ژنانی سەیدسادق: دەستبەرداری خەونەکانمان نابین

ئیلهام پاش بەشداریکردنی ٥ خولی ڕۆژنامەوانی و ئەنجامدانی چەندین کاری ڕۆژنامەوانی بەڵام بەنهێنی و دوور لە چاوی خێزانەکەی کارەکانی ئەنجام دەدات، ژنانی سەیدسادقیش باس لە ئارەزووەکانیان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی دەکەن.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- لە یادی ١٢٣ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا ژنانی ڕۆژنامەنووس لە شارۆچکەی سەیدسادق باس لە ئارەزووەکانیان بۆ کاری ڕاگەیاندن دەکەن، هەروەها گرنگی ڕۆژنامەگەری کوردی، گرفتەکانی بەردەم ڕۆژنامەنوسانی ژن و هۆکاری کەمی کارکردنی ژنان لە بواری ڕاگەیاندن ڕوون دەکەنەوە ، خوازیاریشن لە ڕێگای کارکردنەوە کۆمەڵگا هۆشیار بکەنەوە و ژیانی ئازاد و ئازادی بۆ ژنان بەدەستبهێنن.

 

"دەزگاکان توانای پەیامنێری ژن لەبەرچاو ناگرن"

پەیام نەجمەدین، مامۆستا، ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی و ڕاهێنەری بواری پەروەردەیی، بۆ ماوەی زیاد لە ١٢ ساڵە وەک یەکەم ژنی گەنجی شارۆچکەی سەیدسادق لە بواری ڕاگەیاندن کاری کردووە باس لە ئەزمونی خۆی وەک میدیاکارێکی ژن دەکات و دەڵێت: بەردەوام خولیای کاری میدیایم هەبووە، بۆیە ئەو کاتەی خوێندکاری ئامادەیی بووم دەستم بەکارکردووە لە ڕۆژنامەیەکدا.

 

پەیام دەربارەی کاری ڕاگەیاندنی خۆی دەڵێت: کاتێک دەستم بەکارکردن قورس بوو، چونکە تەنها خۆم بووم لەو بوارەدا لە شارۆچکەکەی وەک سەیدسادق شانبەشانی پیاو کاری ڕۆژنامەوانیم دەکرد، ئەمەش بۆ کۆمەڵگەکەم قورس بوو، لەو ساڵانەشدا کاری ژنان ئاسایی نەبوو.

 

پەیام دەڵێت بە ئاستەم ژنێک دەستدەکەوێت کە بتوانێت لە ڕاپۆرتێک و ئامادەکردنی بابەتێکدا قسەت بۆ بکات، ئەم بەربەستانە دەبنە هۆکارێک کە ژنانی ڕۆژنامەنووس واز لە کارەکانیان بهێنن و بچنەوە ماڵەوە دابنیشن، یاخود ناچاردەبن بچنە شارە گەورەکانەوە، ئەو مامۆستایە نەبوونی دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە شارۆچکەکان بە هۆکارێکی دیکە دەزانێت بۆ کارنەکردنی ژنان لە بوارەکەدا و دەڵێت: نەبوونی دەزگای ڕاگەیاندن لەم ناوچانەدا هۆکارن بۆ کار نەکردنی ژنان، لێرە تەنها وەک پەیامنێر کار دەکەین، دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش زیاتر گرنگی بە پەیامنێری پیاوان دەدەن و توانای ژنان لەبەرچاو ناگرن، بەهۆی ئەمەشەوە من لە ئێستادا لە سلێمانی کاردەکەم .

 

ئەو ڕۆژنامەوانە کەمی خوێندکاری شارۆچکەکان لە بەشی ڕاگەیاندندا بۆ پاڵپشتی نەکردنی خێزان و ڕێگرییەکانی کۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە.

