ژنان لەناو بەرەیەکی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا خەبات دەکەن
بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، کە بەرەیەکی نوێیە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمی ڕاگەیەندرا، تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، ژنانیش لەم بەرەیەدا هەن و هەوڵ دەدەن ببنە دەنگی ژنانی عێراق.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- عێراق ئەو وڵاتەی مێژووی هەبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ئاوابوونی مرۆڤایەتی و تەمەنی زیاترە لە ١٠ هەزار ساڵ، لە کۆندا ناوچەی نێوان دوو ڕووباری پێ وتراوە، کەوتووەتە باوەشی هەردوو ڕووباری دایک – دیجلە و فورات، ئەم شارە لە دێر زەمانەوە لانکەی ژیان بووە، سۆمەری، ئەکەدی، سەلجوقی، ئاشوری و بابلییەکان و چەندین نەتەوەی دێرینی دیکە لەم ناوچەیەدا بوون، پێ بەپێی زەمان، نەتەوە و گەلی جیاواز لەم وڵاتەدا ژیاون، بەردەوام ململانێی دەوڵەتەکان بۆ حوکم کردن لەم ناوچەیەدا هەبووە بەپێی دەوڵەمەندی و بەپیتی خاکەکەی و ستراتیژیەتی جوگرافیاکەی، ئەم ململانێیە کە تا ئێستا درێژە دەکێشێت، یەکێک لە هۆکارەکانی سیاسەتی دەوڵەتانی زلهێزە بۆ ئاواکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، یەکێکیش لە پلانەکان تێکدانی پێکەوە ژیان و لە پێشینە کردنی نەتەوەیەکە بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا.
لە ئێستای عێراقدا چەندین نەتەوەی جیاواز وەک عەرەب، کورد، تورکمان، کلد و ئاشوری و چەند کەمە نەتەوەیەکی دیکە دەژین، سیاسەتی لێکهەڵوەشاندن و دژایەتی خستنە نێوان نەتەوەکان، بۆ تێکدانی ئەو پێکەوە ژیانەیە کە چەندین ساڵە لە عێراقدا بوونی هەیە، لەگەڵ ئەوەی عێراق خاکێکی دەوڵەمەندە بۆ کشتوکاڵ، پیشەسازی و بە ماددە کانزاییەکان، بەڵام دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی ڕۆژ بە ڕۆژ لەڕووی ناسەقامگیری، نائارام و ئاسایش، بێکاری، توندوتیژی و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ژنان، تا دێت بەرەو خراپبوون دەچێت، لەدوای ١٨ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقیش ململانێکان لەنێوان پارتە سیاسییەکان زیاتر بووە و بەرژەوەندی کەسی و حیزبی پێش بەرژەوەندی گەلانی عێراق کەوتووە.
زیاتر لە ٤٠٠ پارتی سیاسی لە عێراقدا هەیە
لە عێراقدا ڕێژەیەکی زۆر پارت و لایەنی سیاسی بوونی هەیە، بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا کە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوی کردووەتەوە ڕێژەی ئەو پارتانەی بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن زیاتر لە ٤٠٠ پارت و کوتلە، کە هەر یەکێک لەمانە دید و ئاراستەی جیاوازیان هەیە بۆ سیاسەتکردن لە عێراقدا، لەم ڕێژەیەدا کەمن ئەو پارتانەی کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت، ئەوانەشی کە بەرەوەندی گەل لەبەچاو دەگرن لەپێش بەرژەوەندی پارتەکەیانەوە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، لەم پارتە سیاسیانەی عێراقدا، هەبوون و پێگەی ژنان لە ئاستێکی خراپدایە، ژنانی عێراق بە نەتەوە جیاوازەکانەوە نەیانتوانیوە ببنە سەرۆکی هیچ یەکێک لە حیزبە سیاسییەکان یان بە دەنگی خۆیان گەشتبێتنە ئاستی باڵای حیزبەکانیان، ئەمەش لە ئاستەنگی لە بەرەوپێشچوونی ژناندا دروستکردووە و خەباتی ژنانی بەرەو پاش بردووە.
بەرەیەک بۆ پێکەوەژیان و خەباتی گەلانی عێراق
لە ساڵی ٢٠١٦دا "بەرەی دیموکراسی گەل" کە لە دواتردا بەهۆی هەبوونی ناوی لێكچوو لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق – فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان، ناوەکەی گۆڕدا بۆ "بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی"، دامەزرا، ئەم بەرەیە بۆ ئەوەی لە سەرانسەری عێراقدا کار بکات داوای مۆڵەتی فەرمی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کرد و لە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ ئەو مۆڵەتەی وەرگرت.
بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی کە هەموو پێکهاتەکان بە نەتەوە و باوەڕییە جیاوازەکانەوە بەشداری تێدا دەکەن، دروشمیان دادپەروەریی، ئاشتی، ئازادیی و پێکەوە ژیانی گەلانی عێراقە، ئەم بەرەیە لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا ئامانجیانە ژیانێکی شایستەیە بۆ عێراقییەکان و هێنانە دی یەکێتییەکی نیشتمانی، دڵنیایی تەندروستی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی یاساکان و زیندووکردنەوەی ڕاستینەی پەروەردە و فێربوونە، هەروەها کار دەکەن بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و هاتنە پێشەوەی ژنان لە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.
بەرە چوار ژن بۆ بەڕێوەبەری هەڵدەبژێرێت
بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، لە ٣١ی ئازار لە هۆڵی چوارچرا لە شاری کەرکوک کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست، وەک خۆیان ئاماژەیان پێدا بەستنی ئەو کۆنگرەیە لە کەرکوک بۆ ئەوەبوو کە کەرکوک شاری پێکەوەژیانی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانە، لە کۆنگرەکەشدا کورد، عەرەب تورکمان و کەمە نەتەوەکان بە باوەڕییە جیاوازەکانەوە تێیدا بەشداربوون.
یەکێک لە بەشداربووانی کۆنگرەکەی کەرکوک هیواخوازبوو بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی ئەو ئامانجەی کە بۆخۆی داناوە پێکی بهێنێت، جیاوازبن لەو پارتانەی لەناو عێراقدا بوونیان هەیە، ئاماژەی بەوەشدا: پێویستە پەرە بدەن بە گەشەی تاک و گەنجان و ژنان لە کۆمەڵگەدا چونکە بەشێكی گرنگی کۆمەڵگەن.
دڵپاک ئیسماعیل ئەندامی بەڕێوەبەری بەرەکە ئاماژەی بەوەدا: بەرەی تێکۆشان ڕۆڵی ژنیان بەرچاو گرتووە، هیواداریشم زیاتر ڕۆڵ و پێگەی ژن بێتە پێشەوە لە کۆمەڵگەدا، کۆنگرەکەش سەرکەوتوو بوو پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامان دەکەم.
لە کۆنگرەی ٣١ی ئازاردا ئارام کەرکوکی، وەک سەرۆکی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی هەڵبژێردرا، ١٢ ئەندامیش وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەڵبژێردراون، کە چواریان ژنن، لەگەڵ چوار جێگریش بۆ سەرۆکی بەرەکە هەڵبژێردران.
کار دەکەین بۆ هێنانە پێشەوەی ژنان لە کایەی سیاسیدا
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بەغدای پایتەختی عێراق، ڕۆی ٧ی نیسان بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی ئەنجامی کۆنگرەی دامەزراندنی ڕاگەیاند، ئارام کەرکوکی ئەنجامنامەی کۆنگرەی خوێندەوە و ناوی ئەندامانی هەڵبژێردراوی بۆ دەستەی سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەری خوێندوە باسی لەوەشکرد لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا بەرەیەک کە تەواوی پێکهاتەکانی عێراق لەخۆبگرێت پێویستی سەرەکییە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا: ئامانجمانە یەکێتی نیشتمانی، دڵنیای تەندروستی و کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی یاساکان بۆ هەستانەوەی ڕاستینەی پەروەردە و فێربوون هەروەها فێربوونی زانستی، ئامانجیشمانە هەلی کار بۆ گەنجان و هاتنە پێشەوەی ژنان لە کایەکانی کۆمەلگەدا.
دڵپاک ئیسماعیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەی بەغدادا ئاماژەی بەوەدا، هەبوونی ژن لەناو کۆمەڵگە و لە کایەی سیاسیدا دەتوانێت گۆڕانکاری بکات، ئێمەش وەک ژنان لەناو بەرەی تێکۆشانی دیموکراسیدا، دەستمان بە خەبات کردووە، تا بە ڕەنگی ژنان تێکۆشان بکەین.
ت.پ