توندوتیژی خێزانی؛ دیوە شاراوەکەی کوشتنی ژنان
ئەو توندوتیژیانەیی لە خێزاندا ڕوودەدەن بریتین لە توندوتیژی دەروونی و ئابووری و کردەیی، دەستدرێژی زایەندی، ململانێکانی شەڕی عەشایەری، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەرەپێدان و پێشخستنی ماددە هۆشبەرەکان، کە ژنان و منداڵان زیانبەرکەوتووی یەکەمن.
بێگەرد ئازاد
سلێمانی- هەر جۆرە کردەوەیەک ببێتە هۆکاری پێشێلکردنی ماف و ئازادی تاکەکەس بە توندوتیژی لە قەڵەم دەدرێت، چونکە مرۆڤەکان هەموویان یەکسانن لە ماف و ئازادیدا، واتە دەتوانین بڵێین هەر جۆرە فشارێکی جەستەیی لەسەر لەشی مرۆڤ یان مەعنەوی لەسەر دەروونی مرۆڤ پێی دەوترێت توندوتیژی، فشارە جەستەیەکان وەک لێدان و ئەشکەنجەدان، سوتاندن یان ناچار بە خۆکوشتن و خۆسوتاندن. فشارە دەرونییەکانیش وەک قسەی ناشرین و بێ ڕێزیکردن، شکاندنەوە و ڕێگە نەدان بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتوو و ئامانجەکان، بەشێکن لە توندوتیژییەکان.
توندوتیژی خێزانیش یەکێکە لە باوترین توندوتیژیەکان کە وایکردووە شیرازەی خێزان تێکبچێت، توندوتیژیی خێزانی یان دەستدرێژی کە لەلایەن کەسێکەوە بەرامبەر بە کەسێکی دیکە ئەنجام دەدرێت، دەکرێت لە نێوان دوو هاوژینیان دوو کەس کە جیابوونەتەوە ڕووبدات، یاخود دەکرێت توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بە منداڵ، دایک و باوک یان بەساڵاچوویەکی خێزان ئەنجام بدرێت، کردەوەی توندوتیژی لە زۆرینەی کۆمەڵگاکاندا ڕوودەدات لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ئەو توندوتیژیانەیی لە خێزاندا ڕوودەدەن بریتین لە توندوتیژی دەروونی و ئابووری و کردەیی، دەستدرێژی سێکسی، ململانێکانی شەڕی عەشایەری، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەرەپێدان و پێشخستنی ماددە هۆشبەرەکان.
منداڵان یەکێکن لە قوربانیانی توندوتیژی خێزانی کە بەهۆی ئەو حاڵەتەوە توشی چەندین کێشە دەبنەوە لەوانەیش:
لاواز بوونی کەسایەتی منداڵ و باوەڕ بەخۆ نەبوون. منداڵ لەم کاتانەدا هەمیشە پشت بە کەسانی دەوروبەری دەبەستێت، توانای دەستپێشخەری نابێت بۆ هیچ کارێک، پەیوەندی کۆمەڵایەتی لاواز دەبێت، ناتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسی بدات، هەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترسدا دەژیی، لە خەو ڕاچڵەکان بە هۆی بینینی خەوی ناخۆشەوە، خواردن و خواردنەوەی تێک دەچێت، دوادەکەوێت لە خوێندن و قوتابخانە، تووشی نەخۆشی دەرونی دەبێت و فێری بەکارهێنانی توندوتیژی دەبێت.
هەروەها ژنانیش یەکێکی دیکەن لە قوربانییەکانی توندوتیژی خێزانی کە زەرەرمەندی سەرەکین و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن باوک، برا، هاوژین و لە زۆر کۆمەڵگاشدا ژنان لە لایەن خێزانی هاوژینەکانیانەوە، یان لەلایەن مام و خاڵیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، زۆرینەی ئەو توندوتیژیانەش لەسەر ناوی شەرەف و ئابڕوو ئەنجام دەدرێن، کچان و ژنان لەلایەن پیاوانەوە ڕووبەڕووی لێدان و کوشتن، سوتاندن یاخود ناچار بە خۆ سوتاندن دەکرێنەوە.
لە هەرێمی کوردستانیش نموونەی ئەو شێوازە توندوتیژییە خێزانیانەمان هەیە کە ڕووبەڕووی ژنان و منداڵان بووەتەوە، لەم ڕاپۆرتەدا چەند دانەیەکیان دەخەینەڕوو، کە ڕەنگدانەوەی ئەقڵیەتی کۆمەڵگەیە و دەسەڵاتی باڵادەستی پیاو بەسەر خێزان و بە تایبەت ژنانەوە دەردەخات.
