ڕیفراندۆم؛ لە هیوای گەلی کوردەوە بۆ بیانووی داعش ئایدیاییەک
ڕیفراندۆم سەرەڕای پەکخستنی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی کە بووە هۆی لەدەستدانی ٥٢٪ خاکی باشووری کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە دابڕێنراوەکان، لە ئێستاشدا وەک بیانوویەک بۆ سەربەخۆ نەبوونی کورد، لە زاری داعش ئایدیاکانەوە دێتەدەرەوە.

لاڤە کوردە - هێرۆ عەلی
ناوەندی هەواڵ- ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧، پەدەکە و بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان ڕیفراندۆمی ''سەربەخۆیی کوردستان''یان ئەنجامدا، ئێستاش هەشت ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕێفراندۆمدا تێپەڕدەبێت، بەڵام ئەنجامی ڕیفراندۆم سڕکرا و نەک سەربەخۆیی ڕانەگەیەندرا، بەڵکو سوپای عێراق ٥٢٪ی خاکی باشووری کوردستانیشی کۆنترۆڵ کرد.
ڕیفراندۆم، پڕۆسەیەکی یاسایی و سیاسییە بۆ وەرگرتنی ڕای گشتی هاونیشتمانیان لەسەر پرسێکی دیاریکراو، کە پەیوەندی بە دیاریکردنی چارەنوسیانەوە هەیە، کە بەشێوەیەکی دیموکراسی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت، یان بەواتایەکی تر، دەنگدانی گشتییە کە تێیدا گەل بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕای خۆی سەبارەت بە پرس و بابەتێکی گرنگ و دیاریکراو دەردەبڕێت، هەندێک جارتەنیا دوو بژاردەی وەک "بەڵێ -نەخێر" لەم پڕۆسەیەدا دەخرێتە بەردەستیان.
بەكارهێنانی چەمكی ڕیفرانـدۆم لە مێژووی هاوچەرخدا، دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی فەڕەنسیی ساڵی١٧٨٩، لە ڕووی جێبەجێكردنەوەش دەگەڕێتەوە بو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كاتێك بۆ بڕیاردان لەسەر یەكەم دەستووری وڵاتەكەیەكان لە تەمووزی ١٧٧٦ڕیفرانـدۆمیان كرد.
مێژووی ئەنجامدانی ڕیفرانـدۆم بە مەبەستی بەدەستهێانی سەربەخۆیی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٤٦، كە تیایدا "لیبریا" سەربەخۆییی خۆی لەژێر كۆڵۆنیاڵیی ئەمریكی بەدەست هێنا، مێژووی چەسپاندنی ئەم چەمكەیش لە دەستووردا، دەگەڕێتەوە بۆ دەستووری سویسرا لە ئەیلوولی ١٨٤٨، هەروەها مێژووی بەكارهێنانی زاراوەی ڕیفرانـدۆمیش لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتی، دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی بڕیاری ژمارە (١٥١٤) لە ڕێکەوتی ١٤ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٦٠ی كۆمەڵەی گشتیی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان، كە تایبەت بوو بە پێدانی سەربەخۆیی و دیاریكردنی مافی چارەنووس بۆ نەتەوە و گەلانی ژێردەستە و داگیركراو، بەم شێوەیە ڕیفرانـدۆم لە ڕێگەی ئەم بڕیارەوە بەرگێكی یاساییی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەبەردا كرا، كاتێك دەرفەت بە نەتەوە داگیركراوەكاندرا لە ڕێگهی ڕیفرانـدۆمەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، هەروەها لە بڕگەی (١) لە ماددەی (١) پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەكان لە كانوونی یەكەمی ١٩٦٦هاتووە، كە هەموو گەلێك مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە، وە لە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان بە هەمان شێوە جەخت كراوەتەوە لەوەی كە دیاریكردنی چارەنووس مافی هەموو گەلێكه.
بەم جۆرە، مافی بڕیاردانی چارهنووس پانتایییەكی بەرچاوی لە یاسا و ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكاندا گرتووە، بە جۆرێك كە بە مافێكی بنەڕەتیی گەلانی دەزانن، بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافەیش ڕیفرانـدۆم بە میكانزمێكی دیموكراتی و ئاشتی پەسەند كراوە.
