ئامارەکانی خەتەنە کردنی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی ٪٢٣ی منداڵی کورد لە خوار سیازدە ساڵەوە خەتەنە دەکرێن، ئاماری خەتەنەکردن لە هەرێمی کوردستانیش بۆ ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە هەر چرکەیەکدا لە شوێنێکی ئەم جیهانەدا، کچێک خەتەنە دەکرێت و ئەمەش بۆ ژنانی گەنج و ژنان دەبێتە دەستپێکی ژیانێکی پڕ لە ئازار و رەنج، هەروەها رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا ڕایگەیاندبوو زیاتر لە ١٤٠ ملیۆن ژن لە دنیادا خەتەنە کراون.

 

ئاماری ڕێکخراوە جیهانییەکان ئاماژە بە ڕێژەی بەرز دەکەن

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەئاستی جیهاندا و بە تایبەتی لە ٢٨ وڵاتی ئاسیا و ئەفەریقادا، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن ژن لە نێوان تەمەنی  ٤ تا ١٥ ساڵ خەتەنە دەکرێت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ئاماژە بەوە دەدات ١٠٠ بۆ ١٤٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا خەتەنەکراون، ساڵانەش سێ ملیۆن ژنی گەنج ڕووبەڕووی ئەم تاوانە دەبنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە خەتەنەی ژنان بە شێوەیەکی نافەرمی ئەنجام دەدرێت و دەشێت ئامارەکان زۆر زیاتر بن لەوەی ڕێکخراوە جیهانیەکان باسی لێوە دەکەن.

 

ڕێکخراوی سەلامەتی جیهان دەڵێت لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە سی ملیۆن منداڵی ژێر ١٥ ساڵ خەتەنە دەکرێن و زیاتر لە ١٤٠ ملیۆن تا ئێستا خەتەنە کراون.

لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق، نیشانی دەدات ٢٣% ژنانی کوردی ژێر سێزدە ساڵ خەتەنە کراون، ئەم ڕیژەیە بۆ ژنانی گەنجی نێوان چواردە و شانزه ساڵ دەگاتە ٤٥% و باس لە بەرەو زۆرتر چوونی خەتەنەش دەکرێت.

لە لێكۆڵینەوەیەكدا دەركەوتووە شەش پارێزگای ئێران زۆرترین حاڵەتی خەتەنەكردنی تێدا ئەنجام دەدرێت و چوار لەو پارێزگایانەش كوردنشینن، پارێزگاكانیش ورمێ، سنە، كرماشان، ئیلام، لۆرستان وهۆرمزگانن، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەك کە ماوەی سێ ساڵی خایاندووە، دەرکەوتووە تا ئێستا لە ٦ پارێزگای ئەو وڵاتە نەریتی خەتەنەكردنی مێینە درێژەی پێدەدرێت.

 

لە هەرێمی کوردستان ٪٧٢.٧ی ژنان خەتەنە کراون

لە توێژینەوەیەکی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی کە لە هەرێمی کوردستان لە بارەی خەتەنەی ژنانەوە ئەنجامیداوە، لە ڕێی چاوپێکەوتن و پڕکردنەوەی فۆرمی ڕاپرسی بۆ ١٤٠٨ ژن و کچ  دەرکەوتووە کە ٧٢.٧ %ی بەشداربووان دانیشتووی پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و گەرمیان بوون و ڕووبەڕووی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێ بوونەتەوه.

وەزارەتی مافی مرۆڤی کابینەی پێنجەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەساڵی ٢٠٠٩، ڕاپرسیەکی لەناو ٥٢١ ژنی ناوچەی چەمچەماڵ ئەنجامداوە، بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان ٢٤ ساڵاندا بووە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ٤٠.٧ %ی بەشداربووان ڕووبەڕووی خەتەنەکردن بوونەتەوە.

شایەنی باسە گوندی هەڵەبجەی گەورە یەکەمین گوندە لە هەرێمی کوردستان کە خەتەنە کردنی مێنەی تێدا بە هەموو شێوەیەک ڕاگرتووە، لە شارەکانی هەرێمی کوردستانیش ئامارەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ بەم شێوەیەن:

ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٨ی خەتەنەکردنی ژنانی گەنجی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بەم شێوەیە بووە:

٢٩ کەیس لە گەرمیان

١٢٠ کەیس لە هەولێر

دهۆک ١٦٤ کەیس تۆمار کراوە

١٦٤ کەیس لە سلێمانی و دەڤەری ڕاپەڕین.

 

ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٩ بۆ خەتەنەکردنی ژنان و ژنانی گەنج بەم شێوەیە بووە

لەگەرمیان ‌هیچ کەیسێک تۆمار نەکراوە

١٦١ کەیس لە هەولێر و دهۆک

١٦٢ کەیس لە سلێمانی و دەڤەری ڕاپەڕین

ئامارەکانی خەتەکردنی ژنانی گەنج و ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ هەتا لەلایەن دەزگاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.

 

ت.پ