ژنانی میسری مێژووی خۆیان دەپارێزن و لە پێناو داهاتوویەکی باشتردا تێدەکۆشن
چەندین ڕووداوی سیاسی، ئابووری و سەربازی، مێژووی گەل و ژنانی میسریان لە قاڵب داوە، کە خۆیان سەلماندوە و دیارترین بزووتنەوەی ژنانی ناوچەکەیان دامەزراندووە.

سەنا عەلی
ناوەندی هەواڵ - هەر لە ساتەوەختی لەدایکبوونی منداڵی کچ لە میسر، بە هۆکاربێت یان بێ هۆکاربێت ، توشی جۆرە توندوتیژیەکی زەلیلکەر دەبێت، لە خەتەنەکردنی مێینە تا تاقیکردنەوەی کچێنی زەلیلکەر، لە هەمان کاتدا گەمارۆی هەژاری و پەراوێزخستن دەدرێت، نەوەکەی "ئيزيس" و"حەتحور" و"سەخت" توشی هاوسەرگیری زۆرەملێ و جیابوونەوەی ئارەزوومەندانە و بێدەنگ دەکرێت و ڕەشبگیری دەکرێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری نەفەقە و سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانی بێت.
دەوترێت گشتاندن زمانی نەزانەکانە، بەڵام لە کاتی لێکۆڵینەوە لە هەر بابەتێکدا بارودۆخی گشتی لەبەرچاو دەگیرێت، لە کاتی چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک ژنان بۆ نمونە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەوان نوێنەرایەتی کەرت یان گروپێکی یەکسان ناکەن، بەڵکو لە ڕووی تەمەن و پەیوەندی جوگرافی و پیشەی و ئاستی خوێندن و هۆکارەکانی دیکەوە جیاوازن.
بۆیە بارودۆخی گشتی مافی ژنان لە میسر جێگای داخە، هەروەها توندوتیژی ژنانی میسری لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا گەمارۆ دەدات، نیشانەکانی باشتربوونی ژیانیان هەیە، بەڵام گۆڕانکاری دەیان ساڵ و ڕەنگە سەدان ساڵ بخایەنێت، ئەوەی گرنگە کۆڵنەدانە بەبێ ئەوەی هیوایەک بۆ داهاتوویەکی باشتر لەدەست بدەین.
تێڕوانینێکی گشتی مێژوویی
زۆرێک لە شوێنەوار و بەڵگەنامە مێژوویەکان کە لەلایەن توێژەران و شوێنەوارناسەکانەوە لە دۆڵی نیل دۆزراونەتەوە، وردەکارییەکانی ژیانی ئەو گەلانە بەڵگە دەکەن کە زیاتر لە ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە میسردا ژیاون، واتە لەو سەردەمەی کە کۆمەڵگە لەلایەن سیستەمێکی پیاوسالارییەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام مێژوویەکی نەنووسراو هەیە کە لە کاتی باسکردنی مێژووی میسر و زۆربەی شارستانیەتەکاندا بە ئەنقەست پشتگوێ دەخرێت: مێژووی شاراوەی ژنان، کە درێژدەبێتەوە بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ پێش زایین، بەپێی ئەوەی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆی ئاشکرا کردین، ئەم قۆناغە مێژوویە ونبووە (مێژووی ژن یان ماتریاکی) زیاتر لە سەدا ٩٨ی مێژووی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە، وە ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی تا ئەمڕۆ ماوەتەوە تەنها بەشێکی کەمی مێژووە.
