سووریا... ساڵێک پڕ بوو لە کۆمەڵکوژی و پێشێلکاری و مافەکانی ژنان لە پێشینە نەبوون

سووریا کە گەلەکەی دەیان ساڵە تووشی نادادپەروەری و بێبەشکردن و چەوساندنەوە بووە، چ لە لایەن هێزە ناوخۆییە پیلانگێڕەکانەوە یان لەلایەن هێزە دەرەکییە تەماحکارەکانەوە، لە ئێستادا لەلایەن گروپێکی جیهادی کە کەسانی ناڕازی دەکوژن و مێژوو ساختە دەکەن بەڕێوەدەبرێت.

سەنا عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، سووریا  خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی هەم ئۆپۆزسیۆن و هەم لایەنگرانی ڕژێم هیوایان لە ڕووخانی ڕژێمی بنەماڵەی ئەسەد نەمابوو کە زیاتر لە ٥٣ ساڵ حوکمڕانییان کردبوو، زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بڕیاریان دا گێڕانەوەکە بگۆڕن و هەتەشەیان وەک یاریزانێکی سەرەکی ناساند.

 

ساڵێک بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا تێدەپەڕێت و ئەو وڵاتە لە ماوەی ٣٦٥ ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی کۆمەڵکوژییەکی بێ وێنەبووە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا، لە سەرەتای پایزدا گەلی سووریا گەشبین بوون، دوای چەندین ساڵ لە وەستانی چارەسەرە سیاسییەکان و داڕمانی ئاسایش و ئابووری بە هەنگاوێکی پێویستیان دەزانی، بەڵام ئەمڕۆ سوورییەکان ناچارن لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەتەشە ئاهەنگ بگێڕن، ئایا بەڕاستی دەکرێت ئاهەنگ بگێڕن و چی هەیە بۆ ئاهەنگگێڕان؟

 

ئەوانەی ئەمڕۆ تاوانی جیهادیەکانی هەتەشە ئاشکرا دەکەن، بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە پاشماوەی ڕژێمی کۆنن یان بە ماتەمینی بۆ ڕژێمی کۆن دەگێڕن، بۆ ئەوان بنەماکە بووەتە "یان لەگەڵ ئێمە یان دژی ئێمە"، بە پێی ئەم بنەمایە گەلی کورد جیاوازخوازە، دروزەکان هاوکارن، عەلەوییەکان پاشماوەی ڕژێمی کۆنن و عەلمانین و فێمێنیستەکانیش کافر و پیلانگێڕن، لە کاتێکدا شۆڕشی سووریا بەرەو بناژۆخوازی هەنگاوی ناوە و لەسەر حیسابی بنەماکانی تر پاڵپشتی دەرەکی وەرگرتووە، ئەم خەڵکە ڕێگای سێیەمیان هەڵبژاردووە و پراکتیکەکانی ڕژێم و هەروەها پراکتیکەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆنیان ڕەتکردووەتەوە.

 

''پاککردنەوەی وێنەی جیهادیەکانی هەتەشە''

هەتەشە گروپێکە کە مێژوو و ئایدۆلۆژیای دامەزراندنیان بۆ جیهان و سوورییەکان ناسراوە، کە لە ژێر فشاری ئەمریکا و ئیسرائیل و بە ڕەزامەندی تورکیا و قەتەر و سعودیە وەک "ڕزگارکەری وڵات" گەڕاونەتەوە گۆڕەپانی سووریا، هەروەها ڕاگەیاندنە عەرەبییەکان هەڵمەتێکیان بۆ پۆلیشکردنی وێنەی ئەبو محەمەد جۆلانی دەستپێکردووە و گۆڕینی بۆ "ئەحمەد شەرع"، بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوانی ئەو ساتە.

 

زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکانیان بێ ئاگا نین لە ڕاستییەکان، بەڵکو مێژوو بە ئەنقەست گۆڕدراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سەردەمی ئێستادا بگونجێت، ئەمەش بەهۆی "عەقڵیەتی کۆمەڵ"ەوە، کە کۆمەڵناسی بە دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی پێناسەی دەکات و تاکەکان خواستیان هەیە بۆ وەرگرتنی ڕەفتار و بیروباوەڕی ئەو گروپەی کە سەر بە خۆیانن بەبێ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و لە ژێر کاریگەری خواستی ئاسایش و قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی یان ترسی جیاوازبوون، کە ڕەنگە ببێتە هۆی بڕیاردانی ناعەقڵانی.

