ژنان و قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا...لیبیا

توندوتیژی دژی ژنان لە لیبیا چیتر تەنها دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بووەتە ئاماژەیەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی پیاو و چەسپاندنی پلەبەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی، سیاسەت و یاسا باوەکان نەک هەر ڕادەستی ئەم توندوتیژییەن بەڵکو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یاساییان پێد

غەدیر عەباس

 

ناوەندی هەواڵ – توندوتیژی دژی ژنان ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە کۆمەڵگەی لیبیادا هەیە، لە دەرەوەی ماڵ و کۆمەڵگە درێژدەبێتەوە بۆ دۆزینەوەی پشتیوانی لە ئایدۆلۆژیا سیاسی و دامەزراوەییەکان لەسەر بنەمای جیاکاریی ڕەگەزی، ئەم جیاکارییە بووەتە پاساوێک بۆ توندوتیژی، لە کاتێکدا دابەشبوونی قووڵ لەناو پێکهاتەی دەوڵەتدا بووەتە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی ستەمکار کە ژنان بەزەحمەت خۆیان لێی دەرباز دەبن.

 

یاسا و سیاسەتە پارچەپارچەکراوەکان، کە بیرکردنەوەی پیاوسالاری تێدا زاڵن، کولتوورێکی توندوتیژییان بەرهەمهێناوەتەوە و ژنانی لە کایەی گشتی دوورخستووەتەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی توندڕەوی ئایینی و ڕەگەزی، ژنان ڕاکێشراون بۆ شەڕێک کە هی خۆیان نییە، تووشی جۆرەها توندوتیژی بوون، لە کاتێکدا دەوڵەت بە ڕێسای یاسایی گەمارۆیانی داوە و ئامادەیی کۆمەڵایەتی و سیاسییان سنووردار دەکات.

 

حاڵەتێکی پارچەپارچە و بێهیوایی

لە ساڵی ٢٠١١ەوە لیبیا نوقم بووە لە دووبەرەکی قووڵی سیاسی و ئاسایشیدا، دەسەڵات لە نێوان حکومەتە دژبەیەکەکان و گروپە چەکدارەکان و ئامێرێکی ئاسایشی شکاودا دابەشکراوە، لە ڕۆژهەڵات خەلیفە حەفتەر نموونەیەکی سەربازیی ڕەق دەسەپێنێت، لە ڕۆژئاواش حکومەتی ڕێکەوتنی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەبدولحەمید دبەیبە لە ژێر دەستی میلیشیاکاندا کاردەکات، ئەم پارچەپارچەبوونە، بێ سزایی کردووە بە شتێکی باو و وڵاتی گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانێک بۆ ململانێی نێودەوڵەتی و بازرگانی، لە ژێر ئەم هەلومەرجەدا توندوتیژی دژی ژنان بووەتە ئاماژەیەکی کۆنترۆڵکردن، لە کاتێکدا سیاسەتی خێڵەکی ژنان بە دڵسۆزییان پێناسە دەکات، ئەمەش وایکردووە دەستڕاگەیشتنیان بە دادپەروەری بە کردەوە دڵنیای بێت، لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم ستەمکارییە قەدەغەکردنی گەشت و هەڵمەتە ڕێکخراوەکانی چەواشەکاری ئۆنلاینە.

 

ژن لە نێوان ئاوارەبوون و بەرخۆدان

کارەساتی ژنان لە دڵی ململانێ و دووبەرەکییەکاندایە، لە دوای ڕووخانی ڕژیمەوە ژنان ڕووبەڕووی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ بوونەتەوە لە شارەکانی وەک تاوەرغا، مرزوق و سەبها، کە هەزاران بنەماڵە تووشی لەدەستدانی شوێنی مانەوە و ئاسایش بوون، بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران، ژمارەی ئاوارە و کۆچبەرانی ناوخۆ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ زیاتر لە ٨٥٨ هەزار کەس بەرزبووەتەوە، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو زیادیکردووە، ژنان و منداڵان نزیکەی ٢٢٪ی ئەم ژمارەیەیان پێکهێناوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سستییان، سەرەڕای ئەمەش ژنانیش بێهیوا نەبوون،  ئەوان بەشدارییان لە هەوڵەکانی نێوەندگیری لە نێوان خێەکان و گروپە چەکدارەکاندا کردووە و پشتگیری دەروونی کۆمەڵایەتییان پێشکەش بە ئاوارەکان کردووە، ئەمڕۆ دەنگیان بەرز دەکەنەوە و داوا دەکەن بەشداری چالاکانەیان بەشێکی سەرەکی بێت لە هەموو پڕۆژەیەکی سەقامگیری نیشتمانی.