لایەنی ڕۆحی لە نێو هەموو گەلاندا، چ لە کۆن و چ مۆدێرن، پێگەیەکی تایبەتی هەیە، لەبەرئەوەی مرۆڤ لەو سەردەمەدا نەیتوانیبوو زۆرێک لە دیاردە سروشتییەکان ڕوون بکاتەوە، پەنایان بردە بەر پەرستنی ئەو هێزە سەروو سروشتیانەی کە پێیان دەوت خوداوەند، کێ لە ژنێک شایستەترە ئەو بوونەوەرە پیرۆزە بێت کە بتوانێت ئەو کارە بکات کە کەس ناتوانێت بیکات، وەک منداڵبوون و شیرپێدان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژنان کشتوکاڵیان دۆزیەوە، کە یەکێکە لە بناغە گرنگەکانی ژیان، و بوو بە خوداوەندی کشتوکاڵ و دایکایەتی و خۆشەویستی، کە بە "ئيزيس" و"حەتحور" و"سەخت" و ئەوانی دیکە نوێنەرایەتی دەکرێ، سەرەڕای سەرهەڵدانی چەمکێکی نوێ، کە بریتییە لە خوداوەندی پیاو بەرامبەر بە خوداوەندی ژنان ، پێگەی ڕۆحی گەورەتری خوداوەندی ژنان هەر مابووەوە و ئەفسانە گرژییە لە پەیوەندی نێوان خوداوەندی ژن و پیاودا دەگەیەنێت، کە بە ڕەنگدانەوەی ململانێی نێوان پیاوسالاری و کۆمەڵگەی ماتریاریکی “نیۆلیتیک” دادەنرێت.
کاهینایەتی وەک پۆستێکی بۆماوەی مایەوە، بە پێچەوانەی سۆمەرییەکان، ژنان توانیویانە قەشە بن و خاوەنی مافی خاوەندارێتی موڵک و ماڵی خۆیان بن، کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن، بەخێو بکەن، میراتیان بگرن، ڕێکەوتن بکەن و ڕێکەوتنی هاوسەرگیری شایەتحاڵ بن، هەروەها ژنان مافی ئەوەیان هەبوو کە سکاڵا لە دادگاکان تۆمار بکەن، دوای یەکگرتنی شانشینی میسری سەرەوە و خواروو لە دەوروبەری ساڵی ٣٢٠٠ پێش زایین، ژنان پۆستی جۆراوجۆریان هەبووە، کە لە ئەم قۆناغە پێی دەوترا سەردەمی شانشینی کە ٣٠ شانشینی فەرمانڕەوای لەخۆگرتبوو.
بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵات لەلایەن پیاوانەوە دروست بووە، کەم ژن توانیبێتی ببێتە شاژن یان سەرکردایەتی تاکە وڵات بگرێتە ئەستۆ، بەپێی ئەم ئایدۆلۆژیای پیاوسالارییە، تەختی پاشایەتی تەنها پیاوان بۆی ماوەتەوە و مەرجی ئەوەی ژنان دەسەڵات لەگەڵ پیاواندا هاوبەش بکەن، شوێنەوارێکی سەردەمی بەردینە نوێیەکانە، ئەفسانەیەک وتی هەرکەسێک ژنەکانی لە دەسەڵات دووربخاتەوە، توڕەی گەلی لێدەکەوێتەوە، ئەگەر پاشا (فیرعەون) مرد، کوڕەکەی هەموو شتێک بە میرات دەگرێت، تەنانەت ژنەکانیشی.
یەکێک لە شاژنە بەناوبانگەکانی میسری کۆن شاژنە نەفەرتیتی بوو کە لە سەردەمی هاوژینەکەی ئەخناتن فیرعەونی شانشینی ١٨ لە سەدەی ١٤ پێش زایین حوکمڕانی دەکرد، مێژوو بە یەکێک لە ژنە بەهێزەکانی میسری کۆنی دادەنێت، بەڵام دوای مردنی وێنەکەی شێواوە و ناوی لە تۆمارە مێژوویەکان سڕاوەتەوە.
هەروەها شاژنە "حەتشبسوت" لە ساڵی ١٤٥٨ تا ١٤٧٣ پێش زایین وەکو ڕێجێنت بۆ کوڕەکەی حوکمڕانی کردووە، لە سەردەمی ئەودا ئاسایش و سەقامگیری زاڵ بوو و هونەر و بونیادنان گەشەیان کرد، ئەو بۆ مەبەستی بازرگانی نوێنەرایەتی دەنارد بۆ سۆماڵ و یەمەن، بخور و بۆن و بەهارات و بەرهەمی دیکەی دەهێنا، هەروەها کانەکانی خەڵوز و مسی لە نیمچە دوورگەی سینا کردەوە.