 

'' نموونەیەک کە نابێت پەیڕەوی بکرێت''

گەلی سووریا چاوی لە ئیدلیب نەدەکرد وەک چرایەک و ڕێگەیەکی ڕزگاربوون کە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن هەتەشەوە کۆنترۆڵکرابوو، بە پێچەوانەوە سوورییەکان بە کۆی دەنگ ئەو بناژۆگەراییەیان ڕەتکردەوە کە تایبەتمەندی ئەم گروپەیە، چونکە بە سادەیی لە کۆمەڵگەی سووریا ناچێت.

 

بە سەرکردایەتی ئەبو محەمەد جۆلانی "پێش ئەوەی ببێت بە ئەحمەد شەرع لە ئیدلب" لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٤، هەتەشە ئازادی ڕادەربڕینی سەرکوت کرد و مافی ژنانی سنووردار کرد و خەریکی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی بوو، ئەم سیاسەتانە لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانەکانی وەک هەڵچوونی ئابووری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، کە بووە هۆی ناڕەزایەتی گەل.

 

دانیشتوانی شاری ئیدلب و کۆچبەرانی شارەکە گلەیییان لە گەندەڵی و خزمایەتی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥دا، دوو ژن لە گۆڕەپانێکی گشتی لە شاری مەعرەت میسرین، لە ئیدلب لە سێدارە دا، لەبری ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، وەک وەزیری داد لە ڕژێمی نوێدا دەستنیشانکرا.

 

''لەسێدارەدانەکان بە پشتبەستن بە ناسنامە: ٣٦٥ ڕۆژ بە خوێنی سووری نووسراوە''

ڕاستی سەر زەوی شایەتحاڵی بەردەوامی پێشێلکارییەکانە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی و گەڕانەوەی توندوتیژی و تاوانە سیستماتیکییەکان کە سروشتی تۆڵەسەندنەوە و خێڵەکی و ناوچەیییان هەیە.


بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ تا ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەگرێتەوە، بە لانیکەم هەشت هەزار و ٨٣٥ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە ٥١٢یان منداڵ و ٦٧٦ ژن بوون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی کۆی گشتی لێپرسینەوە نەکردن و سستی دامەزراوەکانی دادپەروەری بوون.


پێشێلکارییەکان بریتی بوون لە چەندین جۆری کوشتنی دەرەوەی دادگا، لەسێدارەدانی پوختە، ڕفاندن بەتایبەتی ژنانی کۆمەڵگەی عەلەوی و دروز، ئەشکەنجەدان و بەئامانجگرتنی بێ جیاوازی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەمە جگە لە هێرشی چەکداری و بۆردوومانکردنی دووبارە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات، کە لە دەستدرێژی دەرەکی لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە ڕزگار نەبوون، خۆبەڕێوەبەری کردە ئامانج لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە باشوور و دیمەشقی پایتەختیان کردە ئامانج.


جیهادییەکانی هەتەشە بەرپرسن لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، هەرئەوانەشن کە زۆرترین کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە و بوونەتە هۆی کوشتنی هاوڵاتیانی سووریا لە ساڵی ڕابردوودا، بارودۆخی کوشتنەکە لە نێوان تەقەی هەڕەمەکی و شەڕی ڕاستەوخۆ و ئۆتۆمبێلی گیراو و ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا جیاوازبوو، جا چ لە زیندانەکانی چەتەکانی تورکیا بێت یان "حکومەتی کاتی" یان لەسەر دەستی داعش یان بۆردوومانی ئیسرائیل.