 

پەرەسەندنی توندوتیژی لە لیبیا

لەگەڵ پارچەپارچەبوونی لیبیا بەدرێژایی ساڵان بۆ بوارە کێبڕکێکارەکانی کاریگەری، توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی بووەتە یەکێک لە دیاردەکان کە زۆرترین چاوپۆشی لێدەکرێت و پەرەی سەندووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لەناو ماڵ و شەقام و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و کامپەکاندا، پێویاستیەکانی سیاسی و ئاسایشی دەوڵەت لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە دوورکەوتوونەتەوە، لەگەڵ گۆڕانی بەردەوامی هاوسەنگی هێز، ژنان و منداڵانی کچ قورسایی ئەو ناسەقامگیرییە لە ئەستۆ دەگرن، نەبوونی چوارچێوەیەکی دەستوری بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و سزادانی ئەنجامدەرانی توندوتیژی دۆخەکە خراپتر دەکات.

 

شایەتحاڵی مەیدانی و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە توندوتیژی چیتر لە فۆرمە تەقلیدییەکانیدا قەتیس نەماوە، بەڵکو نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی و ناکۆکی خێزانییەکانی تێپەڕاندووە بۆ ئەوەی شێوازی ئاڵۆزتر وەربگرێت، داڕمانی ئامێری ئاسایشی و تاوانەکانی گروپە چەکدارەکان و فشارەکانی قەیرانی ئابووری هەموویان بەشدار بوون لە پەرەسەندنی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و سێکسی دژی ژنان، زۆرجار ئەم کارانە بە بیانووی "تایبەتمەندی خێزان" ڕەوا دەبینرێن، لە کاتێکدا زۆرێک لە ڕزگاربووان لە ترسی چەواشەکاری کۆمەڵایەتی بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

 

پێوەرە نیگەرانکەرەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٥

ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن ناوەندی زانیاری و بەڵگەنامەی وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگای ڕۆژهەڵات بڵاوکراونەتەوە، ئاستی مەترسیدار لە توندوتیژی ئاشکرا دەکەن، کە نەک تەنها ژنان بەڵکو کاریگەری لەسەر پیاوان و منداڵانیش هەیە، لە سێ مانگی ڕابردوودا ئەمانەی خوارەوە تۆمارکراون: ٢٨ مردنی نهێنی، ١٢٧ کوشتنی بە ئەنقەست، ٣٣ کوشتنی زیادە، ٧ کەیسی ڕاپۆرتکراوی دەستدرێژی سێکسی بۆ منداڵان، ٢٦ ڕفاندن.

 

ژمارەی کەیسەکانی "دەستدرێژی جەستەیی ڕاستی" گەیشتە ٢٢٤ کەیس، لەکاتێکدا ١٦١ کەیسی "دەستدرێژی جەستەیی لاواز" بووە، سەرەڕای داوای ڕوونکردنەوە سەبارەت بە پێناسەکردنی ئەم پۆلانە و ئاماری جیاواز بۆ ژنان، ناوەندەکە ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی کەشوهەوای نهێنی و ناڕوونییە لە دەوری داتا فەرمییەکان.

 

توندوتیژی ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهاتەی خێزاندا هەیە

بەدواداچوون بۆ کەیسە تاکەکەسییەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە توندوتیژی هەمیشە بە کردەیەکی جەستەیی ڕاستەوخۆ دەست پێناکات، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیدا هەیە کە ڕۆڵی نەریتی بەرهەم دەهێنێتەوە و باڵادەستی پیاو لە لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ڕۆژانەدا یاسای پێ دەدات، ئەم تێکەڵبوونەی هۆکارە کولتووری، ئابووری و سیاسییەکان، چارەسەرکردنی توندوتیژی دەکاتە ئەرکێکی ئاڵۆز کە پێویستی بە چاکسازی گشتگیر هەیە، لەوانە: پەرەپێدان و جێبەجێکردنی توندی یاسا، دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری کۆمەڵایەتی فراوان، بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی دەروونی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ئەو دامەزراوانەی کە توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ تاوانباران هەیە بە شێوەیەکی پیشەیی.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا پێشکەشی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن دژی ژنان کراوە، بڵاوبوونەوەی پێشێلکارییەکان و نەبوونی چوارچێوەی یاسایی کاریگەر ژنان لە لیبیا دەخاتە نێو گروپە هەرە لاوازەکان لە سەرانسەری هەموو ناوچەکاندا.

