یاسا کۆنەکان بوونەتە مۆتەکەی ژیانی ڕۆژنامەنووسان

ئازادی ڕۆژنامەگەری، بەڕێوەبردنی کاری ڕۆژنامەوانییە دوور لە هەر ڕێگریکردنێک لەلایەن حکومەت، دەسەڵات یان ڕێکخراوە ئایینی و مەدەنییەکان، ڕاگەیاندن بنچینەی پەیوەندی کردن و ڕادەربڕینە کە لە ڕیگەی دەستوور و یاسای تایبەتەوە پارێزگاری لێدەکرێت و پێشێل نەکرێت.

هێرۆ عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- بە درێژایی مێژوو ژنانی ڕۆژنامەنووس لە بەدواداچوونیان بۆ ڕاستی و دادپەروەری ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بێئەندازە بوونەتەوە، بەرگەی هەڕەشە و هەراسانکردن و توندوتیژی جەستەیی و زیندانیکردن و تەنانەت تیرۆرکردنیان گرتووە،  لە کاتێکدا کە ڕۆژنامەگەری لە بنەڕەتدا پیشەیەکی مەترسیدارە، ژنان لە بوارەکەدا زۆرجار ڕووبەڕووی بارگرانییەکی دوو هێندە دەبنەوە، لەوانە هەڕەشە بەهۆی ڕاپۆرتکردنیان و توندوتیژییە ڕەگەزییەکان، لە زۆر شوێنی جیهان، ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ڕێگەی گۆشەگیری یاسایی و توندوتیژی سێکسی و تەنانەت کوشتنیشەوە بێدەنگ کراون.

 

جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، کە لە ساڵی ١٩٤٨لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان داڕێژراوە، ئازادی ڕۆژنامەگەری وەک بەشێک لەئازادی ڕادەربڕین دەناسێنێت ودەڵێت: "هەموو کەسێک مافی ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕینی هەیە، ئەو مافەش ئازادی هەڵگرتنی بۆچوون بەبێ دەستوەردان وئازادی گەڕان وبەدەستهێنان وپێدانی زانیاری و بۆچوون لەخۆدەگرێت".

 

بەشداربووانی کۆنفرانسی دیپلۆماسی لە ساڵی ١٩٧٤ تا ١٩٧٧، کە لە ژنێڤ بەڕێوەچوو، بڕگەیەکی تایبەتیان سەبارەت بە " ڕێوشوێنی پاراستن بۆ ڕۆژنامەنووسان" خستەڕوو، کە تێیدا مادەی ٧٩ی پرۆتۆکۆڵی زیادەی یەکەمی ڕێکەوتنامەی ژنێڤ سەبارەت بە پاراستنی ڕۆژنامەنووسانە، کە خەریکی ئەرکی پیشەیی مەترسیدارن لە ناوچەکانی شەڕی چەکداریدا، بە فەرمی باس لەوە دەکات کە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ناوچەکانی شەڕی چەکداریدا خەریکی ئەرکی مەترسیدارن، دەبێت بە مەدەنی هەژمار بکرێن، بۆ ئەوەی ڕێزیان لێبگیرێت و بەو شێوەیە بپارێزرێن.

 

لە ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٧دا، کۆنفرانسی گشتیی یونسکۆ بڕیارنامەیەکی بەناونیشانی "ئیدانەکردنی توندوتیژی دژبە ڕۆژنامەنووسان" پەسەند کرد و داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد، پابەندبن بە بڕیارنامەکەوە بۆ ڕێگریکردن و لێکۆڵینەوە و سزادانی تاوانەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان، کە ناسراوە بە بڕیارنامەی ٢٩ی یونسکۆ.

 

لە٤ی ئایاری ٢٠٠٧، لە میانی کۆنفرانسی یونسکۆ بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری، جاڕنامەی مێدێلین سەبارەت بە "دەستەبەرکردنی سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان و بەرەنگاربوونەوەی بێ سزایی" دەرچوو، کە زیاترهانی وڵاتانی ئەندامی دا، لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو کردەوە توندوتیژییانە بکەن کە بەرامبەرڕۆژنامەنووسان دەکرێن، هەروەها پابەندبوونیان بە پرۆتۆکۆڵی زیادەی یەکەمی ڕێکەوتنامەی ژنێڤ و بەڵێنەکانی بڕیارنامەی ٢٩ی یونسکۆ، بۆ پێشخستنی یاسادانان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی بکوژانی ڕۆژنامەنووسان و بەرەنگاربوونەوەی بێ سزا، بخەنەڕوو.

 

لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩دا، جاڕنامەی سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان لە میانەی چوارەمین کۆڕبەندی جیهانی ئەلیکترۆنی میدیا لە مەکسیک پەسەند کرا و لەلایەن یونسکۆوە پشتگیری کرا، جاڕنامەکەش داوای "پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەردەوام دەکات بۆ چارەسەرکردنی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و ستافی پشتیوانی میدیا لە سەرانسەری جیهان لە کاتی ئاشتی وشەڕدا"، سەرنجی خەڵک بۆئەو ڕاستییە ڕادەکێشێت، کە زۆربەیان لە شەڕدا نەکوژراون، بەڵکو لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیان لە وڵاتەکانی خۆیان لە کاتی ئاشتیدا بووە.

