یەپەژە، گۆڕینی تێڕوانین بۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ... ٢

لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا ژنان چەکیان هەڵگرت و دژی داگیرکردنی خاکەکەیان لەلایەن تیرۆرستانەوە جەنگین و تێڕوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بۆ ژن گۆڕی، ژنی کورد بووە پاڵەوانی ژنانی جیهان و هانی ژنانی نەتەوەکانی دیکەشیان بۆ بوێری دا.

لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا ژنان چەکیان هەڵگرت و دژی داگیرکردنی خاکەکەیان لەلایەن تیرۆرستانەوە جەنگین و تێڕوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بۆ ژن گۆڕی، ژنی کورد بووە پاڵەوانی ژنانی جیهان و هانی ژنانی نەتەوەکانی دیکەشیان بۆ بوێری دا.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی کۆبانی سەرنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا

لە سەرەتاوە ئەوەی شەڕڤانان دەیانکرد بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدەدرا، بە جۆرێک کە بوونی ژن لە یەکینەکانی پارستنی گەل و ژندا هەر بۆ ئەو مەبەستەیە سەرنجی جیهان بۆ لای شۆرشی ڕۆژئاوا رابکێشێت، وەک کارە ئاوارتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ ناسراوە، بەڵام شەڕی ئازادکردنی کۆبانێ لەدەست چەتەکانی داعش کاری کردە سەر گۆڕینی دیدی هەموو جیهان بۆ خەباتگێڕی ژن و تێکۆشانەکانیان لە باکوور و ڕۆهەڵاتی سوریا.

 

کۆبانی یان (عین العرب) کە عەرەبەکان وەها ناوی دەبەن، یەکەم شوێن بوو لەو شوێنانەی لە دوای هێرشێکی توند و پاڵپشتی لۆجیستی و سەربازی وڵاتی تورکیای داگیرکەر لە ١٦ ی ئەیلولی ٢٠١٦ داعش داگیریکرد.

 

پرۆسەی ئازادکردنی کۆبانی بە سەرپەرشتی ژووری ئۆپەراسیۆنی برکان عەرەفات دەستی پێکرد، لە ماوەی ١٣٤ ڕۆژدا شەڕڤانان زنجیرەیەک لە ناوەزەترین داستانی پاڵەوانێتیان تۆمارکرد، بەو چەکە کۆنانەی کە لە بازاڕی ڕەش دەستیان دەکەوت و دەیانکڕی، لەو کاتەشدا هێشتا هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشتیان نەدەکردن، هەر ئەوکاتەش ناوی ئاری مێرکان ئەو شەڕڤانەی گیانی خۆی فیدا کرد وەک سیمبوڵێک بۆ ڕزگارکردنی شارەکە، دەنگی دایەوە.

 

لە شەڕی ئازادکردنی شاری کۆبانیدا، ژنان لە هەموو لایەکی جیهانەوە پاڵپشتی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنیان دەکرد، لە ئەمریکای لاتین و تۆکیۆی پایتەختی یابان، تەنانەت لە تورکیاش ڕێپێوانی گەورەیان ئەنجامدا بەبێ ڕەزامەندی دەسەڵات، هەروەها لە کابوول"ی پایتەختی ئەفغانستان، ئەو وڵاتەی کە بە دەست تیرۆریستەوە دەناڵێنێت، بۆ یەکەمجار ژنانی ئەفغان ڕژانە سەرشەقام و پاڵپشتی خۆیان بۆ شەڕڤانان دەربڕی، لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ شاری کۆبانی بەتەواوی ئازادکرا.

 

ئاریـن میرکـان کۆبانی لە داگیرکردن و وێرانبوون ڕزگار کرد

ئەو گیان فیداییەی ئارین میرکان(کچی عەفرین) کردی، سەرنجی هەموو جیهانی بە لای خۆڕاگری و پاڵەوانێتی شەڕڤانان ڕاکێشا، کە لە یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژن دەستیان پێکرد.

 

شەڕی ئازادکردنی کۆبانی لە دۆراندا بوو، ئەو کاتەی شەڕەکان چڕتر دەبوون و هەموو وڵاتانی جیهان لە ئاستیدا بێدەنگ و مت بوون، چەتەکانی داعش نزیک بوونەوە لەوەی گردی مشتەنوور داگیر بکەن، ئەو گردەی بەسەر هەموو شار و دانیشتووانەکەیدا دەیڕوانی، دەسبەسەرگرتنی گردی مشتەنوور گەرەنتی کەوتنی هەموو شارەکە بوو، هەر بۆیە ئارین هەستی بەو مەترسییە گەورەیە کرد و بڕیاری دا کارێک بکات تا شارەکە و هاوڕێکانیشی ڕزگار بکات.

