یەپەژە، گۆڕینی تێڕوانین بۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ... ١

لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا ژنان چەکیان هەڵگرت و دژی داگیرکردنی خاکەکەیان لەلایەن تیرۆرستانەوە جەنگین و تێڕوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بۆ ژن گۆڕی، ژنی کورد بووە پاڵەوانی ژنانی جیهان و هانی ژنانی نەتەوەکانی دیکەشیان بۆ بوێری دا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا زۆرێک لە ڕێکخستنەکانی تایبەت بە سەربازی ژنان هەن، هەندێکیان سەربەخۆن و داکۆکی لە پرسی ژن و کۆمەڵگا دەکەن، هەندێکی دیکەش سەر بە دەستەڵات بوون، بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات دەپارێزن، ئەو شەڕەڤانانەی لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژەن، درێژە پێدەری ڕێبازی ئەو ژنە شۆڕشگێڕانەن، کە هەمیشە بەرامبەر داگیرکاری و کۆیلایەتی لە هەموو شوێنەکانی دونیادا دەجەنگن .

یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە، توانیان ئەو شێوە ڕوانینە باوە لەسەر ڕێکخراوە سەربازێکانی ژنان بگۆڕن، شەڕڤانان شەڕی ئازادکردنی شار و دێهاتەکانیان لە دەست چەتەکانی داعش دەکرد، ئەوان چەکییان هەڵگرت، نەک هەر شەڕی دوژمن، بەڵکو شەڕی ئەو بیربۆچوونە پیاوسالارییەیان دەکرد کە ڕۆچۆتە ناو هەموو وردەکارییەکانی ژیانی کۆمەڵگاوە.

 

شـۆڕشـی سەربازی سوریا و ئامانجی لێدانی ژن:-

ناتوانین باس لە یەپەژە بکەین بەدەر لە ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکانی لە سوریا لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا پێیاندا تێپەڕی، دوای ئەو شۆڕشەی لە بەهاری ساڵی ٢٠١١ ڕوویدا، شۆڕش گۆڕدرا بۆ بەرگریکردنی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی ڕژێم، زۆرێک لە وڵاتانی زلهێز ئەم بارودۆخەیان بە هەلزانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هاتنە سەر هێڵ بۆ شەڕکردن، تا لە دواییدا شۆڕش گۆڕدرا بۆ قەیران، یەکێک لەو وڵاتانە تورکیا بوو، کە پاڵپشتی ڕەگەزەکانی سەر بە کۆمەڵەی ئیخوانی ئیسلامی و تیرۆریستەکان بوو و چەکی پێدان.

 

 ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە ناوی جیاجیا لە سوریا هێندە زۆر بوون ژماردن نەدەهاتن، یەکەمیشیان بە ناوی سوپای ئازاد ناسرا، سەرەتا لە شۆڕشگێڕەکان و ئەوانەی لە دام و دەزگا سەربازێکان جیابووبوونەوە دروست بوو، "سوپای ئازاد" خودی ئەو سوپایە بوو کە دواتر بووە ئامرازێک بە دەستی تورکیاوە و خەڵکی وڵاتەکەی خۆی دەکوشت، هەروەها یارمەتیدەری تورکیا بوون بۆ داگیرکردنی عەفرین و جرابلس لە ساڵی ٢٠١٨، ساڵێک دوای ئەوەش هاتنە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 

هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕێکخراوە توندڕەوەکان لە سوریا، وەک ئاگرێک بەربێتە پووش، ژنیان کردە ئامانج، هەر لە کوشتن، دەستدرێژیکردن و ڕاگواستنەوەی ژنان، تیرۆریستەکان هەوڵی شکاندنی توانای گەلیان دا، لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی داعش بوون و بەشێکی بە دەستی ڕژێمەوە بوو، ژنان ماف زەوتکراو بوون، هیچ هێزێک نەبوو داکۆکی لە مافی ژنان بکات و بیانپارێزێت.