 

توندوتیژی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن

لیبیا خاڵی گواستنەوەی سەرەکییە بۆ کۆچبەران و پەناخوازان، کە زۆرێکیان ڕووبەڕووی مەترسییەکانی توندوتیژی و چەوساندنەوە دەبنەوە، بەتایبەتی ژنان و منداڵانی کچ، توندوتیژی دژی پەنابەر شێوەی دەستدرێژی و دەستدرێژی سێکسی و دەستدرێژی دەروونی و سۆزداری دەگرێتەبەر، دەستدرێژی سێکسی بەزۆری ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، ژنانی پەنابەر و کۆچبەر زۆرجار لەلایەن کۆمەڵێک تاوانبارەوە تووشی چەندین جۆری توندوتیژی سێکسی دەبن، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی فرانتەیشناڵی ئەم گروپانە، کۆکردنەوەی زانیاری گشتگیر لەسەر ئەو توندوتیژیانەی کە ژنان و منداڵانی کچی کۆچبەر ئەزموونی دەکەن، دەتوانێت زۆر چالاک بێت.

 

لە پشت دیواری ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە لیبیا کارەساتە بێدەنگەکان دەکرێتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بوونی ئەو تەرمانەی کە نیشانەی ئەشکەنجەیان لەسەر بووە لە گرتووخانەکانی تەرابلسدا بەڵگەدار کردووە، لەگەڵ بەڵگەکان ئاماژەیان بە پراکتیزەیەکی سیستماتیکی توندوتیژی جەستەیی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کردووە، ئەم کارەسات و دۆزینەوانە جێگەی سەرسوڕمان نەبوون، بەڵکو ئەو شتانەیان پشتڕاستکردەوە کە شایەتحاڵەکان و ڕزگاربووان سەبارەت بە بارودۆخی نامرۆڤانەی دەستبەسەرکردنیان گێڕاویانەتەوە، کە ئەشکەنجەدان وەک ئاماژەیەکی کۆنترۆڵکردن و بێڕێزی کردن بەکاردەهێنرێت، لە ناوەندەکانی دیکەدا، بە تایبەتی ئەوانەی بۆ کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە، شایەتحاڵی دەستدرێژی، کاری زۆرەملێ و زەوتکردنی دارایی زۆرن.

 

حوکمڕانی یەک پیاو

لیبیا چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیری نییە کە باس لە توندوتیژی ڕەگەزی بکات، سەرەڕای بەڵێنەکانی دووبارە بۆ چاکسازی لە سیستەمی یاساییدا، بەڵام یاساکانی تا ئێستاش بێ توانان لە پاراستنی ژنان و لە ڕاستیدا هەڵاواردن بەردەوام دەکات و ڕێگری لە دادپەروەری دەکات، ڕەشنووسی یاسای ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، هێشتا وەستاوە، لە کاتێکدا یاساکانی ئێستا کەلێنی ڕاستی ئاشکرا دەکەن.

 

یاسای لیبیا دەستدرێژی بە "هێرشکردن بۆ سەر شەرەف و ڕەوشت" پێناسە دەکات، پێناسەیەک کە تاوانەکە بچووک دەکاتەوە بۆ چوارچێوەیەکی ڕەوشتی، بە پشتگوێخستنی پێشێلکردنی ناوەندی جەستەیی و شکۆمەندی مرۆڤ، جگە لەوەش یاساکە دان بە دەستدرێژی هاوسەرگیریدا نانێت، بەمەش یەکێک لە باوترین جۆرەکانی توندوتیژی خێزانی یاسای پێدەدرێت، لەوەش خراپتر، ڕێگەدان بە تاوانبار بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ زیانلێکەوتووەکە، بێ سزای پێدەبەخشێت و یاساکە دەگۆڕێت بۆ ئاماژەیەک بۆ بێدەنگکردنی ژنان و ناچارکردنیان بۆ ئاشتەوایی ناچاری.

 

ئەم کەلێنانە نەک هەر کەموکوڕیەکانی یاسادانان ئاشکرا دەکەن، بەڵکو سیستەمێکی یاسایی ئاشکرا دەکەن کە ناوبانگی پیاوێک لە پێشینەی مافەکانی ژنان دادەنێت و ژنان بەرەوڕووی توندوتیژی زیاتر دەهێڵنەوە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژنان بە ئەزمونەکانیان دەزانن، زۆرێک لە ترسی چەواشەکاری کۆمەڵایەتی ناچارن بێدەنگ بن جگە لەوەش، ناوەندەکانی پشتیوانی ژنان بە کردەوە بوونیان نییە و میکانیزمەکانی پشتیوانی دەروونی و یاسایی ڕوون نین.

