زیادبوونی کارکردنی منداڵان بووە بە دیاردەیەکی مەترسیدار

بەهۆی بێکاری و نەبوونی مووچە، توانای بەخێونەکردنیان لەلایەن خێزانەکانیانەوە، منداڵان بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوویان لە کارکردن لە شەقام و شوێنە جیاوازەکاندا کردووە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- کارکردنی منداڵان بەشێکە لەو دیاردە مەترسیدارانەی ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ڕووی لە زیاد بوون کردووە، لە پشت کارکردنیانەوە کۆمەڵێک هۆکار هەن وای لە مێردمنداڵ و منداڵان کردووە کاری قورس ئەنجام بدەن، لە ماوەی کارکردنیشیاندا ڕووبەڕووی ئازار و توندوتیژی ببنەوە. لە نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە ڕێگریكردن لە كاركردنی مندڵان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ منداڵی زیاتر لەسەر شەقام و ناو بازاڕەكان دەست بە کار دەكەن، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لەو منداڵانە لە خوێندن دابڕاون.

هۆکار سەرەکی بۆ کارکردنی منداڵان نەبوونی وشیاری و هەژاری خێزانەکانیانە، پێیان وایە بە کارکردنی منداڵەکانیان لە هەژاری ڕزگاریان دەبێت، بەڵام منداڵەکانیان لە کاتی کارکردندا ڕووبەڕووی توندوتیژی، سوکایەتی و خەمۆکی دەبنەوە و هەندێک لە ژنە منداڵەکانیش تووشی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە، دەچنە بارودۆخێکی خراپەوە لە ڕووی تەندروستی و دەرونییەوە، جگە لەوەش دەرفەتی خوێندنیان نامێنێت و بێبەش دەبن لە مافی ژیانکردنیان لە جیهانی منداڵیدا.

 

کارکردنی منداڵان هۆکاری جیاجیای لە پشتەوەیە

هەندێک لەو منداڵانە بە زۆری خێزانەکانیان لە خوێندن دووریان دەخەنەوە و کاریان پێدەکەن، بەشێکی تریان بەویستی خۆیان کاردەکەن بە بڕوای خۆیان هاوکاری ماددی خێزانەکانیان دەکەن، بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەو منداڵانەی کار دەکەن لە دوای ئاوارەبوونی خەڵکی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستانەوە دێت، بەشێکیشیان لە موسڵ و خوارووی عێراقەوە ئاوارەبوون بە هۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، تا ئێستاش لە شارەكانی هەرێم ماونەتەوە.

هەندێکی تریان لە دوای بەجێهێشتی شاری کەرکووک لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، بەشێكی دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوکیان بەجێهێشت و بەرەو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون، به‌ پێی دوایین ئاماره‌ فەرمییەکانی ڕێكخراوی جیهانیی كار، ئاماری منداڵانی كارکەر له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان بۆ ٢٠٠ ملیۆن منداڵ به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و له‌م ژماره‌یه‌ش نزیكە‌ی ١٢٠ ملیۆن منداڵ کاری سەخت و دژوار ئەنجامدەدەن وەک ئەو کارانەی سەلامەتی و گەشەکردنی منداڵ دەخاتە مەترسییەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤ بە هۆی هێرشی داعشەوە بۆ ناوچەکانی باشور و ڕۆژئاوای عێراق و ئاوارە بوونی خەڵکی ئەو ناوچانە و داخستنی خوێندنگاکان، نەبوونی دەرفەت بۆ فێربوونی خوێندنی منداڵان وای کردووە منداڵان پەنا ببەنە بەر کارکردن و دوور لە خوێندن و فێربوون ژیان بکەن، لە لێکۆڵینەوەیەکدا نە‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرای کردووە، له ‌٢٠٪ی‌ قوتابخانه‌كان به‌ هۆی‌ ناكۆكییه‌كانه‌وه‌ داخراون، نزیكه‌ی‌ ٣.٥ ملیۆن منداڵی‌ عێراقی‌ ناتوانن بڕۆن بۆ قوتابخانه‌‌ و بخوێنن.

 لە لێکۆڵینەوەیەکی تردا دەرکەوتووە ٣.٦ ملیۆن منداڵ له‌ عێراق ڕووبه‌ڕووی‌ مردن یان توندوتیژی‌ سێكسی یاخود ڕفاندن لە ‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ دەبنەوە، پەتای کۆرۆنا هۆکارێکی ترە بۆ زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە جیهاندا، وای کردووە منداڵان زیاتر پەنا ببەنە بەر کارکردن.

 

٦٠ ملیۆن کەس لە جیهان هەژارن

هەرچەندە  ئیشكردن بە منداڵان لە لایەن ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکان قەدەغە كراوە و وەك تاوان ناودەبرێت بەڵام بە پێی ڕاپۆرتێکی هاوبەش لە نێوان یونیسێف و ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە جیهاندا زیاد بووە کە دەگاتە ٦٠ ملیۆن کەس و کارکردنی منداڵان بە ڕێژەی ٠.٧٪ زیادی کردووە. لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای بوونی یاسای ژمارە ١٤ ی ساڵی ٢٠٠١ بۆ چاودێری مێردمنداڵان و یاسای ژمارە ١١ی هەمان ساڵ کە باس لە نەفەقەی منداڵان و دابینكردنی خەرجی دەکات، تێیدا هاتووە تا تەمەنی دیاریكراو لەسەر خێزان پێویستە چاودێری منداڵ بکات، بەڵام تا ئێستا یاسایەكی تایبەت بۆ قەدەغەكردن و ڕێگریكردن لە كاركردنی ئەو منداڵانە لە هەرێمی كوردستان بەشێوەی یاسای جێبەجێ ناكرێت.

 

منداڵانی کارکەر ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان دەبن

زۆربەی خاوەنکارە قەبارە بچووکەکان بۆ درێژەدان و پەرەسەندنی کارەکانیان لەگەڵ منداڵ کاردەکەن. هەموو ئەو منداڵانەی وەک کرێکار کاردەکەن بەشێکن لە خێزانی هەژار یان بێ سەرپەرشتن، یان ئەو منداڵانەن کە دوورن لە خێزانەکانیان، منداڵانی کارکەر دوورن لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندن، بە هۆی بێئاگای خێزانەکانیان و پێنەگەیشتووی خۆیانەوە، بە ئاسانی هۆگری دەرمان خواردن و ماددە هۆشبەرەکان دەبن بەم جۆرەش تەواوی ژیانیان بەرەو ووێران بوون دەچێت.

 

هەبوونی یاسایەک بۆ پارێزگاری لە منداڵان پێویستی سەرەکییە

حکومەت و دەزگاکانی دەسەڵات لایەنی بەرپرسیارن لە زیادبوون یاخود کەمبوونەوەی دیاردەی کارکردنی منداڵان، هەبوونی یاسایەک و جێبەجێکردنی لە لایەن دادگاوە هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو ڕێژەیە، سزادانی کەسانی پاڵنەر بۆ کارکردنی منداڵان و هۆشداری و ئاگادارکردنەوەی خێزان لە چاودێریکردنی منداڵ، هۆکارێکن بۆ دابەزاندنی ئاستی کارکردن بە منداڵ.

منداڵان داهاتووی وڵاتێکن و بەخێوکردنیان بە شێوەیەکی تەندروست و بە پەروەردەیەکی باش دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی وڵات، دەوڵەت و دەسەڵاتداران بەرپرسیارن بەرامبەر دابینکردنی ژیانێکی شایستە و وڵاتێکی دوور لە شەڕ و نائارامی و قەیرانی دارایی.

 

ت.پ