 

کەتیبەی "شەهید ڕوکن" ناوەڕۆکی پەیەژە

ڕۆڵی ژنانی کورد جیاواز بوو لە ژنانی سوریا بە گشتی، ژنی کورد مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی، ژنی کورد هەرگیز چاولەدەستی پیاوان نەبوون تا بیانپارێزن، بەڵکو هەر زوو چوونە ڕیزی ڕێکخستنەکانەوە، مەشقی سەربازییان دەستپێکرد و یەکەم ڕێکخستنی ژنانیان بە ناوی "کەتیبەی شەهید ڕوکن" لە شارەدێی جەندریسەی شاری عەفرین لە ٢٣ ی شوباتی ٢٠١٣ ڕاگەیاند، کە بووە ناوەڕۆکی یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، بە دوایدا کەتیبەی تری سەر بە ژنان لە شوێنە جیاوازەکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستکرا.

 

دەکرێت ساڵی ٢٠١٣ بە ساڵی دامەزراندن دابنرێت، چونکە زۆرینەی شارەکان ڕێکخستنی کەتیبەی سەر بە ژنانیان ڕاگەیاند، لەوانەش ڕێکخستنی کەتیبەی "شەهید پەرچەم" لە شاری دەرباسی، هەر لەسەر ڕێبازی ئەوانیش ژنانی دیریک "کەتیبەی شەهید سۆزدار" یان دامەزراند، لە ڕۆژی جیهانی ژناندا لە ٨ ی مارس، لە شاری قامیشلۆ ئاهەنگێکی جیاوازیان گێڕا بە ڕاگەیاندنی کەتیبەی "شەهید عەدالەت" ئەنجامدا، دوابەدوای ئەوانەش لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زۆرێک لە کەتیبەی تایبەت بە ژنان دامەزرا.

 

لە دووی نیسانی ساڵی ٢٠١٣ کۆنگرییەک بۆ دامەزراندنی یەکەکانی پاراستنی ژنان سازکرا، لە شاری دێریک لە ژێر دروشمی "یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ" بۆ گەرەنتی سەرکەوتنی شۆڕش ڕێکخرا، هەر لە چواری نیسانی هەمان ساڵ دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنانیان بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیاند.

هاوپێچ لەگەڵ ئەوەشدا خولەکانی مەشقپێکردنی فیکری و سەربازی کرایەوە، یەکەم ئەکادیمی سەربازی ژنان لە ناوچەی دێریک بە ناوی "شەهید شیلان" دامەزرا، لە ٩ی ئایاری ٢٠١٣ شەڕەڤانانی پێگەیاند.

 

یەکەکانی پاراستنی ژنان، ڕێکخستنی پێویست

هەر لە سەرەتای شۆرشەوە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ١٩ ی تەمووزی ٢٠١٢، ژنان بەشدار بوون لە بەرگریکردن، لەگەڵ دامەزراندنی یەکەم هێزی شۆڕش بە ناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ساڵی ٢٠١٢ لە ژێر ناوی YPG"  ژنان چوونە ڕیزی ئەو هێزە.

 

لە ٤ ی نیسانی ٢٠١٣،  ژنان "یەکەکانی پاراستنی ژن" دامەزراند، ماوەیەکی کەم چوونە ڕیزەکانی ''یەکینەکانی پاراستنی گەل"، بەوەش ناوی دامەزراوە تازەکە گۆڕدرا بۆ " یەکەکانی پاراستنی گەل و ژن"، کە ٪٣٠ لە ژن پێکهاتبوون و ناوی تایبەتی خۆیان هەبوو بە ناوی "YPJ" بەوەش یەکەم ڕێکخستنی شەڕەڤانی ژنانی چالاک لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا.

