توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان ٪٣٩ زیادی کردووە

توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە ساڵی ٢٠١٢ تا ئێستا بەردەوام زیاد دەکەن، بەجۆرێک لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی توندوتیژییەکان ٪٥٥ زیادی کردووە، هاوکات ئاماری نۆ مانگی سەرەتایی ئەمساڵ بەراورد بە ٩ مانگی ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی ٪ ٣٩.٥٤ زیادی کردووە

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە، لە پێنج بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەڕین و سۆران پێکهاتووە، هاوکات نوسینگەی لە ٢٤ شارۆچکە و شارەدێ هەیە.

 

لە سەرەتای دامەزراندییەوە، تا هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ لەلایەن کوردۆ عومەر، بەڕێوەبراوە، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان و بوونە ئەندام پەرلەمانی کوردۆ عومەر هێشتا هیچ کەس بۆ ئەو پۆستە دیارینەکراوە.

 

جگە لە نوسینگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان هێڵی گەرم هەیە، کە لە ساڵی ٢٠١٦ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بە هاوکاری سندوقی دانیشتوانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق UNFPA کەوتە کار، لە ڕێگای هێڵی گەرمی ١١٩ ژنان و هاوڵاتیان پەیوەندی دەکەن و هاوکاری وەردەگرن و ڕێنمایی دەکرێن.

 

جگە لە هێڵی گەرم و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، بە پێی کۆتا ئاماری فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ٢٨٤  ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

 

هاوکات لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ یاسای ژمارە ٨ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی دەرچوو، لە ١٠ ماددە پێکهاتووە، ئەم یاسایە لەپێناو پاراستنی خێزان لە هەڵوەشاندنەوە و پاراستنی تاکەکانی خێزان دایە، وە بۆ قەدەغەکردنی توندوتیژی خێزانی دەرچووە، کە زۆرینەی توندوتیژییە خێزانییەکانیش بەرامبەر ژنان دەکرێت.

 

کۆی ئەم دامەزراوە و ئامڕازانە لەپێناو بنەبڕکردن و کەمکردنەوەی توندتویژییەکاندایە دژی ژنان، بەڵام بە پێچەوانەوە تا دێت ئامارەکانی توندتیژی دژی ژنان زیاتردەبێت، ئەمە سەرباری ئەوەی توندوتیژییەکان بەشێکیان تۆمارناکرێن یاخود ژنان بە هۆی ڕێگری ناتوانن بچن و سکاڵا تۆماربکەن.

ئاماری توندوتیژییەکان بەردەوام ساڵانە ڕووی لە زیادبوونە، لە هەشت ساڵی ڕابردوودا ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ٪ ٥٥.٨٣ زیادی کردووە.

 

ئاماری ساڵانەی توندوتیژییەکان

لە ساڵی ٢٠١٢دا، چوار هەزار و ٦٩٣ حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراوە، ٤٦ حاڵەتیان کوشتن، ٣٩ خۆکوشتن، ٢٥٣ سوتان، ١٠٥ خۆسووتان، ٦٩١ ئەشکەنجەدان، ١٧٠ دەستدرێژی سێکسی، سێ هەزار و ٣٨٩ سکاڵا تۆمارکردن بووە.

 

لە ساڵی ٢٠١٣ دا کۆی گشتی پێنج هەزار و ٣٠٨ توندوتیژی تۆمارکراوە، ٥٠ کوشتن، ٣٦ خۆکوشتن، ٢٣٦ سوتان، ١١٣ خۆسوتان، ١٣٨ دەستدرێژی سێکسی، چوار هەزار و ٧٣٥ سکاڵا.

 

ساڵی ٢٠١٤، ٧ هەزار و ١٩٣ توندوتیژی تۆمارکراوە، ٣٥ کوشتن، ٤٧ خۆکوشتن، ١٩٧ سوتان، ٩٧ خۆسوتان، ١٤٤ دەستدرێژی سێکسی ، ٦ هەزار و ٦٧٣ سکاڵا بووە.

 

 لە ساڵی ٢٠١٥ دا، کۆی گشتی ٨ هەزار و دوو حاڵەتی توندوتیژی هەبووە، ٥٥ کوشتن، ٦٤ خۆکوشتن، ١٩٨ سوتان، ١٢٥ خۆسوتان، ١٢٤ دەستدرێژی سێکسی، حەوت هەزار و ٤٣٦ سکاڵا بووە.

 

لە ساڵی ٢٠١٦ دا، کۆی گشتی حەوت هەزار و ١١٥ توندوتیژی تۆمارکراوە، ٤٧ کوشتن، ٧٣ خۆکوشتن، ٢٢٣ سوتان، ٩٤ خۆسوتان، ٧٩ دەستدرێژی سێکسی، شەش هەزار و ٥٧٩ تۆمارکردنی سکاڵا بووە.

 

٢٠١٧، کۆی گشتی ٩ هەزار و ٦٩٣ توندوتیژی تۆمارکراوە، ٥٠ کوشتن، ٧٧ خۆکوشتن، ٢٠٩ سوتان، ١١٧ خۆسوتان، ١٣٥ دەستدرێژی سێکسی، ٩ هەزار و ١٠٥ تۆمارکردنی سکاڵا بووە.

