ژنۆلۆژی، زانایی و زانیاری و ڕۆشنبیری ژنانە ...١

بە ژنۆلۆژی ژنان زانستی خۆیان دۆزییەوە و بە ڕەنجێکی زۆرەوە دەستیان بە خوێندنی مێژووی ژنان کرد.

 

ڕوناهی نودا

قامیشلۆ- ژنۆلۆژی، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٨دا لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە کتێبی سۆسیۆلۆژیای ئازادیدا پێشنیارکرا، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەم زانستەوە دەریدەخات کە کۆمەڵگا ئازاد نابێت هەتا ژن ئازاد نەبێت، دەشڵێت: ئازادیی ژن ئاستی ئازادی کۆمەڵگا دیاری دەکات.

 

لە ساڵی ٢٠١١شدا ژنۆلۆژی لە چیاکانی کوردستاندا ڕێکخستنی خۆی دامەزراند، لە ساڵی ٢٠١٥دا یەکەم کۆنفرانسی بە بەشداری ١٤٠ ئەندام سازکرد، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرا کە ژنۆلۆژی لە تەواوی جیهاندا بڵاوبکرێتەوە و خۆی بگەیەنێتە تەواوی ژنان.

 

لەڕێگەی ئەم دۆسیەوە دەمانەوێت لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێناسەی ژنان بکەین و لەگەڵ خوێندکارەکانماندا هاوبەشی بکەین.

 

بۆچی ژنۆلۆژی؟

زانستی ژنۆلۆژی زانستێکی ئەرێنییە دژ بە عەقڵیەتی پەککەوتەیی و پەرچەبوون دروستبووە، بەرهەمی ڕەنج و بیرکردنەوەی ژنانە، ڕێگەی نوێ بۆ ژیان زیاد دەکات، بۆیە پانتایییەکی فراوان و زانستێکی دەوڵەمەند شرۆڤە دەکات. عەقڵییەتی زاڵ و پەرتەواویی کۆمەڵگا دەتوانرێت لە بنچینەی ژنۆلۆژییەوە ڕاستبکرێتەوە و کۆمەڵگا بگەڕێتەوە بۆ سیستمە ڕاستەقینەکەی خۆی.

 

ژنۆلۆژی بانگەشەی ئەوە دەکات، دەبێتە زانستی ژیان، ژنان، ژیانی کۆمەڵایەتی و زانستی پێکەوەژیانی ئازاد، پشت بە لایەنە ناوەکییەکانی جیهانی ژنان دەبەستێت و بۆ ئەوەی بە جیهاندا بڵاو ببێتەوە تێکۆشان دەکات، هەروەها سەبارەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان، واقیعی داگیرکاری و سوکایەتیکردن بە ژنان، ئەو ئایدیۆلۆژیایەی ژن لەناودەبات، نکوڵی دەکات و کۆمەڵکوژ دەکات، کاردەکات، ئامانجیشیەتی کە چەمکی سیستمی دایک-ژن بنیادبنێت و لەسەر ئەو ئەساسە ڕێکخستن و کاکردن پەرەپێبدەن.

 

ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوە لە کەسایەتی ژن لەلایەنی دادپەروەری، ئاشتی، بیردۆزی، مامەڵەکردنی ڕاست، دانانی کات، زیرەکی هەستەوەری و فکری دەکات، ئەو شتانە زیندوو دەکاتەوە کە خاوەنەکەی ژنانە و پێش هەزاران ساڵ دزراون و دەبێتەوە وەڵامێک بۆ "بۆچی ژنۆلۆژی؟"، هەروەها کلتوری فیداکاری و قوربانیدان کە شارستانییەک کردویەتییە ناسنامەی ژن هەڵدەوەشێنێتەوە و نرخی ژنان دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕاستەقینەی خۆی، زاناییان پڕ دەکات و بۆ مێژوویان کۆدەکاتەوە.

 

ژنۆلۆژی لە سەدەی ٢١دا خۆی ڕێکخست و ئامانجیشی دەرخستنی مێژووی لەناوچووی ژنە، هەروەها بەرەنگاری ئەو کۆیلایەتییە دەبێتەوە کە لەسەر ژنان سەپێنراوە و پێناسەی ڕاستەقینەی ژن زیندوو دەکاتەوە.