شاژنەکانی تر هەن کە ناوبانگێکی گەورەیان بەدەست نەهێناوە و زۆرجار لە مێژوودا باسیان لێناکرێت، وەک شاژن "مێریتنیت"، هەندێک دەستنووس ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بە تەنها حوکمڕانی وڵاتی کردوە، شاژنە "خێنتکاوس"ی شانشینی چوارەمیش حوکمڕانی دەکرد، هەروەها شاژن "سۆبێکنێفێرو"، یەکەم ژن بوو کە بە شێوەیەکی کاریگەر حوکمڕانی میسری کرد بەبێ ئەوەی وەک حاکم خزمەت بکات، هەروەها باس لە شاژنەکانی "ئارسینۆ"ی دووەم و "بێرینیس"ی دووەم و "توسرێت" کە دوا شاژن بوون لە سەردەمی شانشینی نۆزدەهەمدا حوکمڕانی میسری کرد و نیفرتێتی دووەمیش باس کران.
ژیانی کۆمەڵایەتی
وێنە و هەڵکۆڵدراوە بەردینەیەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە فرەژنی لە نێو فیرعەونەکاندا، و بە درێژای مێژوو بوونی هەبووە و لە نێو هاوڵاتیانی ئاسای و بێگومان لە نێو قەشەکاندا بەربڵاو بووە، بەڵام کەمتر باو بووە و تەنها بە ڕەزامەندی ژنی یەکەم سنووردار بووە، ژنەکان لە یەک ماڵدا دەژیان، ژنی یەکەم هەموو میراتەکانی وەردەگرت و تایبەتیەکی هەبوو، لە هەمان کاتدا مافی ژنەکەی لە ئەگەری جیابوونەوەدا دەپاراست، کە لەلایەن پیاوەوە قۆرخ دەکرا.
توندوتیژی بە شکستی ژنان دەستی پێکرد، لە هەڵکۆڵدراوە بەردینەیەکەدا دەرکەوتوە کە ژن مافی ئەوەی هەیە سکاڵا لە دادگا تۆمار بکات ئەگەر هاوژینەکەی ئازاری بدات، بەڵام ئەو ژنانەی زینایان دەکرد، توشی سووکایەتیەکی ئەوتۆ دەکران، بەم شێوەیەش دەکرا هەموو مافەکانیان زەوت بکرێن و تەنانەت هەندێکجاریش بکوژرێن، لەوانەیە پیاوان ئەمەیان قۆستبێتەوە بۆ ئەوەی تۆمەتی زینا بخەنە سەر ژنەکانیان تاوەکو ئاسانتر ڕزگاریان بێت، لەگەڵ دابەزینی ڕۆڵی ژنان و بڵاوبوونەوەی سیستەمی چینایەتی، جیاکاری گەیشتە ئەو ئاستەی کە تەنانەت لە نێو ژنانیشدا بە پشت بەستن بە چینە کۆمەڵایەتیەکەیان بوونی هەبوو، لە بەرامبەردا خەتەنەکردنی ژن ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دەدرا.
سەردەمی ڕۆم لە سەردەمی ڕووخانی پتۆلیمییەکان و خۆکوشتنی شاژن کلیۆپاترا دەست پێدەکات کە لە (٣١ پ.ز - ٣٩٥زایینی) بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا، میسر لەلایەن هیچ شاژنێکەوە فەرمانڕەوای نەکرا، چونکە بوو بە هەرێمێکی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمان، و ژنان لەنێو ڕۆمانەکاندا هیچ بەهایەکیان نەبوو، تا ئەو ڕادەیەی کە قفڵیان لەسەر دەمیان دەکرد بۆ ئەوەی دەنگیان بێدەنگ بکەن، هەموو هێزەکانیان لە پەرستگە لێسەندرایەوە لەگەڵ پلەکانیاندا.
تێکەڵبوونی نێوان شارستانیەتەکان بەهۆی جەنگ و هۆکارەکانی ترەوە کاریگەری بەرچاوی لەسەر پێگەی ژنانی میسر هەبوو و بووە هۆی گۆڕانکاری لە چەمکی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەکەیدا، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو سێ ئایینەی کە بە "ئاسمانی یان یەکتاپەرستی" ناسراون، ئەم ئایینانە ژنانیان کردە ئامانج و فێرکردنەکانی پەیوەست بە ژنان و هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان پێوە هەبوو بە توندی جێبەجێ دەکران پاش ئەوەی خێزان بەرزکرایەوە بۆ پلەیەکی پیرۆز و بەڕێوەبردنیان تەنها لە دەستی پیاوان بوو، بۆ نمونە لە ئایینی جولەکەدا، ژن ئەگەر برای هەبێت، میراتگری ناکات و هەموو فێرکردن و یاساکانی پەیمانی کۆن جیاکارن، چەمکی شەرەف پەیوەست بە پەردەی کچێنی بە شێوەیەکی نەخۆشی دەرکەوت، فەرمان دەکات پیاوێک کە پەیوەندی لەگەڵ کچێکی بێ هاوژیندا هەیە دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ بکات و هەرگیز تا کۆتای ژیانی جیا نەبێتەوە لێی.