لە ماوەی مانگی یەکەمی کۆنترۆڵکردنی هەتەشەدا، ٢١ ژن و ٣٤ منداڵ کوژراون، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، ١٤٦ ژن و ٥٣ منداڵ کوژراون، لە مانگی شوباتدا ٤٦ ژن و ٤١ منداڵ کوژراون، لە مانگی ئاداردا، ١٤٤ ژن و ٩٧ منداڵ کوژران، ئەو مانگەی کە هەتەشە هێرشەکانی بۆ سەر کەناراوەکانی سووریا و تۆڵەسەندنەوەکانی لە دژی کۆمەڵگەی عەلەوییەکان دەستپێکرد، لە مانگی نیساندا، ٤٠ ژن و ٢٥ منداڵ کوژراون، لە مانگی ئایاردا، ١٩ ژن و ٤٩ منداڵ کوژراون، لە مانگی حوزەیران، ٣١ ژن و ٢٥ منداڵ کوژراون، لە مانگی تەمووزدا، ٨٩ ژن و ٦٠ منداڵ کوژراون، هەر هەمان مانگ بوو کە هێرشەکان بۆ سەر شاری سوەیدا لە باشووری سووریا دەستیپێکرد و جیهادییەکان کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، کە کەمتر نەبوون لەوانەی کە لە کەناراوەکاندا ئەنجامیاندا.


لە مانگی ئابدا، ٨٠ ژن و ٤٤ منداڵ کوژراون، لە مانگی ئەیلوولدا، ٢٠ ژن و ٣٢ منداڵ، لە مانگی تشرینی یەکەمدا، ١٨ ژن و ١٨ منداڵ، لە مانگی تشرینیب دووەمدا، ٢٠ ژن و ٣١ منداڵ و تا ٥ی کانوونی یەکەم دوو ژن و دوو منداڵ کوژراون.


''سوورییەکان بە ژن و پیاو لە لەسێدارەن''

دانی پوختەدا کوژران، بەگوێرەی ئامارەکانی ڕوانگە، سێ هەزار و ٧١ کەیسی کوشتن بە پشتبەستن بە ناسنامە و سەر بە خۆیان هەبووە، کە ٢٩٦ ژن و ٤٨ منداڵ بوون، زۆربەیان لە کاتی ڕووداوەکانی ناوچەی کەنار دەریاکاندا کوژراون.


ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە، لانیکەم ٣٣ ژنی عەلەوی هاولاتی حەما، حومس، لازقییە و تارتوس، کە تەمەنیان لە نێوان ١٦ بۆ ٣٨ ساڵدایە، لە کاتی هێرشەکەدا ڕفێنراون، هەندێکیان بۆ ئیدلب بردران و هەندێکی دیکەشیان بۆ دەرەوەی سووریا بردران، هەروەها کەیسەکانی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لەلایەن جیهادیەکانی هەتەشەوە بەڵگەدارکراوە، کە ١٠٥ ژنی دروز ڕفێندراون و ٨٠شیان تاکو ئێستا بێسەروشوێنن، هەروەها ژمارەیەک لەوانەی ئازادکراون لە ترسی پارێزراوی خۆیان ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەوە، بە لانیکەم سێ ژنی دروز پێش لەسێدارەدان دەستدرێژییان کراوەتە سەر، تا ئێستا ٧٦٣ کەس بێسەروشوێنن کە ژنانیشیان تێدایە.
 

''کوشتنی هەمەجۆریی و بە ئامانجگرتنی جیاوازی''

لە ماوەی ئەمساڵدا جیهادییەکانی هەتەشە شوێنە ئاینییە جیاوازەکانیان کردە ئامانج، لەوانە کڵێسا و مزگەوت و مەزارگە و شوێنەکانی دیکەی پەرستن، لە دیارترین ئەو هێرشانە هێرشی تیرۆریستی سەر کڵێسای مار ئەلیاس لە دیمەشق بوو، کە لە ئەنجامدا ٢٥ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست دا و لە نێویاندا منداڵ و ٦٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.


هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە مەزارگە ئایینییەکان و هێما ڕۆحییەکانی کۆمەڵگەی عەلەوی و دروز کەوتنە بەر هێرشی ڕاستەوخۆ، لەوانە هێرشی چەکداری، تێکدان و تاڵانکردن، کە بووە هۆی وێرانکردنی بەشێکی بەرچاو لەو شوێنانە و تێکدانی شوێنەوارە ئایینی و مێژووییەکان.