 

بۆ گەیشتن بە ڕازی ژیان

مرۆڤ و کۆمەڵگا کە واتا نەداتە ژیان و لەناو بێواتایدا بخنکێت، ئەستەمە بگاتە ڕازی ژیان، دەبێت سەرەرای هەموو ڕاستیە ئازار و ئەشکەنجەکانی ژیان لەخۆی بپرسێت کە "ئەو كێیە؟"، ئەو کەسانەی پرسیارەکە لە خۆیان بکەن، ژنان خۆیانن، بۆیە ژنۆلۆژی جەختدەکاتەوە کە ژن، سروشت و کۆمەڵگە چەندەی تر بکوژرێن، لە کۆتاییدا دەگەنە ڕازی ژیان، بۆ گەشتنیش پەیوەندی نێوان ژن و ژیان و کۆمەڵگا بە ئامانج دەگرێت.

 

بۆ پێکهێنانی هاوژیانی ئازاد

سروشتی ژیان دوانەییە، ژن و پیاوە، ئەگەر پەیوەندیەکی مانادار لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا هەبێت ژیان و سروشت و ئازادی و یەکسانی بەردەوام دەبێت، ژن و پیاو یەکتر تەواو دەکەن، دۆخی ئەو دوو ڕەگەزە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە لە سروشتی خۆی دوورخراوەتەوە، هۆکارێکە بۆئەوەی ژنۆلۆژی لێکۆڵێنەوە بکات و بەدوای چارەسەریدا بگەڕێت، تا دووبارە ئەو دوو ڕەگەزە بە ئازادی و ئیستاتیکاوە سەرلەنوێ بگەنەوە یەکتر و بنەماکانی بنەماکانی خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئازاد پێکبێت.

 

لە سەرەتادا ژنۆلۆژی هاوژیانی و پەیوەندییەکان شیدەکاتەوە، ناوی لێدەنێت و چارەسەری و پرۆژەکانی بنیاد دەنێت، لە سەردەمی ئێستادا پیاوان ناتوانن بە چاوی مرۆڤ، خۆشەویست، هاوژین و هاوڕۆح سەیری ژنان بکەن، چونکە ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری پیاو، ژنان وەک ژێردەست و موڵک دادەنێت، هەردوو ڕەگەز لەڕێگەی ڕۆحییەوە لەیەکتر پچڕاون.

 

ڕێبەری گەلی کورد، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەوبارەیەوە دەڵێت، "دەبێت مرۆڤ باش بزانێت کە هاوژیانی ئازاد بە شێوەیەکی کۆمەڵگەیی ئاوابووە، ئەو کۆمەڵگەیە لەنێوان مێ و نێردا دروستنابێت، بەڵکو لە نێوان ژنێتی و پیاوێتیدا ئاوادەبێت، نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە پێکهاتەی هەگەمۆنی هەردوو ڕەگەزەکەی پەک خستووە، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە کردووە و وەک پەیوەندیەکی هەگەمۆنی خۆی دەرخستوە". بۆیە ژنۆلۆژی بانگوازی بە واتای ڕاستینەی ژن و پیاو ژیانکرد، دەکات و بووەتە یەکێک لە بنچینەکانی کارکردنی.

 

بنیادنان بۆ ڕوناک کردنەوەی ڕێگەی ژنان

هەزاران ساڵە ڕاستینەی ژن لە تاریکیدا ماوەتەوە، بۆ بەردەوامیدان بەوەش چەندین کاری چەپەڵ ئەنجامدراوە، ژنۆلۆژی ئامانجییەتی کە ڕاستینەی ژن بەرەو ڕووناکبوونەوە ببات و زانستی ژن-ژنۆلۆژی لەناو کۆمەڵگەدا پێشبخات تا مێژووی ژنان زیندوو بکاتەوە و وەڵامی پرسیارە بێوەڵام دەداتەوە.

 

زانیاری، زانست و زانابوونی ژنان

پیاوانی سەردەست کە زانیاری، زانست و زانابوونی ژنانیان دزی، ئەمڕۆ دووبارە بە ژنۆلۆژی ژنان دەگەڕێنەوە بۆ زانستەکەیان، لە مێژووی کۆمەڵایەتی هەزاران ساڵەدا زانین بە تاقیکردنەوەی کۆمەڵایەتی ئاوابووە، ئەقڵی پیاوسالاریی دەسەڵاتخواز سەرەڕای هەموو فێڵ و تەڵەکەکانی بەرامبەر زیرەکی و هەستیاری ژنان شکستی هێناوە، جیهانی نێرسالاری هەموو زانینەکانی ژنانی بردووە، زانین بێ ڕۆح نابێت، بۆیە ژنان زانایی، زانین، زانیاری لە ڕۆحی خاکەوە بەدەستخستووە، ژن جوانی و ڕەنگی ژیان دەکاتە یەک و پیرۆزی دەکات، بۆ زیندوو کردنەوەی ئەم مێژوو زانین و زاناییە، ژنۆلۆژی ناوەندێکە.

