توندوتیژی، گرفتە چارەسەرنەکراوەنەی ژن ...٢

نا هۆشیاری خێزانەکان، پەروەردەی ناتەندروست، بەکارهێنانی دین بۆ بەرژوەندییەکان و دابونەریتەکان، بەشێکن لە هۆکاری بەردەوامی توندوتیژییەکان.

ناهۆشیاری خێزانەکان، پەروەردەی ناتەندروست، بەکارهێنانی دین بۆ بەرژوەندییەکان و دابونەریتەکان، بەشێکن لە هۆکاری بەردەوامی توندوتیژییەکان.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- پەروەردەکردنی مرۆڤ لە خێزان و ناوەندەکانی خوێندنەوە، دەیکاتە تاکێکی بەرهەمهێن و دوور لە توندوتیژی بۆ کۆمەڵگا، لە کەموکورتی پەروەردەدا، هەڵسوکەوتی تاکیش کەموکورتی تێدا دەردەکەوێت.

 

لەم ڕاپۆرتەدا باس لە کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان لە ڕێگای خێزان، کۆمەڵگا و ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت، کە سەرەکیترین ناوەندن کە مرۆڤ لێوەی پەروەردە دەبێت، ژینگەی ئەم سێ ناوەندە کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی کۆمەڵگە لەگەڵ ژن و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر ژن.

 

"کەمتەرخەمین لە پەروەردەکردنی نەوەی نوێ"

قەدەمخێر عەبدوڵا، چالاکوان و شارەزایی بواری پەروەردەییە، بنەمای سەرەکی توندوتیژییەکان بۆ لێک تێنەگەیشتنی نێوان تاکەکان لە خێزان و کۆمەڵگادا دەگەڕێنێتەوە، بۆیە پەروەردەکردنی نەوەی نوێ بە یەکێک لە پێویستییە سەرەکییەکان دەزانێت.

 

لەبەر ئەوەی خێزان یەکەمین ناوەندی پەروەردەکردنی تاکە، بۆیە وەک شارەزایەک جەخت لەوە دەکاتەوە، کە خێزان دەبێت ئەو شوێنە بێت کە تاک تێیدا پشووبدات و پەناگەبێت، پەروەردەیەکی تەندروست لەو خێزانە وەربگرێت، نەک لە دەستی ڕابکات، لەکاتی کێشەکاندا ئەندامانی خێزانەکە پشتگیری یەکتربکەن.

 

دەشڵێت دەبێت ژنان لە خێزانەکانیان متمانەیان پێبکرێت و تاکەکانی خێزان لەیەکەوە نزیکبن، نەک مامەڵەکردن بەشێوەیەکی نادروست، "بەداخەوە یەکێکە لە گرفتە گەورەکان ئەوەیە، کە هەموو شتێکی ئافرەت قەدەغە و شاراوە سەیر دەکرێت، هیچی بە ڕێی یاسای چارەسەری بۆ ناکرێت، جاریوا هەیە کە ئافرەتێک لە دەرەوەی خێزانەکەی ستەمی لێدەکرێت، لەناو خێزانەکەشیدا ستەمی لێدەکرێت بەوەی کە ناوێرێت ئەم قەزیەیە بەرێتە دادگا".

 

جیاوازینەکردنی نێوان منداڵی کچ و کوڕ لە خێزانەکاندا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی کەسایەتی تاک، لە کاتی هەر کێشەکەیدا خێزانەکان دووربن لە بەکارهێنانی توندوتیژی، قەدەمخێر وتیشی: "هەر کاتیک بتەوێت بە زەبر شتێک بە منداڵەکەت بکەیت، ئەو کاتە منداڵەکەت زیاتر توڕە و ئاڵۆز دەکەیت، بۆیە پێویست دەکات بە هاوکاری یەکتر و زمانی دیالۆگ هەڵەکان ڕاستبکرێنەوە".

