بە ژمارە؛ دۆخی ژنان لەسەر ئاستی عێراق و باشووری کوردستان
بە هۆی ناسەقامگیری، شەڕ و ئالۆزی لە جیهاندا، ژیانی دانیشتوان لە جیهاندا کەوتوەتە دۆخێکی مەترسیدار و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گۆڕەپانەکانی ژیان تەنگتر دەبێتەوە وبە هۆی ئەم ناسەقامگیرییەوە توندوتیژییەکان زیاتر دەبێت. دۆخەکەش بۆ ژنان دوو هێندەیە.
بێریڤان شاهۆ
ناوەندی هەواڵ- سەختی ژیان بە هۆی قووڵبوونەوەی شەڕی دەسەڵاتداران لەبەر پاراستنی پێگەو بەرژەوەندییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت کوردستان بە شێوازێکڕەنگیداوەتەوە کە کۆمەڵگە نوقمی توندوتیژییەکان کراوە، لە نێوەندی ئەم توندوتیژیانەدا ژنان بەرکەوتەی یەکەمن.
ئەم دۆخە قەیراناویە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە هۆی داگیرکاری وڵاتان بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا پەنگی خواردوەتەوە و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی هیچ هەنگاوێک بۆ چاککردنی بارودۆخەکە ناگرنەبەر خۆیان بوونەتە بەشێک لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و کەسانی ناڕازی لە دەسەڵات و خاوەن هزری ئازاد بە چاوساغی کردنی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە بۆ دوژمنان و داگیرکەران دەکرێن ئامانجی هێرشەکانیان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا چەند ژنی تێکۆشەر کە تەواوی هەوڵدانیان ئەوە بوو کە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان بپارێزرێت و ئەو عەقڵیەتە پیاوانەی کە ڕۆڵی ژنانی پەراوێز خستووە کۆتایی پێبهێنن، لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تیرۆرکران.
نموونەی ئەو ژنە تێکۆشەرانە فریال سلێمان خالید ناسراو بە زەلال زاگرۆسە، کە لە ١٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە شاری کەرکوک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆر کرا، هەروەها هەر دوو ژنە ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە ٢٣ی ئابدا لەسەر ڕێگای شارۆچکەی سەیدسادق لەسنووری شاری سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئۆتۆمبێلەکەیان کرایە ئامانج و تیرۆر کران، لەو ژنانەن کە لە پێناو ئازادی و پاراستنی ژناندا گیانیان بەختکرد.
هەروەها مامۆستای وانەبێژ جیهان تەها دوای ئەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕەخنەی لە دەسەڵات گرت، لە شەوی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە گوماناوی بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، لە ئێستادا کە ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر ئەم ڕووداوەدا خانەوادەکەی ڕایانگەیاند، مامۆستا جیهان لە لایەن دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراوە.
هەر چەندە ئامانجی ئەم هێرشانە بۆ تۆقاندن و بێدەنگ کردنی دەنگە ئازادەکانە، بەڵام هەر لە ساتەکانی یەکەمدا ناڕەزایەتی و چالاکییەکانی گەلی کورد ئەو پەیامەیدا بە هێڵی خیانەت و داگیرکەرانی کوردستان، کە ئێوە ناتوانن دەنگی ئازاد، قەڵەمی ئازاد و هزری ئازاد بێدەنگ بکەن و ئەم هەڵوێشتانە بووە هۆی ئەوەی کە ناڕەزایەتییەکان تەشەنە بستێنێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانیەوە
بێگومان توندوتیژی دژی ژنان ڕەهەندێکی قووڵی مێژوویی هەیە و هەر لە کاتی بەرجەستەبوونی عەقڵیەتی دەسەڵاتداری لەناو کۆمەڵگەدا پەرەیسەند و ئیدی لە حاڵەتەوە بوو بە دیاردە.
لەبەر ئەوەی عەقڵیەتی دەسەڵاتداری هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەکاندا سەپاندووە، بۆیە دەکرێت بڵێین دیاردەی توندوتیژی بووە بە دیاردەیەکی گەردوونی و ژنان لە هەر شوێنێک بن لە ژێر سێبەری ئەم عەقڵیەتەدا دەچەوسێندرێنەوە.
