ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری؛ یادێک بۆ ئازادییەک کە هەموو ڕۆژێک تیرۆر دەکرێت
جیهان شاهیدی دابەزینێکی بێوێنەی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە، کە هەندێکجار لە سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ و هەندێکجاریش لە سنووردارکردنی بێدەنگدا دەردەکەوێت، لە نێوان شەڕی ئاشکرا و سانسۆری دیجیتاڵی و دەستگیرکردندا، ڕۆژنامەنووسان خۆیان دەبیننەوە.
غەدیر عەباس
ناوەندی هەواڵ-ئازادی ڕۆژنامەگەری ئیتر تەنها دروشمێک نییە کە لە بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا بەرز دەکرێتەوە، بووەتە دوا هێڵی بەرگری لە ڕاستی لە جیهانێکدا کە ڕووداوەکان و گێڕانەوەی تێکەڵاو بە خێرایی ڕوودەدەن. هەموو ساڵێک لە ٣ی ئایاردا ئەوەمان بیردەخرێتەوە کە ئازادی قسەکردن شتێکی خۆشگوزەرانی نییە، ڕۆژنامەگەری پیشەیەکی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک کە هەوڵدەدات بۆ دادپەروەری و ڕوونی، سەرەڕای پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە گەورەکانی مرۆڤایەتی و ئەو ئامرازانەی کە سەردەمیە بۆ دەستگەیشتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری دابینی کردووە، ڕاستیەکی دژایەتی پڕ لە ئازار ئاشکرا دەکات: تا ئەگەرەکانی دەربڕین زیاتر فراوانتر بن، کەشی بەردەست بۆی زیاتر سنووردار دەبن.
هەموو ساڵێک لە ٣ی ئایاردا ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری پیرۆز دەکەین، بۆنەیەک کە کەمتر باسی ئاهەنگگێڕانە و زیاتر باس لە یادکردنەوە دەکات، بیرهێنانەوەیەکە کە ئازادی قسەکردن پێویستی نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتییە و ڕۆژنامەگەری تەنها پیشە نییە، بەڵکو بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتییە. لەوەتەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٣ دامەزراندووە، وەک ئاوێنەیەکی ڕەنگدانەوەی دۆخی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا کاری کردووە: لە کوێدا بەرەوپێش دەچێت، لە کوێدا پاشەکشە دەکات و کێ باجەکەی دەدات.
سەرەڕای پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە گەورەکان کە ئامرازی نوێی بۆ دەستڕاگەیشتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین کردووە، ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ئاستی جیهانیدا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بێ وێنە دەبێتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانی ڕابردوو شایەتی بەرزبوونەوەی سنووردارکردنەکانی بەسەر میدیاکاندا بەخۆیەوە بینیوە، جا چ لە ڕێگەی یاسای سنووردارکردنەوە، فشاری ئابووری، هەڵمەتی چەواشەکاری، یان سانسۆری دیجیتاڵی.
لە هەندێک وڵاتدا ڕۆژنامەگەری دیجیتاڵی خۆی بووەتە مەیدانی شەڕ، کە تەکنەلۆژیای چاودێری و قەدەغەکردنی ماڵپەڕ و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ بێدەنگکردنی دەنگە سەربەخۆکان بەکاردەهێنرێت. سەرەڕای ئەوەش، ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهان بەردەوامن لە کارەکانیان، بەهۆی ئەو باوەڕەیانەوە کە ڕاستییەکان شایەنی گێڕانەوەن.