''گەلی کورد هەمیشە هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی داوە''
سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت ئاواتی هەرە دێرینی نەتەوەی گەلی کوردە، لەمێژوودا زۆرن ئەو میرنشین و شۆرشە کوردییانەی کەئامانجیان دامەزراندنی هەرێمێک یا کوردستانی گەورە بووە، بەڵام لەبەر هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکی و ستراتیژییەکان ئەو خەونەیان نەهاتۆتەدی.
لەوەتەی مێژوو هەیە کورد خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکات و لەوپێناوەدا قوربانی زۆری داوە، لە بەرامبەریشدا داگیرکەرانی تورک وعەرەب و فارس، بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی کوردیان داوە، بۆیە تاوەکو ئێستاش بێبەشن لە سەربەخۆیی.
لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی زەبرێکی تووند لە پرسی کورد درا، نەیانهێشت ببێت بەخاوەنی دەوڵەتی خۆی، لەبری ئەوە خاکی کوردستان دابەشکرا بەسەر چواردەوڵەتدا "عێراق- تورکیا- ئێران- سووریا" لەو ڕۆژەوە کورد زیاتر لەجاران لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو دەوڵەتانەوە دووچاری چەوساندنەوە و زەبروزەنگ بۆتەوە.
بەرلەوەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستوریی لە عێراقدا دابمەزرێت، بە هەوراز و نشێوێکی زۆردا تێپەڕبووە، لە سەدەی بیستەمدا و دوای دامەزراندنی عێراق، گەلی کوردستان بە بەردەوامی لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکاندا لەسەر ماف و شێوازی فەرمانڕەوایی لە کێشمەکێشدا بوون، ئەو بەریەککەوتنانە زۆرجار پێکدادانی درێژخایەنیان لە نێوان بزووتنەوەی سیاسی لە کوردستانی عێراق و حکوومەتەکانی بەغدادا لێ دەکەوتەوە.
هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەكی سیاسی و کارگێڕی، دوای جەنگی یەکەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١دا هاتە کایەوە، ئەم قەوارەیە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، ڕەوایەتیی یاسایی و دەستووریی وەرگرت.
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی کەنداو و کشانەوەی سوپا لە ١٩٩١، هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بەرەی کوردستانییەوە بەڕێوە دەبرا، ئەم بەرەیە پێک هاتبوو لە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان، دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی ١٩٩٢، هەرێمی کوردستان یەکەم پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەریی خۆیی دامەزراند.
''کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان''
یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٤ی تەمموزی١٩٩٢، بە بەشداری ١٦ وەزیر پێکهێنرا، بەڵام ماوەی ئەم کابینەیە درێژ نەبوو، هەروەها لە دوای ساڵی ١٩٩٢، هیچ هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی ٢٠٠٥ ئەنجامنەدرا، بەڵام لەو ماوەیەدا چەند کابینەیەک گۆڕدران، لەوانە، لە ساڵی ١٩٩٣دا، دووەم کابینەى حکومەتى هەرێم پێکهێندرا، ئەم کابینەیە تا هەڵیگرسانەوەى شەڕی ناوخۆ و خیانەتى ٣١ی ئاب لە ساڵى ١٩٩٦مایەوە، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕەوە دووبارە حکومەت هەڵوەشایەوە، کابینەی سێیەمی هەرێمی کوردستان دوو کابینە بوو، لەژێڕ دەسەڵاتی هەردوو پارتی دەسەڵاتداردابوو، کابینەی چوارەمی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی هەولێرسەرۆکایەتی دەکرا، لە ساڵی ٢٠٠٥دا هەردوو کابینەکە یەکیانگرت و کابینەی پێنجەم پێکهێنرا، کابینەى شەشەمیش بەسەرۆکایەتى بەرهەم ساڵح پێکهێنرا، بۆ یەکەمجاریش بزوتنەوەى گۆڕان بەسەرۆکایەتى نەوشیروان مستەفا وەک هێزێکى ئۆپۆزسیۆن دەرکەوت و توانى لەیەکەم بەشدارى هەڵبژاردندا ٢٥ کورسی بباتەوە و ببێتە براوەى دووەم، کابینەی حەوتەمیش بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بوو، هەروەها لە رۆژی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٤، كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆجاری دووەم بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی پێكهێنرا، کە لە ماوەی کابینەی هەشتەمدا پرسی ڕفراندۆم هاتەئاراوە، ئەبوو لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ پارتی دەسەڵاتداری هەرێم لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بڕیاریاندا بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، بڕیارەکە بەوشێوەیە بوو کە ناوچە دابڕێنراوەکانیش بگرێتەوە کە هەریەک لە کەرکوک و مەخموور و خانەقین و شنگال بوون، چونکە بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ناوچەیەکی زۆری ناوچە دابڕێنراوەکانیان گرتبۆیەوە.