هەرێمی کوردستان و عێراقیش یەکێک لەو شوێنانەن کە ساڵانە ئامارێکی بەرچاو لە توندوتیژییەکانی دژی ژنان تۆمار دەکەن، لەو بارەیەوە، ٣ـی تهمموزی ٢٠٢٤، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودهوڵهتی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردهوه. تیایدا ڕهخنەی له دهسهڵاتدارانی ههرێمی كوردستان گرت کە شکستیان هێناوه لەوهی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی توندوتیژیی خێزانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت ودادگاکانی هەرێمی کوردستان له دادگاییکردنی دهستدرێژیکاران و ئهوانهی توندوتیژیی بهرامبهر به ژنان ئەنجام دەدەن، كهمتهرخهمن، كه ئهو تاوانانه دهگهن به ڕادهی کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و لێدان و سوتاندنی ژنان.
لە ڕاپورتەکەدا هاتووە، تەنها لە چوار مانگی یەکەمی ٢٠٢٤دا، زیاتر لە ١٣ هەزار و ٨٠٠ سکاڵای پەیوەندیدار بە توندوتیژیی خێزانی له ههرێمی كوردستان و عێراق تۆمارکراون، کە ٧٣%ـیانتوندوتیژی بهرامبهر به ژنان بوون.
هەروەها لە چوارەم هەڵسەنگاندنی پەیمانگەی جۆرج تاون بۆ (ژنان، ئاشتی و ئاسایش) بۆ ساڵی ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤، کە لە ١٢ی مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، بەپێی ١٣ پێوەر هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ژنان کردووە، لە ١٧٧ وڵاتدا و لە ئەنجامدا، ئەفغانستان لە کۆتایی ڕیزبەندییەکەدایە و عێراقیش هەشت پلە لە پێش ئەفغانستان و لە ڕیزبەندی ١٦٨میندایە.
هەڵسەنگاندنەکە ١٣ پێوەری لەخۆگرتووە، کە یەکەمیان بەشداری ژنانە لە کایەی کۆمەڵایەتی وەک (دامەزراندن، دارایی، بەکارهێنانی مۆبایل، ئامادەیی ژنان لە پەرلەمان)، دووەمیان دادپەروەریی وەک (نەبوونی هەڵاواردنی یاسایی، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری، مردنی دایکان، خواست لەسەر بوونی منداڵی کوڕ)، سێیەمیان(توندوتیژیی لەلایەن هاوژینەوە، تێڕوانین بۆ سەلامەتی کۆمەڵگا، توندوتیژی سیاسی بە ئامانجگرتنی ژنان و ململانێی چەکداریییە).
بە پێی لێکۆڵینەوەکە، لەو وڵاتانەی کە لە ریزبەندی خراپترین وڵات پۆڵێنکراون، لە هەر ٥ ژن، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە رووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبێتەوە، هەروەها لە هەر ١٠ ژن، شەشیان ڕووبەڕووی قەیرانەکانی ژیانکردن و هەژاری دەبنەوە و، لە تێکڕای ١٠٠ هەزار لەدایکبووندا، ٥٤٠ دایک بەهۆی کەمتەرخەمی رێکارەکانی تەندروستییەوە، گیان لەدەستدەدەن.
هاوکات بە گوێرەی ئامارێک کە لە لایەن بەڕیوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، لە ماوەی نێوان ٢٣ی کانوونی دووەمبۆ ٢٢ی شووباتی ٢٠٢٤ لە پارێزگای هەولێر ٢٦٨ حاڵەت و لە پارێزگای دهۆک ٢٨٧ حاڵەت و لە پارێزگای سلێمانی ٢٣٦ حاڵەتی سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی تۆمارکراون. لە پارێزگای هەڵەبجەشدا هیچ حاڵەتێکی توندەتیژی تۆمار نەکراوە.
