ژنان لە شۆڕشی پیشەسازی بەریتانیا سوودمەندبوون؟

مێژوونووسان ناکۆکن لەسەر ئەوەی ئایا شۆڕشی پیشەسازی بەریتانیا لە ساڵانی ١٧٦٠_١٨٣٠ بۆ ژنان سوودبەخش بووە یاخود بەشێوەیەکی دیکە زیانی بە ژنان گەیاند.

 

بێریڤان کەمال

شۆڕشی پیشەسازی بە چەندین شێوە کاریگەری لەسەر چینە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکانی ژنان دروست کرد، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش چینی کرێکار زۆرتر کاریگەر بوون.

فرێدریک ئینگڵسی ئەڵمانی، ڕەخنەگری ئابووری سیاسی، مێژووناس، تیۆرالیستی سیاسی و سۆسیالیستی، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا پێیوابوو کە شۆڕشی پیشەسازی زیاترکردنی بەشداری ژنانە لە کاری دەرەوەی ماڵ و بانگەشەی ئەوەی کرد کە گۆڕانکارییەکان بۆ ژنان دەبێت.

 

 لە ساڵانی دواتردا مێژووناسان مشتومڕیان لەسەر ئەو بانگەشەیە کرد، کە بەشداری هێزی کاری ژنان بەرزبووەوە و بەڵام جەخت لەسەر ئەو زیانانە دەکەنەوە کە لەم ماوەیەدا ژنان ئەزموونیان کردووە.

بەدرێژایی شۆڕشی پیشەسازی زۆربەی ژنان کە سەر بە خێزانە دەوڵەمەندەکان نەبوون، ناچاری کارکردنبوون و پێویست بوو کە بچنە ناو هێزی کارەوە تەنها بۆ دابینکردنی بژێوی پێویست بۆ خێزانەکانیان، لەو کارکردنەشدا ڕەگەز کاریگەرییەکی سەرەکی بوو لەسەر جیاوازی مووچەی کرێکاران، کە لەگەڵ ئەوەی ژنان هەمان کاری پیاوەکانیان دەکرد بەڵام موچەیەکی کەمتریان دەستدەکەوت.

 

ژنان تەنها دەیانویست یەک لەسەر سێ یان نیوەی موچەی پیاوان وەربگرن، لەکاتێکدا پیشەسازییە بەرهەمهێنەکان دەستیان بە گەورەبوون کرد سوودیان لەو مووچە کەمەی ژنان و منداڵان وەردەگرت، دامەزراندنی ئەو ژن و منداڵانە بە پارەیەکی کەم بۆ ئەو کۆمپانیایانە سودمەندبوو، چونکە زۆرێک لە پیشەسازیەکان پێویستی ئەم خەڵکەیان بۆ پارە دەقۆستەوە و مافەکانیان پێشێلدەکردن، لەبەرئەوەی قازانجێکی گەورەیان دەکرد لە بەرامبەر کارکردنێکی زۆری کرێکارەکان بە پارەیەکی کەم.

 

ژنان باسیان لە ئەزموونەکانیان کردووە لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی

ژنان لە چاوپێکەوتنەکاندا دەربارەی ئەو دۆخە خراپەی ژنان تیایدا ژیاون، ساڵانی کارکردنیان لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی و ئەو ئاستەنگییانەی ڕووبەڕوویان دەبوویەوە قسەیان دەکرد.

 

باسیان لەوەدەکرد کە لە تەمەنێکی کەمی ٥ بۆ ٦ ساڵیەوە ناچاری کارکردن لە کارگەکاندا دەبوون بە هەمان کار و موچەیەکی کەمتر لە پیاوان، ژنان تەواوی ڕۆژیان بە کارکردن لە کارگەکان بەسەردەبرد و دواتریش لە کاتی شەودا ناچاربوون سەرپەرشتی کاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ ببن، بەجۆرێک کە ڕۆژێکی ئاسایی کارکردنیان لە بەیانییەوە تا کاتژمێر ٦-٧ی ئێوارە بووە و لە بەرامبەردا تەنها ٤٠ خولەکی نیوەڕۆ کاتی پشوودانیان هەبووە و کاتەکانی دیکە بێ وەستان کاریان کردووە.

ئەو خواردنەی پێیاندراوە بۆ خواردن نەگونجاو بووە زۆرجار تۆزی لەسەر نیشتووە و دواتر پێیاندراوە، لە کاتی درەنگکەوتن بۆ سەر کاردا بە توندی سزا دەدران بێ جیاوازیکردن لە نێوان گەورە و منداڵدا، جیاوازیەکی زۆر لە نێوان کەسانی چینی هەژار و ناوەندا کراوە، سەرەڕای ئەوەی زۆرجار کارەکان زیانی بە تەندروستیان دەگەیاند، بەڵام هیچ کەلوپەلێکی پاراستنیان پێنەدەدرا.

 

لە کانە خەڵوزەکاندا سەرەڕای مەترسی کاریان کردووە

بەشێکی دیکە لە ژنان لە کانەکانی خەڵوزدا کاریان دەکرد، لە کارەکانی وەک گواستنەوەی خەڵوز، هەڵکەندن،... هتد کاریان کردووە لەهەمان ئەو شوێنانەی پیاوانی لێبوون، زۆرێک لە ژنان لەو جلانەی لەبەریان دەکرد هاوشێوەی پیاوان دەبوون و زنجیر لە قاچیان دەبەسترا، لە هەندێک حاڵەتدا ژنان لە چاڵەکاندا کاریان کردووە لەگەڵ ئەو پیاوانەی کە زۆرجار ڕووت بوون یان نزیک بوون لە ڕووتبوونەوە، بەمەش ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبوونەوە.

 

ئەو ژنانەی کە دەبوو لە کانەکانی خەڵوزدا کاربکەن لە هەلومەرجێکی سەختدا کاریان دەکرد بە پارەیەکی کەم.

 

چینی کرێکار لە شۆڕشی پیشەسازیدا

چینی کرێکار لە شۆڕشی پیشەسازیدا ڕووبەڕووی زەحمەتی زۆر دەبوونەوە، دەبوو بە خراپی شوێنی کار و زۆری کاتژمێر و سزاکان ڕازی ببن.

 

لەگەڵ زیادبوونی قەیرانە ئابوورییەکان لە جیهان و بەتایبەتی لەو وڵاتانەی دەستگەیشتنی هاوڵاتیان بە بژێوی ژیان زەحمەتی هەیە، لە شوێنەکانی کارکردن هەمان ئەو نادادپەروەرییانەی سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی بە سیمایەکی مۆدێرنەوە بەردەوامی هەیە و مرۆڤەکان بە هەمان شێوەی ئامێرەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لە بەشێکی زۆری مافەکانیان بێبەشدەبن.

 

تائێستا مافی ئەو کەسانەی کاردەکان بە تەواوی ناپارێزرێت بەتایبەتی کاتێک بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان ژنان ناچاری کارکردن دەبن، لە شوێنی کاردا ڕووبەرووی ئاستەنگی و دەستدرێژی دەبنەوە، یاخود لە بەرامبەردا پاداشتی پێویستیان پێنادرێت و لەگەڵ پیاوەکان جیاوازی دەکرێن، لەکاتێکدا هەمان کار بە موچەیەکی کەمتر ئەنجامدەدەن.

ت.پ