لە مانگى ئابی ساڵى ٢٠١٧ ، لەدواى دووساڵ لە داخستنى پەرلەمان، دەرگاى پەرلەمان کرایەوە و لە دانشتنێکى نائاسایى پەرلەماندا لە ڕۆژى ١٥ ئەیلوولدا بڕیار بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم دەرکرا.
لەدوای دەرکردنی ئەم بڕیارە وڵاتانی دراوسێ و جیهان دژی ئەم مافە ڕەوایەی گەلی کورد بوون و دژی ئەم بڕیارە وەستانەوە، بەجۆرێک ڕیکس تیلەرسن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا، ڕایگەیاند، کە ئەوان ئەنجامى ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستان قبوڵ ناکەن، تورکیا و ئێرانیش، ڕایانگەیاند، کە هاوکار و پشتیوانى حکومەتى ناوەندى عێراق دەبن بۆ شکستپێهێنانى ڕیفراندۆم، بۆ ئەوەش ئێران بۆ ماوەیەک سنورەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان داخست، تورکیاش فشارى ئابورى و سیاسى بۆ سەر هەرێمى کوردستان دروستکرد.
کاردانەوەکانی وڵاتان لەسەر ڕیفراندۆم
ئێران- وڵاتی ئێران لە ڕۆژێک پێش ڕیفراندۆم تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی بە ڕووی کوردستاندا داخست و ڕایگەیاند کە لەسەر داوای حکوومەتی عێراقە.
تورکیا- لە ڕۆژی دەنگدان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەستەنبووڵ ڕایگەیاند: کە دژی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانن و بێ بنەمایە و ئێمە هەموو ڕێگاکان بەرەو کوردستان دادەخەین و هەناردەی نەوتی هەرێمیش ڕادەگرین، لە ئەگەری هەڕەشە لەسەر تورکیا دەستپێشخەری دەکەین و ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر تورکیا نادەین، ئێمە دەتوانین بۆرییە نەوتەکانی باکووری عێراق ڕابگرین، ئایا گەر ئێمە نەینێرین لە چ ڕێگەیەکەوە نەوت هەناردەی دەرەوە دەکەن.
لە هەمانکات سەرۆک وەزیرانی تورکیا بن عەلی یەڵدرم ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی دان بە ئەنجامی ڕاپرسیەکەدا نانێت و وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش داوای لە هاوڵاتیانی کرد بە زووترین کات بگەڕێنەوە، مەولود چاوش ئۆغلۆی وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاند: گەر تورکمانەکانی ناوچەکە هەڕەشەیان لەسەر بێت ئێمە هێزی سەربازی دەنێرینە عێراق.
هەروەها ڕۆژێک دوای ڕیفراندۆم ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم ئاگرێکە ئەو کەسە دەسووتێنێت کە دایگرساندووە، ئێمە هەموو یارمەتییەکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانماندا بەڵام ئەوان هەر سوور بوون لەسەر ڕیفراندۆم و ئەمە هێرشە بۆ یەکڕیزی نەتەوەکانی ناوچەکە و دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نەتەوەیی، دواتر لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، ڕۆژنامەی ئەنقەرەی تورکی ڕایگەیاند، کە وڵاتەکە ١٢،٠٠٠ سەرباز دەنێرێتە باکووری عێراق.