عەقڵیەتی دەسەڵاتداری پیاوسالار بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات، بەو سیستمەی کە دایمەزراندووە کۆمەڵگە دەپارێزێت و مافی خۆپاراستنی لە کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان وەرگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژنان نەتوانن لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی کە لە لایەن هەمان عەقڵیەتەوە دەکرێتە سەریان خۆیان بپارێزن و بەردەوام ڕووبەڕووی کوشتن و هاندان بۆ خۆکوشتن و سووتاندن دەبنەوە.
لەسەر زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان، بەڕێوەبەرایەتییەکانیش ئامارەکان ناخەنە ڕوو، بەڵکو پەردەپۆشیان دەکەن تا بانگەشەی کۆمەڵگەیەکی ئاشتی بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە ژنان ڕۆژانە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن، بەپێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی نوژنهاش بڵاوی کردووەتەوە، لە حەوت مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، کوشتن و گیانلەدەستدانی گوماناویی ژنان گەیشتووەتە ٣٣ حاڵەت، ئەمە جگە لەوەی چەندین حاڵەتی دیکە هەیە لەناو خێزانەکاندا کپ دەکرێن، یاخود بە سوڵحی عەشایەری بێدەنگییان لێدەکرێت.
نموونەی ئەو ژنانەی کە لەلایەن پیاوی سەردەستی خێزانەوە کوژراون، ئاڤان جەزای ١٧ ساڵە کە بە وتەی خۆی و کەسوکارەکەی، ڕۆژی ٦ـی حوزەیران پاش تاشینی قژ و برۆی، لە گەرماوی ماڵەکەیدا بەدەستی هاوژینەکەی 85٪ـی جەستەی دەسووتێندرێت.
پاش شەش ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە لە ١٢ی حوزەیراندا گیانی لە دەستدا.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمی، بەشی ڕووداوە سێکسییەکان لە بەشی پزیشکی دادیی نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی عێراق، دەرکەوتووە؛ لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا (٤٢١) کەس بونەتە قوربانی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی، لەو ژمارەیەش (٣٢٧)ـیان لە ڕەگەی مێ و (٩٤)ـشیان لە ڕەگەزی نێرن.
بەرزترین ڕێژەی تاوانی توندوتیژی خێزانی لە بەغدای پایتەخت تۆمارکراوە کە ڕێژەکەی ٣١٪، دواتر بە ڕێژەی ٪٥ پارێزگای سەڵاحەدین دێت.
ژمارەی ئەو ژنانەی بەرکەوتەی توندوتیژی خێزانی بوون زیاترە لە پیاوان، بەو پێیەی ڕێژەی هێرشکردنە سەر ژنان ٧٣٪ بووە، لەکاتێکدا ڕێژەی ئەو پیاوانەی بەرکەوتەی توندوتیژی خێزانی بوون ٢٧٪ بووە".، باوترین جۆری توندوتیژی خێزانیش، توندوتیژی جەستەییە، کە گەیشتووەتە ٤٦٪ی کۆی حاڵەتەکان، ڕێژەی تاوانە دەستدرێژیە سێکسیش گەیشتووەتە ١٦٪ .
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ژنان بە گشتیی و ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژیی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت بڵاوکردووەتەوە، تێیدا باس لەوە دەکات، ئەو ژنانەی ڕزگاربووی توندوتیژییە خێزانیەکانن، لە دۆخێکی ترسناک دا دەژین و ‘بەدەگمەن‘ لە دوای تۆمارکردنی سکاڵا دادپەروەریی وەردەگرن، ئەوەش هاتووە، کە ئەو ژنانەی سکاڵا تۆمار دەکەن، لە دوای تۆمارکردنی سکاڵاکانیان لە لایەک ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە، هەڕەشە و تۆقاند لەلایەن سکاڵا لێکراوەکەوە دەبنەوە، لەلایەکیش لەلایەن دادوەرانەوە توشی ئاستەنگی دەبن.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی دراوە، کە تێیدا دەڵێت: لە کۆی نزیکەی ١٤ هەزار سکاڵا، کە لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تۆمارکراون و زۆرینەیان ژنان تۆماریانکردوە، تەنها تۆمەتبارانی نزیکەی ١٠٠ دۆسییە سزادراون، لەبەرامبەر دا نزیکەی سێ هەزار کەس کە تۆمەتباربوون بە کەفالەت ئازادکراون، نزیکەی ٤ هەزار و ٥٠٠ دۆسییەش بە سوڵحی عەشایەری چارەسەرکراون.
