ژنۆلۆژی، زانایی و زانیاری و ڕۆشنبیری ژنانە ...٥

"ژنۆلۆژی پەروەردەکاری کۆمەڵگەیە"

گوڵستان عوسمان، ئەندامی ئەکادیمیای توێژینەوەی ژنۆلۆژی لە کانتۆنی قامیشلۆ وتی: "ژنان کۆکی کۆمەڵگەن و کۆمەڵگاش لەسەر بنەمای ژن خۆی بنیاد دەنێت، بۆیە ژنۆلۆژی سەرەتا ژنان پەروەردە دەکات".

 

ڕوناهی نودا

قامیشلۆ- مامۆستای یەکەمی کۆمەڵگە دایکە، دایک ئەو کەسەیە کە دابونەریت، کلتور و مێژووی خۆی پاراستووە و بۆ داهاتوو بنیادی دەنێت، ژنان هەزاران ساڵە خۆیان فێرکار و بنیاتنەری کۆمەڵگای خۆیانن، ژن کەسێکە کە منداڵ فێر دەکات لە تەمەنێکی بچووکەوە قسە بکەن و ڕێگەیان پێدەدات کە لەسەر کلتوری دایکیان گەورە ببن، تا ئێستا زۆرێک لە کلتورەکان بە سایەی دایکانەوە گەیشتوونەتە ئەم ڕۆژە، پەروەردە گرنگترین ڕووبەری نێو کۆمەڵگایە بۆ پاراستنی ڕەوشت و سیاسەتی ناو کۆمەڵگاکان، بۆیە ئەو پەروەردەیەی دەدرێت مێژوو، ڕابردوو داهاتوو نیشاندەدات و هەبوونی مرۆڤ دیاریدەکات.

 

لە ساڵی ٢٠١٧دا بەشی پەروەردەی ژنۆلۆژی لە سەرتاسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بنیادنرا، ئامانجی ژنۆلۆژی پەروەردەکردنی کۆمەڵگاکەیە لەسەر ئەخلاق و سیاسەت، گوڵستان عوسمان، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە کانتۆنی قامیشلۆ، لەو بارەیەوە وتی: پەروەردە گرنگترین بەشی ژیانی کۆمەڵگایە و بە واتای بنیادنانی نەوەیەکی نوێ و بەردەوامبوون و درێژەدان بە ژیانی کۆمەڵگا مرۆییەکان دێت، بۆیە بەشی پەروەردە لە ژنۆلۆژیدا لە هەموو بەشەکانی دیکە گرنگترە، ئەو پرسانەی بۆ کۆمەڵگە پێویستە ژنۆلۆژی خۆی لەسەر ئامادە دەکات و لێیدەکۆڵنەوە و کۆمەڵگە پەروەردە دەکەن.

 

گوڵستان عوسمان وتیشی: ئامانجمان ئەوەیە کە کۆمەڵگە پەروەردە بکەین و بەرەو کۆمەڵگەیەکی داهێنەر پێشی بخەین، ژنۆلۆژی خۆی پەروەردەی کۆمەڵگایە، ئێمە ڕێکخراوەکانی ژنان و هەموو ڕێکخراوەکانی دیکەش پەروەردە دەکەین و زۆر ناوەندی دیکەش سەردانمان دەکەن، تا خولی پەروەردەیی بکەینەوە.

 

"پەروەردەکانی ژنۆلۆژی بۆ هەموو کۆمەڵگەیە"

گوڵستان عوسمان باس لە کاریگەری ژنۆلۆژی لەسەر کۆمەڵگە دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە پەروەردەکانی ژنۆلۆژی بۆ هەموو کۆمەڵگەیە، "ژن کۆکی کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگە خۆی لەسەر ژنان بنیاد دەنێت بۆیە ئێمە سەرەتا ژنان پەروەردە دەکەین، لە ژنۆلۆژیدا بەشێکی تایبەت بە هاوژیانی ئازاد هەیە کە هەردوو ڕەگەز بە ئامانج دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەروەردەی منداڵان و گەنجانمان هەیە، لە ژنۆلۆژیدا دایک و داپیرەکانمان مامۆستای سەرەکین، چونکە زۆرێک لەتێڕوانین و سەرمایەکانی ئێستایان لێ وەردەگرین، ئەوان چەندین ڕووداویان بینیوە و ژیاون، ئێمە سودێکی زۆریان لێ وەردەگرین.

 

"ژنۆلۆژی لە دژی سیستمی سەرمایەداری ژیانێکی هاوبەش بنیاد دەنێت"

ئەو ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی جیاوازی پەروەردەی ژنۆلۆژی و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەخاتەڕوو کە ژنۆلۆژی ڕەخنە لە سەرمایەداری دەگرێت چونکە زیانی گەورەی بە کۆمەڵگە گەیاندووە، "کاتێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوای جیهان سەیردەکەیت، دەبینین کە سەرمایەداری خێزانەکانی هەڵوەشاندووە، کەسایەتی مرۆڤی تێکشکاندووە و بوونەتە ڕۆبۆت، سیستەمی سەرمایەداری بە ڕۆتینی خۆی خەڵک دەکوژێت، ئەو تاکایەتییەی کە لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە ڕێگەی بە خەڵک داوە ژیانی تاکەکەسی بژین، لە دژی ئەو سیستمە وەک ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دەمانەوێت ڕۆحی پێکەوەژیان و هەست و هۆشی سۆزداری لەگەڵ خەڵکدا زیاتر پەرە پێبدەین، بەردەوامیش دەبین لە هەنگاونان بۆ ژیانێکی باش و بە بنەما".

 

"ئامانجی ژنۆلۆژی دروستکردنی تاکێکی کۆمەڵایەتی و تەندروستە"

لە کۆتایدا گوڵستان عوسمان باسی لە گۆرانکارییەکانی ناو کۆمەڵگە کرد و دەڵێت: ئێمە لە ڕێی پەروەردەکانی ژنۆلۆژییەوە گۆرانکارییەکی زۆری دەبینین، کاتێک ژنۆلۆژی دەبێتە بابەتی گفتوگۆ کوڕان و کچانی ئێمە پرسیار لەسەر ژنۆلۆژی دەکەن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بابەتەکە سەرنج بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، ژنۆلۆژی لەلایەن کۆمەڵگاوە پەسەندکراوە، دەیەوێت زیاتر چاوی کۆمەڵگا بکاتەوە، ئێستا ژنان دەتوانن لە ماڵەکانی خۆیاندا باس لە مافەکانی خۆیان بکەن، ئێمە زیاتر هەوڵدەدەین گۆڕانکاری ئەرێنی لە کۆمەڵگەکەماندا بکەین و لە نەخۆشی بیانپارێزین.

 

ت.پ