 

"پیویستە ستەمەکانی دابونەریت ڕەتبکرێتەوە"

ئەو ڕەخنە لە نەوەی بە ئەزموون دەگرێت، کە کەمتەرخەمیان نواندووە لە پەروەردەکردنی نەوەی نوێ لەڕووی فکریییەوە، "پێویستە ئەو بەها و ئەخلاقە جوانانەی لە ئێستادا هەن و بووەتە پاراستنی پەیوەندییە باشەکانی ناو کۆمەڵگا، تاک و خێزان ئەوانە پارێزگاری لێبکەین، بەڵام هەندێک دابونەریتمان هەیە لە کۆنەوە بە هەڵە پەیڕەوکراوە، کە جۆرێک لە ستەمی تێدابووە بەرامبەر بە تاکەکان، ئافرەت و منداڵ، کە پێویست دەکات ئەمە ڕەتبکەینەوە".

 

بنەمای جیاکردنەوەی دابونەریتە گونجاوەکان لە ناحەقی و ستەمەکان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی، لە دیدی قەدەمخێر باوەڕپێهێنانی تاکەکانە بە مافەکانی مرۆڤ.

 

ناوەندەکانی خوێندن، ماڵی دووەم

سیستمی پەروەردە و خوێندن یەکێک لەو ناوەندانەی دەتوانرێت لە ڕێگایەوە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە و منداڵەکان فێری یەکسانی بکرێن، چونکە وەک ڕاهێنەرێکی پەروەردەیی باسی دەکات، هۆشیاربوونی تاک، واتە ڕۆشنبیری خێزانێک، ئەو کاتیش کۆمەڵگا ڕۆشنبیر و دوور لە توندوتیژی دەبێت.

 

شیرین محەمەد ئەمین، ڕاهێنەری پەروەردەییە، لە ئێستادا پێداچوونەوە بە سیستمی پەروەردەدا بە پێویستییەکی سەرەکی دەزانێت، کە لەڕێگایەوە دەتوانرێت هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ئێستا خوێندن تەنها بووەتە پەرتووکێک کە "زانستێکی ڕووتن" و بێ بایەخ کراون، پەروەردەو لایەنی ڕۆحی خوێندکار تێرناکات.

 

یەکێک لەو ڕێگایانەی کە شیرین محەمەد ئەمین، ئاماژەی پێدەکات، ئەوەیە کە مامۆستاکان جیاکاری لەنێوان قوتابییە کوڕ و کچەکاندا نەکەن، هەروەها وەک چۆن خول بۆ مامۆستاکان لەبارەی چۆنیەتی وانەوتنەوە دەکرێت، ئەوا خولیان لەبارەی چۆنیەتی پێدانی هۆشیاری و پەروەردەکردنی تاک بە شێوەی ڕاهێنان پێبدرێت، چونکە زانست دەکرێت لەبیر بچێتەوە، بەڵام کاتێک بەشێوەی ڕاهێنان ئەنجام بدرێت هیچ کات لەیادناکریت.

 

هاوکات بۆ قوتابییەکانیش بەپێی تەمەن و قۆناغەکانی خوێندن کۆمەڵێک ڕاهێنان و هۆشیارکردنەوە لەبارەی توندوتیژییەکان بە قوتابییەکان ئەنجام بدرێت، هەر لە قۆناغە سەرەتاییەکانەوە دەستپێبکرێت، هەوڵ بۆ یەکسانی ڕەگەزی بدرێت.

 

ئاین، ڕێگایەکی دیکە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان

باوەڕی کۆمەڵگایەک بە هەر ئاینێک کاریگەری تەواو دەکاتە سەر تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە، لەبەر ئەوە دەتوانرێت لە ڕێگای ئاینەوەی هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە، وەک شیرین حەمە ئەمین باسی دەکات، دەکرێت مامۆستایانی ئاینی لە ڕێگای مینبەری مزگەوتەکانیانەوە هۆشیاری بڵاوبکەنەوە.

 

بە پێویستی دەزانێت، کە مامۆستایانی ئاینی هەر وەک چۆن باس لە مافەکانی پیاوان دەکەن، بەو جۆرەش باس لە مافی ژنان بکەن، یەکسانی و ڕێز لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا بڵاوبکەنەوە.

 

ت.پ