ڕۆژنامەگەری لە ناوچە جەنگییەکان؛ ڕاستی زیانبەرکەوتووی یەکەمە
لە هەموو شەڕێکدا دوو گێڕانەوە هەیە: گێڕانەوەی چەک و گێڕانەوەی ڕاستی، یەکەمیان لەلایەن سوپاکانەوە دروستکراوە، دووەمیان لەسەر شانی ڕۆژنامەنووسان هەڵدەگیرێت لەکاتی بەزاندنی هێڵی پێشەوە. بەڵام ساڵانی ڕابردوو دەریانخستووە کە ڕاستی چیتر تەنها زیانبەرکەوتووی بارمتە نییە، بووەتە ئامانجێکی ڕاستەوخۆ. لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەوروپا، ڕۆژنامەگەری بووەتە یەکێک لە پیشە مەترسیدارەکانی جیهان. ڕۆژنامەنووسان نەک لەبەرئەوەی لایەنی ململانێکانن، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەوڵی ڕاپۆرتکردن دەدەن لەسەری. جگە لەوەش هەر هێڵێکی ڕوون و مسۆگەری و پاراستنی یاسایی نییە، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دەبێتە کارێکی مەترسیدار و جوڵەکردن لە نێوان هەرێمەکاندا ڕەنگە بە واتای تێپەڕین بەناو گروپە چەکدارەکاندا بێت کە تەنها دەسەڵاتی خۆیان دەناسن، لەم ژینگەیەدا هەموو هەواڵێک دەبێتە شەڕێکی بچووک، هەر هەنگاوێکیش دەبێتە تاقیکردنەوەی مانەوە.
دۆخی ناوچە جەنگییەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕاستی یەکەم زیانبەرکەوتووە، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە جیهاندا لە نێوان ٦٧ بۆ ١٢٩ ڕۆژنامەنووس کوژراون و دەستگیرکردن و بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی بەردەوامە.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەوە ڕەزامەندن کە ڕۆژنامەگەری بووەتە یەکێک لە پیشە مەترسیدارەکان لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە شەڕی ئاشکرا و سەرکوتی سیاسی و داڕمانی دامەزراوەکان یەکتر دەبڕن. ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی مەترسیداری ناوازە بوو، لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە ساڵێکی پێشێلکردنی مافەکان و بێ سزای چەسپاو پێناسەکرا.
لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا خوێنڕشتن بەردەوام بوو، کوشتنی نوێ لە غەززە و لوبنان و سودان تۆمارکرا، هەرچەندە هێشتا ژماردنی کۆتایی لەبەردەستدا نییە، بەڵام لە ماوەی مانگی نیساندا بەڵگەی لەسەر کراوە، چەند ڕۆژنامەنووسێکی ژن لە نێوان پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کوژراون، بەتایبەتی لە کاتی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، کە سێ ڕۆژنامەنووسی تێیدا کوژراون.
لە کاتێکدا ئامارەکان هەمیشە جیاوازی لە نێوان زیانبەرکەوتووی پیاو و ژندا ناکەن، بەڵام ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاو لە بە ئامانجکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکەن، جا چ لە ڕێگەی تۆپبارانی ڕاستەوخۆ یان لە کاتی ڕاپۆرتکردن لە ناو ماڵەکانەوە.
ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی کوشتن و دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و تۆپبارانی ڕاستەوخۆ و ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردن دەکرێنە ئامانج، ئەمە جگە لە بەکارهێنانی یاساکان بۆ تاوانبارکردنی کاری ڕۆژنامەوانی، زۆربەی زیانبەرکەوتووان لە غەززە، سودان، یەمەن و ئۆکرانیا بوون. ڕێژەیەکی زۆر لەوانە ژنانی ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی بوون، بەڵام ڕاپۆرتەکان ژماردنی وردی ئەو کەسانە ناخەنەڕوو.

دەستگیرکردن؛ سەرکوتکردنێکی هاوتەریب لەگەڵ فیشەک
کوشتن تاکە هەڕەشە نەبوو، دەستگیرکردن بوو بە ئامرازێکی دیکە بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان. دەستگیرکردنەکان هەمیشە بەدوای ڕاوەدوونانییەکدا نایەت، هەروەها پێویستی بە پاساوی یاسایی نییە، بەڵکو هەمان پەیامی چەکیان هەیە: بێدەنگ بە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور، لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٥٠٠ ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا دەستگیرکراون، چین، ئێران و میانمار لە پێشەنگی لیستی ئەو وڵاتانەدان کە دەستگیرکردن وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوتی زانیاری بەکاردەهێنن. لەم وڵاتانەدا ڕۆژنامەنووسێک پێش نووسین تۆمەتبار دەکرێت، پێش بڵاوکردنەوە تاوانبار دەکرێت و هەڕەشەشی لێ دەکرێت تەنانەت ئەگەر بێدەنگ بن.