 

توندوتیژی دژی ژنان تەنها لە کایەی تایبەتدا قەتیس نییە، بە شێوەیەکی ئاشکرا و سیستماتیک لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئەلکترۆنیەوە پراکتیزە دەکرێت، کە هەڵمەتی چەواشەکاری و ڕەشبگیری بۆ تیرۆرکردن و ژێردەستەیکردنی ژنان بەکاردەهێنرێت، سەرەڕای پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاساکان لە کۆنگرە ئەکادیمییەکان و سیمینارەکانی پەرلەمانیدا، بەڵام زۆرجار ئەم هەوڵانە تەنها بە تیۆری دەمێننەوە، دابەشبوونە سیاسییە قووڵەکان ڕێگری لە پەسەندکردنی هەموو یاسایەکی کاریگەر دەکەن، لە کاتێکدا پشتیوانی نێودەوڵەتی زۆرجار وەک ڕاوێژکاری دەمێنێتەوە، چونکە سنووردارە بە ڕاسپاردەکان.

 

ئایینداری و زیادبوونی سنووردارکردنەکان

دەسەڵاتدارانی ئایینی و سیاسی لە لیبیا نەک تەنها ڕێگریان لە پەسەندکردنی یاساکانی مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان نەکردووە، بەڵکو بە دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی ناشرینکردن و دەرکردنی فتوای سنووردارکردن زیاتریش ڕۆیشتوون، لە دیارترینی ئەو فەتوایانە، فەتوایەک بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن دار الإفتاء "ماڵی فەتواکان"ەوە دەرچووە، کە بەکارهێنانی دەستەواژەی "ڕەگەز"ی قەدەغە کردووە بە بیانووی پێچەوانەی بەها ئایینییەکان.

 

لە ژێر فشاری ئەو ڕەوتانەدا، واژۆکردنی پلان بۆ داڕێژراوی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی کاروباری ژنان و ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە مەبەست لێی چالاککردنی کارنامەی ژنان و ئاشتی و ئاسایش بوو هەڵوەشایەوە، بەم شێوەیە فشارە ئایینی و سیاسییەکان بوونە ئامرازێک بۆ پووچەڵکردنەوەی هە،موو هەوڵێک بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یاسایی یان دامەزراوەیی کە بەشداری ژنان بەرز بکاتەوە و مافەکانیان بپارێزێت، کەلێنی نێوان ڕیتۆریکی فەرمی و ڕاستی زیندوو قووڵتر کردەوە.

 

جگە لەوەش بڕیارەکەی عیماد تەرابوڵسی، وەزیری ناوخۆی "حکومەتی یەکێتی نیشتمانی"ی کاتی لیبیا، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، گفتوگۆیەکی بەرچاوی لە لیبیا بەدوای خۆیدا هێنا، داوای سەپاندنی باڵاپۆشی بەسەر ژنان و قەدەغەکردنی تێکەڵبوونی ڕەگەزی لە شوێنی گشتیدا، بە بیانووی "دامەزراندنی بەهاکانی ڕەوشت" لە کۆمەڵگەی لیبیادا، هەروەها داوای چالاککردنی هێزێکی پۆلیسی ڕەوستی لە شەقامەکان و لێپێچینەوە لە هەر ناوەڕۆکێکی نەشیاو لە ماڵپەری تۆڕی کۆمەڵایەتی دەکات.

 

سەرچاوەی پۆلیسی ڕەوشتی لە لیبیا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانی موعەمەر قەزافی، کە هێزێکی ئاسایشییە کە لە ژن و پیاو پێکهاتووە ئەرکی چاودێریکردنی ڕەفتاری گشتی و دڵنیابوونە لە پابەندبوونی تاکەکان بە نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی و ئایینی پەسەندکراو، سەرەڕای لاوازی ئەم ئامێرە ئاسایشیە و بەڕێوەبردنی لە لایەن کەسایەتییە کۆنەپەرستەکانەوە، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان چەند ساڵێکە بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ زیندووکردنەوەی.

 

ئەم بڕیارانە بێ بنەمای یاسایین و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ پێکدەهێنن، هەروەها ئازادییە بنەڕەتییەکانی وەک ئازادی جووڵە و ئازادی هەڵبژاردنی جل و بەرگ تا ئەو کاتەی کە لەگەڵ ڕێکخراو و ڕەوشتی گشتیدا ناکۆکی نەبن، مسۆگەر دەکرێن، جگە لەو کەیسانەی کە بە ڕوونی یاسایەکی تایبەتی جل و بەرگ دیاری کردووە، وەک جل و بەرگی خوێندنگە یان جلوبەرگی دامەزراوە تایبەتەکان.