"میدیایەک نییە ژنانی گەنج کاری تێدابکەن"

ئاسودە محەمەد دەرچووی بەشی پەیمانگای تەکنیکی میدیایە، دانیشتووی سەیدسادق، ئاسودە باس لەوەدەکات خەونی بووە بە شێوەیەکی ئەکادیمی لە ڕاگەیاندن بخوێنێت و دواتر لە دەزگایەکی میدیایی کاربکات، مژدە دەڵێت: ژنانی گەنج بە پاڵپشتی خێزانەکانیان دەتوانن باشتر کار بکەن و خێزانەکەشی بە هەموو شێوازێک هاوکارییان کردووە کاربکات، پاڵپشتیکردن زۆر گرنگە بەڵام ئەمە لەناو ئێمەدا بوونی نییە، کۆمەڵگە ڕێگرە لەبەردەم کارکردنی ژناندا، میدیاش کەمتەرخەمە لەم بوارەدا، کە شوێنی میدیای نییە کاری تێدا بکەین.

 

ئاسودە خەونی ئەوە بووە بە شێوەیەکی ئەکادیمی میدیا بخوێنێت، ئێستاش کە هەڵگری بڕوانامەیە لەو بەشەدا، ئامانجی بووە خزمەت بکات و کێشەکانی کۆمەڵگە بخاتە بەرچاوو، بەڵام  لەئێستادا لە کارناکات و هۆکارەکەشی بۆ لایەنی لاوازی میدیا و نەبوونی دەزگایەکی میدیایی کە ژنانی گەنج کاری تێدا بکەن.

 

"ئامانجم ئەوەیە خزمەت بە وڵاتەکەم بکەم"

مژدە ئومێد خوێندکاری تەکنیکی میدیایە و دانیشتووی گوندی گرێزەی سەر بە شارۆچکەی سەیدسادقە، بە خواستی خۆی لە بەشی تەکنیکی میدیا دەخوێنێت و وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات خەونی ئەوەیە ببێت بە پێشکەشکارێکی سەرکەوتوو و خزمەتی کۆمەڵگا بکات.

مژدە یەکەم خوێندکاری گوندەکەیانە لە بەشی تەکنیکی میدیادا دەخوێنێت و دەڵێت: خێزان و کۆمەڵگە دەور دەبینێت بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت لە بوارەکەی خۆتدا، ئامانجیشمە خزمەت بە وڵاتەکەم بگەیەنم.

 

"ئامانجم بوونە بە میدیاکارێکی سەرکەوتوو"

یەکێکی تر لەو ژنە گەنجانەی لەم ڕاپۆرتەدا قسە دەکات و لەبەر فشاری خێزانەکەی نەیویست وێنەی ئاشکرا بکات، ئیلهام نەجمە، ئیلهام خوێندکاری یازدەی ئامادەییە و دانیشتووی سەیسادقە، کاتێک بۆ بەشداریکردنی لەم ڕاپۆرتەدا پەیوەندیمان پێوەکرد لە یەکەم قسەیدا وتی: خەونی من کارکردنە لە ڕاگەیاندندا و بوون بە میدیاکارێکی سەرکەوتووە، ئەمانەش ئامانجی ژیانی منن.

 

ئیلهام لە ساڵی ٢٠١٥ەوە خولیای کاری ڕاگەیاندنی هەیە لە ساڵی ٢٠١٧دا بەشداری کردووە لە خولێکی ڕاگەیاندن کرد و یەکەم ئەزموونی بوو، دواتیش بەشداری ٥ خولی ڕاگەیاندنی کردووە و چەند جارێکیش کاری ڕۆژنامەوانی کردووە، بەڵام دوور لە زانینی خێزانەکەی کارەکانی ئەنجام داون، وتیشی خەونی ئەوەیە لە داهاتوودا لە کۆلێژی ڕاگەیاندندا بخوێنێت، ئیلهام ئاماژەی بەوەدا: هیچ شتێک ناتوانێت ژنان بوەستێنێت و ڕێگە لە خەون و ئارەزووەکانیان بگرێت، ئامانجیشمە ببمە پاڵنەری ژنان و یارمەتییان بدەن تا ئازا و بوێر بن، من خێزانەکەم ڕێگرم دەکەن لەبەر کۆمەڵگە، بەڵام ئەمانە نابنە ڕێگر و واز لە خەونەکەت بهێنیت من بەردەوام دەبم لە کارکردنم.

 

ت.پ