 

بەپێی پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهانی ساڵی ٢٠٢٣، نەرویج بۆ حەوتەمین ساڵ لەسەریەک لە پلەی یەکەمدایە لە پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنووساندا، ئێرلەنداش لە پلەی دووەم و دانیمارک لە پلەی سێیەمدایە، نزمترین ڕێژەی ئازادیی ڕاگەیاندنیش ڤێتنام، چین، کۆریای باکوور، سووریا، عێراق و سودان بووە.

 

ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان - عێراق، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، یاسایی ژمارە ٣٥ یاسای رۆژنامەگەری لە ساڵی ٢٠٠٧ دەرچوواند، بەڵام ئەم یاسایە بە پێی ڕاپۆرتە نێودەولەتییەکان تا ئێستا ژیانی ڕۆژنامەنووسانی نەپاراستووە، بەڵکو بۆ سزادانی رۆژنامەنوسان و بەرتەسککردنەوەى ئازادی ڕۆژنامەوانى پەنا بۆ یاسا کۆنەکانى سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق دەبەن، یان پەنا دەبرێتە بەر ئەو بڕگە و ماددانەی باس لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکات بۆ لێپێچینەوە و کردنەوەی دۆسێیە لەسەر ڕۆژنامەنوسەکە.

 

سەدەی ٢١ سەدەی ئازادی ژنان و دەستپێکردنی شۆڕشەکەیانە، کە وایکردووە دەوڵەتە باڵادەستەکان سیاسەتی سیستماتیک لە دژی چالاکوان و ژنانی ڕۆژنامەنووس پەیڕەو بکەن، کە لە ڕێگەی قەڵەم و کامێراکانیانەوە هەوڵی گەیاندنی ڕاستی، خەبات، هێز، شۆڕشی ژنان دەدەن.

 

خەباتی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان و بە تایبەتی لە کوردستان، ڕەنگدانەوەی خەباتی بەرفراوانترە بۆ ئازادی ڕادەربڕین و یەکسانی ڕەگەزیی، لەهەمانکاتدا لە گۆشەگیری یاساییەوە تا تیرۆرکردنی ئامانجدار، ئەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە توند و بەردەوامن، لە کاتێکدا هەندێکیان توانیویانە بەربەستەکان بشکێنن و بەردەوام بن لە ڕاپۆرتکردن، بەڵام زۆربەیان باجی قورسیان داوە.

 

لە ساڵێکدا ١٨٢ پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنووسان

بە پێی ئامارە بلاوکراوەکانی سەنتەری میترۆ، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە هەرێمی کوردستان  ١٨٢ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدراوە، کە لە ١٠٪ی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنوس ئەنجام دراون.

 

ئامارەکانی توندوتیژی و دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژنامەنوسان لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەم شێوازە بووە: کوشتنی ڕۆژنامەنوسان بە درۆن سێ حاڵەت، دەستبەسەر کردنی ڕۆژنامەنوسان بە بێ بڕیری دادگا ٢٤ حاڵەت، زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنوسی ١٧ حاڵەت، هێرش و لێدان و هەڕەشە بۆسەر ڕۆژنامەنوسان ٢٧ حاڵەت، ڕێکگریکردن لە ڕوماڵکردن ١٠٣ حاڵەت، هێرشە ئەلکترۆنییەکان ٦ حاڵەت و شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی دوو حاڵەت، لە ئەنجامدا ١٨٢ پێشێلکاری بەرامبەر ١٧٦ ڕۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیای ئەنجامدراوە، لە ٪١٠ پێشێلکارییەکان ژنان پێکدەهێنێت.

 

لە باشووری کوردستان ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەکرێنە ئامانج

ئازادی ڕۆژنامەگەری لە باشووری کوردستاندا بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بەرتەسک دەکرێتەوە، ڕۆژنامەنووسی ئازاد لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێگری ڕووماڵکردنی ڕاستییەکانیان لێدەکرێت، لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەریشەوە دەبنە جێی ئامانج و هاوشێوەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، کە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ڕۆژنامەوانی لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، گیان بەخت دەکەن.

 

هەروەها بەپێی داتاکانی رێکخراوی پەیامنێران بۆماف و گەشەپێدان، کە رێکخراوێکی ناحکومی "داکۆکیکارە لە مافەکانی رۆژنامەنووسان" لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: پێشێلکارییەکان به‌ شێوه‌یه‌كی دراماتیكی ڕوو لە زیادبوونە، بە شێوەیەک ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی خستووەتە بەردەم پرسیارەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم بەربەستانەش ڕۆژنامەنووسان بەردەوامن لە ڕاپەڕاندنی بەرپرسیارێتیەکانیان بۆ خزمەتی کۆمەڵگە.

 

سەرەڕای هەبوونی یاسا ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان، بەڵام هیشتا تاوناباران سزا نەدراون و یاساکان لە خزمەت ڕۆژنامەنووساندا نەخراونەتە کارەوە، بەڵکو بۆ پاراستنی بکوژان و ئەو دەوڵەتانەیە کە ڕۆژنامەنووسان دەکەنە ئامانج.