ژنان دەکرێنە مانشێتی هەواڵەکان

نەبوونی ژنان لە دەستەی بەڕێوەبەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و لەپێناو کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت، بوونی ژنان لە هەواڵەکاندا زەقدەکرێتەوە، ڕۆژنامەنووسانیش بۆ سیاسەتی دەزگا و لێدان لە پێگەی ژنانی دەگەڕێننەوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- کاتێک ژنان دەبنە کاراکتەری ڕووداوێک، ئەوا دەبنە مانشێتی سەرەکی لای بەشێکی زۆری دەزگا میدیاییەکان، یاخود وێنەکانیان دەکرێتە وێنەی سەرەکی ماڵپەڕ و سایتەکان، داڕشتنەوەی هەواڵەکان بە جۆرێک دەبێت کە وێنای ژن دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

لە کاتی ڕوودانی ڕووداوێکدا، یاخود دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکدا، ئەگەر ژن لە ڕووداوەکەدا بوونی هەبێت، ئەوا ئەو ژنە دەکرێتە ناونیشانی سەرەکی هەواڵەکە، بۆ نمونە لە یەکێک لە ماڵپەڕەکاندا، کاتێک پیاوێک تاوانێک ئەنجام دەدات، ئەوا تەنها وەک ڕووداوێک باسی دەکات، ڕەگەزی تاوانبار گرنگ نییە، بەڵام کاتێک هەمان تاوانی هاوشێوە ژنێک ئەنجامی دەدات، لە ناونیشانی هەواڵەکە دا دەنوسرێت "ژنێک".

 

جگە ناونیشانی سەرەکی هەواڵەکان، لە ناوەڕۆکدا و دانانی وێنەشدا بەشێکی زۆری میدیاکان وێنای ژن دەستکاری دەکرێت، بۆ نمونە لە کاتی دەستگیرکرنی باندێکدا کە لە چەندین کەس پیکهاتووە، تەنها یەک ژنی تێدابووە، لە ناونیشانەکەدا دەنوسرێت "ژن لە باندەکەدا هەیە"، یاخود لە کاتی وێنەی تاوان و ڕووداوێکدا ئەگەر ماڵپەڕەکە وێنەی دەستنەکەوێت، وێنەی ژنێک دادەنرێت، وەک ئەوەی بە ناڕاستەوخۆ بڵێت ئەوە کاری ژنە.

 

شنا فایەق، سەرنوسەری ئاژانسی ڕۆژنیوز زەقکردنەوە و بە گەورە نیشاندانی ژنان لە هەواڵە نەرێنییەکاندا بۆ سێ هۆکار دەگەڕێنێتەوە، بەشێکی بۆ بێ ئاگایی ئەو دەزگایە دەگەڕێنێتەوە، یاخود لەبەر ئەوەی بەدەگمەن ڕوودەدات ژن تاوانێک ئەنجام بدات، بۆیە لای دەزگا ڕاگەیاندنەکان وەک حاڵەتێکی دەگمەن سەیردەکرێت، دەیکەنە ناونیشانی هەواڵەکانیان، بێئاگا لەوەی ئەو کارە چ زیانێک بە ژن دەگەیەنێت و دەبنە هۆی ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا.

 

بەشێکی دیکەی هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووە، کە دەیانەویت ژنان بە ئامانج بگرن، وتی: "بەشێکی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ئەقڵیەتەیە کە دەیەوێت بە بەردەوامی لە ژن بدات، لە هەر ڕووداوێکدا تاوان هەوڵدەدەن پێمان بڵێن ژن ئەم کەسایەتییە لاوازەی هەیە، ئەم کاراکتەرەیە، ژن بەردەوام هەڵە و تاوان دەکات".

 

نەبوونی ژنان لە ئاستی بەڕێوەبەری دەزگا میدیایەکاندا بۆ یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی بەردەوامی ئەم زەقکردنەوەییەی ژنان دەبینێت و پێی وایە کاتێک لە ئاستی بەڕێوەبەریدا ژن نەبیندرێت، یاخود تەنها پیاوان بەڕێوەبەرایەتی دەزگایەک بکەن ئەم حاڵەتانە زۆرتر ڕوودەدەن.

 

کاریگەری ئەم جۆرە لە ناونیشانی هەواڵ و وێنەکان، وەک شنا فایەق باسی دەکات، بەجۆرێک دەبێت کە کۆمەڵگا دژی ژن ئاڕاستە دەکات، دەڵێت: "ئەو مانشێتە هەواڵەی کە تۆ بەشتێکی سادەی دەبینیت، ببینە کە چۆن کاریگەری دروستکردووە ببینە چۆن کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا لە دژی ژنان هاندات، وا لە کۆمەڵگا بکات ژن بە چاوی تاوانبارەوە ببیندرێت، میدیا کاریگەری زۆری هەیە بە مانشێت و داڕشتنەوەی هەواڵەکەی، خۆت کۆمەڵگا ئاڕاستە دەکەیت کە چۆن لە بابەتەکە و ژن بڕوانێت".

 

کۆچەر عەزیز، ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە، کاری هەواڵسازی لە چەند دەزگایەکی جیاوازدا کردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ماوەی کارکردنیدا چەندین جار ئەو حاڵەتەی بینیووە، کە ژنان لە هەواڵەکاندا بە ئامانج گیراون و زەقکراونەتەوە، دەڵێت: "لە کۆمەڵگادا دەڵێن ژن نابێت ببێتە کاراکتەری سەرەکی ڕووداوێک، لە کاتێکدا ژن وەک هەر مرۆڤێک ڕووبەڕووی هەڵچوون و توڕەبوون دەبێتەوە".

 

کۆچەر نایشارێتەوە، چەندین جار ئەو گفتوگۆیانەی کردووە و لەو بارەیەوە وتی: "خۆ ئەگەر ڕووداوێکی هاتوچۆبێت یەکسەر دەڵێن شۆفێرەکە ژنە، بەڵام ئەگەر پیاوێک بووبێتە هۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ و پێنج هاوڵاتیش گیانی لەدەست دابێت، هەر دەڵێن لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا".

 

کۆچەر هۆکاری ئەم زەقکردنەوەییەی ژن بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێنێتەوە بۆ سیاسەتی دەزگاکان، کە لەلایەن بەشێک لە سەرنوسەرەکانەوە فشاریان لێدەکرێت تا بوونی ژن زەقبکەنەوە، "بەشێکی دیکەشی بۆ کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنتە، زیادبوونی بینەر ئەو کارانە دەکەن، لە هەردوو بارەکەدا ژن دەبێتە زەرەرمەند".