 

لە ٢٠١٨، کۆی گشتی ١٠ هەزار و ٦١ توندوتیژی تۆمارکراوە، ٤٩ کوشتن، ٧١ خۆکوشتن، ١٤٥ سوتان، ١١٠ خۆسوتان، ١١٣ دەستدرێژی سێکسی، ٩ هەزار و ٥٧٣  سکاڵا تۆمارکردن بووە.

 

لە ٢٠١٩، کۆی گشتی ١٢ هەزار و ٢٤٦ توندوتیژی تۆمارکراوە، ٤٥ کوشتن، ٦٢ خۆکوشتن، ١٥٥ سوتان، ١٠٤ خۆسوتان، ١٣١ دەستدرێژی سێکسی، ١١ هەزار و ٧٤٩ سکاڵا بووە.

 

لە ٢٠٢٠، کۆی گشتی ١٠ هەزار و ٦٢٥ بووە، ٢٥ کوشتن، ٣٨ خۆکوشتن، ٦٧ خۆسوتان، ١٢٥ دەستدرێژی سێکسی، ١٠ هەزار و ٣٧٠ سکاڵا تۆمارکردن بووە.

 

 تا مانگی ئەیلولی٢٠٢١ کۆی گشتی ١٠ هەزار و ٢٨٢ توندوتیژی تۆمارکراوە، ١٦ حاڵەتی کوشتن، ٤٦ خۆکوشتن، ٦٤ خۆسوتان، ١٠٨ دەستدرێژی سێکسی،  ١٠ هەزار و ٤٨ سکاڵا تۆمارکراوە. 

 

بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئامارەکان لە نۆ ساڵی ڕابردوودا

لە ساڵی ٢٠١٢دا چوار هەزار و ٦٩٣ توندوتیژی تۆمارکراوە، بەڵام توندوتیژییەکان لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ پێنج هەزار و ٣٠٨ زیادی کرد، بەمەش ڕیژەی توندوتیژییەکان بە ڕێژەی ٪١١.٥٨ زیادی کردووە.

 

لە ساڵی ٢٠١٤دا ٧ هەزار و ١٩٣ توندوتیژی تۆمارکراوە، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٣ بەڕێژەی ٪ ٢٦.٢ زیادی کردووە.

 

ساڵی ٢٠١٥ ئامارەکان بۆ ٨ هەزار و دوو توندوتیژی بەرزبووەوە، بەمەش بە ڕێژەی ٪١٠ زیادی کردووە.

 

لە ٢٠١٦ ئامارەکان بۆ ٧ هەزار و ١١٥ کەمی کردووە.

 

لە ساڵی ٢٠١٧ ئامارەکان بۆ ٩ هەزار و ٦٩٣ حاڵەت زیادی کرد، بەراورد بە ٢٠١٦ بەڕێژەی ٪ ٢٦.٥٩ زیادی کرد.

 

لە ساڵی ٢٠١٨ ئامارەکان بۆ ١٠ هەزار و ٦١ دیاردە زیادی کردووە، کە ٪٣.٦٥ بەرزبووەتەوە.

 

لە ٢٠١٩ توندوتیژییەکان بۆ ١٢ هەزار و ٢٤٦ بەرزبووەتەوە، ٪١٧.٨٤ بەراورد بە ٢٠١٨ زیادی کردووە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ و قەدەغەی هاتوچۆوە ژنان نەیانتوانی بچنە نوسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بۆیە ئامارە کەمبووەوە، بووە بە ١٠ هەزار و ٦٢٥، بەڕێژەی ٪١٥.٢٥.

 

هەرچەندە هێشتا ساڵی ٢٠٢١ کۆتایی نەهاتووە، بەڵام لە ماوەی نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئامارەکان بە نزیکی هێندەی کۆی ساڵی ٢٠٢١ دەبێت. تەنها لە ماوەی نۆ مانگی سەرەتادا ١٠ هەزار و ٦٢٥ توندوتیژی تۆمارکراوە، ئەمەش بەراورد بە نۆ مانگی سەرەتای ٢٠٢٠دا ٪٣٩.٥٤ زیادی کردووە.

 

بەراوردی نێوان ساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٠

هێشتا ساڵی ٢٠٢١ کۆتایی نەهاتووە، تا ئاماری کۆتایی بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەراوردی ئاماری ساڵی ٢٠١٢ بە ٢٠٢٠ بکرێت، ئەوا دەردەکەوێت ڕێژەی توندوتیژییەکان لەماوەی ئەو هەشت ساڵەدا نەک کەمیان نەکردووە، بگرە لە دوو هێندە زیاتر بووە.

 

لەنێوان ٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٠ توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەڕێژەی ٪٥٥.٨٣ زیادیان کردووە، ئەمەش واتە کۆی ئەو دامەزراوە و یاسایانەی کە دەرچواندراوە نەک نەیانتوانیووە توندوتیژییەکان کەمبکەنەوە، بەڵکو ئامارەکان بۆ دوو هێندە زیادییان کردووە.

 

ت.پ