ئەمریکا- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی ئەوەی چەندین جار دەسەڵاتدارانی هەرێمی ئاگادارکردبوویەوە لە ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا ڕایگەیاند، کە بێئومێد بوون لەوەی ڕوویداوە و ئەم ڕیفراندۆمە دەبێتە هۆی کێشە و سەرئێشەی زیاتر لە ناوچەکە، بەڵام پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێم وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام ئەوان حەزدەکەن عێراق بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە، لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیشەوە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە ڕایگەیاند، کە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە لای ئەوان قبووڵکراو نییە.
عێراق- وەزارەتی بەرگری عێراق لەگەڵ هەریەک لە ئێران و تورکیا لە ڕۆژانی بانگەشە و دەنگدان چەندین مانۆری سەربازییان لە سنوورەکان ئەنجامدا، لە ڕۆژی ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠١٧دا، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە سزادانی هەرکەس کە دەستی لە ئەنجامدانی ڕاپرسیەکەدا هەبووە، ڕیفراندۆمەکەشی بە نادەستووری و نایاسایی وەسفکرد، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمیش حەیدەرعەبادی رایگەیاند، کە هەموو سنوورە ئاسمانی و زەمینییەکان لەگەڵ هەرێم دادەخەن.
هەروەها ڕاستەوخۆ دواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم، حەیدەرعەبادى، سەرۆک وەزیرانى عێراق، ڕایگەیاند، کە ئەنجامى ڕیفراندۆم قبوڵناکەن و پێویستە ئەنجامى ڕیفراندۆم هەڵبووەشێتەوە، هەروەها کەوتە ئەنجامدانى فشارى سیاسى بۆسەر هەرێمى کوردستان، بە بڕیارێک لە ڕۆژى ٢٩ی ئەیلوولی٢٠١٧، گەشتى هەردوو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و سلێمانى ڕاگرت، هەروەها دەستى کرد بە کۆبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتانى تورکیا و ئێران، بۆ ئەوەى خاڵە سنورییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا دابخەن و هاوکارى حکومەتى عێراق بکەن لە شکستپێهێنانى ڕیفراندۆمدا.
ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش داگیرکرانەوە
عێراق داوای کشانەوەی پێشمەرگەی لە ناوچە جێناکۆکەکان کرد کە دوای شەڕی داعش پێشمەرگە گەڕابوونەوە ئەو ناوچانە، چونکە ئەوەی داعشی تێکشکاند هێزەکانی پێشمەرگە و گەریلا بوون، بەڵام کاتێک داعش تێکشکا عێراق ئەو ناوچانەی بە موڵکی خۆی زانی، ئەوەبوو بەرەبەیانی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، ناسراو بە ''١٦ی ئۆکتۆبەر''، هێزە عێراقییەکان و حەشدى شەعبى، بە فەرمانى حەیدەرعەبادى، سەرۆک وەزیرانى عێراق، هێرشیان کردە سەر پارێزگاى کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کەسەر بە ماددەی "١٤٠"ن، لەماوەى دوو ڕۆژدا ئەو ناوچانە لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە چۆڵکران و کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو هێزانەوە.
لێکەوتەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ڕووی خاکەوە
هەرێمى کوردستان ٥٢٪ ى ئەو خاکەى کە لەدەستیدا بوو لەدەستیدا، کۆی خاکی باشوری کوردستان ٨٦ هەزار و ٢٦٩ کیلۆمەتری دووجایە، تا ساڵی ٢٠٠٣، زیاتر لە ٤١ هەزار کیلۆمەتر لەژێر دەستی هەرێمی کوردستاندا بوو بەڵام دوای ٢٠٠٣ ڕوخانی ڕژێمی بەعس و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە شەڕی داعش هەبوو، زۆرینەی ناوچە دابڕێندراوەکان کە ٤٤ هەزار و ٩٣٩ کیلۆمەتر بوو هاتە سەر خاکی هەرێم، بەڵام لە دوای ڕیفراندۆمەوە جارێکی تر لەژێر دەستی هەرێم ڕۆیشت.