 

بۆ شۆڕش لە زانستی کۆمەڵگەییدا

زانستی کۆمەڵگەیی تەنها بە زانستی ژنۆلۆژی دەتوانێت پێشبکەوێت، ئەگەر ژنۆلۆژی لە ڕووی پێناسە و بناغە و پێکهاتە مەعریفییەکان و میتۆدی زانیاری و توێژینەوە و میتۆدی دروستەوە ڕێکبخرێت و ببێتە کۆمەڵگەیی، دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە قەیرانی ئەمڕۆ لە زانستی کۆمەڵگەییدا دەبێتە هێزی چارەسەر، ڕەگی هەموو زانستە کۆمەڵگەییکان، لە داهێنانی ژنە، زانستی کۆمەڵگەیی بە دەست، گیان، دڵ و خۆشەویستی ژنانەوە دەتوانێت ئاسۆی دیکە بکاتەوە و جیهانێکی جیاواز بدۆزێتەوە، هەموو بزووتنەوەکانی ژنان کە بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشێت پشت بە بیرۆکەی زانستی کۆمەڵگەیی ژنۆلۆژی دەبەستن و دەبنە کادری بەرەوپێشبردن.

 

هێزی تێگەیشتنی ژنان لەبارەی خۆیانەوە هاوتەریب دەبێت لەگەڵ هێزی پەرەپێدانی زانستە کۆمەڵگەییەکان، ژنۆلۆژی لەگەڵ ناوەندەکانی ژنان و بە ئیرادەی خۆیەوە کەلێنەکان پڕدەکاتەوە، لە ڕێ دەرچوونەکان ڕاستدەکاتەوە و لە ئەقڵیەتی پیاوی باڵادەست پاکدەکاتەوە.

 

بۆ پێشخستنی ڕێگای لێکۆڵینەوە لەسەر بنەمای ڕاستینەی ژنان

پەرەدان بە میتۆدەکانی توێژینەوە خزمەت بە پەرەپێدان بە بیروبۆچوون و چالاکیەکانی ئازادی ژنان دەکات کە ژنۆلۆژی پێی هەڵدەستێت، بە کۆمەڵگە بوون لە دەوری ژندا دروستبووە، هیچ دروستبوونێک بوونی نییە کە ژن تێیدا ڕۆڵی نەگێڕابێت، لە لێکۆڵینەوەکانی لەسەر مێژووی کۆمەڵگەبوون دەکرێت ئەگەر بەڕاستی بکرێت، مەرجە کە ژنی تیدابێت و سەنگ و قورساییەکەی دەربخرێت، ژنۆلۆژی لە بوارەکانی سیاسەت، کۆمەڵگە، ژینگە، دیمۆگرافیا، تەندروستی، پەروەردە و ئابوری دەکۆڵێتەوە و پێگەی ژن لەو بوارانەدا هەڵدەسەنگێنێت.

 

یەکێکی دیکە لە ڕوانگەکانی ژنۆلۆژی، پاراستنی جەوهەری و ڕەوای ژنانە، کە لاوازکراوە و شكێنراوە، ژنۆلۆژی دەیەوێت لەڕێگەی خەباتەوە پاراستنی جەوهەری توندوتۆڵ بکاتەوە، پێشی وایە هەموو بوونە سروشتییەکان خاوەن پاراستنی جەوهەری خودی خۆیانن، وەک گوڵ خاوەنی دڕکەکەیەتی، هەندێک دار بە تاڵییەکەی، هەندێک ئاژەڵ بە ژەهرەکەی پاراستنی خۆیان دەکەن.

 

لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە ژنان خاوەن پاراستنی جەوهەری خۆیان بوون، بەڵام بەدرێژایی کات ئەم پاراستنە لەناوبراوە، لە کاتێکدا ژنان توانای خۆپارێزی و هێز و بەرەنگارییان لە سروشتی خۆیاندا هەیە، ژنۆلۆژی بەو خەباتەی دەیکات، دەخوازێت هێزی پاراستنی جەوهەری بۆ ژنان بگەڕێنێتەوە و بە چارەسەری کێشەکانی ژن و پاراستنیان دادەنێت گەر لە ڕووی فیزیکی، زانستی و فکرییەوە پەرەی پێبدرێت.

 

ژن بە شێوەزارە جیاوازەکان

وشەی ژن بە زمانی کوردی و زاراوەی کرمانجی بە "ژن، ژنک، پیرک، ئافرەت"، بە زازاکی "جن، جێنی" و بە سۆرانیش ئافرەتی پێدەوترێت، لە زمانی کوردی و چەند زمانێکی دیکەدا بنچینەی وشەی ژن لە ژن، ژیان، سروشت و ئازادی پێکدێت.