 

هەڵبژاردنی ٢٠٢٥... ژنان چییان بەدەستهێناوە؟

ساڵانێکە پرسی بەشداری ژنانی لیبیا لە ژیانی سیاسیدا بووەتە جێی گفتوگۆیاکی بەرفراوان، بەتایبەتی دوای خستنەڕووی سیستەمی کوتا لە یاسای "سیستەمی هەڵبژاردن" لە پەرلەمانی لیبیا، لە یاساکەدا هاتووە کە لە کۆی ٢٠٠ کورسی ٣١ کورسی بۆ ژنان تەرخان بکرێت کە لە ١٦٪ زیاتر نابێت، ئەم دابەزینە لە کوتای پێشوو "٣٠٪" نوێنەرایەتی نادادپەروەرییەکی ڕوون بوو بۆ ژنانی لیبیا، کە ئاواتەخوازی ئامادەبوونی زیاتر بوون لە بڕیاردان.

 

کاتێک سیستەمی کوتاکان بۆ یەکەمجار هاتە ئاراوە، ئامانجی ڕاگەیەندراو مسۆگەریکردنی بەشداری ژنان بوو لە پەرلەمان، بەڵام کەمکردنەوەی کوتاکە بەرخۆدانی ناوخۆیی لە بەرامبەر بیرۆکەی بەهێزکردنی ژنان و خواستی هێشتنەوەی ئامادەبوونیان بە سنووردار و زیاتر ئاماژەیی نەک ماددی ئاشکرا کرد، زۆرێک لە چالاکوانان ئەم سیستەمەیان بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان پێناسە کرد، چونکە دەرفەتێکی دادپەروەرانەیان پێ نادرێ کە هاوبەشی تەواو بن لە پرۆسەی سیاسیدا.

 

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥دا ژنان ڕێژەیەکی کورسییان دەستەبەر کرد کە نزیک بوو لە کەمترین پشک، کە نزیکەی ١٦٪ی کورسییەکانی پەرلەمان بوو، ئەمەش بەو واتایەیە کە کۆتا فاکتەری یەکلاکەرەوە بوو بۆ دەستەبەرکردنی بوونی ژنان لە پەرلەمان، بەڵام لە هەمان کاتدا خواستەکانیان سنووردار کرد، ئەمەش وایکرد کە بە شێوەیەکی بەرچاو لەم ڕێژەیە تێپەڕێنن، کە نوێنەرایەتی ژنانی لە پەرلەمان تاڕادەیەکی زۆر ئاماژەین کرد.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی یەکێتیی نێوان پەرلەمانەکانی ساڵی ٢٠٢٥، لیبیا لە پلەی ١٣٩هەمی جیهاندایە لەڕووی ڕێژەی ژنان لە پەرلەماندا، کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە، ئەم ڕیزبەندییە نەک هەر ڕەنگدانەوەی کەمی بەشداریکردنە، بەڵکو شکستهێنانی بە ئەنقەستە لەلایەن دەوڵەت لە دوورخستنەوەی سیاسی لە ڕووی سیاسییەوە ئاشکرا دەکات، کە بوونیان لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا تەنیا ئاماژەین و سنووردار دەهێڵێتەوە، دوور لە هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینە.

 

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥ پشتڕاستی کردەوە کە سیستەمی کوتا لە لیبیا بەم شێوەی ئێستای، تەنها هەنگاوێکی کوتا بەرەو بەهێزکردنی ژنان نیشان دەدات، لە هەمان کاتدا هەڵاواردن و هێشتنەوەی ژنان لە پێگەیەکدا کە کەمتر شایستەن لەوەی کە مافی خۆیانە، ئەوەی لیبیا پێویستی پێیەتی تەنها کورسی یەدەگ نییە، بەڵکو ئیرادەی سیاسی ڕاستەقینەیە کە دەرگا بۆ ژنان دەکاتەوە بەشێکی دانەبڕاو بن لە بڕیاردان، هاوتەریب لەگەڵ ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگە و \یانلێکەوتووەکانیان لە کاتی ململانێ و گواستنەوەدا.

 

دەسەڵاتی چەک لە پێش یاساوەیە

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا زۆرێک لە ژنانی لیبیا سەریان سوڕما لە ڕێکارە نوێیەکانی دەروازەکانی فڕۆکەخانەکان، ئەوە تەنها گەڕانێکی ڕۆتینی یان پشکنینی پاسپۆرت نەبوو، بەڵکو شێوازێکی تایبەت بوو کە هەموو ژنێک بەبێ سەرپەرشتیاری پیاو گەشت بکات، پێویست بوو پڕیبکاتەوە، هۆکاری گەشتەکەی بە تەنها و ژمارەی ئەو جارانەی پێشتر وڵاتی بەجێهێشتووە، ڕوون دەکاتەوە، هەروەها دیار بوو ئازادی جووڵە کە ڕاگەیاندراوی دەستووری لیبیا مسۆگەری کردووە، بووەتە مەرجدار و بەهۆی کۆمەڵێک پرسیارەوە سنووردار کراوە کە لەلای پیاوان ناکرێ.

