وێنای ژنانی کورد لە دیدی گەڕیدە و ڕۆژنامەنوسانی بیانییەوە ... دووەم

ژنی کورد یەکێکە لەو بابەتانەی کوردناسەکان گرنگییەکی زۆریان پێداوە، بە جۆرێک بووەتە خاڵی جیابوونەوەی نێوان گەلی کورد و گەلانی دیکە.

 

شنیاربایز

سلێمانی- تێکۆشانی ژنانی کورد لە مێژووی کۆنەوە بووەتە جێگای سەرنجی میلەتانی دیکە، ژنانی کورد جێگەیەکی شیاویان لە نوسین و یاداشتی بیانییەکاندا داگیر کردووە، بەشێکی زۆری ئەو کوردناسانەی ڕوویانکردووەتە کوردستان نەیانتوانیوە خۆیان لە باسکردنی ژنانی کورد دەرباز بکەن، ژنانی کورد سەرنجیان ڕاکێشاون چ لە ڕووی جل و بەرگەوە بێت یان هەڵسوکەوت و مامەڵەوە بێت تەواو و لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازبوون، ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ژنی گەلی کورد و گەلانی دیکە لە دیدی کوردناسەکانەوە، کە ژنی کورد ڕێزی زیاتری لێگیراوە بە بەراورد بە ژنانی گەلانی دیکە، بڕوایان وابووە کورد لە چاو گەلانی دیکەدا ژنانیان بەلاوە بەنرخ بووە و ڕێزیان لێگرتوون.

 

بۆ ئەم مەبەستەش دەبلیو ئار هەی دەڵێت "کوردەکان ئەوەندە بە ڕێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ژنەکانیاندا دەکەن کە لە هەموو میللەتە محەمەدییەکان تێدەپەڕێت". بەڵام لە ڕاستیدا ژنانی کورد سەرباری هاوکاریکردنی پیاوەکانیان و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانیان بە هۆی دابونەریتی کۆمەڵگەوە رووبەڕووی زەحمەتی زۆر بوونەتەوە و پیاوان نەک هاوکاری ژنەکانیان نەبوون بەڵکو بە کارێکی ناپەسەندیان زانیووە هاوکاری ژنەکانیان بکەن و ڕێزیان لێبگرن، بۆیە هەر لە کۆنەوە نایەکسانی بەرامبەر ژنان کراوە و چەوسێنراونەتەوە.

 

سەبارەت بە کاری بەڕێوەبردن ژنان ڕۆڵیان لە بەڕێوەبەریدا هەبووە بە شداریان لە دانیشتنەکانی پیاواندا کردووە، دەنگی خۆیان بڵند کردووە و بیروبۆچوونی خۆیان دەربڕیوە، هەندێک کات بووە وەک سەرۆک هۆز دەستنیشانکراون، نیکیتین دەڵێت "ژنانی کورد ڕووی خۆیان داناپۆشن و لەکاتی کۆبوونەوەدا خاوەنی قسەی خۆیانن" ئاماژەی بەوەش کردووە زۆربەی سەرۆکەکان لە ژێر کاریگەری ژنەکانیاندان، هۆکارن بۆ ئەوەی پیاوەکانیان بڕیارێکی هەڵە نەدەن و شکست نەهێنن.

ئەگەرچی هەندێک جار ماف تەنیا بۆ پیاوان بووە ببێتە سەرۆک هۆز بەڵام ژنان لە نێو خۆیاندا یەکێکیان وەک نوێنەر دەستنیشان کردووە و توانیویانە سەرکەوتوانە ڕێبەری هۆزەکانیان ببن. 

 

ژنان کاری تیرەکانیان بەسەرکەوتووی بەڕێوەبردووە

مینۆرسکی ئاماژەی بەوە کردووە ژن لە کوردستان شوێنی سەربەخۆیان هەیە، لە نێو ڕەشماڵەکانیاندا بە شانازییەکی بێوێنەییەوە پێشوازی لە میوانەکانیان دەکەن، هەڵکەوتووی ژنی کورد بە شێوەیەکە کاروباری تیرە و کۆمەڵگەی خۆی سەرکەوتووانە بەڕێوە ببات. درک کینانیش جەختی لەسەر ئەم بۆچوونە کردووەتەوە کە وا لەنێو تەواوی چینەکانی کورددا ژنان ڕێزێکی تایبەتیان هەیە و گوێ لە قسەکانیان دەگیرێت.