ژنانی ڕۆژنامەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان نەک هەر هەمان مەترسی هاوکارە پیاوەکانیان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی دوو هەڕەشەش دەبنەوە، جگە لە کوشتن و دەستگیرکردن، زۆرێکیان هەڕەشەی زیاتریان لێدەکرێت، لەوانە هەراسانکردن، ناوزڕاندن، ڕەشبگیری، بەئامانجکردنی خێزانەکانیان و قەدەغەکردنی گەشتکردن، سەرەڕای ئەمەش، زۆرێک بەردەوامن لە هەڵگرتنی کامێرا و پێنوسەکانیان، بەهۆی هەستکردنێکی قووڵی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ڕاستییەکان و ئەو باوەڕەی کە بێدەنگی بژاردە نییە، ڕەنگە دەستگیرکردن جەستە بوەستێنێت، بەڵام ناتوانێت بیرۆکەکە بوەستێنێت. ڕەنگە فیشەک کامێرا کون بکات، بەڵام ناتوانێت ڕاستییەکان لەناوببات بکات.

گێڕانەوەی ناکۆک
لە ناوچە جەنگییەکان و ناوچە جێناکۆکەکان، شەڕەکان تەنها بە چەک ناکرێن، شەڕێکی هاوتەریب لە سێبەردا بەڕێوەدەچێت، شەڕێک لەسەر گێڕانەوەکان، ڕۆژنامەنووسان خۆیان لە دڵی ئەم شەڕەدا دەبیننەوە، لە نێوان گێڕانەوەی ناکۆکدا گیریان خواردووە، هەریەکەیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خاوەنی ڕاستییە ڕەهاکەن. لایەنە شەڕکەرەکان، چ دەوڵەتەکان، چ گروپە چەکدارەکان، یان هێزە سیاسییەکان، لەوە تێدەگەن کە کۆنترۆڵکردنی گێڕانەوەکە لە کۆنترۆڵکردنی خاک کەمتر گرنگ نییە. بۆیە بە پەیامە پێشوەختە ئامادەکراوەکانیان میدیا بۆردوومان دەکەن و فشاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دروست دەکەن و هەر گێڕانەوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان نەگونجێت لەناودەبەن. زۆرجار مەترسییەکە تەنها لە بەرەکانی پێشەوە نییە، بەڵکو لە ژووری هەواڵەکانیشدایە، کە فشارە سیاسی و ئابوورییەکان لەگەڵ بنەما پیشەییەکاندا بەریەک دەکەون.
کاتێک ڕۆژنامەگەری بەبێ شەڕ دادەبەزێت
لە هەندێک وڵاتدا ئازادی ڕۆژنامەگەری پێویستی بە شەڕ نییە بۆ دابەزین، بەسە بۆ ئەوەی تۆنی دەسەڵات بگۆڕێت، زمانی فەرمی بگۆڕێت، وتارێکی نوێ سەرهەڵبدات کە ئاڵای "پاراستنی کۆمەڵگە" یان "پاراستنی نەریتەکان" بەرز بکاتەوە، وشەی سادە، بەڵام وەکو دوکەڵێک بەکاردێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی میدیا بۆ ئەوەی لەگەڵ تاکە کاریگەری دەسەڵاتی دەسەڵاتداردا بگونجێت.
کاتێک زمانی فەرمی دەگۆڕێت، هەموو شتێک لەگەڵیدا دەگۆڕێت. پێناسەی "بەرژەوەندی گشتی" پێناسە دەکرێتەوە، سنووری ڕەخنەی قبوڵکراو دەکێشرێتەوە، هەندێک پرسیار دەبنە "هەڕەشە"، هەندێک لێکۆڵینەوە "ناوزڕاندن" و هەندێک بۆچوون "هێرشبەر بۆ بەهاکان".
