێشتلێنان و متبەخە پێویست ناکات تۆ بخوێنیتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە وانیە، پیاوان ترسیان لە ژنانی خوێنەر هەیە، چونکە دەزانێت مافەکانی چییە و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، یاخود زۆرجار لە کۆمەڵگەی خۆماندا خوێنەر ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی باو دەبێتەوە، کە پێی دەوترێت خوێندنەوە تووشی تێکچوونی باری دەروونیت دەکات، ئەمە لەڕاستیدا هیچ بنەمای زانستی و ئاینی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە.

 

دالیا لە شوێنی کارەکەی دەخوێنێتەوە

جیا لە هەبوونی کتێبخانەی گشتی، چەندین ژنی گەنج هەن لە ماڵ و شوێنی کاریاندا دەستبەرداری خوێندنەوە نابن و بەردەوامن، دالیا ڕەشید، یەکێکە لەو خوێنەرانەی ڕۆژانە لە شوێنی کارەکەی بەشێکی کاتەکەی بۆ خوێندنەوە تەرخانکردووە.

 

دالیا لە فرۆشگایەکی تایبەت بە جلوبەرگ لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی تا ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ کار دەکات، سەرقاڵی کاری فرۆشگاکە و کڕیارەکان ئارەزووی کتێب خوێندنەوەی دالیایان بیر نەبردووەتەوە، بۆیە دالیا بەشێکی کاتەکەی بەکتێب خوێندنەوە بەسەردەبات.

 

دالیا دەڵێت: جیهانی کتێب جیهانێکی جیاوازە و ئەوکاتەی دەخوێنمەوە زۆر ئاسودە و دڵخۆش دەبم، ماوەی ساڵێکە دەستم بە خوێندنەوە کردووە، کتێبی قوتابخانە زۆر جیاوازە لە کتێبی گشتی، کتێبی گشتی هەڵبژاردنی ناوەڕۆک و بابەت بەویستی خۆتە، من وەک خۆم ئارەزووی بواری ڕۆمان و چیرۆک و زانیاری دەکەم.

 

دالیا هیواخوازە هەموو ژنێک کتێب بخوێنێتەوە، گەرچی کەمیش بێت، چونکە کتێب خوێندنەوە وادەکات ئاشنای مافی خۆت بیت و بێدەنگ نەبیت، هەروەها خاوەن ڕۆشنبیری گشتی دەبیت.