زمانێک مێژووەکەی هەزاران ساڵ بێت لاوازە؟

زمانی کوردی، مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە و خاوەنی سەدان هەزار وشەیە، ئەگەرچی ئەکادیمیای تایبەت بە پاراستنی زمانی کوردی هەیە، بەڵام تا ئێستا کارێکی نەکردووە جێی باسبێت، مامۆستایەکی زانکۆش ڕەتیدەکاتەوە زمانی کورد کێشەی کەمی وشەی هەبێت. تەرزە تەها

زمانی کوردی، مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە و خاوەنی سەدان هەزار وشەیە، ئەگەرچی ئەکادیمیای تایبەت بە پاراستنی زمانی کوردی هەیە، بەڵام تا ئێستا کارێکی نەکردووە جێی باسبێت، مامۆستایەکی زانکۆش ڕەتیدەکاتەوە زمانی کورد کێشەی کەمی وشەی هەبێت.

تەرزە تەها

 

سەرچاوە مێژووییەکان سەلماندوویانە زمانی کوردی زمانی ڕەسەنی ئارییەکان و ماددەکانە، دەتوانرێت بوترێت زمانی کوردی لە گەشە و پەرەسەندنی زمانی ماددەکانەوە دەرکەوتووە و لێکەوتەی پێشکەوتن و پەرەسەندنی زمانی ماددەکانە، بۆ سەلماندی ئەو ڕاستیانەیش چەندین مێژوونوس و گەڕیدەی جیهانی باسی لە بناغەی زمانی کوردی کردووە.

 

زمانی کوردی پاشماوەی زمانی ماددەکانە

لەوانە دارمستتر نوسەری کتێبی (تتبعات ایران) ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، "زمانی ماددەکان (کوردە ڕۆژهەڵاتییەکان) زمانی ئاڤێستا بووە"، هەروەها مێژوونوس مەردووخ جەخت لەوەدەکاتەوە کە زمانی کوردی ڕۆژهەڵات بەشێوەیەکی تەواو زمانی ماددی ئاڤێستایە، ڕيگو ڕیشەی زمانی ئارییای کۆنە، کە "ئانزان" پێوتراوە، بە بناغەی زمانەکانی هیند و پارس ئەژماردەکرێت.

دارمستتر مێژوونوسی فەڕەنسی لە هەمان کتێبدا زۆر بە ڕوونی دەنوسێت زمانی ئاڤێستا زمانی ماددەکانە، کە ئەمڕۆ بە کوردەکان ئەژمار دەکرێن، بە واتایەکی دیکە زمانی کوردی پاشماوەی زمانی ماددەکانە.

ئەگەر چی کوردەکان لە بنەڕەتدا هەر بە یەک زمان دواون، بەڵام بە چەند هۆکارێکی وەک، فراوانی خاکی کوردستان، فراوانی زمانی کوردی، هۆکارە سروشتییەکان و لێکدرابڕانیان بەهۆی چیاو دۆڵ وڕووبار و کێوەکان، نەبوونی نوسین و پەرتووک، نەنوسینەوە مێژوو، بوونی داگیرکەران و نەیاران لە خاکی کوردستان، نەبوونی دەسەڵات و دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردەکان و پاراستنی زمانی کوردی، کاریگەریی کردووەتە سەر جیاوازبوون و دروستبوون شێوەزاری جیاوازی کوردی، کە بناغەی هەموو ئەو شێوەزارانەش زمانی کۆنی کوردی ماددەکانە.

  

زمانی کوردی خاوەنی سەدان هەزار وشەی جیاوازە، لە چەند شێوەزارێکی جیاواز پێکهاتووە، ئەوانیش سۆرانی، بادینی، زازا، کرمانجی، گۆرانی، لوڕی، ئەمە جگە لەوەی بەپێی ناوچەکان شێوازی ئاخاتن دەگۆڕێت و ناوچەکان وشەی تایبەت بە خۆیان هەیە.

ئەم بەڵگانە دەیسەلمێنن کە زمانی کوردی مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، خاوەنی بە سەدان هەزار وشەیە، بەڵام لە ئێستادا لە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان و ژیانی هاوڵاتیاندا وشەی بێگانە بەکاردەهێندرێت، لەو بارەیەشەوە بیانووی نەبووی وشەی کوردی دەهێننەوە.

 

ئەکادیمیای کوردی

ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەکادیمیای کوردی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دامەزراندنی ئەم ئەکادیمیایە پاراستن، بوژانەوە و پێشخستنی هەموو شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردی، دووبارە نوسینەوەی مێژووی کوردە، بەڵام تا ئێستا کەمترین کار کراوە و هیچ کارێکی تایبەت نەکراوە کە کاریگەرییەکی دیاری هەبووبێت. 

 

"نیشانەی زیندوبوونی هەر زمانێک دەرچوون و هاتنی وشەی نوێیە، بەڵام نەک لەسەر بنەمای وەلانانی وشەی کوردی"

د.هاژە چیچۆ، مامۆستای بەشی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سۆران ئەوە دەخاتەڕوو، کە زمانی کوردی لە ئێستادا لە زۆرینەی دامودەزگا حکومییەکان و هەموو کایەکانی ژیاندا بەکاردەهێندرێت، جێگەی خۆی گرتووە، وە شێوەزاری سۆرانی لە ئێستادا زمانی ستانداردە کە لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت.

د. هاژە ئاماژە لەبارەی گۆڕان و هاتنە ناوەی وشەی جیاواز بۆ زمانی کوردی ڕوونی دەکاتەوە، کە نیشانەی زیندوو بوونی هەر زمانێک دەرچوون وهاتنی وشەی نوێیە بۆ زمانەکە، بەڵام نەک لەسەر بنەمای وەلانان و پشتگوێخستنی وشە و زمانی کوردی.

ئەو دکتۆرە لەبارەی کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی وشە ی بێگانە و کێشە سیاسییەکان دەکات، کە دوای سێ بۆ پێنج دەیەیی دیکە دەبنە هۆی تێنەگەیشتنی دیالێکتەکان لە یەکتر و کوردەکان ئیتر ناتوانن بە ئاسانی لە یەکتر تێبگەن، باشترین چارەسەریش وەک مامۆستاییەکی زانکۆ بە ئەنجامدانی توێژییەوەنەی بەردەوام لە زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە دەزانێت کە زمانەکە لە هەر لەناوچوون و تێکدانێک دەپارێزێت.