توندوتیژی دژی منداڵ و بارودۆخی منداڵان ...١

توندوتیژی جەستەی، دەروونی، سێکسی و توێژی جۆری ئەو توندوتیژیانەن بەرامبەر منداڵ دەکرێت کە کاریگەری و شێوازی خراپ لەسەر منداڵ لە لایەنی جەستەی و دەروونییەوە جێدەهێڵێت.

ناوەندی هەواڵ

 

توندوتیژیکردن دژی منداڵ دیاردەیەکی بڵاوە لە تەواوی جیهاندا منداڵ ڕووبەرووی دەبێتەوە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی خێزان، قوتابخانە یان لەلایەن کەسانی بێگانەوە، لێرەدا مەبەست لەو منداڵانەن کەلە خوار تەمەنی ٨ ساڵیدان بەپێی ئەو ڕێكەوتنە جیهانیەی مافی منداڵ کە وڵاتە یەگرتووەکان خستوویەتیە بەردەست.

 

هۆکاری توندوتیژی کردن دژ بە منداڵ کۆمەڵێک پاڵنەر و هۆکاری هەیە، دیارترینیان:

-توندتوتیژی خێزانی، پاڵنەری خێزانی دیارترین هۆکارە بۆ توندوتیژی کردنی خێزان بەرامبەر منداڵ.

-ئەو دابڕانە کۆمەڵایەتیەی کە خێزان تیایدا دەژی و کزی پەیوەندی نێوان ئەندامانی خێزان دەبێتە هۆی بینینی کۆمەڵێک ئەنجامی نامەنتیقی لە منداڵدا.

-ناڕێکی لە ڕێکخستنی خێزان و ڕاکردن بە دوای ژیانی رۆژانەدا و نەبوونی پشتیوانی خێزانی گەورە بۆ خێزانە بچوکەکان.

-شێوازی پەیوەندی نێوان  دایکوباوک، نەگونجاندن و پەلاماردانی یەکێکیان بۆسەر ئەوەی دیکەیان.

-توندوتیژی بەربڵاو لەنێوان ئەندامانی خێزان.

-بیرکردنەوە و هەست و سۆزی  دایکوباوک شێوازی رەفتاریان جۆرێکە بۆ بوونی توندتوتیژی، هەروەها کەمی هۆشیاری  دایکوباوک لە پەروەردەکردنی منداڵ و مامەڵە نەکردنی دروست لەگەڵیاندا، هۆکارن بۆ توندوتیژی دژ بە منداڵان.

 

هۆکارە دەروونیەکان

کێشە و پاڵەپەستۆ دەروونیەکانی یەکێك لە ئەندامانی خێزان پێدا تێپەڕدەبێت، دەبێتە هۆکارێک بۆ توندوتیژی کردن بەرامبەر منداڵ، هەروەها ناڵاندنی یەکێک لە ئەندمانی خێزان یان  دایکوباوک لە ئاڵۆزی دەروونی، نەخۆشییە دەرونیەکان یاخود نەخۆشییە جەستەییە هەمیشەییەکانی منداڵ، هۆکاری توندوتیژی دەروونین بۆ سەر منداڵ.

 

هۆکاری کۆمەڵایەتی

هۆکارە کۆمەڵایەتیەکان ئەو هۆکارانەن لەناو کۆمەڵگادا دروستدەبێت وەک بڵاوبوونەوەی توندوتیژی ناو کۆمەڵگا، قبوڵ کردنی توندوتیژی و هێز تێیدا، فشار خستنە سەر منداڵان لەلایەن کەسوکار و خەڵکەوە هەروەها خاوەنداریکردنی لەڕادە بەدەری  دایکوباوک بۆ منداڵەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیان بەپێی دابونەریت و کۆمەڵگە دەبێتە هۆی توندوتیژی بۆسەر منداڵان.

بڵاوبوونەوەی تێگەشتنی رەگەزپەرستی و نەبوونی یەکسانی لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا دەبێتە توندوتیژی.

 

هۆکاری ئابوری

لە دیارترین هۆکارەکان، هۆکاری ئابورییە کە توندوتیژی لێدەکەوێتەوە، وەک هەژاری و کزبوونەوەی باری ئابووری خێزان، بێکاری و شوێنی نیشتەجێوونی نەگونجاو.

 

جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە منداڵ

جۆرەکانی توندوتیژیکردن بەرامبەر منداڵ، تەنها یەک جۆر نییە، بەڵکو لە چەند جۆرێک پێکهاتووە، لەوانە:

 

توندوتیژی جەستەیی

ئەم جۆرە توندوتیژیەکی بە ئەنقەستە کە لێدان، بریندار بوون، سوتاندن، خنکاندن و ژەهرخواردکردن و کێشانی شتومەک بە منداڵدا دەگرێتەوە، ئەم جۆرە توندوتیژیە دەبێتە هۆی جێهێشتنی پاشماوەی جەستەی وەک برین و شکاوی، هه ندێکجار دەگاتە حا‌ڵەتی مردنیش.

 

توندوتیژی سێکسی

ئەم جۆرە توندوتیژی کردنە دەستدرێژی سێکسی دەگرێتەوە کە بۆ سەر منداڵ دەکرێت، یان ناچارکردنیان لە بەشداری کردن لە چالاکیەکی سێکسیدا، یاخود ڕووبەڕووی پێکهاتەیەکی سێکسی دەکەنەوە لە ڕێی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە.

 

توندوتیژی دەروونی یاخود هەست و سۆز

ئەم توندوتیژیە وێرانکردنی مەعنەویەتی منداڵ دەگرێتەوە، یان ئازاردانی دەروونی لە ڕێگای مامەڵەکردنێکی خراپ و پشتگوێخستنی هەست و سۆز و دابڕین لە منداڵ، توندوتیژی دەروونی منداڵ تووشی کێشەی گەشەنەکردنی تەواو و بەرەوپێشچوونی دەدات.

 

توندوتیژی کردن لە ڕێی ئینتەرنێتەوە

منداڵان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەڕێی هێڵی ئینتەرنێت و زۆرجار بە هۆی وێنەکانیاوە روبەروی توندوتیژی سێکسی یان ئازاردانی دەرونی دەبێتەوە لەلایەن ئەو کەسانەوە کە دەیانناسێت یاخود بێگانەن.

 

پشگوێخستن

لە هەموو جۆرەکان زیاتر بەربڵاوە شکست هێنانە لە پرکردنەوەی پێداویستە سەرەکیەکانی منداڵ، وەک گرنگی نەدان بە پاکوخاوێنی، چاودێری نەکردنی تەندروستی، چاودێری نەکردن و نە پاراستن، پشتگوێخستی لەلایەنی هەست و سۆز، پێنەدانی تەواوی خۆشەویستی لەلایەن خێزان و  دایکوباوکەوە.

 

گێچەڵکردن و قسەپێگوتن

ناو و ناتۆرە لێنان لە منداڵ، بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە سەبارەت بە منداڵ، هەڕەشە، لێدان یان پاڵپێوەنان و ڕاکێشان ئەو توندوتیژییەیە منداڵ لە خێزان و ناوماڵ و خوێندنگەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، گێچەڵکردن لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیشەوە دەچێتە چوارچێوەی قسەپێگوتن و دەبێتە هۆی ئازاردانی جەستە و دەروونی بۆ سەر منداڵەکە.

 

سبەی: نیشانەکانی توندوتیژی دژی منداڵ و دۆخی منداڵانی عێراق

ت.پ