بەپێى ئامارێکى دادگاى ناوچەکانی ڕەسافە و کەرخ لە بەغدای پایتەخی عێراق، کە لەسەر حاڵەتەکانی هاندان بۆ خۆکوشتن لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تۆمارکراون ، نزیکەی ٩١ حاڵەتی هاندان بۆ خۆکوشتن تۆمارکراون کە زۆرینەیان ژنن، کە ٣٦ لەو حاڵەتانە لە دادگای کەرخ و ٥٥ـەکەی دیکەش لە دادگاى ڕەسافە تۆمارکراون.
هەر بەپێى لێدوانى دادوهرانی ئەو دوو دادگایە، گێچهڵی سێكسیی یهكێكه له هۆکارە سهرهكییهكانی خۆكوشتن به تایبهتی لەنێو ژناندا، گێچهڵی سێكسی لە ڕێى سۆشیال میدیاوە به شێوهیهكی خێرا تهشهنهی سەندووە و بووەته ههڕهشهیهكی گهوره بۆ سهر ئاسایشی كۆمهڵایهتیی كۆمهڵگهی عێراقی، هەروەها لەلای خۆیانەوە ڕێكخراوهكانی كۆمەڵی مهدهنی داوایان کردووە کە ڕێکارەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى گێچەڵى سێکسیى توندتر بکرێن.
یەکێکی دیکە لەو کێشانەی کە بەرۆکی کۆمەڵگەی عیراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە بەرزبوونەوەی ڕێژە جیابوونەوەیە، کە بەشێک لە هۆکارەکانیی، هاوسەرگیریی پێشوەختە، خراپی دۆخی ئابووری، توندوتیژی خێزانی، نەبوونی هۆشیاری و لێکتێنەگەیشتن، دەستێوەردان، فرە ژنی و بوونی زیاتر لە یەک خێزانێک لە یەک ماڵدایە. بەشێوەیەک تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٦ هەزار و ٩٨٥ حاڵەتی جیابوونەوە لە سەرتاسەری عێراق تۆمار کراوە.
بە پێی وتەی فازڵ غەراوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ٧هەزار و ٤٥٣ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار کراوە و مانگی شوبات ٦ هەزار و ٣٢٤ حاڵەت و لە مانگی ئاداردا ٦ هەزار و ٢٢٢حاڵەت و لە مانگی نیسانیشەوە تا مانگی حوزەیران، ١٥ هەزار و ٩٨٢ حاڵەتی جیابوونەوە لە گشتی عێراق تۆمار کراوە.
بە پێی ئەو ئامارانەی دەست ئاژانسی هەواڵی نوژنها کەوتووە ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی مانگی حوزەیران و تەمووزدا ١٤ هەزار و ٣١٢ حاڵەت بووە، حاڵەتەکانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لە شاری هەولێر ٥٨٥٧ حاڵەت و لە شاری سلێمانی ٥٤٣٨ حاڵەت، گەرمیان ٨٥٣ حاڵەت و لە دهۆکیش ٢١٦٤ حاڵەت تۆمار کراون، هەروەها بەپێی ئامارێکی تایبەت، لە ساڵی ٢٠١٤ تاکو ٢٠٢٣ جیابوونەوەی هاوسەرەکان لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٪١٠ زیادی کردووە و لەو ماوەیەدا لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان، ٩٦ هەزار و ٤٤ خێزان هەڵوەشاونەتەوە.