 

ناسینی ڕاستینەی ژن بۆ پارێزگاریکردن

لەجیهاندا ژنان ڕووبەڕووی شەڕ، کۆچبەری، لەشفرۆشی، هەژاری، بێکاری، سیاسەتی پەروەردە و تەندروستی دامودەزگانی پیاو، توندوتیژی هاوژین و یار دەبێتەوە، ئەمڕۆ سیستمی هەگەمۆنی دەیەوێت هەبوونی ژنان لە ڕووی فیزیکی و بیردۆزییەوە لەناو ببات، بۆیە دەبێت ژنان لەدژی ئەو ئەقڵیەتە بەرەنگارببنەوە، بۆ ئەوەش  دەبێت هەبوونی خۆیان بناسن و بگەڕێنەوە سەر ڕاستینەی خۆیان، ژنۆلۆژی بە بەرفراوانی لێکۆڵینەوە لە میتۆلۆژیا، باوەڕیی ئایینی، فەلسەفە و زانست دەکات کە ژنان تێیدا ڕاست نەناسێنراون و دووبارە شییان دەکاتەوە.

 

ئیتیک و ئەستاتیک

ئیتیک ئەخلاق و هۆشمەندی ئازادییە، ئیستاتیک-جوانیش بەپێی ئەو هۆشمەندییە دروستدەبێت، ئیستاتیک لە ئاستی ئازادیدایە، هەردووکیان یەکێک لە بنەما ئەساسییەکانی ژنۆلۆژین، ژنۆلۆژی کە وەک زانستی ژیان خۆی ڕێکخستووە، یەکێک لە بنچینەکانی زانابوونی جوانییە، بەو پێیەش ژنی جوانی ئازاد و ژیانێکی جوانی ئازادی ئافراند، ژنۆلۆژی گرنگی بە گۆڕان و گۆڕانکاری دەدات، ئیستاتیک-جوانی هەمیشە لەگەڵ ئیتیک-ئەخلاق دایە و لەیەکتر جودا نابنەوە، ژنۆلۆژیش هەوڵ دەدات بە ئیتیک و ئیستاتیکەوە ژیانێکی جوانی ئازاد ئاوابکات.

 

ئابوری – ژینگە

ژنۆلۆژی ئابوری وەک یەکێک لە بنەماکانی سەیر دەکات و لێکۆڵینەوە و پڕۆژە دەخاتەڕوو، پێی وایە کە کۆمەڵگەیەک لە ئابوری جیابکرێتەوە ناتوانێت بەردەوامبێت، ئەمڕۆ کە سیستمی سەرمایەداری ئابوری لە کۆمەڵگە جیادەکاتەوە، ژنۆلۆژی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تیۆری، ڕێکخستن و چالاکییەوە، ئەو ئابورییە بگەڕێنێتەوە و لە بچینەوە ڕێکیبخاتەوە، هەروەها ڕێگەچارەی ڕەنج و ئابوری  دایک-ژن کە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان پەرەی پێداوە، دەخاتەڕوو، چارەسەری کێشەی ئابوری لە ڕوانگەی دایکەوە بە گرنگ دەبینێت و پێشدەخات.

 

هەروەها ژینگە-ئیکۆلۆژی، سروشتێکی فیزیکی و بایۆلۆجییە کە پشت بە بونیادی کۆمەڵگا دەبەستێت، ژنۆلۆژی گرفتەکانی ژینگەیی لە ڕووی زانستەوە وەردەگرێت و لەسەر بنەمای بیرۆکەی دیموکراتی و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن شیدەکاتەوە، کێشەکانی ژینگەیی و ئەو هێزانە ئاشکرا دەکات کە سەرچاوەی کێشەکانن، لەسەر ئەو بنەمایە ژنۆلۆژی کۆمەڵگەیەکی ژینگەیی سروشتی ئاوادەکات.

 

ژنۆلۆژی هەریەک لە بنەماکانی مێژوو، دیمۆگرافیا، تەندروستی، پەروەردە و سیاسەت شیدەکاتەوە و جەختلەوە دەکاتەوە، کە ژن لە هەموو بوارەکاندا شکێنراوە و دوورخراوەتەوە، زیندووکردنەوەی پێگەی ژن و گەڕانەوە بۆ سروشت و ڕاستینەی کۆمەڵگاش دەکاتە بنچینەی کاری خۆی و بە دووبارە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا ژن دەکاتەوە خاوەن مێژوو و ناسنامە و هەبوون.

 

ڕاپۆرتی سبەی: لە زانکۆی ڕۆژئاوادا بەشی ژنۆلۆژی