 

زیادەڕەویی نییە ئەگەر ئەو فیداکارییەی شەڕڤان ئارین میرکان کردی بە زەنگی هۆشداری پێناسە بکرێت، کە ویژدانی هەموو جیهانی خەبەرکردەوە لەو مت بوونەی تێیدا بوو، هەروەها دیدگۆڕێکی گرنگ بوو بۆ مێژووی بەرخۆدانی شەڕڤانانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 

ئارین میرکان لە ٥ی تشرینی یەکەمی٢٠١٥ شەهید بوو، بەو کردە فیداکارییەی توانی شاری کۆبانی و گەلەکەی لە وێرانکاری دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار بکات، بەرخۆدانی شەڕڤانان بوو بە جێی باسی هەموو جیهان، ئەوەش وای کرد کە (بان کی مۆن)ی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێتە دەنگ و ڕاستەوخۆ داوای دەستێوەردان بکات، ستیڤان دیمستۆرا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە کوردەکان ئازایانە بەرگری لە خۆیان دەکەن، دڵنیایی ئەوەشی دا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەرگیز ڕێگە نادات کۆبانی لەسەر دەستی چەتەکانی داعش بکەوێت.

 

ڕادەی بایەخپێدانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەرامبەر بەرخۆدانی شەڕڤانان لە ڕۆژئاوا، ئاڵوگۆڕێکی گەورەی تێکەوت، گرنگی و بایەخێکی زۆریان دا بە بەرخۆدانی شەڕڤانان و یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژن لە هەواڵ و بڵاوکراوەکانیاندا.

دەزگا میدیاییەکان و خەڵک لە هەموو جیهان، وێنەی ژنە شەڕڤانیان پیشان دەدا، بە جلوبەرگی سەربازیی و بە لەچکی کوردی سەریان بەستبوو، زۆر بە زەقی تیشک خرایە سەر پاڵەوانێتی ژنان.

 

YPJ لە ڕیزەکانی پێشەوەدا

شەڕی ئازادکردنی کۆبانی تەنها سەرەتایەک بوو بۆ شەڕڤانان، یەکینەکانی پاراستنی ژن بەشداری تەواوی شەڕەکانی تریان کرد و ئازایانە بەرپەرچی بەکرێگیراوەکانیان دایەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی ناویان لێنرابوو، لە هەموو بەرە جیاوازەکانی جەنگ، هەر لە رەقەوە تا دێرەزوور تا ئێستاش بەرگری دەکەن لە دژی تورکیای داگیرکەر و بەکرێگیراوەکانی.

 

بردنەوەی شەڕەکانی ئازادکردنی دێرەزوور و ڕەقە گرنگییەکی گەورەی هەبوو، چونکە ژمارەیەکی گەورە لە ژن و منداڵی ئێزیدی دەست بەسەر بوون لای داعش، ئامانجی سەرەکی هێزەکانی یەپەژە ئازادکردنی ئەو ژنانە بوو لە چنگی چەتەکان، ئەو ژنانەی کرابوونە کەنیزەک و کۆیلە لای داعش.

ئامانجیان ئازادکردنی ژن و منداڵە ئێزیدییەکان بوو پێش ئازادکردنی خاک، دواجاریش توانیان زیاتر لە سێ هەزار ژن و منداڵ ئازاد بکەن و ڕادەستی ماڵی ئێزدی و دەستەی ژنانی کانتۆنی جەزیرەیان بکەنەوە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ قەزای شەنگال.

 

هێزەکانی یەپەژە بەشداری شەڕەکانی دژ بە داعش و بەرەی نوسرەیان کرد، شەڕی زۆرێکیش لە کۆمەڵە بەکرێگیراوەکانی تریان کرد، هەروەها بەرپەرچی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەریان دایەوە لە ناوچە سنورییە جیاوازەکان، هەر لە عەفرینەوە کە لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ دەستی پێکرد، کە بەرخۆدانی شەڕڤانان ٥٨ ڕۆژ درێژەی کێشا لەگەڵ بۆردومانی بەردەوامدا، هەروەها بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی کرانە سەر شارەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩.