 

لە فڕۆکەخانەی میتیگا لە تەرابلوس کە بۆ یەکەمجار ئەم ڕێوشوێنانە جێبەجێ کران، دیمەنەکان زۆر ئاشنا بوون، چالاکوانانی مافی ژنان، ڕۆژنامەنووسان و خوێندکارانی زانکۆ لە ڕیزی درێژدا وەستابوون، بەڵگەنامەی فەرمییان بەدەستەوە بوو، ڕووبەڕووی ئەو کارمەندانە بوونەتەوە کە داوای وردەکاری کەسییان دەکرد کە پەیوەندییان بە گەشتەکەوە نییە، هەندێکیان ڕێگرییان لێکرا کە بڕۆن، هەندێکی تریش ناچاربوون گەشتەکانیان دوابخەن یان ڕێگای جێگرەوە بدۆزنەوە، لەگەڵ درێژکردنەوەی سنووردارکردنەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی دیکەی ڕۆژئاوای لیبیا، کە بووە پرسێکی گشتی و گفتوگۆیەکی بەرفراوانی لە ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان و لە ماڵپەڕەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بەدوای خۆیدا هێنا.

 

ئەو چالاکوانانە کە پشت بە گەشت دەبەستن بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان یان بەشداریکردن لە بەرنامەکانی خولی پەروەردە، خۆیان بینیەوە کە ڕووبەڕووی بەربەستێکی نوێ بوونەتەوە مەترسی لەسەر کاری مەدەنییان دروستکردووە، ئیتر تەنها زەحمەتییەکی لۆجستی نەبوو، بوو بە پەیامێکی ڕوون کە بوونی ژنان لە کایەی گشتیدا، تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتیش، کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی توندەوە.

 

ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ڕێوشوێنەکانیان بە جیاکاری و سەرکوتگەرانە پێناسە کرد و جەختیان لەوە کردەوە، کە دەستووری لیبیا و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن کە ئازادیی هاتوچۆ و جیاکاری نەکردن مسۆگەر دەکەن، لە بەرامبەردا هەندێک لە دەزگا فەرمییەکان هەوڵیان دا ئەم کارانە وەک "ڕێوشوێنی ڕێکخراوەیی" پاساوی پێ بدەنەوە، بەڵام ئەم پاساوهێنانە نەیتوانی هاوڵاتیان ڕازی بکات و لەبری ئەوە توڕەیی گشتی زیاتر بوو.

 

لە لیبیا ئازادی هاتووچۆ و گەشتکردن ئیتر مافێک نییە کە تەنها بە یاسا مسۆگەر کراوە، بەڵکو وابەستەی دەسەڵاتی چەک و ئەو بڕیارە ئاسایشییانەی دەسەڵاتدارانی کۆنترۆڵکردنی خاکەکە سەپێنراون، ئەم ڕاستیەش هاوڵاتیان و بەتایبەت ژنان ناچار دەکات بەرگەی ئەو پراکتیزە ڕۆژانەیانە بگرن کە ئازادییەکانیان بەرتەسک دەکەنەوە و مافەکانیان سەرکوت دەکەن.

 

بە ئامانجگرتنی چالاکوانان... توندوتیژی درێژدەبێتەوە بۆ ناو کایەی گشتی

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هێرشەکان دژی ژنانی چالاکوانان لە لیبیا وەرچەرخانێکی بەرفراوانتری بەخۆیەوە بینیوە، ئیتر ئەوان تەنها هەراسانکردنی کارگێڕی یان کۆمەڵایەتی نین، بەڵکو پەرەیان سەندووە بۆ زنجیرەیەک پێشێلکاری سیستماتیکی لەوانە کوشتن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، ئەم پراکتیزانە نەک تەنها ژنانی ئاسایی، بەڵکو ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارە دیارەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کردۆتە ئامانج، ئەمەش وایکردووە شوێنی گشتی لە لیبیا تادێت مەترسیدارتر بێت بۆیان.

 

چیرۆکەکان زۆرن، کەیسی ژنە دیارەکان تا ئێستاش بە نهێنی پۆشراوە، وەک دۆسیەی سوهام سرقیوە، پەرلەمانتاری لیبیا کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە ماڵەکەی خۆی لە بنغازی بێسەروشوێن بووە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە، سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ساڵ، دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەریان نەگرتووەتەبەر بۆ دیاریکردنی شوێنی ئەو ژنە یان لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە دیارنەمانی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەردەوامی بێ سزای و لەکارکەوتنی میکانیزمەکانی دادپەروەری نیشتمانیە.