١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە گەرەکی ئاسودەی شارۆچکەی چەمچەماڵ، سێوان قادری تەمەن ٢٣ ساڵ لەگەڵ سێ منداڵیدا بە ناوەکانی دەروونی یەک ساڵ، لارینی ٢ساڵ و دارینی ٥ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا سووتێندران، منداڵەکانی سێوان گیانیان لەدەست دا، سێوانیش پاش دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، سێوان لەو ماوەیەی کە لە ژێر چاودێری پزیشکدا بوو گرتە ڤیدۆییەکی بڵاوبوویەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ هاوژینەکەی دەمە قاڵێی بووە و لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە شێوازێکی زۆر دڕندانە سوتێندراون.
شەوی ١٩لەسەر ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٢، لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی "شنیار هونەر"ی ٢١ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێندرا، شنیار خاوەنی دوو منداڵە و پاش پێنج ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ٢٣ی شوبات گیانی لەدەستدا، ئەوەی باسی لێوەدەکرا، لەسەر ڕووداوی سووتاندنی شنیار، ئەوەبوو کە هاوژینەکەی پەیوەندی سۆزداری دیکەی هەبووە، هەمیشە ناکۆکییان هەبووە و بەهۆی ئەوەی شنیار هونەر قبوڵی نەکردووە، لەلایەن هونەری هاوژینییەوە لە درەنگانێکی شەودا سووتێنرا و بە سووتاوی لە ماڵەوە ڕادەکات تا دراوسێکانی هاوکاری بکەن، بەڵام شنیار بە هۆی ڕێژەی بەرزی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
شەوی ٦ی ئایار، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ئاڤان جەزا، کە دووگیان بووە بە منداڵی دووانە، بە سووتاوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی، دواتر لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند، بە دەستی هاوژینەکەی سووتێندراوە و دەڵێت:
وەک دەبیندرێت لە هەرێمی کوردستان توندوتیژی خێزانی لە ئاستێکی مەترسیداردایە، ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و بەردەوام قوربانی سیستەم و ئەقڵیەتی پیاوسالاری و باڵادەستی پیاون، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەکەش کۆمەڵگەیەکی عەشایەرە، سوڵحی عەشایەری یەکێکە لە ڕێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو کۆمەڵگە، کوشتنی ژنانیش یەکێکە لەو تاوانانەی کاتێک ئەنجام دەدرێت، بۆ بێدەنگکردنی بە ڕێگەی سوڵحی عەشایەری کۆتایی پێدەهێنرێت، یان دەخرێتە ناو چوارچێوەی کوشتن لەسەر ناوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی.
بە پێی وتەی بەشێک لە ژنانی چالاکوانیش دەوترێت کە ئەو کەیسانەش کە دەگەیەندرێنە دادگا و کاریان بۆ دەکرێت، هێشتا نەتواندراوە تا ئاستێکی باش لە بەرژەوەندی ژنان، منداڵان و کۆمەڵگادا بە یەکسانی یاسا جێبەجێ بکرێت، هەروەها پێیان وایە کە دەسەڵاتیش هاوکاری سیستەمی پیاوسالارییە و بەشێکە لەو سیستەمە لە بەرژەوەندی ئەو سیستەمەدا یاسا و بڕیارەکان جێبەجێ دەکات.
بە پێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی هەواڵی نوژنها بڵاویان کردووەتەوە بە پێی مانگەکان ئاماری توندوتیژی لەسەر ژنان بەم شێوەیە بووە:
لە مانگی کانوونی یەکەم دا، ٤ حاڵەتی کوشتن و ٢ حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراون.
لە مانگی شوبات دا، شەش ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون
.
لە سەرەتای مانگی ئادار تا مانگی حوزەیران ٢ ژن ڕووبەڕووی هەرەشە بوونەتەوە، ٣ ژن بریندار بوون، ٣ مردنی گوماناوی تۆمار کراوە، ٢ ژن خۆیان کوشتووە، ٣ ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، ٥ ژن کوژراون.
لە مانگی حوزەیرانیشدا ٦ ژن کوژراون.
لە مانگی تەمووزیشدا ١٠ ژن کوژراون.