هەروەها دانیشتوانى کوردى ئەو ناوچانەش ڕووبەڕووى کوشتن و گرتن و لەدەستدانى ماڵ و موڵکو ئاوەرەبوون بوونەوە، وە بە بڕیاری ڕاكان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی كەركووک و بە پشتیوانی بەشێک لە ئەفسەرانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق، عەرەبی هاوردە كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە هێنرابوونە ناوچەكە و دواتر لە ٢٠٠٣ ناوچەكەیان جێهێشتبوو، جارێکیتر گەڕێنرانەوە بۆ ئەو ناوچانە، کە دواتر دەستیان کردبە فشارخستنە سەر کوردەکان و کێشەی داگیرکردنی زەوی و زاری کوردەکان لەلایەن عەرەبەکانەوە سەری هەڵدایەوە، ئەمەش دوای ئەوەهات، کە لە ساڵی ٢٠١٧ کورد توانی کەرکوک، شنگال، گوڵاڵە و کۆمەڵێک ناوچەی دیکە لەدەستی داعش ڕزگاربکات و سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت، پێشمەرگە توانی بگەڕێتەوە دوایین سنوورەکانی باشووری کوردستان، ئەو ناوچانەی کە بە ناوچەدابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان ناودەبرێن و لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠دان، بەڵام بەهۆی ڕیفراندۆمەوە گەڕینرانەوە ژێر دەستی عێراق.
لەدەستدان لە ڕووی ئابووریەوە
دوای ڕیفراندۆم سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کە لە داوی ڕیفراندۆمەوە ٥٥٪ی داهاتی نەوتیان لەدەستداوە، چونکە پێش ئەوە ١٢ بیرە نەوتیان لەژێر دەستدا بوو کە بریتی بوون لە کێڵگەکانی "هاڤانا، بای حەسەن، بابەگوڕگوڕ، خوڕمەڵە، جەمبور، عەین زالە، خەباس، تەق تەق، بەتمەن، تاوگێ، شێخان، حەسیرە"، بەکۆی هەموویان زیاتر لە ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەردەهێندرا، بەڵام دوای ڕووداوەکە هەریەک لە ''هاڤانا و بابەگوڕ، عەین زالە، بەتمەن، جەمبور، خەباس و بای حەسەنی'' لەدەست دەرچوو کە ٤٤٩ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکات، بۆیە لە ٢٧ی تشرینی یەکەم، بڕیاری سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم درا.
لە ڕووی پێگەی سیاسیەوە
لە ڕووی پێگەی سیاسیەوە هەرێمی کوردستان پێگەی سیاسی لە عێراق و ئاستی نێودەوڵەتیدا لەدەستداوە، چونکە پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەهۆی ڕۆڵیەوە لەشەری دژی چەتەکانی داعش، لە پێگەیەکی سیاسی بەرزدابوو، زۆرێک لە سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا و بەرپرس و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەو پەیوەندیانە پچڕان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەرەوە لەڕێگەی حکومەتی ناوەندی عێراقەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، هەروەها دواتریش حەفتەغار و پەڵکانە لە سنووری کەرکوک، عەرەبی بەدەوی بە پشتیوانی سوپای عێراق چەندین جار هێرشیان کردە سەر جوتیارە کوردەکان و قەدەغەی هاتوچۆیان لە سەر ئەو گوندانە سەپاند، هەروەها داهاتە ناوخۆییەکان و پرسی مووچەش لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نەما.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی لە ساڵی ٢٠١٩دا پێکهێنرا و تاوەکو ئێستاش کابینەی ١٠یەم پێکنەهێنراوە، هەروەها لە دوای ساڵی ١٩٩٢، تاوەکو ئێستا هیچ هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانى هەرێمەوە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە، دوایین هەڵبژاردن لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو، بەڵام ئەوە بوو بە ١٠مانگ هێشتا کابینەی ١٠یەم پێکنەهاتووە بەهۆی ڕێکنەکەوتن و ناکۆکی لەنێوان پارتە دەسەڵاتدارەکان.