 

چوونەپاڵ هێزەکانی سوریا ی دیموکرات

هەر لەسەرەتای دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - قەسەدە لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ کە وەکو چەترێک بوو بۆ هەموو دامەزراوە بەرگرییە سەربازییەکانی سوریا و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژن چوونە ڕیزی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەشداری یەکەم هەڵمەتی هێزەکەیان کرد، کە ئەویش هێرشی ئازادکردنی گوندی هۆڵ بوو، ئەم شەڕەش جیاوازییەکی بەخشییە چالاکی یەکینەکانی پاراستنی ژن، وایکرد کە زۆرێک لە ژنان بێنە ڕیزی هێزەکانی YPJ بە تایبەت ژنانی پێکهاتە عەرەبەکان، بەوەش ڕێکخستنەکانی شەڕڤانان فراوانتر بوو، هەر لە کەتیبە و فەوجی تایبەت، وەک هێزی تایبەت و دەستێوەردانی خێرا، بنبڕکردنی تیرۆر و لابردنی مین و تا دوایی..

 

دوای کۆبوونەوەی هێزە سەربازییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بەشداریکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژن، لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ هێزەکانی سوریای دیموکرات دروستبوو، دوای ئەوەی ئەم هێزە شەڕی داعشی کرد وەک تۆڵەیەک بۆ ئەو ژنە ئێزیدیانەی کە لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ڕفێنرابوون، لە کاتی ئەو هێرشانە کردیانە سەر قەزای شەنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤.

یەکینەکانی پاراستنی ژن تایبەتمەندی هەموو پێکهاتەکانی دەپاراست، هەر پێکهاتەیک کۆمەڵەی لەشکری تایبەت بە خۆی ڕاگەیاند، لە ٣٠ی ئابی ٢٠١٥ هێزەکانی پاراستنی ژنانی بیث نهرین کۆمەڵەی لەشکری سریانی ڕاگەیاند.

 

بە تەنها پاراستن نا بەڵکو گۆڕینی هزر و تێڕوانینیش

چەک چارەسەرێکی ئەوتۆ نییە بۆ نەهێشتنی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان پەیڕەو دەکرێت، پاراستنی ژن بە گۆڕینی ئەو بیروباوەڕە نێرسالارییە دەست پێدەکات کە بە داخەوە زۆرینەی ژنان ئاسانکاری بۆ دەکەن، یەکینەکانی پاراستنی ژن بەئاگا بوون لەم ڕاستییە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم کۆسپە، لە ڕەوتی خەباتگێڕیان بۆ ئازادکردنی ژنان، YPJ هەستان بە کردنەوەی خوولی هۆشیاری بۆ ژن، هۆشیارکردنەوەی شەڕڤانان و دروستکردنی ئەو باوەڕەی کە گۆڕینی ڕاستەقینە لە خودی ژنەوە دەست پێدەکات.

 

ژنان چۆن بتوانن ڕێز و بەهای خۆیان بزانن؟ چۆن بتوانن مافی مرۆڤبوونی خۆیان بەدەست بهێننەوە کە لێیان زەوت کراوە؟ چۆن لەم کۆیلایەتییە ڕزگاریان بێت؟، لەو وانانەن کە لە ئەکادیمیای هزری یەپەژە پێشکەش دەکرێن، وەڵامی تەواوی ئەو پرسیارانە و گەلێک پرسیاری تر دەدرێتەوە.

 

ئەرکی یەکینەکانی پاراستنی ژن، هەر لە شەڕدا کوورت ناکرێتەوە، ئەوان خۆیان بەوە ناساندووە کە یەکەیەکی بنچینەیی سەربازیی نیشتیمانین و کار بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی و ئیکۆلۆجی و ئازادی ژن دەکەن، هەروەها دژ بە سیستەمی لەشکرگێڕی نێرسالارانە و جیاوازی ڕەگەزیی و نەتەوەیی و سیستەمی باوکسالاری خەبات دەکەن، لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە هێزێکی ڕەوای ژنانن خەباتی ئازادکردنی ژنانیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان.

هەر بە پێی ئەم پێناسە، یەپەژە بە پرۆسەی خەباتی ژنان دادەنرێت دژ بە کۆمەڵگای باوکسالاری و شێوازەکانی وەک دابونەریتە باوەکان، ئەمەش تەنها بەشەڕ ناکرێت.

شەڕڤانانی YPJ بە شێوەیەکی خۆبەخشانە کاردەکەن، لەسەر بنەمای مافی هاونیشتیمانی بوون بۆ هەر پێکهاتە و نەتەوەیەکی جیاواز لە کۆمەڵگادا، لە سوریا بە تایبەت ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ژمارەیەکی بەرچاو هەن بۆ بەرگریکردن لە خاک، هەموو ژنێکی سەرووی ١٨ ساڵ دەتوانێت بڕیار بدات بچێتە ڕیزی یەکینەکانی پاراستنی ژنەوە، سەرباری کۆسپ و ڕێگرییەکان و ئەو دابونەریتانەی کە حوکمی کۆمەڵگا دەکەن.

 

ت.پ