خەتەنەکردنی ژنان
یەکێکی دیکە لەو تاوان و توندوتیژیانەی کە دژ بە ژنان ئەنجامدەدرێت، دیاردەی خەتەنەکردنە، کە هەمیشە وەک بۆمبێکی چێندراو هەڕەشە لە ژنان دەکات و ئەم دیاردەیە بە توندوتیژی و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی پێناسە دەکرێت.
لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی دیاردەی خەتەنەکردنیی مێینە، بەڵام هەمیشە مەترسییی دووبارە تەشەنەسەندنەوەی هەیە، بە پێی ڕاپۆرتێکی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ئەمساڵدا واتە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا خەتەنە کراون، بە پێی داتاکان بە گشتی لە ئەفریقا ١٤٤ ملیۆن حاڵەت و لە ئاسیا ٨٠ میلۆن حاڵەت و ٦ ملیۆن حاڵەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کراون، لەناو ئەم وڵاتانەدا عێراق لە پلەی ٢٥ی جیهاندایە و لە ناو وڵاتانی عەرەبیشدا لە پلەی ٧دایە.
بەشداری ژنان لە سیاسەت و پەرلەماندا
سەرباری ئەوەی سیستەمی سیاسی عێراق گۆڕاوە بۆ دیموکراسیی و ساڵانێکە چەندین بەڵێن بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان دەدرێت، بەڵام ژنانی چالاکوان جەخت دەکەنەوە هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنانە بەدی ناکرێن و تەنانەت کۆتایی ژنان لە پەرلەمان و وەرگرتنی پۆستە حکومییەکانیش نەگەیشتووەتە ئاستی خواستەکانی ژنان.
ئەمەش دوای دابەزینی وردە وردەی بەشداریکردنیان لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، هەرچەندە لە دەستووری عێراقدا لە ٢٥٪ی پۆستە وزارییەکان و کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ژنان دیاری کراوە.
یەکەم حکومەتی ڕاگوزەری عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٤ پێکهێنرا و بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بوو، شەش وەزیری ژنی تێدابوو، بەڵام ئێستا لە حكومەتەكەی سوودانیدا تەنیا سێ وەزیری ژن هەن، بەجۆرێک ئێستا ڕێژەی وەزیرە ژنەكان لە حکومەتدا لە ١٣٪ یە.
ئەم دۆخەش کاریگەری کردوەتە سەر هەرێمی کوردستان و دۆزی ژنان وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی دەبینن، نەک وەک پرسێکی سیاسی و تێگەیشتن لە یەکسانی جێندەری و لە پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمیشدا تەنها یەک ژن لە ئاستی سەرۆکایەتیدا سەرۆکی پەرلەمان بووە.
هەروەها تا ئێستاش بەشداری ژنان لە پەرلەماندا بە سیستەمی کۆتا چەسپێندراوە، بەو پێیە دەبێت ڕێژەی کۆتایی ژنان لە بەشداری خولەکانی پەرلەماندا لە ٣٠٪ کەمتر بەنەبێت.
هەر چەندە سەرکردە سیاسییەکان بیرۆکەکانیان سەبارەت بە دیموکراسی و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاک بەکارهێنا بۆ چەسپاندنی شەرعییەت لە حوکمڕانیی خۆیاندا و تا رادەیەک سەرکەوتووش بوون، بەڵام نەتوانرا لە ئاستی کرداریدا پێگەیەکی زیاتر بە ژنان بدرێت، بۆ نموونە هەر لە هەڵبژاردنەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە هۆی باڵادەستی سیستەمی دەسەڵاتداری و حزبایەتی هەبوون و پڕۆژەی ژنان سێبەری لەسەر بوو و ژنانی کاندید نەیانتوانی پێناسەیەکی ڕاستەقینە بۆ پرسی ژنان بکەن و مافەکانی ژنانیان خستە پشت پرسەکانی دیکەوە و بەدەر لە سیستمی کۆتاش نەیانتوانی بە دەنگ بچنە پەرلەمانەوە.