ژنانیش هاوشێوەی پیاوان کەوتنە مەشق و ڕاهێنان، شەڕەڤانانی ژن کە لە پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا بوون، تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٠ ساڵ بوون، بەڵام ڕێژەی زۆری یەکینەکان لە ژنی کورد پێکهاتبوون.

 

یەکینەکانی پاراستنی ژن" سەدان شەهیدیان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کاتی بەشداریکردنیان لەشەڕی وەدەرنانی تیرۆریستانی داعش و شەڕەکانی بەرەنگاربوونەوەی هێزی داگیرکەری تورکی لە عەفرین و سەرێکانی و ڕەئس ئەلعەین و گرێ سپی و تەل ئەبیەز و ئەوانی تر بەخشی.

 

یەکەم شەهیدی "یەکینەکانی پاراستنی ژن" (مریم محمد) بوو "کچی عەفرین" لە ٢٩ ئازاری ٢٠١٣ یان دوای کەمتر لە دوو مانگ دوای دامەزراندنی یەکینەکە کە نازناوی سەربازی "سلاڤا عەفرین" بوو، لە دەرئەنجامی هێرشە توندوتیژەکان کە کرایە سەر عەفرین لە لایەن بە چەتەکانی "جبهة النصرة" کە بە سوپای ئازاد ناو دەبرێت شەهید کرا.

 

سلاڤا عەفرین" کۆنگرەی دامەزراندنی یەکینەکانی ژنی بینیبوو، ئەندامێک بوو لە ئەنجومەنی سەربازی.

 

جگە لە ژنانی ناوچەکە زۆرێک لە ژنانی نێونەتەوەیی هاتنە ڕیزی "یەکینەکانی پاراستنی ژن" کە باوەڕیان بە دادوەری پرسی مافەکانی ژنان هەبوو، هەندێکیان تا ئەمڕۆ دەجەنگن و هەندێکیشیان شەهید بوون، وەک ئەو شەڕڤانە ئەڵمانییەی کە ناوی "ئیڤانا هوفمان" بوو، لە ٧ی ئازاری ٢٠١٥ شەهید کرا.

 

 "ئانا کامبڵ" ی بریتانی ناسراو بە ناوی "هێلێن گیریوکس" یەکەم شەڕەڤانی نێونەتەوەیی بوو لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵات ی سوریا شەهیدکرا، لە ١٥ ئازاری ٢٠١٨، شەهید هێلێن چالاکەوانی بواری مافەکانی ژن بوو لە وڵاتەکەی خۆی.

 

 ئەوەی بە چەتەکانی دەوڵەتی تورک بە تەرمی شەڕەڤان "بارین کۆبانی" کردیان هەرگیز لە بیرناکرێت، لە گوندی "قڕنە" لە یەکەم ڕۆژی مانگی شوباتی٢٠١٨، ئەو کاتەی لەگەڵ هاوڕێ شەڕڤانەکانی ڕووبەڕووی هێرشەکانی داگیرکەرانی تورک لە شاری عەفرین بوونەوە، بە پێی ئەو بەدواداچوونەی سەرکردایەتی یەپەژە کردویانە، ئەوەیان ڕەتکردووەتەوە کە ناوبراو چالاکی گیان فیدایی ئەنجامدابێت، بەڵکو لەگەڵ سێ شەڕەڤانی دیکەدا شەهید کراوە.

 

هەندێ لەوانەی کە ناویان بە سوپای ئازادی سوریا دەبردن،  تەرکەمی "بارین کۆبانێ"یان وێنە دەگرت و بڵاوییان دەکردەووە، بە بێ ئەوەی کەس لێپرسینەوەیان لێ بکات، دوای زۆرێک لە کاردانەوەکان لەسەر ئەو ڕووداوە، حاشایان لەوە کرد کاری ئەوان بێت و وتیان کارێکی تاک لایەنە بووە، بەڵام تا ئێستا کەس لەسەر ئەو تاوانە لێپرسینەوەی لێ نەکراوە.

 

ت.پ