ڕۆڵی ژنان و لەناویاندا ژنانی کورد لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ... یەکەم

ژنانی کورد، لە لایەک بوونەتە جێی ترس و لەلایەک بوونەتە جێی سەرسامی فەرمانڕەواکانی وەک ئاشوری و بابلییەکان، ئەگەرچی ئەو فەرمانڕەوایەتییانە هەوڵی لەناوبردنیان دابێت بەڵام ژنان بەجەرگانە ڕۆڵیان لە ڕوخاندنی ئەواندا هەبووە.

 

شنیار بایز

سلێمانی -مێژوو بۆی سەلماندوین شارستانیەت و ئاوەدانی لەهەر شوێنێک بێت تەنها بە هەوڵی پیاوان دروست نەکراوە بەڵکو ژنان بە دایکی کۆمەڵگە بەناو دەکرێن، دایک-ژن بە پێی هەوڵ و تواناکانیان ئەرکێکیان گرتۆتە ئەستۆ و لەو مەیدانەدا ئەسپی ژیانیان تاوداوە، شانبەشانی پیاوان مەشخەڵی ڕوناکی ڕێگای سەربەستی وڵاتیان بەرز کردوەتەوە، ژنانی کورد وەک ژنانی جیهان بۆ پارێزگاریکردنی کۆمەڵ و هۆزەکانیان خەباتی سەختیان ئەنجام داوە، هیچ کات ملکەچ نەبوون بەرامبەر ئەو کۆسپ و هەڵدێرانەی لە ڕێگەیاندا هەڵقوڵاون، ئەو ژنانە لە مەیدانی جیاوازدا ڕۆڵیان گێڕاوە وەک مەیدانی ڕۆشنبیری و خوێندەواری، کۆمەڵایەتی، لە مەیدانی فەرمانڕەوای و ڕامیاریدا چەندەها ژنی بەتوانا و بەشکۆ هەڵکەوتووە.

 

ئەگەرچی کۆمەڵگە لەسەر دەستی ژن ئاوابووە، بەڵام بە ئاوابوونی سیستمی چینایەتی و دامەزراندنی میرنشین و دەسەڵاتەکان بەرەبەرە ئەو ڕۆڵەی ژن لەناوبراوە، لەپاڵ لەناو بردنی کورددا، پلانی سەرەکییان لەکارخستنی ژنانی کورد بووە.

 

ژنانی کورد ترسی گەورەی ئاشورییەکان بوون

ئاشوریەکان یەکێک بوون لەو میرنشینانەی لە پیاوانی کورد زیاتر، ڕقیان لە ژنانی کورد بوو، چونکە لە جەنگی زاموا ئەوەیان بینیبوو ژنانی کورد شانبەشانی پیاوەکانیان دەجەنگن و مەترسیان بۆسەر ئاشورییەکان هەیە و خاک و وڵاتی خۆیان دەپارێزن، بۆیە ئاشوریەکان بڕیاریاندا جیاوازی نەکەن لە نێوان ژنان و پیاوانی کوردا.

 

هەر بۆیە لە جەنگی چیای کانی با و قەڵای لاربوسادا، ئاشور ناسڕ پاڵی دووەم خۆی دەگەڕێت لە شارۆچکەکاندا هەموو ژنان و پیاوانی گەنج دەدۆزێتەوە و دەیانگرێت، بە بێ جیاوازی لەناو ئاگردا دەیانسوتێنێت. ئەمەش بە شانازییەوە باس لێدەکات، و دەڵێت "من سەریانم بە داری چیاکاندا هەڵواسی و سوتاندمن.

لە کۆتایشدا نەوەی ئەو ژن و پیاوانەی سوتێنران، لە ساڵی ٦١٢ پێش زاینیدا ئاشوریەکانیان لەسەر نەخشە سڕییەوە.

 

لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٨٨١ پێش زاینی، پاشای ئاشوریەکان ناسڕ پاڵ هێرش دەکاتە سەر چیای "نیشیر" کە بە پیرەمەگرونی ئێستا ناسراوە، بەرگریکردنی کوردان لە جەنگەکاندا و دروستکردنی قەڵا بۆ خۆپارێزی وا لە ئاشور ناسڕ پاڵی دووەم دەکات بە سەرسامیەوە باس لە خۆڕاگری کوردان و دروستکردنیی قەڵا بەهێزەکانیان دەکات، کە دروستکردنی قەڵا بۆ خۆپارێزی لای کوردەکان مێژووەکەی بۆ هەزارەی سێیەمی پێش زاینی دەگەڕێتەوە.

