یەکێتی ژنانی کوردستان، کڵپەیەکی ئاگر لەناو دڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

بەر لە ٧٥ ساڵ، لە ڕۆژهەڵاتی کورستان و لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوێکی گەورەیان هەڵهێنا، بوونە پشکۆیەک و بەگژ ئەقڵیەتی پیاوسالاری و شوێنکەوتەیی ژنان چوونەوە، ئەویش بە دامەزراندنی ڕێکخراوێک کە ژنان خۆیان تێیدا بڕیاردەر بن.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ دروستبوونی شۆڕش و دەستکردنی کوردان بە خەبات دژ بە ڕژێمە یەک لە دوایەکەکانی ئێراندا، بێ وچان ڕۆڵیان گێڕاوە و بە ڕەنگ و هێزی ژنانەوە دژ بە ستەم تێکۆشاون، بۆیە ئاوابوونی ڕێکخراو و ڕێکخستنێک کە ژنان تێیدا کار و تێکۆشانیان بکەن، وەک گرنگییەک بینرا، دوای دوو مانگ لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد، ژنان بڕیاری دامەزراندنی ڕێکخراوێکیان دا.
 
لە ١٤ی ئازاری ١٩٤٦ و پاش دوو مانگ لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد، ژنانی حزبی دیموکراتی کوردستان هەنگاوێکی گەورەیان هەڵهێنا، دامەزراندنی ڕێکخراوی "یایان"یان ڕاگەیاند و مینا قازی بووە سەرۆکی ڕێکخراوەکە. هەریەک لە عائیشە خان، کولثووم خان، زیبا خان، خاتوو کوبڕا عەزیمی و عیسمەتی کچی مینا قازی دەبنە ئەندام و کاردەکەن تا ژنان بە مافی خۆیان ئاشنا ببن و هەنگاویان دەنا بۆ ئازادکردنی ژنان، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ ژنان لەکارو باری کۆمەڵایەتیدا جێگەیان هەبێت.
 لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕێکخراوە لە ڕۆژهەلاتدا بووە کڵپەیەکی ئاگر و بەگژ ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری و ڕووبەڕووی کۆمەڵگە بووەوە، تەنها نەبووە جێگای ئومیدی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو لە باشوریشەوە چەندین ژن هەبوون پشتیوانی ڕێکخراوەکە بوون، لە شاری کۆیە لەلایەن نەجیبە خان و لە شاری سلێمانی لەلایەن حەپسەخانەوە پشتگیری ئەم ڕێکخراوە دەکرا.
 
ئامانجی ڕێکخراوە پرسی ژن و نیشتمان بوو
 لە سەردەمی دامەزراندنیدا، پرینسیپ و کاره‌کانی ڕێکخراوەکە بۆ بەرەوپێشبردنی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی، هۆشیارکردنەوەی ژنان، به‌شدارکردنیان له‌ کۆمه‌ڵگا و فێرکردنی زمان بوو، کۆمەڵێک ژنیش بە بۆنەی ئەم ڕێکخراوەوە توانییان بەشداری خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی بکەن، دوو ئامانجی سەرەکی ڕیکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان بەجێهێنانی ئەرکی نیشتمانی هاوشان لەگەڵ خەبات بۆ پرسی ژن و یەکسانی لە کۆمەڵگەدا بوو.
 
ئەم ڕێکخراوە کە لە پاشتردا ناوی گۆڕدرا بۆ "یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران" درێژەی بە کارەکانی خۆیدا و لە شۆڕش و سەرهەڵدانە یەک لەدوا یەکەکاندا لە نمونەی ئینقلابی ئێران-١٩٧٩ ڕۆڵیان گێڕا و هەوڵیان بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان و بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان دەدا، ئەگەرچی ئینقلاب ئەو جێگەی ئومێدە نەبوو کە خەڵکی ئێران بۆی تێکۆشان، لەپاڵیشدا کوردان هەوڵی سەربەخۆییاندا و ژنانیش ئەو ئاگری شۆڕشەیان خۆشتر دەکرد، لەو کاتەدا ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی گرتە دەست و دژ بە کوردەکان کۆمەڵکوژی ڕاگەیاند بەوەی کوردان هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن، ژنانی حزبی دیموکراتیش بێکۆڵدان چەکی ئەو شۆڕشەی لە شانیان کردبوو بۆ پارێزگاری کردن لە خاک و نەتەوەی کوردان بە ڕووی دوژمندا تەقاندیان.
 
چەندین ژنی تێکۆشەر کە تا لەسێدارەدان، چاونەترسانە سەرگەرمی خەباتی ئازادیخوازانە بوون لەپاڵ پیاواندا بۆ بەدەستهێنای ماف و ئازادی نەتەوەکەیان.
 
ت.پ