ژن وەکو بەدیهێنەرێکی پیرۆز و خوداوەند لە مێژووی مرۆڤایەتیدا" ...٢

لە مێژوودا ژنان خاوەن کۆمەڵێک پێگەی باڵا بوون بەو هۆیەوە ناوی خوداوەندی ژن-یان لێدەنرا، لە دواتردا بە گۆڕانکاری مێژوو و گەشەسەندنی زهنیەتی پیاوسالاری وهەوڵی مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەر سروشتدا، زۆر وێنایی کۆمەڵایەتی لەسەر ژن گۆری.

 

تارا عەزیز - کەرکوک

پیرۆزی ژن لە ئەفسانەکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا

لە سەردەمی هێماکاندا ژمارەیەکی زۆر لە پاشماوە مێژووییەکان دەتوانن پێگەی ژنمان وەکو بوونەوەرێکی پیرۆز بۆ ڕوونبکەنەوە هێما مێینەکان ‌و تەواوی جەستەی یان چەند بەشێکی بەکارهێنراوە بۆ گوزارشتکردن لە زۆر شت: بۆ نمونە، دەبینین کە جەستەی ژن لە جەستەی پیاو زیاتر بەکارهاتووە، لە خشتەکانی حەلەف و سامەڕادا جەستەی ژن بەکارهێنراوە بۆ گوزارشتکردن لە ئاماژەی جیاجیای وەک سەمای سروتیانە و ڕوونکردنەوەی ئاڕاستەی با و بە پیتی یان ئاڕاستە جوگرافییەکان، ئەم بەرهەمە هونەرییانە لە چەند زەمینەیەکدا جێبەجێکراون کە پێدەچێت زۆر بەجوانی بە هزرێکی هونەریی زۆر بەرز و پێشکەوتووەوە ئامادە کرابێت.

 

خشتەی سامەڕا نمونەیەکە و لەوێ کۆمەڵێک ژن دەبینین لە سەمایەکی سروتیانەدا دەستی یەکیان گرتووە و کەلـلەی کچێک لەسەر گۆزەیەکە و گەلێک دروستکراوی تریشی لێیە کە ئاماژەن بۆ هەستێکی هونەریی بڵند ‌و کامڵ، هەموو خاسییەتەکانی زانستی جوانی تێدا ڕەچاو کراوە.

 

ئەفسانەی خوڵقاندی سۆمەری –خواوەندی نمو

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تۆمارەکان ‌و بە تایبەت ئەفسانەی خوڵقاندنی سۆمەریی، لەوێدا گەردوون ناونراوە (ئان – کی)، کە وشەیەکی لێکدراوەو مانای (ئاسمان – زەمین) دەگەیەنیت، لەم دوالیزمەدا (ئان – ئاسمان) بە هێمای نێرایەتی دادەنرێت، (کی – زەمین)یش هێمای مێینەیە، لە یەکگرتنیشیان (ئینلیل خواوەندی هەوا) لەدایک بووە، پاشان ئینلیل ئاسمانی لە زەمین جیاکردووەتەوە. لەناو داستانی خوداوەندەکانی سۆمەرییەکاندا، ئەفسانەکە بەم جۆرە باسدەکرێت: "سەرەتا لە جیهاندا تەنها ژنە خوداوەندی 'نمو – گەشە ' " هەبوو، هیچ کەسێک هاوتای نەبوو، ئەو ئاوی سەرەتابوو کە هەموو شتێکی لێوە خوڵقاوە، خوداوەندی گەشە کچێک و کوڕێکی هێنایە دونیاوە، کوڕەکە ناوی "ئان" خوداوەندی ئاسمان بوو، کچەکەش ناوی "کی" خوداوەندی زەوی بوو.

ئەوان بەیەکەوە بەسترابوون و لە "نمو"ی دایکیان دوورنەدەکەوتنەوە، کاتێک نموی دایک داوا دەکات مرۆڤایەتی دروست بکرێت، ئان هاوسەرگیری دەکات لەگەڵ کی، منداڵێکی کوڕیان بە ناوی "ئینلیل" هێنایە دونیاوە کە خوداوەندی هەوابوو وە لەنێوانیاندا بوو لە پانتاییەکی بەرتەسکدا و ڕێگەی بە هیچ جوڵەیەک نەدەدا. ئینلیل دایک و باوکی لەیەکتر دوورکردەوە بە بەکارهێنانی هێزە خوڵقێنەرەکەی؛ یەکەمیانی بڵندکرد و کردییە ئاسمان، دووەمیشیانی کرد بە زەوی. خۆیشی لەنێوان هەردووکیاندا گوزەری دەکرد.

ئینلیل، خوداوەندی هەوا و گەردەلول، بوو بە سیمبولی هێز لەناو سۆمەرییەکاندا کە هۆکار بووە لە دوورخستنەوەی ئاسمان و زەوی.

 

لە باسکردنی ئەم هەموو ئەفسانانەوە، دەبینین کە خواوەندی ژن هەمیشە قسەی باڵای هەبووە، ئەرکی خوڵقاندن بە یەک خواوەند نەسپێردراوە، ئەنکی هاتووە و کاری خۆی تەواو کردووە، لای سۆمەرییەکان ئینانا کە لای ئەکەدییەکان ناوی (عەشتار)ی هەڵگرتووە، دایکی مەزن ‌و سیمبولی ژنە و لەهەموو وڵاتدا پەرستراوە.

 

لە ناوچەی باشوری عێراق (بەدیارییکراوی ناوچەی زۆنگاوەکان)، لە کۆنترینی ئەو شتانەی لە بارەی شێوەی (ئینانا – عەشتار)ەوە پێمان گەیشتووە گوڵدانی بەردینی وەرکایە، تێیدا (ئینانا) دەبینین کە پیاوێکی ڕووت لەبەردەمیدا ڕاوەستاوە و سەبەتەیەک لە نزای پێشکەش دەکات، لە پشتی ئیناناوە دروشمەکەی دیارە کە گورزەیەک قامیشە کە لە زۆنگاوەکانی عیراقدا زۆرە، هەر ئەمەش هێمایە و سیمبولی مێینەی گەردوونە و گوزارشت لە بە پیتی دەکات، بە خڕییەکەیدا هەستێکمان لەبارەی مێیەتییەوە پێ دەدات.

شێوەی ئینانا زۆر لە هەڵگری نزاکان جیاواز نییە، بەڵام پۆشاکی درێژی لەبەردایە و قژێکی درێژی هەیە، دەتوانین تێبگەین کە ئینانا مرۆڤی ئاسایی نەبووە، بەڵکو شێوەیەکی مرۆیی پێ بەخشراوە، هێما یەزدانییەکانیش دەوریان گرتووە، کە گرنگیی ئەو دەردەخەن ‌و وادەکەن لە کەشیشەکە یان ڕەنگە ئەو خواپەرستەی سەبەتەیەک میوەی پێشکەش دەکات، جیاواز بێت.

 

ئێستا لە لایەنی دینییەوە، ڕۆڵی مێینە لە ئەفسانە عیراقییەکاندا و لە ماوە جیاجیاکاندا ڕۆڵێکی بنەڕەتی بووە، لەمەوە دەردەکەوێت لە هیچکام لە شارستانێتییەکاندا، ژن پایەی نزم نەبووە، لە نێوان چوار دیواردا حەشار نەدراوە، بەڵکو دەمارە گرنگەکە و دڵی پڕ لە ترپەی هەموو ئایینەکان‌ و کۆمەڵگاکان بووە، کە شارستانیەتییەکەیان میزۆپۆتامیای داپۆشی بوو.

ت.پ