سەبارەت بە ئیسلام لەوەتەی لە ساڵی ٦٤١ زایینیدا هاتۆتە ناو وڵاتەکەوە، کاریگەریەکی زۆری لەسەر پێگەی ژنان هەبووە و تەنانەت "شەجارەت دور" کە یەکێکە لە بەناوبانگترین ناوەکانی ژنان نەک تەنها لە دەوڵەتی مەمالیکدا، بەڵکو لە مێژووی ئیسلامیشدا تەنها هەشتا ڕۆژ حوکمی کرد بەهۆی ئەو ڕەتکردنەوەیەی کە ڕووبەڕووی ژنان بووەوە، دوای مردنی هاوژینەکەی دەسەڵاتی گرتە دەست لە کاتێکدا هێزەکانی لویسی نۆیەم کۆبوونەوە و بەرەو سنوورەکانی میسر دەڕۆیشتن، کۆمەڵگەی پیاوسالاری نەیتوانی توانای "شەجارەت دور" بناسێت بۆ بەڕێوەبردنی جەنگ بە کارامەی و سەرکەوتن دوای گرتنی لویسی نۆیەم و کۆتاییهێنان بە بوونی خاچپەرستەکان لە خاکی ژێر فەرمانڕەوایدا.
ڕۆڵی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری
لەگەڵ داگیرکردنی وڵات لەلایەن عوسمانییەکانەوە بارودۆخی میسرییەکان خراپتر بوو، ژنان بە چڕی بەشداری شۆڕشەکانیان کرد و نۆرمە کۆنەکانی کۆمەڵگەیان پشتگوێ خست کە بووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرچاوی باڵاپۆشی لەو ماوەیەدا و هەروەها هەژاری گەورەتر بوون، سەرەڕای سیاسەتەکانی داگیرکەران کە میسرییەکانی ناچار دەکرد، بە پیاوان و ژنان، وەک کرێکاری زۆرەملێ بۆ دەوڵەتی عوسمانی کار بکەن، ژنان لە نێوان ساڵانی ١٨٠١ و ١٨٠٥ بە بەشداری کردنیان لە بزووتنەوەی ناڕەزای دژی سیاسەتە داراییەکانی پاشاکانی عوسمانی، لە خۆپیشاندانێکی بەرفراواندا ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزاتی دەربڕین لە دژی سەپاندنی باج و بەشداری شۆڕشی عورابی دژ بە خدیوی تۆفیقیانکرد، تەنانەت فەڕەنسییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا لە دوای هەڵمەتی داگیرکردنی وڵات بە سەرکردایەتی ناپلیۆن لە ساڵی ١٧٩٨ ئاماژەیان بەوە کرد کە ژنان بە ژمارەیەکی زۆر ئامادە بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانیان.
لە ماوەی ٥٤ ساڵەی داگیرکردنی میسری بەریتانیادا، مافی ژنان زۆر دابەزی و بازرگانی کۆیلە و جیابوونەوەی ئارەزوومەندانە و فرەژنی و توندوتیژی بەربڵاو بوو، سەرەڕای ئەمەش ژنان بەشدارییان لە شۆڕشی بەناوبانگی ساڵی ١٩١٩دا کرد و لە ئەنجامدا یەکەمین شەهیدی ژن، حەمیدە خەلیل بوو، دوای ئەوە خۆپیشاندانی ٣٠٠ ژن بەڕێوەچوو، هەروەها ژنان بایکۆتی کۆمیتەی میلنەریان کرد کە داگیرکەری بەریتانیا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی شۆڕش دامەزراند. هەروەها بەشدارییان لە هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای بیانیدا کردووە. لە ڕێگەی ئەم ڕۆڵە دیارەوە، ژنان دوای چەندین ساڵ لە دابەزین، جێگەی سروشتی خۆیان لە کۆمەڵگەی میسردا وەرگرتەوە. ژنان یەکەم کەتیبەی ژنانیان پێکهێنا بە ناوی "لیواکانی بنت ئەلنیل" کە لەلایەن دۆریا شەفیق پێشەنگێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە میسر و نووسەری کتێبی "ژنە میسرییەکە" دامەزراند. لە ساڵی ١٩٢٢ میسر سەربەخۆیی لە بەریتانیا بەدەستهێنا و شانشینی میسر دامەزرا، لە هەموو بڕیارەکانیدا ملکەچی بەریتانیا بوو.