یاسای باری کەسێتی
بە پێی ئەو ئامارانەی کە لەم ڕاپۆرتانەدا لەسەر دۆخی کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بەتایبەتی لە ئەمساڵدا خستوومانەتەڕوو، ژن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە گشت بوارەکاندا پەراوێزخراون، حکومەتیش سەرقاڵی یاسا کۆنەکانە بەبێ ئەوەی بیر لەو ژنانە بکاتەوە، کە ڕۆژانە دەبنە قوربانی.
سەرکردە سیاسیەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەک کۆنفرانس بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان سازدەکەن، لەلایەکی دیکەوە داواکاریی پەرلەمان هەیە بۆ پەسەندکردنی یاسای ناڕەوا دژی ژنان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا لە ڕۆژی ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٤دا، پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن پەرلەمانتار ڕائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراقدا پێشکەشکرا، تا ئێستاش بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن هێزە شیعەکانەوە پشتیوانیی دەکرێت، بە پاساوی ئەوەی ئەم هەموارە پاڵپشتە بە مادەی (٤١)ی دەستور، كە ئازادی پابەندبوونی بۆعێراقیەكان ڕەخساندووە، لەوەی پەیوەستە بە باری كەسییان بەگوێرەی ئەوئاین ومەزهەب و بڕوایەی هەیانە، دابڕێژرێت.
یاساناس، چالاکوان و کۆمەڵناسان باس لەوەدەکەن، هەموواری یاساکە لە بری چاکسازیی، کۆمەڵگە زیاتر نغرۆی قەیران دەکات، بەوپێیەی هاوسەرگیری دەباتە دەرەوەی دادگا، هاوسەرگیریپێکردنی منداڵانی تەمەن ٩ ساڵ بۆ کچ و ١٥ ساڵ بۆ کوڕ بە یاسایی دەکات، هەروەها مافی لەخۆگرتنی منداڵ لە دایک دەسەنێتەوە.
هەمووارکردنەوەی ئەم یاسایە مانۆڕێکی سیاسیی کارەساتبارە بۆ دۆخی کۆمەڵاتیی تاکەکان و کۆمەڵگە بەرەو مەزهەبگەرایی دەباتەوە، ئەمەش نادادپەروەرییە بەرامبەر هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە و هەر تاکێک کە لەو وڵاتەدا دەژین. لە ئەگەری تێپەڕاندنی هەموواری یاسای باری کەسیی عێراقیشدا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پەیکەری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و بە دوو شێواز پریشکی مەترسییەکانی بەردەکەوێت، بەتایبەت کە دواین هەمووار و چاکسازیی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە ڕەتکرایەوە.
هەروەها سەرباری ئەو هەموو کێشە و گرفتەی هاوڵاتییانی ناوچە دابڕێندراوەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە هەموو ئاستەکانی ژیانیاندا، ئەم یاسایەش هێندەی دیکە گرفتەکانیان قوڵدەکاتەوە.
پشێنیاری هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقی، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و شارەزایان و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی هێنایە دەنگ و لە ١ی ئابی ئەم ساڵدا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە شاری بەغدا ساز کرا و تیایدا هاوپەیمانیی ١٨٨، بۆ ڕێگریکردن لە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە ڕاگەیاندرا.
ئەم هاوپەیمانیە لەسەر ئاستی عێراق کار بۆ ڕەتکردنەوەی پێشنیارى هەموارى یاساى بارى کەسێتى دەکات لە ڕێگەی چالاکییەکانەوە مەترسییەکانی هەموارکردنەوەکە دەخاتەڕوو، لە هەرێمی کوردستانیش ڕێکخستنەکانی ژنان بەشداری هاوپەیمانی ١٨٨یان کرد و لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینار و کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییەوە مەترسییەکانی یاساکە لەسەر منداڵانی ٩ ساڵان و ژنان دەخەنەڕوو، جەخت دەکەنەوە کە تێپەڕاندنی هەموارە شیرازەی کۆمەڵگەی عێراقی تێکدەدات و دەستدرێژی سەر ژنان و منداڵان زیاد دەکات، نزیکەی ٦٢ هەزار عێراقی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکدا کرد، کە بە شێوەیەکی نافەرمی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەستیپێکرد و ٧٣.٢%یان بە توندی دژی ئەو گۆڕانکارییە پێشنیار کراوەن، بۆیە پەرلەمانی ئەوروپا داوای ڕەتکردنەوەی دەستبەجێی پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاساکە لە پەرلەمانی عێراق کرد.