 

لە کەیسەکانی تریشدا چالاکوانان و سیاسەتمەداران لە ڕۆژێکی ڕووناکدا کوژراون، وەک سەلوا بوقعیقیس کە بەهۆی بۆچوونە ڕاشکاوەکانییەوە تیرۆرکرا، بووەتە ئاماژەی قوربانیدان، ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەم، خەنسا موجاهید، دیزاینەرو چالاکوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لیبیا، دوای ئەوەی لە کاتی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە ناوچەی سیراج لە ڕۆژئاوای تەرابلوس، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا، هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ڕاستی دەستی پێنەکرا، وەک ئەوەی خوێنی ژنان مسۆگەری دادپەروەری نەکات، ئەم بێدەنگییە فەرمییە، یان سستە لە بەدواداچوونی تاوانباران، پەیامێکی نارد کە بە ئامانجگرتنی ژنان لە کایەی گشتیدا دەتوانێت بێ سزا بمێنێتەوە.

 

توندوتیژییەکان تەنها لە کایەی گشتیدا سنووردار نەبوون، بەڵکو درێژ بووەوە بۆ بواری دیجیتاڵی، زۆرێک لە چالاکوانان بە شێوەی ئۆنلاین پەیامی هەڕەشەئامێزیان پێگەیشت، هەڵمەتی چەواشەکاری ڕێکخراویان بۆ کرا، یان هەژمارەکانیان هاک کرا، ماڵپەڕە دیجیتاڵییەکان کە سەردەمانێک شوێنی دەربڕین بوون، بەم شێوەیە بوونەتە گۆڕەپانێکی نوێی توندوتیژی کە بۆ بێدەنگکردن و ترساندنی ژنان بەکاردەهێنرێت.

 

لە بەرامبەر ئەم ڕاستیەدا، زۆرێک لە ژنان خۆیان لەبەردەم دوو هەڵبژاردەی سەختدا بینیەوە، کشانەوە لە کایەی گشتی بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و پارێزراوی خێزانەکانیان، یان بەردەوامبوون لە خۆڕاگری سەرەڕای مەترسییەکان، تەنانەت پەنا بۆ دەربەدەری بۆ درێژەدان بە خەباتەکانیان، لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە بە ئەنقەستانە، گۆڕەپانی سیاسی و مافی مرۆڤ تاڕادەیەکی زۆر بێبەش بووە لە دەنگی ژنانی کاریگەر و بە شێوەیەکی ڕاستی دیموکراتیک و مافی مرۆڤ لە لیبیا سست بووە.

 

هەر بێسەروشوێنکردنێک، تیرۆرکردنێک، یان هەڕەشەیەک گورزێکی نوێیە لە مافی بەشداریکردنی ژنان و پەیامێکە کە کایەی گشتی لە لیبیای لە مەترسی هێشتۆتەوە، سەرەڕای ئەوەش، ئیرادەی چالاکوانان بۆ درێژەدان بە خەبات، سەرەڕای هەڕەشەکان، وەک شایەتحاڵی بەهێزی ئیرادەی ژنان لە بەرامبەر توندوتیژی و جیاکاریدا دەمێنێتەوە.

 

ئامادەبوونی بەهێز لە کەرتە گرنگەکاندا

ژنان وەک هێزێکی کاری سەرەکی لە چەندین کەرتی گرنگدا دەرکەوتوون، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە بوونی ئەوان پەراوێز نییە، بەڵکو پێویستە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگە ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٥ ڕاستیەکی سەرنجڕاکێش ئاشکرا دەکەن، ٤٣٪ی ئەوانەی لە کەرتی پەروەردەدا کاردەکەن ژنن، لەکاتێکدا ڕێژەی ژنان لە کەرتی تەندروستیدا لە ٧٠٪ تێدەپەڕێت، کە لەم بوارەدا لە پیاوان زیاترە، ئەم ڕێژانە ڕەنگدانەوەی تەنها بەشداریکردن نییە، بەڵکو ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ژنان بوونەتە بڕبڕەی پشتی ئەو کەرتانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانەوە.