 

گەڕیدەکان چاونەترسی ژنانیان لەبەرچاوە

لە باسی ئازایەتی و چاونەترسی ژنی کورددا کوردناسێکی ژن بە ناوی دیم فریا ئیستارک کە نوسەرێکی ئینگلیزییە لە باسی ئازایەتی ژندا باس لە چوار ژنی تێکۆشەر دەکات ئەوانیش قەدەم خێر قیلاوەندی کە ژنێکی ئازا و چاونەترس بووە، نازی خاتوون بیرانوەندی، غەزی ئەلەشتەری خوشکی میر عەلی خان حەسەنوەند و کاکۆلی بوون.

چەندین ژنی دیکەمان هەیە وەک سەرۆک عەشیرەت بوون و کەس لە قسەیان دەرنەچوون بۆ نمونە نیکیتین ئاماژە بەوە دەکات کاتێک تورکەکان ناوچەی هەکارییان داگیرکردووە ژنێک حکومڕانی ئەو ناوچەیەی کردووە، هەروەها ناوی فاتمە ڕەش دێنن کە ژنێکی کوردە و ناوی دەرکردووە بە شێری کوردستان و قارەمانی کوردستان ساڵی ١٨٥٣ بە ٣٠٠ چەکدارەوە لە دەستپێکی جەنگی قرمدا چووەتە ئەستەمبول.

 

ئەمە جگە لەوەی دوو ژنی کورد لە ناوچەی پشدەر بە ناوی پورە حەلیمە لە تیرەی کافرۆش و پورە نەرگس لە خێڵی شوان چەندین ساڵی یەک لە دوا یەک لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانیدا لە ناوچە کوردنشینەکاندا خەباتی چەکداریان کردووە، کوردناسەکان لە سەردەمێکدا باسی ئەم ژنانەیان کردووە کە دەوڵەتانی دراوسێ ژنەکانیان لە ماڵەکانیاندا بوون و هیچ کرانەوەیەکیان نەبووە، هەروەها نمونەی دیکەی ژنانمان هەن کە ناویان هاتووە وەک مەستورەی کوردستانی، عادیلە خانم، مینا خان، حەپسەخانی نەقیب.

مینۆرسکی لە پێناسەیەکیدا بۆ عادیلە خانم دەڵێت "لە ساڵی ١٩١٣ خۆم چاوم بە یەکێ لەو ژنە سەرنجڕاکێشانە کەوت لە هەڵەبجە لە ماوەی شەڕی (١٩١٤_١٩١٨) ژمارەیەکی زۆری لە ئەفسەرە بەریتانیەکان ڕزگار کرد لە مردن، لە لایەن قوماندانی ئینگلیزیەوە نازناوی  بەهادورخانی پێبەخشرا.

 

ئازادی کارکردنی ژنانی کورد چ مەبەستێکی لە پشتەوە بوو

هەرچەندە ژنانی کورد جگە لە کاری ماڵەوە هەر لە چوارچێوەی ماڵدا کاریان کردووە و باری ئابووری خۆیان باش کردووە، کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریشیان کردووە، ئەرکی زۆر لەسەر شانی ژنانی کوردە هەر لە کاری ماڵ هەتا دەگاتە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بە هۆی پێشنەکەوتنی تەکنەلۆژیا و نەبوونی ئامێرەکانی ناوماڵ ژنان کارەکانیان بە دەست ئەنجام دەدا، بۆیە دەتوانین بڵێین ژنان زیاتر لە پیاوان کاری سەخت و گران ئەنجام دەدەن، تەنانەت ئەو ژنانەی خاوەن منداڵی بچوک بوون لە هیچ شوێنێک جێیان نەدەهێشت و بە پشتیانەوە دەیانبەست تا کارەکانیان تەواو دەکرد.