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی لە دژی هەمواری یاسای باریکەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، لە ٤ـی ئابى ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و لە ١٦یئەیلول، خوێندنەوەی دووەمی بۆکرا، بڕیار وابوو لە ٢٩ی تشرینی یەکەمیشدا خوێندنەوەی سێیەمی بۆ بکریت، بەڵام بە هۆی ڕێکنەکەوتن و درووستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد و سوننە لەسەر پڕۆژەیاساکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.”
سەرەڕای جینۆسایدکردنی ژنان لە لایەن سیستمی نێرسالاری و هەوڵەکانانی بۆ شاردنەوەی توانا و دروستکردنی بەربەستلەبەردەم هەنگاو پێشکەوتنەکانی ژناندا، ئەگەرچی ژن یەکەم توێژ و رەگەز بوو کە باڵادەستیی و داگیرکاری بەسەریدا سەپێندرا، بەڵام یەکەم توێژ، ڕەگەز و نەتەوەیشە کە هەڵوێستی بەرخودانی نیشاندا.هەر بۆیە ژنان لە ئەمساڵیشدا چالاکییەکانیان لەبەرامبەر عەقڵیەتی دژە ژن و توندوتیژییەکان لەبەرامبەر ژناندا لە هەر چوار لای جیهان بەردەوام بوو.
لە باشووری کوردستانیش لە لایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە چەندین چالاکی ئەنجامدرا، لەوانەش ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر تیرۆر کردنی ژنانی پێشەنگ لە باشووری کوردستان لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا بەشێک لە ڕێکخراو و ژنانی پارت و لایەنە سیاسییەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، وێرای ئیدانەکردنی تیرۆرکردنی فریاڵ سلێمان، کە لە ١٨ی هەمان مانگدا لە کەرکووک لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆرکرا ، داوایان لە ژنان کرد کە بە یەکڕیزیی لە دژی ئەو کردەوەیانە بوەستنەوە و لایەنە پەیوەندییدارەکان بە زووی بکەری کردەوە تیرۆرییەکە دەستگیربکەن و سزای بدەن.
لەو چوارچێوەیەدا لە ٢٨ی ئایاردا ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(ڕژاک)، بە ناونیشانی(کاریگەری توندوتیژی لە سەر سایکۆلۆژیای دایکان و منداڵان) پانێڵێکی بۆ ڕوناک مەجید، ئەندامی دەستەی ڕژاک لە شاری سلێمانی ڕێکخست.
لە چوارچێوەی هەمواری یاسای باری کەسێتیی ژمارە ۱۸۸ی ساڵی ۱۹٥۹ی عێراقی" هاندانی دەستدرێژیکردنە سەر کچانی نۆ ساڵە لە ژێر ناونیشانی هاوسەرگیریدا لە ١ی ئەیلولی ئەمساڵ لە لایەن کەمپینی یەکڕیزی ژنان سیمینارێک بۆ ڕازاو گوڵی مەحمود، پارێزەر و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە یاسای باری کەسێتیدا، لە ناوەندی سەرەکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شاری سلێمانی ڕێکخرا.
هەر لە لایەن کەمپەینی یەکڕیزی ژنانەوە، دژی هەموارکردنەوەییاسای باری کەسی عیراق و سزای لەسێدارەدانی ژنان لە ڕۆژهەڵات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندراوێکیان ئاراستەی ڕێکخراوەکانی ژنان ، مافەکانی مرۆڤ و مناڵان ، چالاکەوانی مەدەنی و ئازادیخوازان کرد.