چنینەوەی بەرهەمی شۆڕش
دەستووری وڵات لە ساڵی ١٩٢٣ بەرهەمی بەشداری ژنان لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیدا بوو کە داوای سەربەخۆی دەکرد، یەکسانی لە نێوان هەموو هاوڵاتیان و ژن و پیاودا دیاری کرد، یەکێتی ژنانی دامەزراند، هەروەها یاسای کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری ژنانی گەنجی بە ١٦ ساڵ و دەستەبەرکردنی یەکسانی لە خوێندندا دەرکرد، لەو ماوەیەدا، هودا شەعراوی، چالاکوانی ژنان یەکێک بوو لە کەسایەتییە ژنە بەهێزەکانی میسر و جیهانی عەرەبی، کە یەکێتی ژنانی دامەزراند و لەسەر حیسابی خۆی خوێندنگەی بۆ ژنانی گەنج کردەوە و شاندی ژنانی نارد بۆ زانکۆکانی ئەوروپا.
قۆناغی دەسەڵاتی پاشایەتی بە ڕووداوێکی گرنگ کۆتایی هات: کە هێرشکردنە سەر بینای پەرلەمانە لەلایەن ئەندامانی پارتی "بنت نیل"(کچانی نیل) بە سەرۆکایەتی دوریە شەفیق بۆ داوای بەشداریکردنی ژنان کە لەم پەرلەمانە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی گەلی میسر بکات نەک تەنها پیاوان.
لەگەڵ شۆڕشی ئەفسەرانی ئازاد، دامەزراندنی کۆماری عەرەبی میسر لە ساڵی ١٩٥٨ ڕاگەیەنرا و بەم شێوەیە دەستووری شاهانە هەڵوەشایەوە، هەروەها گفتوگۆیەکی بوێرانە دەربارەی مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی پارێزگاکاندا دەستیپێکرد، سەرەڕای ئەوەی بە دروشمی پشتیوانی ژنان هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام جەمال عەبدول ناسر دانی بە مافە سیاسییەکانی ژنان نەناوە و بە تایبەتی مافی دەنگدانیان تا ئەو کاتەی دوریە شەفیق و چالاکوانانی ژنانی هاوڕێکانی مانیان لە خواردن گرت.
مافەکانی ژنان بەپێی ئایدۆلۆژیای دەوڵەت
بووە هۆی ناکۆکی گەورە و بنەڕەتی لە نێوان جەمال عەبدول ناسر، سەرۆکی وڵات و ئیخوان موسلیمین(برایانی موسڵمان) لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە پرسی ئازادی ژنان، ئیخوانەکان(برایان) داوایان لێکرد باڵاپۆشی بسەپێنێت وەک ئەوەی ئێستا لە ئێران هەیە، بەڵام ڕەتکرایەوە چونکە پێچەوانەی بنەماکانی شۆڕش بوو کە لەسەر بنەمای سۆسیالیستی دامەزراوە، لە بەرامبەردا، ئەنوەر سادات کە لە ساڵی ١٩٧٠ دەسەڵاتی گرتە دەست کاری کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیخوان موسلیمین(برایانیموسڵمان)، لە لیژنەی داڕشتنی دەستووردا، ژنان لە سوپا و پۆلیس و دادوەری دوورخراونەتەوە بەهۆی بەکارهێنانی وشەی پیاو بۆ هەر یەکێک لەم پیشانانە، واژوکردنی ڕێکەوتننامەی سیداو لە ساڵی ١٩٨٠ گۆڕانکاری زۆری بەسەردا نەهات، تەنها لە ساڵی ١٩٩٩ یاسای هاوسەرگیری قوربانی بە دەستدرێژیکەر هەڵوەشایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٤ مافی بەخشینی ڕەگەزنامەی دایک بە منداڵەکانیان درا.
