ژنان له به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژییەکان بێ ده‌نگ نابن
توندوتیژی له به‌رامبه‌ر ژنان دیارده‌یه‌كی نوێ نییه، به‌ڵكو یه‌كێكە له كێشه گه‌وره و هه‌میشه‌ییە جیهانییەکان، بەپێی ڕاپۆرته نێوده‌وڵه‌تیه‌كان زیاتر له ٪٣٠ ژنان له سه‌ر ڕووی زه‌وی له ژیانیاندا ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه.
ناوەندی هەواڵ
له ئێستادا به هۆی په‌تای كۆرۆناوه دیارده‌ی توندوتیژی له به‌رامبه‌ر ژنان له زیادبوون دایه. له سه‌رانسه‌ری جیهاندا به هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆوە توندوتیژی بۆ سه‌ر ژنان زیادیكردووه، جگە له توندوتیژی جه‌سته‌یی، چه‌ندین حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی سێکسی بۆ سه‌ر ژنان و منداڵان ئه‌نجام دراوه.
له‌م چوارچێوه‌یەدا ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاماژەیان بەوەداوە زیاتر لە ١٥٠ وڵاتی جیهاندا، توندوتیژی بۆسه‌ر ژنان دوو به‌رامبه‌ر زیادی كردووه، بە جۆرێک لە سێ ژن یه‌كێكیان ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه.
له مه‌كسیكه‌وه تا ئوسترالیا، له بەریتانیا تا ناوه‌ندی ئاسیا به‌هۆی هەڵکشانی توندوتیژییەکان دژی ژنان، کاردانەوە و ناڕەزایەتی توند نیشاندراوە، بەتایبه‌تی له رۆژی جیهانی ژنان، ٨ی مارسدا به‌ملیۆنان ژن ڕژانه شه‌قامه‌كان و ناڕه‌زایه‌تییان له به‌رامبه‌ر توندوتیژییه‌كان نیشاندا، ئەمەش تەنها لە دژی توندوتیژیییە خێزانییەکان نەبوو، به‌ڵكو دژ بەوانەش بوو کە ده‌سه‌ڵاتداران و كاربه‌ده‌ستانی دەوڵەتان ئەنجامی دەدەن.
چالاکییەکانی ژنان ڕووی ڕاستی دەسەڵاتیان ئاشکرا کرد
خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك لەمەوبەر ئەوەیان سەلماند ژنان له به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژییەکان بێ ده‌نگ نابن، هەروەها به‌هۆی سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران و هێرشكردن بۆسه‌ر چالاكوانان ڕووی ڕاستی ده‌سه‌ڵاتداران ئاشكرا بوو.
له مه‌كسیكۆ سیتی له كاتی چالاكیه‌كانی ٨ی مارسدا هێزه ئه‌منییه‌كان له ڕێگای به‌كارهێنانی ئاوی به ته‌وژم هێرشیان کردە سەر خۆپیشانده‌ران، هه‌روه‌ها له له‌نده‌ن له كاتی كۆبونه‌وه‌یه‌ك بۆ به بیرهێنانەوەی سارا ئیفرارد، کە له‌دوای ڕفاندنی به شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه كوژرا، هێزه ئه‌منییه‌كان توندوتیژییان دژ بە خۆپیشانده‌ران بەکارهێنا، ژمارەیه‌كی زۆریش لە ژنانی ناڕازی ده‌ستبه‌سه‌ركران.
له میانماریش له دوای كوده‌تای سه‌ربازی دژ بە حكومه‌تی "ئۆنگ سان سوچی" سیستمی پیاوسالاری دژه ژن له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا په‌یڕه‌و كرا، له كاتی ناڕهزایهتییهكانیشدا زیاتر له ٦٠٠ ژن ده‌سبه‌سه‌ركران.