سەرئەنجام لەماوەی ٣٣ ساڵی تەمەنی حکومەتى هەرێمی کوردستاندا نەتوانراوە چەند کێشەیەکی سەرەکی چارەسەر بکرێت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاوڵاتییانى هەرێمەوەیە، ئەویش کێشەی(ئاو، کارەبا، ڕێگاو بان، سوتەمەنی،پەروەردە، تەندروستی، دامەزراندن و هەلی کار، نیشتەجێبوون، گەنجان و ژنان، ئازادیی مەدەنی و سیاسییەکان، ئازادیی ڕۆژنامەوانی، کشتوکاڵ، پێشمەرگە و ئاسایش، سەربەخۆیی دادگاکان، جیاکردنەوەی حزب و حکومەت، کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغداد) لەگەڵ چەندین کێشەی دیکە لە هەرێمەکەدا.
لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٤ دا حکومەتى هەرێمی کوردستان ئابووری سەربەخۆی ڕاگەیاند و گرێبەستى نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکانى جیهان واژۆکرد، هەرێم کێشەیەکی دارایی و مووچەی نەبوو، بەڵام کاتێک ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاند، حکومەتى فیدراڵی مووچە و بودجەى هەرێمی بڕی، لەو کاتەوە تا ئێستا کە ساڵی ٢٠٢٥، ئەو کێشەیە وەکو خۆی ماوەتەوە و نەیتوانیووە چارەسەری بکات، لە کاتێکدا لە یاسای بودجەدا و بەپێی بڕیارەکانى دادگای فیدراڵی ئەو کێشەیە بەروونی چارەسەری بۆداناوە.
لێکەوتەکانی دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ
ڕیفراندۆم تەنیا زیانی لە باشووری کوردستان نەدا، بەڵکو ناڕاستەوخۆش زیانێکی گەورە بوو لە پرسی کورد لە بەشەکانى دیکەی کوردستان و بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەوڵەتی تورک کردوویەتییە بیانوویەک بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوردستان.
هەروەها ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا، کە دوای کەوتنی بنەماڵەی ئەسەد و ڕژێمی ئەسەد، لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، هەمیشە هەوڵ بۆ یەک ئاڵاو یەک زمان دەدات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی، دۆخی رۆژئاوای کوردستانی بە هەرێمی کوردستان بەراورد کرد، وتی: "دۆخەکە وەک باکووری عێراق، کوردستانی عێراق نییە، تەنانەت کوردستانی عێراقیش، سەرەڕای هەموو ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی هەیبوو، کاتێک بیری لە جیابوونەوە کردەوە، شکستی هێنا"، ئەم وتانەی ئەحمەد شەرع لەدوای هەشت ساڵ لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم دەرخەری ئەوەیە کە ئەو پرۆسەیە چەندە زیانی بە گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان گەیاندووە، کاتێک گەلی کورد داوای خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی دەکات، ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان وەک بیانوویەک دەهێندرێتەوە، کە دەیکەنە شکستی کوردو ئاماژە بەوەدەکەن، کورد ناتوانێت سەربەخۆو خۆبەڕێوەبەر بێت.
ڕۆژئاوای کوردستان، کەلەدوای شۆڕشی ٢٠١١ەوە خۆبەڕێوەبەری دامەزراندو سەرەرای هەموو هەوڵەکانی داگیرکاری لەلایەن دەوڵەتی تورک و بەردەوامی هێرش و بۆردوومانەکان، بە دەرفەتی کەمی بەردەستی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریای لەسەر پێیەکانی ڕاگرتووە، ئێستا بەهۆی شکستی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستانەوە، لەلایەن ئەحمەد شەرع "جۆلانی" کە پێشتر ئەندامی رێكخراوی قاعیدە بووە لە عێراق و ماوەی پێنج ساڵ لە زیندانی ئەمریكییەكاندا بووە، دژایەتی خۆبەڕێوەبەرییەکەی دەکرێت.
بۆیە ئەوەی لە دوای ڕیفراندۆم ڕوویدا، تەنیا لە یەک ڕۆژدا کۆناکرێتەوە و پرسێکی یەک ڕۆژەش نییە، بەڵکو سەرەتای پلانێکی گەورە بوو بە یارمەتی وڵاتانی دراوسێی داگیرکەر بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بهێنن و هەمیشە بیکەنە بیانوویەک کە گەلی کورد داوای سەربەخۆیی و خۆبەڕیوەبەری نەکات.