 تەنانەت کاتێکی کەمیشیان نەبووە بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش، وەک پیاوان نەبوون. ئەوان لە کاتی دەست بەتاڵیدا یاریان دەکرد و کاتی خۆشیان بەسەر دەبرد بەڵام ژنان دەبوایە لە دوای تەواوبوونی هەر کارێکیان خەمی ئەنجامدانی کارێکی تریان بن، بۆ ئەم مەبەستەش میولەر دەڵێت "لەبەر زۆر مانەوەم لە کوردستان ئەم پرسیارەم لە خۆم دەکرد ئاخۆ پاش گەڕانەوەم بۆ کلتوری رۆژئاوا بتوانم جارێکی تر وەک یەک بڕوانمە توخمی مێ؟

 

ئەو هۆکارەی وای لە پیاوان کردبوو ڕێگە بە ژنەکانیان بدەن بۆ کارکردن، قورسی ژیان بوو لەناو لادێکاندا کە نەیاندەتوانی بە تەنها کارەکانیان بەڕێوە ببەن و ڕێگەیان بە ژنان دەدا کاربکەن دەنا لەبەر ئازادی ژنان و خولیای ژنان نەبووە کە بیانەوێت کار بکەن، ئازادی کارکردن بۆ ژنان تەنها لای کوردناسەکان بە ئازادی پێناسە دەکرا.

هەر بۆیە ژنی کورد هەر زوو جوانی و ناسکیان لەدەستداوە هەروەک بیللی فریزەریش دەڵێت "ژنی کورد بە گەنجی زۆر جوان و سەرنج ڕاکێشن بەڵام کە دەچنە تەمەنی کامڵ بوونەوە هەر زوو رەنگی بەتەمەنیان لێدەنیشێت". هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژنانی کورد زۆرتر کاری قورس ئەنجام دەدەن.

 

ئازادی ژنانی کورد لە چاوی گەڕیدە و کوردناسەکانەوە

کوردناسەکان لەسەر ئەوە کۆکن ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئازادی تەواویان هەیە لەچاو نەتەوەکانی تردا پێیان وایە ژنانی کورد ئازادی زیاتریان هەبووە بە بەراورد بە ژنانی تورک، فارس، عەرەب.

پێترۆ دێلەڤاللی لە باسی رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەڵێت "بە پێچەوانەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ژنی کورد ئازادانە لەگەڵ پیاوان قسە دەکەن جا پیاوانی وڵاتی خۆیان بن یان بێگانە". بەڵام ئەوە تەنها بیرو بۆچوونی کوردناسەکانە، مێژوو بۆی سەلماندووین ژنان بەردەوام لە ئازاردان و ئەشکەنجەی ڕۆحیدان لەلایەن پیاوان و کۆمەڵگەی پیاو سالارییەوە.

میولەر پێی وایە خاڵێکی ئەرێنی لە کورددا پێدانی ئازادییە بە ژنان و ژنانی کورد ئازادن بۆ هەر کوێیەک بچن کە دەیانەوێت بەڵام هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش ژن هەیە باجی خراپی باوک و برا وەردەگرێت و ڕێگری لێدەکەن بۆ چوونەدەرەوەیەک.

 

هینی هارۆڵد ماوەیەک لە کوردستاندا ماوەتەوە، ئەو جیاوازییەی بینیوە کە ژنانی دێهاتەکان وەک ناوشار پەچە و عابا ناکەن، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆئەوەی لە لادێکاندا دانیشتووەکانی هەموویان یەکدی دەناسن و وەک خزمێکیان لێهاتووە.

 

ئەگەر چی کوردناسەکان باسیان لە ئازادی ژنانی کورد کردووە بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کۆمەڵگەی کوردی تا ئەمڕۆش گیرۆدەی دەستی دواکەوتووی و تێڕوانینی نا یەکسانە بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، ژنانی کورد وەک هەموو ژنانی جیهان ڕووبەڕووی بێ مافی و چەوساندنەوە بونەتەوە، ئەوەی کە لەو ڕەوشە دەریان بکات تەنها تێکۆشان و ئاگاداربوونی خۆیانە لە خەباتی ژنان و بەدەستهێنانی ئازادی.

 

سەرچاوە: وێنای ژنی کورد لە تۆماری گەڕیدە و کوردناسەکاندا لە سەدەی ١٨-٢٠، توێژینەوەی زانستی بەشی مێژووی کۆلێژی زاننستە مرۆڤایەتییەکان - زانکۆی سلێمانی،  د.سۆزان کەریم مستەفا

ت.پ