جەژن؛ بەخشین و نوێبوونەوە و پەیوەندی سروشت و مرۆڤە

جەژنەکان لەلایەن هەر نەتەوەیەکەوە یاد بکرێنەوە، ئامانجیان بەخشینی ڕەنج و نوێبوونەوە و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانە، هاوکات هەندێک جەژن هەن پەیوەندی سروشت و مرۆڤ پێناسە دەکەن.

ژیان عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- لە دێر زەمانەوە یان لە سەردەمی ژیانی سروشتیدا، واتە چاخی بەردینی نوێ و بەڕێوەبەری ژن–دایک بۆ هەر بۆنەیەک جەژنێکی جیاوازیان گێڕاوە. سەرەتا لە کاتی دابەشکردنی ڕزق و ڕۆزی لە بەینی یەکتردا و واتە لەو سەردەمەدا بەرهەمی ساڵێکیان کۆکردووەتەوە، ئەوەی کە زیادە بوو و هاوکات بۆ ئەوەی کە ئەو بەرهەمە یان دەستڕەنجەی کە ماوەتەوە نەکەوێتە ژێر هەیمەنەی گروپێک هەموو لە دەرده‌وری یەکتردا کۆبوونەتەوە و ڕزقەکەیان لە بەینی یەکتردا دابەشکردووە و ئەم هاتنە لای یەکە پێناسەی جەژنی بۆ کراوە.

 

هاوکات لەو جەژنانەدا هەوڵیانداوە ئەو ئەزموونانەی کە لەو ماوەیەدا بەدەستیان هێناوە بیدەن بە منداڵەکانی خۆیان و بەرنامە و پلانیان بۆ ساڵی داهاتوو دادەڕژن، بەم شێوازە خۆیان بە ڕێکخستن دەکرد و ژیانی خۆیان بەسەردەبرد.

 

ئەم پلان داڕشتنە و و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان دەکرێت وەکوو نوێبوونەوە لە فکر و ژیانیشدا پێناسە بکرێت، هەروەها کاتێک کە باران باریوە و هەوا خۆشی کردووە دوای ئەم باران بارینە جەژنیان گێڕاوە و خۆشحاڵی خۆیان دەڕبڕیوە، ئەمە لێرەدا پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت نیشان دەدات، یەکێکی دیکە لەو نموونانە لە دایکبوونی منداڵان بووە و بە هاتنە لای یەک جەژنیان بۆ گێڕاوە، دەکرێت بڵێن هاتنە لای یەکی مرۆڤەکان نیشاندەری یەکگرتن و بە کۆمەڵایەتی بوونە.

 

جەژنەکان دەبنە بەشێک لە کلتوری نەتەوەکان

بە تێپەڕ بوونی کات جەژنەکان زیاتر دەبن و شیوازەکانیان دەگۆڕێت، دەبێت بە بەشێک لە کلتوری هەر نەتەوەیەک، واتە هەر نەتەوەیەک بۆ هەر بۆنەیەک خاوەن شێوازێکی جەژنە، ئەمە چ لە بواری عیرفانیدا بووبێت، چ لە بواری کۆمەڵایەتی و سروشتیدا بێت، لەگەڵ هاتنە ئاراوەی ئایین جەژنەکان زیاتر سیمایەکی عیرفانیان پێ دەدرێت و لەو بوارەدا بەرجەستە دەبێتەوە.

 

لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ئەم جەژنە کۆمەڵایەتی و عرفانیانە ئەگەر زۆر کاڵ بووبێتەوە، بەڵام هێشتا لە هەندێ شوێن بەدیدەکرێت.

 

بۆ نموونە، جەژنی چوارشەمی سوور، چلەی هاوین یان نەورۆزی هاوین، جەژنی هەنار، جەژنی نەورۆز، جەژنی کۆمسا و چەندینی دیکە لەم جەژنانە کە لە ئێستادا تەنیا لەناو بەشێک لە کۆمەڵگەدا گرنگی پێدەدرێت، هەموو ئەم جەژنانە باس لە پەیوەندی نێوان سروشت و مروڤەکان و هاوکات ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.

 

لە نێو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانى ڕۆژانى جەژنە ئاینییەکاندا، وشەکانى پیرۆزە و گەردن ئازادى زۆرترین جار دەوترێت و بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ ئەوەى لە بازنەى یەکتر قبوڵکردندا بۆ سەلماندنى ڕاستگۆى و متمانە و دڵسۆزى نێوان مرۆڤەکانە، ئەو وشەیە یەکێک لە پێویستییەکانە، لەو کاتانەدا کە گەردن ئازادى پێویستى بە وتنەیە، پێویستیشە جێى خۆى بگرێت.

 

لە ئێستادا دەبینین سەرەڕای ئەو هەموو جەژنە جۆراوجۆرانەی کە باس لە مێژووی ڕاستەقینە و هەبوونی گەلی کورد دەکات و بەشێکە لە بنچینە و کلتوری کوردی، گرنگی پێنادرێت، بەڵام لەجێی ئەوە جەژنی وڵاتانی دیکە زاڵ بووە بەسەر ئەم جەژنانەدا و جگە لە جەژنی نەورۆز کەمترین جەژنی کوردی یاد دەکرێتەوە.