له ئوسترالیا به دەیان هه‌زار كه‌س به‌شدارییان له ڕێپێوانێكی به‌رفراوان كرد له دژی توندوتیژی به‌رامبه‌ر بە ژنان كه سه‌رانسه‌ری وڵاتەکەی گرتەوه، لە چالاکییەکەدا ژنان بە جلوبه‌رگی ره‌شەوە بەشداربوون وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی له به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخەی ژنان تێیدا ژیان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها كه‌مته‌رخه‌میه‌كانی حكومه‌ت له به‌رامبه‌ر ژنان باسکران.
له توركیاش به هه‌زران ژن به به‌رده‌وامی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی توركیا له دژی ژنان، له مانگی رابردوودا ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا به فه‌رمی كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له په‌یماننامه‌ی ئیسته‌نبول ڕاگه‌یاند، ئه‌م په‌یماننامه‌یه به په‌یماننامه‌ی ئه‌وروپا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان ناسراوه.
له ئه‌نجامدا رێکخراوهكان و چالاكوانانی ژنان ناڕەزایەتی به‌رفراوانیان ئه‌نجامدا، چونکە لەو بڕوایه‌دان بە کشانەوەی ئەردۆغان مافه‌كانی ژنان ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه و ڕێژه‌ی توندوتیژیه‌كان ڕوو لە زیادبوون دەکات، له‌دوای ناڕەزایەتییەکان ژمارەیەکی زۆری ژنان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران.
له ئێرانیش ده‌سه‌ڵاتداران و هێزه ئه‌منییه‌كان له لایه‌كه‌وه توندوتیژی دژی ژنان له‌ناو كۆمه‌ڵگادا زۆرتر ده‌كه‌ن، لەلایه‌كی دیكه‌وه زه‌خت و فشاری دەروونی بۆسه‌ر ژنانی زیندانیكراو زیاتر ده‌كه‌ن، له به‌رامبه‌ر ئه‌م سیاسه‌تانه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ژنان رۆژ له‌دوای رۆژ به‌رفراوانتر ده‌بن.
له وڵاتانی وه‌كو ئێران و توركیا لە ئەنجامی هەموو ئەو هێرش و توندوتیژییانەی دژبە ژنان به‌رێوه‌ده‌چن هەروەها سەپاندنی سیاسەت و یاسای نادیموکراتی، ژنان دەکوژرێن یان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن.
لەسەر ئاستی جیهان دۆخی ژنان
له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش به‌رفروانبوونی ناڕهزایەتییهكانی ژنان دەرخەری ئەوەیە کە توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان لە هەڵکشاندایە، و دەسەلاتدارانیش لێی بێدەنگن، چالاكوانانی مافه‌كانی ژنان له‌وه نیگه‌رانن دەوڵەتان به پێشێلکردنی مافی خۆپیشاندان و كپكردنی ده‌نگەکان و گرتنه‌به‌ری رێکاری سه‌ركوتكارانه له دژی چالاكوانانی ناڕازی، زیاتر به‌ره‌و پێشێلكردنی ماف و ئازادییه‌كان ده‌ڕۆن.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی Monitor – مونیتۆر، ٨٧٪ی هاوڵاتیانی جیهان له‌ناو وڵاته‌كانیان قهتیسكراون، زۆرێك له وڵاتانی جیهان به‌هانه‌ی په‌تای كۆرۆنا به‌كارده‌هێنن بۆ زیادكردنی فشار و ئاسته‌نگیه‌كان، ژنانیش رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر ڕووبه‌ڕووی زه‌خت و فشار ده‌بنه‌وه.
چالاكوانان پێیان وایه كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخە و ڕێگریكردن له پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، بەتایبه‌ت مافی ژنان پێویستی به هەوڵ و كۆششی زیاتر و هاودەنگی هەیە بۆ بنیادنانی بهرهیكی هاوبه‌شی ژنان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، بۆ گەیاندنی ده‌نگی ژنان كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی خاوه‌ن زیهنیه‌تی پیاوسالاره‌وه پشتگوێ خراوه.
ت.پ