هەروەها لە ٢٤ی ئابیشدا بە بەشداری سەدان کەس لە ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان و میدیاکارانی باشووری کوردستان و توێژە جیاوازەکان، لە سەکۆی پارکی ئازادیی لە شاری سلێمانی، بە پێشەنگایەتی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستان، دژی شەهیدکردنی هەر دوو ژنە ڕۆژنامەنووس (گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین)، کە لەلایەن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە ٢٣ی ئابدا لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگایسلێمانی کرانە ئامانج، ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بەڕێوەچوو و دواتر لە ٢٩ی ئابدا بە مەراسیمێکی شایستە لە سەکۆی ئازادی شاری سلێمانی، بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر تەرمی گوڵستان تارا ماڵئاوای لێکرا و دوای گواستنەوەی بۆ بەردەم شوێنی کارەکەی لە کۆمپانیای چەتر، بەرەو شاری ئیلح "باتمان" لە باكووری كوردستان بەڕێكرا، هەروەها هاوڕێ و هاوپیشەكانی لە دەروازەی شاری سلێمانی بە یەكجاری ماڵئاواییان لێکرد و وتیان گەرچی دەوڵەتی تورکیا دوو لە ڕۆژنامەنووسانی ئازادی شەهید کرد، بەڵام ڕێبازی شەهیدان بە قەڵەم، پێنووس و کامەراکەیان لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی ژنەوە بەردەوامی پێدەدرێت و لە سەر زەوی ناهێڵین.
لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤ بە دروشمی "بە تێکۆشانی هاوبەش لە دژی قڕکردنی ژن ببە دەنگی خۆپاراستن" سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق لە ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" و کۆمەڵەی ژنانی عێراق و ڕێکخراوی کولتوور بۆ ژنان و منداڵان لە هۆڵی قەسری سەدر لە بەغدا بەڕێوەچوو.
لە دژی کوشتن و سوتاندنی ژنان لە باشووری کوردستان، دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا هاوخەمی و سەرەخۆشیان ئاڕاستەی بنەماڵەی “ئاڤان جەزا” کردو ئەقڵییەتی نامووسگەرایان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند: لە کاتێکدا نامووسی هەرە گەورە خاکە کە بێ بەرگرییە، دەشڵێن، ژنان ژیان گەشدەکەن مەیان سوتێنن.
هەر ئەم دەستپێشخەری لە دژی سووتاندنی سرووشتی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە هەڵوێستیان نواند و ڕایانگەیاند، “هەوڵی قڕکردنی سرووشتی کوردستان و هەبوونی گەلی کورد دەدەن و خاوەنداریکردن لە سرووشتی کوردستان خاوەنداریکردنە لە هەبوونی خۆت.
کۆچبەری
هەر بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتى تورک و چەندین هۆکاری دیکە لەم ساڵانەی دواییدا و لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، بەشێک لە گەنجان و خێزانەکان لە عێراق و باشووری کوردستان، ڕێگای دەریا و جەنگەڵەکان دەگرنەبەر، بە مەبەستی دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ ڕوو دەکەنە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بە هۆی سەختی ڕێگا و دەریاکانەوە مەرگ دەبێتە کۆتا مەنزڵیان، هەر لە ١٧ـی حوزەیرانی ئەمساڵ یەختێک بە ٧٥ کۆچبەرەوە کە بەشێكیان کورد بوون، لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ژێر ئاو کەوت بەو هۆیەشەوە زیاتر لە ٦٠ کەس گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ئامارێکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، کە دەست ئاژانسی نوژنها کەوتووە، لەنێوان ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٤، ٧٥٠ هەزار و ٤٩٨ هاوڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە سەرەڕای مەترسی ڕێگای کۆچ و نقومبوون لە دەریا و گیان لەدەستدان و ئەشکەنجە و دەستدرێژی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لەسەر سنوورەکان کۆچیانکردووە.
هەر بە پێی ئەو ئامارە، چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤
١٠٥٠٠ هاوڵاتی کۆچیان کردووە
٢٢ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
١٢ کۆچبەر بێ سەروشوێنن کە بەشێکی ئەم ئامارانە دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو توندوتیژیانەی کە بەرامبەر ژنان دەکرێت و ژنانیش قوربانی ڕێگای کۆچ و ئاوارەبوونن.