لە ژێر ئەم چەترەدا هەنگاوە بچووکەکان بەڵام کاریگەرەکان دەست پێدەکەن: بچووککردنەوەی کەشەکان بۆ دیالۆگی کراوە، توندکردنەوەی سانسۆری ناوەڕۆکی "هەستیار"، سەپاندنی سنووردارکردن بۆ ڕاپۆرتکردنی مەیدانی، بەهێزکردنی میدیای فەرمی یان نیمچە فەرمی، فشاری ئابووری لەسەر دامەزراوە سەربەخۆکان. لەم کەشوهەوادا ڕۆژنامەنووسان خۆیان لەبەردەم هاوکێشەیەکی سەختدا دەبیننەوە: چۆن بەردەوام بن لە کارەکانیان بەبێ ئەوەی خۆیان بکێشنە ناو ئەو دیوارە نوێیەی کە نەک لە بەرد، بەڵکو لە وشە دروستکراوە؟
هەندێکیان وریایی هەڵدەبژێرن. هەندێکیان بەرگرییەکی بێدەنگ هەڵدەبژێرن. هەندێکیان بەردەوامن لە نووسین وەک ئەوەی هیچ نەگۆڕاوە، بەهۆی هەستێکەوە کە ڕۆڵیان بە گێڕانەوەی فەرمی کۆتایی نایەت.
ئازادی بە ژاوەژاو ناپێورێت
ڕەنگە داڕمانی بێدەنگی ئازادی ڕۆژنامەگەری مەترسیدارتر بێت لە سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ، چونکە بەبێ ئاگاداری ڕوودەدات. بەڵام ڕۆژنامەگەری بە سروشتی خۆی توانای گرتنی ئەم گۆڕانکارییە وردانەی هەیە.
تەنها پەیوەندی بە ڕاپۆرتکردنی ڕووداوەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە لێکدانەوەی کەشوهەوای گشتی و چاودێریکردنی گۆڕانی زمان و بچووکبوونەوەی کەشەکان و ئەو پرسیارانەیە کە دەبنە قەدەغەکراو بەبێ ئەوەی بە ڕوونی باس بکرێن. کاتێک وتارەکە دەگۆڕێت، ڕۆژنامەنووسان درک بەوە دەکەن کە ئەرکەکەیان قورستر بووە... بەڵام بناغەتر بووە.
بەم شێوەیە، بەبێ شەڕ، بەبێ تانک لە شەقامەکان یان ئاگادارکەرەوە، ئازادی ڕۆژنامەگەری خەریکە دەڕوخێت، بە بێدەنگی دەڕوخێت، بە هەنگاوی بچووک بەڵام جێگیر. تا کۆمەڵگد گرنگی نەدات، ڕەنگە ڕۆژێک بەئاگا بێتەوە و بزانێت کە ڕاستی چیتر مافێکی گشتی نییە، بەڵکو پێویستیەکە کە دەسەڵاتداران بە هەرکەسێک بیابوێت دەیبەخشێت.
دابەزینێکی مێژوویی
بەپێی پێوەرەکانی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری ساڵی ٢٠٢٦، ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دابەزینی بێ وێنەی ئازادی ڕاگەیاندن لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا کردووە. بۆ یەکەمجار ڕاپۆرتەکە زیاتر لە نیوەی وڵاتانی جیهان "٥٢.٢٪"ی بە "زۆر سەخت و مەترسیدار" بۆ ڕۆژنامەگەری پۆلێنکردووە، هۆشداریشی داوە لە خنکاندنی سیستماتیکی ڕۆژنامەگەری لە ڕێگەی پاتری یاسای بەرتەسکەوە.
له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سووریا له کۆی ١٨٠ وڵات له پلەی ١٤١ی وڵاتەکە دایە و ئێرانیش لە پلەی ١٧٧دا ماوەتەوەئەوەش بەهۆی سەرکوتی ناوخۆ و گرژییەکانی ناوچەکە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تورکیا لە پلەی ١٦٣ دا، لە ئەنجامی بەکارهێنانی سیستماتیکی یاساکانی تیرۆر و تۆمەتەکانی "بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست"، "بێڕێزیکردن بە سەرۆک" و "زۆرکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت" بۆ سەرکوتکردنی کاری ڕۆژنامەوانی و زیندانیکردنی پیشەگەرەکانی ڕاگەیاندن، بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی، عێراق لە ڕیزبەندی ١٦٢یەمدایە، بەهۆی سستی دۆخی ئەمنی و ململانێ بەردەوامەکانی کە ڕێگری لە ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ دەکەن، لە ڕیزبەندی مەترسیدارترین وڵاتان ماوەتەوە.
