هاوپەیمانی ١٨٨؛ ئیرادەی ژنان دژی پێشێلکارییەکان

هاوپەیمانی ١٨٨ کە هاوپەیمانییەکی کۆمەڵایەتی ژنانە، لە دوای پێشنیاری هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارەی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ دامەزرا و نوێنەرایەتی ئیرادەی ژنان دژی پێشێلکردنی مافەکانیان دەکات.

سلێمانی

 

هاوپەیمانی ١٨٨، هاوپەیمانییەکی کۆمەڵایەتی ومەدەنییە لە عێراقدا، کە ناوەکەی لە ژمارەی یاسای باری کەسێتی عێراقی ژمارە١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩وەرگیراوە، کۆمەڵێک پارت و کەسایەتی سیاسیی و پەرلەمانتار و ڕێکخراو لەخۆدەگرێت و سەرنجیان لەسەر بەرگریکردن لە یاسا مەدەنییەکان وئازادییە گشتیەکانە، لەبەرامبەرهەوڵدان بۆهەمووارکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە هەڕەشە لە یەکڕیزی کۆمەڵگەی عێراق دەکەن وبەردەوامی دەدەن بە تائیفەگەری.

 

لە ڕۆژی ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٤دا، پێشنیاری هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لەلایەن پەرلەمانتار ڕائید مالیکی،  پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراقدا پێشکەشکرا، تا ئێستاش بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن هێزە شیعەکانەوە پشتیوانیی دەکرێت، بە پاساوی ئەوەی ئەم هەمووارە پاڵپشتە بە مادەی (٤١)ی دەستور، كە ئازادی پابەندبوونی بۆعێراقیەكان ڕەخساندووە، لەوەی پەیوەستە بە باری كەسییان بەگوێرەی ئەوئاین ومەزهەب و بڕوایەی هەیانە.

 

هەربۆیە لە ١ی ئابی ئەم ساڵدا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە شاری بەغدا ساز کرا و تیایداهاوپەیمانیی ١٨٨، بۆ ڕێگریکردن لە هەمووارکردنەوەی ئەم یاسایە ڕاگەیاندرا، لە ڕێگەی چالاکییەکانەوە نارەزایەتی و مەترسییەکانی هەمووارکردنەوەکە دەخەنەڕوو، هەروەها پێیان وایە کە ئەم هەمووارکردنەوەیە دەبێتە هۆی دابەشبوونێکی تائیفیی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا.

 

ئەم هاوپەیمانییە لەسەر ئاستی عێراق کار بۆڕەتکردنەوەی پێشنیارى هەمووارى یاساى بارى کەسێتى دەکەن وچەندین چالاکیان ئەنجامداوە، ژنانیش لە هەر ١٥ پاریزگاکەی عێراقدا، بەرهەڵستی ئەم هەمووارکردنەوەیە دەکەن.

 

لە هەرێمی کوردستانیش ڕێکخستنەکانی ژنان بەشداری هاوپەیمانی ١٨٨ن و لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینار و کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییەوە مەترسییەکانی یاساکە لەسەر منداڵانی ٩ ساڵان و ژنان دەخەنەڕوو، جەخت دەکەنەوە کە تێپەڕاندنی هەمووارە شیرازەی کۆمەڵگەی عێراقی تێکدەدات و دەستدرێژی سەر ژنان و منداڵان زیاد دەکات.

 

بە هۆی یەکڕیزی ژنان و خۆپیشاندان و هەڵوێستی ڕێکخراوەکانی ژنانەوە، “نوری مالیکی”، بەیاننامەیەکی دەرکردووە وتیایدا دەڵێت “بۆ گۆڕینی یاسایی باری کەسێتی پێویستە هەمووان ڕێز لە دادگا بگرین و جارێکی دیکە بە شیوەیەکی جیاوازتر کاری لەسەر بکەینەوە”، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت "مەترسییەکی گەورە لەسەر گۆڕینی ئەم ئاساییە هەیە بۆ ژنان ومنداڵان."

 

تادێت ناڕەزایی و کاردانەوەکانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان دژی هەموواری ئەم یاسایە فراوانتر دەبێت و دەڵێن هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی کە زەرەرمەندی یەکەم تێیدا منداڵانی کچ و ژنانن، دەبێت بە توندی ڕەتبکرێتەوە و ڕێگری بکرێت لە هەر پیلانگێڕییەک کە بەدوایدا دێت.