 

لە خوێندنگە و زانکۆکاندا ژنان ئامادەیی بەرچاویان هەیە، نەک تەنها وەک مامۆستا، بەڵکو وەک کارگێڕ و توێژەر، ئەم ڕۆڵە ڕەنگدانەوەی متمانەی کۆمەڵگەیە بە توانایان بۆ سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و تیشک دەخاتە سەر بەشداریکردنیان لە داڕشتنی داهاتووی نەوەکانی داهاتوو، بەڵام ئەم ئامادەبوونە هەمیشە هاوتا نییە لەگەڵ بەهێزکردنی سیاسی یان کارگێڕی، چونکە زۆرجار پۆستە باڵاکان لە بواری پەروەردەدا لە دەستی پیاواندا دەمێننەوە.

 

ڕێژەی بەشداری ژنانی لیبیا لە بواری پەروەردە و تەندروستیدا ڕەنگدانەوەی هێزی شاراوە و ئیرادەی نەگۆڕە، بەڵام لە هەمان کاتدا، بۆشایییەکی ڕوون لە نێوان ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی سیاسیدا ئاشکرا دەکات، ژنانی لیبیا توانای خۆیان سەلماندووە بۆ سەرکردایەتیکردنی کەرتە گرنگەکان، بەڵام گەورەترین ئاڵەنگارە هێشتا وەرگێڕانی ئەم ئامادەییە بۆ نوێنەرایەتییەکی سیاسی و کارگێڕی دادپەروەرانە کە ڕەنگدانەوەی بەشدارییە بەرچاوەکانیانە لە کۆمەڵگەدا.

 

ناوەندی ئازادی ژنان: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک بەرامبەر دەوڵەتی باوکسالاری

ژنانی لیبیا لە نێو ئەو گروپانەدان کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی ئەو سنووردارکردنە یاساییانەی کە لە ژێر پەردەی "پاراستن" یان "کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی"دا سەپێنراون، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئەم کارانە بە هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مافە بنەڕەتییەکان و ئاماژەیەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی پیاو لە ڕێگەی ئامێری ئاسایشیەوە پێناسە دەکەن.

 

تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش شکستی هێناوە لە سنووردارکردنی کاریگەریی چەک، بە پێچەوانەوە، ئەنجومەنی ئاسایش لەم دواییانەدا هەندێک سنووردارکردنی بۆ هاوردەکردنی چەک بۆ لیبیا کەمکردەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی پەرەسەندنی چەکدارکردنی گروپە ڕکابەرەکانەوە دروستکرد، ئەم بڕیارە بە ڕوونی ئەوە ئاشکرا دەکات کە ڕێبازی باو لە لیبیا لەسەر بنەمای هاوسەنگی ئاسایشی و سەربازی دەمێنێتەوە، کە زۆر دوورە لە چاکسازی یاسایی یان ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ.

 

ئەزموونی لیبیا لێکچوونێکی بەرچاوی لەگەڵ دۆخی ژنان لە ئەفغانستان هەیە، لە کاتێکدا ڕەنگە ژنێک لە لیبیا لە خاڵێکی پشکنیندا بوەستێنرێت تەنها بەهۆی تێپەڕبوونی بەبێ سەرپەرشتیاری پیاو، لە کابول منداڵێکی کچ ناچار دەکرێت بورقا بپۆشێت بۆ ئەوەی بچێتە بازاڕەوە، سەرەڕای جیاوازیی نێوان ئەو دوو دۆخە، پەیامەکە وەک یەکە: جەستەی ژن و خودی بوونی بۆتە گۆڕەپانی شەڕ بۆ دەوڵەتی پیاوسالاری.

 

ئەم لێکچوونە دەبێتە هۆی دەرەنجامێک کە سنوورە نەتەوەییەکان تێدەپەڕێنێت، ژنکوژی تەنها دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی ئەو قەیرانانەیە کە ڕژێمەکان تووشی کێشە دەکەن، دەوڵەت و پێکهاتەکانی دەسەڵات بە سووتاندنی هەستی دژە ژن لەناو کۆمەڵگەدا بوونی خۆیان دەپارێزن، لێرەوە دەبێتە شتێکی بناغەی و جەخت لەوە بکەینەوە کە دەوڵەت خۆی لە دڵی توندوتیژی دژ بە ژناندایە.

 

تا ساڵی ٢٠٢٥ خەباتی ژنان لە دژی ئەو عەقڵیەتەی کە "دەوڵەتی پیاوسالاری" بەرهەمی هێناوە، پەرەدەسەنێت، چارەسەری ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئازاد و نوێنەرایەتی یەکسان، کە دان بە ناسنامەی ژناندا بنێت و مسۆگەری بەشداری چالاکانەیان بکات، سیستەمێکی دیموکراتی بە سەرۆکایەتی ژنان و لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە، توانای گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە بۆ شوێنێکی نوێ، کە مژدەی سەردەمێکی ئازادی و شکۆمەندی ژنان بێت.