هەروەها ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی بەردەوامی شەڕە چەکدارییەکان، وەک کە لە سودان ”پلەی ١٦١” و یەمەن ”١٦٤”دا دەبینرێت، بێ گومان شەڕە بەردەوامەکان لەمساڵدا جێپەنجەی خۆیان بەجێهێشتووە.
لە باکووری ئەفریقا، تونس ”لە پلەی ١٣٧”دا ئەم ڕەوتە جیهانییە پەیڕەو دەکات کە "جەنگی یاساییە"، لە کاتێکدا فەرمانی ٥٤ سەبارەت بە "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست" ئامرازێکی سەرەکییە بۆ تاوانبارکردنی ڕۆژنامەگەریی ڕەخنەگرانە لە وڵاتەکەدا، بەڵام ڕاگرتنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و لێپێچینەوە یاسایی زۆرجار ئاماژەیە بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری دژی ڕۆژنامەنووسان، هەروەها مسڕیش لە پلەی ١٦٩ دایە.
فەڵەستین لە پلەی ١٥٦ دایە و شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٢٢٠ ڕۆژنامەنووس، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی چوار خاڵ لە ڕیزبەندی ئیسرائیلدا، بەپێی ڕاپۆرتەکە. سەرکوتکردن لە سعوودیە بەردەوام بوو، دوابەدوای هەواڵەکانی لەسێدارەدان و تیرۆرکردنی چالاکوانانی میدیایی، ١٤ پلە دابەزی.
ئەمریکا لە پلەی ٦٤یەمدایە و بە بەراورد بە ساڵی پێشوو حەوت پلە دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی قسەی دژە ڕۆژنامەگەری و بڕینی توندی بودجەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فەرمی.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور "کەمبوونەوەی میدیای باش"ی پشتڕاستکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٢دا ٢٠٪ی دانیشتووانی جیهان لەو وڵاتانەدا دەژین کە ژینگەیەکی ڕۆژنامەوانی "باشە"یان هەیە، بەڵام ئەم ژمارەیە تا ساڵی ٢٠٢٦ بۆ کەمتر لە ١٪ کەمبووەتەوە.
لەم دۆخە تاریکەدا، ڕوونە کە ئازادی ڕۆژنامەگەری ئیتر تەنها نیشاندەرێکی دیموکراتی نییە، بەڵکو بووەتە تاقیکردنەوەی بەرخۆدانی کۆمەڵگەکان لە بەرامبەر شەپۆلی سەرکوتکردن و زانیاری ناڕاست، لە نێوان کوشتن و دەستگیرکردن، لە نێوان سانسۆرێکی ئاشکرا و ئەوەی کە لە پشت قسە و باسەکانی "پاراستن" و "ئەمن"ەوە خۆی شاردۆتەوە، ڕاستییەکان دەخرێنە ژێر فشارێکی بێ وێنە، سەرەڕای ئەو هەموو پەیوەندی و کراوەییەی کە سەردەمگ دابینی کردووە، زۆرجار هەمان ئەو ئامرازانە گۆڕدراون بۆ ئامرازی سانسۆر و سنووردارکردن.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێکان و شەڕەکان، زیادبوونی یاسادانانی بەرتەسک و بچووکبوونەوەی کەشی ئازاد، پرسیارەکەی بەڕووی جیهاندا کراوە دەمێنێتەوە: ئازادی ڕۆژنامەگەری بەرەو کوێ دەڕوات لە سەردەمێکدا کە گوایە سەردەمیە و لەگەڵ ئەوەشدا، شاهیدی زیادبوونی سنووردارکردنی ئازادی قسەکردنە؟.