توندوتیژی کۆمەڵایەتی
هەر لە ساتەوەختی لەدایک بوونیانەوە، کچێک لە میسر توشی پێشێلکاری دەبێت، بە هۆکار یان بێ هۆکار، سەرەتا بە خەتەنەکردنی مێینە دەست پێدەکات، دواتر پشکنینی کچێنی زەلیلکەری بۆ دەکرێت، جا لەلایەن خێزانەکەیەوە بێت، یان هاوژینی داهاتوی، یان تەنانەت دەوڵەت، لە نێوانیاندا ڕۆژانە توشی هەراسانکردن دەبێت و گەمارۆ دەدرێت بە هەژاری و پەراوێزخستن، پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان لە میسر دوای ڕووداوەکانی هەراسانکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە گۆڕەپانەکانی شۆڕش، هەروەها خەتەنەکردنی مێینە (FGM) کە تا ئەم دواییانە نەریتێک بووە کە تایبەتمەندی کیشوەری ئەفریقا بووە لەسەر حسابی جەستە و ژیانی ژنان.
میسر سەرکەوتو بووە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی خەتەنەکردن، پێشتر بەرزترین ئاستی جیهان بووە، کە ئەمەش بەهۆی سزای توندتر و چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە، لەگەڵ هەوڵەکان لە ساڵی ٢٠٠٨دا دەستیان پێکرد کاتێک یاسایەک دەرکرا کە ئەو کردارەی بە تاوان ناساند.
دەردێکی تر کۆمەڵگەی میسری وێران دەکات کە هەراسانکردن نیشان دەدرێت، لە ساڵی ٢٠٠٨، توێژینەوەیەکی ناوەندی میسری بۆ مافەکانی ژنان دەریخست کە لە ٪٨٣ ی ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە، ئەم توێژینەوەیە تا ڕادەیەک کۆنە، بەڵام هیچ ئامارێکی تازە نییە، شایانی باسە لە ساڵی ٢٠١٤ وڵاتەکە یاسایەکی دەرکرد کە ئەمە بە تاوان دەناسێنێت، لە کاتێکدا پشکنینی کچێنی بەربڵاو نەبوو و تەنها لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی و دەستدرێژی سێکسی ئەنجام دەدرا، بەڵام ڕژێمی پێشوی میسر پشکنینی کچێنی بەکارهێنا بۆ هەڕەشە کردن لە ژنانی ئۆپۆزسیۆن و ناچارکردنیان بۆ گۆڕینی هەڵوێستی سیاسییان لە شۆڕشی ٢٠١١.
لە نێو ئەو پێشێلکاریانەی کە دژی ژنانی میسری ئەنجام دەدرێن، تاوانی شەرەف، هاوسەرگیری داب و نەریتی و زۆرەملێ، هاوسەرگیری منداڵ، جیابوونەوەی ئارەزوومەندانە و جیابوونەوەی بێدەنگ، ژنانی کریستیانی لە دۆخێکی باشتردا نین، بەو پێیەی گەورەترین ئازاریان لە بێتوانای جیابوونەوەیاندایە و ژنانی هەموو ئایین و پێکهات٤کان ڕەشبگیری دەکرێن بۆ ئەوەی دەستبەرداری نەفەقە ببن.
ئەمڕۆ بزووتنەوەی ژنان لە کوێیە؟
بزووتنەوەی ژنانی میسری یەکێکە لە کۆنترین بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی عەرەبی بە گشتی، لە سەرەتای سەدەی ڕابردوەوە لەلایەن هودا شەعراوی، چالاکوانی ناسراو سەرکردایەتی دەکرا، بەشداری ژنان لە شۆڕشەکاندا خاڵێکی گرنگ بوو بۆ سەلماندنی خۆیان لە کۆمەڵگەی میسردا، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، کە میسر یەکەم وڵات بوو لە ساڵی ١٨٩٨ یەکەمین گۆڤاری ژنان لە ناوچەکەدا بە ناوی "الفتاة"(کچ) بڵاوکردەوە، دوابەدوای ئەوە چەند گۆڤارێک دەرچوو، وەک "فتاة الشرق"(کچی ڕۆژهەڵات)لە ساڵی ١٩٠٦، پاشان "الجنس اللطيف"(ڕەگەزی نەرم) لە ساڵی ١٩٠٨.
