زیاتر لە ٨٠٠ ژن بەشداری پڕۆژەی "دەنگەکانمان"یان کردووە

لەلایەن ڕێکخراوی ئینتەرنیوز ماوەی دوو ساڵە بەردەوام خولی ڕاهێنان بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان دەکرێتەوە، تا ئێستاش زیاتر لە ٨٤٠ ژن بەشداربوون، ئامانجیان پەرەپێدانی تواناکانی ژنانە لەسەرجەم بوارەکاندا.

لەلایەن ڕێکخراوی ئینتەرنیوز ماوەی دوو ساڵە بەردەوام خولی ڕاهێنان بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان دەکرێتەوە، تا ئێستاش زیاتر لە ٨٤٠ ژن بەشداربوون، ئامانجیان پەرەپێدانی تواناکانی ژنانە لەسەرجەم بوارەکاندا.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ڕێکخراوی ئینتەرنیوز ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی قازانج نەویستە، لە بوارەکانی ژینگە، تەندروستی، هۆشیاری ئەلیکترۆنی، پاراستنی مافی مرۆڤ و بەدەستگەیشتنی زانیاری کار دەکات، لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهاندا کار دەکات.

 

لە ساڵی ٢٠١٨ ئەم ڕێکخراوە لە عێراقدا دەستی بەکارەکانی کردووە، کە زیاترلە بوارەکانی پەرەپێدانی تواناکانی ژناندا کاردەکات، لە ساڵی ٢٠١٩ پڕۆژەی "دەنگەکانمان" ڕاگەیاندووە، لە بەشێکی شارەکانی باشوری عێراق و زۆرینەی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا خولی ڕاهێنانی بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان کردووەتەوە.

تا ئێستا زیاتر لە ٨٤٠ ژنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بەشدارییان لە ڕاهێنانەکاندا کردووە، زۆرینەیان لە شارەکانی باشوری کوردستان بوون، وەک بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە ئاماژەی پێدەکات، بەهۆی دۆخی ئەمنی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق چالاکییەکانیان کەمترە.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان لە چەندین بواری جیاوازدا خولی ڕاهێنانیان بۆ کراوەتەوە، لەوانە، بەهێزکردنی ژنان لە بواری ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی توانای دەرکەوتن و قسەکردن بۆ ڕاگەیاندنەکاندا، وە پەرەدان بە توانا  دەروونییەکان، هەروەها چۆنیەتی ڕووبەرووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە تووشیان دەبێت، چۆن هەڵمەت دروستبکەن و ئەو هەڵمەتانە بگاتە خاوەن دەسەڵات و کاریگەری هەبێت.

پەخشان کاکەوەیس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئینتەرنیوز لە عێراق لەبارەی ئامانجی ڕێکخراوەکەیان لە عێراق باسی لەوەکرد، کە پڕۆژەی "دەنگەکانمان" ئامانج لێی بەشداریکردنی یەکسانی ژنانە لە سەرجەم بڕیارەکاندا، وە بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە ڕاگەیاندنەکان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئێستا وێنای ژن لە ڕاگەیاندن و دەسەڵاتدا پێگەی لاوازە، بۆیە هەوڵدەدەن لە ڕێگای ڕاهێنانەکانیانەوە پێگەی ژن لە ڕاگەیاندن و دەسەڵاتدا بەهێزبکەن.


پەخشان کاکەوەیس، باسی لەوە کرد لە پڕۆژەکەدا چالاکی دیکەش هەیە وەک ئامادەکردنی کورتە فیلم، دۆکیومێنتاری، ڕاپۆرتی بینراو، بیستراو و خوێندراو، کە دواتر لە کۆتای ساڵدا باشترینەکان هەڵدەبژێردرێن و لە فیستیڤاڵێکدا نمایشدەکرێن.

لەبارەی ئەو ڕاهێنانەی کە بۆ بەشداربووان ئەنجام دەدەرێت، ڕەخنەی نەبوونی ڕاهێنەری ژن لە ڕێکخراوەکە گیراوە، لەبەرامبەردا پەخشان کاکەوەیس، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ژنان زۆر کەم دەیانەوێت دەربکەون و کەمتر دێنە پێشەوە تەنانەت ئەگەر توانایەکی زۆریشیان هەبێت، ئەمەشی گەڕاندەووە بۆ تێڕوانینی کۆمەڵگا، بەڵام ئەوەشدەخاتەڕوو کە ڕاهێنەری ژنیان هەبووە.

پڕۆژەی دەنگەکانمان سێ ساڵ بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە لە ساڵی ڕابردوودا نەتوانراوە کارەکانی بە باشی بەڕێوەبچێت، لە ساڵیداهاتووشدا لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن.

ت.پ