 

هێزی ژنان وای لە بابلیەکان کردبوو ژنان بکەنە دیل.

لە سەدەی شەشی پێش زاینی بابلیەکان ژنانی خۆیان دەبرد و دەیانفرۆشت، تا ژنان بکەنە دیل و بەکاریان بهێنن و نەهێڵن ژنان وەک پیاوان بەرامبەریان بوەستنەوە، لە هێز و تواناکانی ژنان دەترسان، ژنانیان بە بێدەسەڵات و کۆیلە دەزانی بۆیە دەیانفرۆشتن، فرۆشتنی ژنان لەو سەردەمەدا جیاواز بوو کاتێک خانەوادەکەیان هەستیان بە گەورەبوونی کچەکانیان دەکرد باوکەکان خۆیان کچەکانیان دەبردە بازاڕی ژن فرۆشانەوە و بانگەشەیان بۆ کچەکانیان دەکرد، کێ خاوەن پارەیەکی زۆر بوایە دەبووە خاوەن جوانترین ژن، لەو کاتەدە بابلیەکان لەپێناو بەدەستخستنی بڕە پارەیەک ژنەکانیان دەفرۆشت.

 

لە سەدەی شەشی پێش زاینی لەنێو ماساگێتیەکاندا ڕۆڵ بە ژن درابوو، کە هەر تەنیا ژنێک بوو توانی ئەوان لە سڕینەوە بپارێزێت و نەهێڵێت خۆری ئاسمانیان بۆ هەمیشە ئاوا بێت. دوای ٢٠ ساڵ کوروشی فارس ویستی ئەوانیش بەهەمان شێوەی ماددەکان لێبکات بەڵام ژنێکی ماساگێتی ئازایانە و ژیرانە ڕێگەی لێدەگرێت و خەونەکەی لێدەکات بە مەرگ.

 

کوروش لە ڕێگەی خزمایەتی و دۆستایەتیەوە درزی خستە نێو ماددەکان و لەو ڕێگەیەوە توانی ماددەکان بڕوخێنێت، بەهەمان شێوە دەیویست لەڕێگەی هاوسەرگیرییەوە لە ماساگێتیەکان نزیک بێتەوە و وەک مادەکان بیانڕوخێنێت، بەڵام ئەو ژنەی کوروش بەتەمای بوو، "شاژن تۆمیریس "بوو، کە ئەو ژنە بوو سەری کوروشی فارسی خستە بەر پێی و مێژوو وەک پاڵەوانێک باسی دەکات.

 

ژنانی کورد ڕۆڵی ژەنەڕاڵیان بینیوە لە سەدەی ٩ی پێش زاینی.

هەر لەو سەردەمەشدا ژنانی کورد سەنگو قورسای خۆیان هەبوو لە سەدەی ٩ ی پێش زاینی و پێشتریش ژنانی کورد شان بە شانی پیاوان تا مردن دەجەنگان و لە هەر بارودۆخێکدا قەڵای پشتی پیاوەکانیان بوون، هەندێک کات ڕۆڵی سەرباز و ژەنەڕاڵیشیان بینیوە، ئەوان پێگەی خۆیان هەبووە، بەهێزی و توانایی ژنانی کورد، سەرکردەی ناوچەکانی تری سەرسامی خۆیان کردبوو کە چۆن شانبەشانی پیاوەکانیان دەجەنگن، ئەو تیروکەوانەی بەدەستی ژنانی کوردەوە بوو وەک تیروکەوانی پیاوەکانیان ترسی لەسەر دوژمن دروست کردبوو بۆیە دوژمن لە کاتی جەنگدا دەستیان لە ژنان نەپاراستووە.

 

مێژووی مرۆڤایەتی بە زۆر قۆناغدا تێپەڕیوە لە هەر یەکەیاندا ژن بە جۆرێک ژیاوە، هەندێک کات جڵەوی کاریان گرتۆتە ئەستۆ هەندێک کاتی دیکە بوونەتە ژێردەستە و پاشکۆ، بەڵام پێشکەوتنی شارستانی و خوێندن و زانست باری گونجاویان بۆ ڕەخساندوون وردە وردە بەشداری بوارە جیاجیاکانی ژیان بکەن و شوێنی خۆیان  بکەنەوە.