دەستکەوتەکانی ژنان زۆرن و هاندانەکانیش جۆراوجۆرن، کە خراپبوونی بارودۆخی ژنان لە بیابانی فەیوم هێزێکی پاڵنەر بوو بۆ مەلیک حەفنی ئەلنەساوی، چالاکوانی ژنان لەلایەکی دیکەوە دوریە شەفیق خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی ڕۆشنبیرییە و تا ئەوپەڕی ڕادەیە داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکات لە ساڵی ١٩٠٨ لەدایک بووە، لە ساڵی 1945 گۆڤاری "بنت نیل"(کچی نیل) ی دامەزراند کە یەکەم گۆڤاری ژنانی عەرەبی بوو بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژنان، هەروەها پارتی سیاسی "بنت نیل" دامەزراند و لە ساڵی ١٩٥١ سەرکردایەتی خۆپیشاندانێکی دژی داگیرکاری بەریتانیا کرد و هێرشی کردە سەر ئەنجومەنی نوێنەران و داوای چوونە ناو ژنان بۆ پەرلەمان کرد.
هەرچەندە سیستەمی دەوڵەت کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر بزووتنەوەی ژنان سەپاند، لە دوای شۆڕشی ئەفسەرانی ئازاد لە ساڵی ١٩٥٢ و تا ئەمڕۆش بەردەوامە و هەموو ڕێکخراوەکانی ژنانی بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دەبەستێتەوە، داواکاری ژنان بۆ هەموارکردنی یاسا لە یاسای باری کەسیدا بە گوێی قبوڵ نەکراوە، فشارێک لەسەر ژنان هەیە و چالاکوانان پێویستیان بە مۆڵەت هەیە بۆ ڕێکخستنی چالاکی هۆشیاری و تەنانەت خێرخوازی، لە دوای ساڵی ١٩٩٩، کاری ژنان بە شێوەیەک داڕێژرا کە گونجاو بێت بۆ هەر ڕژێمێک کە هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام ئەوان فشاریان خستە سەر زۆر بابەت و توانیان گۆڕانکاری گەورە بهێننە کایەوە، وەک یاساکانی دژی هەراسانکردن و خەتەنەکردنی مێینە.
"شۆڕش سەری ڕژێمی لابرد بەڵام جەستەی بەجێهێشت"
نەوال سەعداوی، چالاکوانی دیار هەمیشە باسی لە پەیوەندی نێوان ئابووری و کۆیلەکردنی ژنان کردوە و ڕەخنەی لە سیستمی سیاسی گرتوە، بە توندی ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا، وتی: هەموو سیستەمێکی سیاسی ئایین بە ئارەزووی خۆی لێکدەداتەوە، بۆیە دوای شۆڕشی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ ڕایگەیاند، کە سەرۆکی سیستەمەکەمان لابردوە، بەڵام جەستەی هێشتا ماوە، هەروەها لە چاوپێکەوتنێکی تردا، وتی: ژنان ناتوانن ئازاد بکرێن لە کۆمەڵگەیەکدا کە ملکەچ و کۆیلە بێت بۆ هێزە سەرمایەدارییەکانی ڕۆژئاوا.
ئەو ژنانەی کە بە توندی بەشداری خۆپیشاندانەکان بوون، هەڵگری داواکاری هاوڵاتیان بوون و هیچیان بۆ پرسەکانی خۆیان تەرخان نەکرد، ئەوان بێ ئاگا بوون لە مەترسییەکانی دەسەڵاتی ئیخوان موسلیمین(برایانی موسڵمان) کە دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات دەستی کرد بە تێکدانی مافەکانی ژنان، بۆیە ئەنجومەنی دەستووری ساڵی ٢٠١٢ بێ هیوا بوو، نوێنەرایەتی لاوازی ژنان و لەدەستدانی زۆرێک لەو دەستکەوتانەی کە ساڵانێک بوو بۆی خەباتیان کردبوو، هەروەها زۆر لایەنی کۆمەڵگەی میسر دەستیان کرد بە دەرکەوتن، لە ئامانجکردنی ڕەگەزەوە تا پەراوێزخستن، ئەمەش بووە هۆی دوورخستنەوەی سەرۆک لە ٣ی تەمووزی ٢٠١٣.
وەک کاردانەوەیەکی سروشتی، ژنان بە ژمارەیەکی زۆر بەشدارییان لە ڕیفراندۆمی دەستوری ساڵی ٢٠١٣ کرد، کە پشتگیری لە مافەکانی ژنان کرد بە بەراورد بە پێشو، یەکێک لە بڕگە هەرە گرنگەکانی تێدا بە تاوان ناساندنی هەڵاواردنی ڕەگەزی بوو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەڵام عەقڵیەتی پیاوان دوای ٥ هەزار ساڵ هەژموون بە ئاسانی بنبڕ ناکرێت، بۆیە سەیر نەبوو کە لیژنەی پەنجا کەسی ڕەتیکردەوە کە پشکی بەهەموو شێوەکانی لە ئەنجومەنی پەرلەمان پەسەند بکات، سەرەڕای پێداگری ژنان لەسەر جێبەجێکردنی، و ڕازی بوو بە پەسەندکردنی پشکێک لە ئەنجومەنی ناوخۆی هەڵبژێردراودا بە ڕێژەی تەنها چارەکێک بوو.
"هەژاری ژنان دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەمی توندوتیژی"
ئابوری میسر لەم ساڵانەی دواییدا گرژ بووە و هەرواش بەردەوامە و هاوڵاتیانی بوونە قوربانی سەرەتای بۆ هەر پاشەکشەیەکی ئابووری، ژمارەی دانیشتوانەکەی کە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کەسە، تا ڕادەیەکی زۆر توشی قەیرانی هەژاری و بێکاری بوون، کە ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان زیاد دەکات، هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانەکانە، گوندەکان بە تایبەتی کەوتۆتە ژێر کاریگەرییەوە، ئەمەش وایکردوە خێزانەکان لە ناوخۆدا کۆچ بکەن بۆ شارەکان وەک دەرئەنجامی سروشتی دابەزینی کەرتی کشتوکاڵ، کە گەیشتوەتە دۆخێکی بێ وێنەی تێکچوون و دابەزین.
ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان هەژارن، بەتایبەت ژنانی گوندنشین کە بەبێ موچە کار لەسەر زەوی خێزانی دەکەن و دواتر یەک مەتر لەو زەوییە بە میرات ناگرن کە ژیانی خۆیان بۆ چاندن تەرخان کردوە، زۆرێک لەوانەی کە لە پیشەسازی دەستی و بازرگانیدا کاردەکەن، موچە وەرناگرن، ژنان لە ٣٠%ی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن کە بەدەست سیاسەتی هەژارییەوە دەناڵێنن، واتە نزیکەی ٣.٤ ملیۆن ژن.
نیگایەک بە هیوا
بێگومان ڕاستی بێ شکست نییە و هێشتا خەون و بیرۆکە و خواست و داواکاری بەدینەهاتو هەیە، بۆیە ڕێکخراوەکانی ژنان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە میسر کار دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و شکاندنی بێدەنگی سەبارەت بە کێشە و مافەکانی ژنان لەوانە یەکسانی و جیاکاری، هەروەها زۆرێک لە ژنانی میسر بەردەوامن لەو ڕێگایەی کە هودا شەعراوی دایناوە بۆ داهاتویەکی باشتر بۆ ژنان لە میسر، ئەوان بەردەوامن لە خەبات بۆ ڕاستیەکی باشتر و چەندین دەستکەوتیان بەدەستهێناوە لە ساڵانی ڕابردودا، بەتایبەت بەرزکردنەوەی هۆشیاری هاوڵاتیان سەبارەت بە مافەکانیان، پرسەکانی دادپەروەری و یەکسانی، ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و پێداویستییە ڕەواکانیان و ئەوانی تر، کە ئەمە خاڵێکی گرنگە لە بەرژەوەندی ئەواندا، هانی کۆمەڵگە دەدات کە بە ڕاستی وەریان بگرێت.