''نەبوونی دادپەروەری گوازراوەی''
لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بە هۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێم هیچ پێشکەوتنێکی بۆ زیانلێکەوتوان بەدەست نەهێناوە، لە ڕاستیدا ئەو کۆمەڵکوژییانە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵمەتە ڕاگەیاندراوەکان بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و تۆمەتبارکردنی هەرکەسێک کە دژایەتی پراکتیکەکانی ڕژێمی نوێی بکات، ئەویش بە سەرۆکایەتی جیهادیەکانی هەتەشە و سەرکردەکەیان ئەحمەد شەرع، کە ئەو کەسانە بە بریکار و خیانەتکارو جیاخواز دەناسێنن، هەروەها لە کاتی کۆمەڵکوژییەکانی سوەیدادا خێڵە عەرەبەکان تێوەگلاون لەو کۆمەڵکوژییانەدا، تەنها بۆئەوەی دواتر لە بەرپرسیارێتی بێبەری بکرێن و تۆمەتبار کران بەوەی کە بە تەنها ئەنجامیان داوە.


ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان کە پەیوەندییان بە دەسەڵاتەوە هەیە، ئەو وێنەیە دەگەیەنن کە ئەو وڵاتانەی سوودمەندن لە ڕژێمی نوێی دیمەشق، چەندین جار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە عەلەوییەکان "پاشماوەی ڕژێمن"، دروزەکان "بریکارەکانی ئیسرائیل"ن، کوردەکانیش "جیاخوازی"ن، بەمەش درزی نێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریا فراوانتر دەکات و زەمینەسازی بۆ ململانێی سووریا لەناو ناوخۆی سووریا دەکات.


دوای شانۆی سەیدنایە، ڕەنگە سوورییەکان پێیانوابێ کە زیندانەکان چۆڵ کراون، بەڵام لە ڕاستیا ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئیدلب پڕن لە کەسانی بێتاوان کە بەبێ دادگاییکردن ڕاگیراون، لە کاتێکدا ئەوانەی پێشێلکاریی قورس و تاوانی جەنگیان لەدژی سوورییەکان ئەنجامداوە، نەخراونەتە دادگا.
 

''خۆڕاگری دوێنێی ژنان سووتەمەنی خەباتە بۆ سبەینێ''
ژنانی سووریا بەرەنگاری پێشێلکاری و پراکتیزەکانی جیهادیەکانی هەتەشە دەبنەوە، لەوانە ڕەتکردنەوەی خوێندن، سنووردارکردنی جووڵە و دامەزراندن، توندڕەوی، کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی.


ژنان هەستیان بە مەترسیی کرد کاتێک گروپێکی جیهادی کە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی پۆلێنکراون و دوژمنایەتی مافەکانی ژنان دەکەن، دەسەڵاتیان لە سووریادا گرتە دەست، ئەوان بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەدا کرد کە لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە گۆڕەپانی ئومەوی لە دڵی دیمەشقی پایتەخت بەڕێوەچوو، تیایدا دروشمیان بەرزکردەوە و داوای سیستەمێکی مەدەنییان کرد کە هەموو پێکهاتەکانی لەخۆبگرێت، هەروەها بەشداری ژنان لە حوکمڕانیدا، کە دروشمی '' نیشتمانێکی ئازاد نییە بەبێ ژنی ئازاد'' یان بەرزکردەوە، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ژنانی سووریا بێ ئاگا نین لە مافەکانیان.

 

بەڵام لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا ئەمە وا نەبوو، لە یەکێک لە ناڕەزایەتییەکانی دیمەشقدا، بەشداربوویەک لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا داوای جیاکردنەوەی ژنانی لە پیاوان کرد و دروشمی ئایینی لە نێوان بانگەوازی "الله اکبر" و "خودا گەورەیە" وتەوە.


هەروەها لێدوانی کەسایەتییەکانی سەر بە ڕژێم ورووژێنەربوو کە توڕەیی سووریای هەڵگیرساند، کاتێک عوبەیدە ئارناووت، وتەبێژی "کارگێڕی سیاسی کوتلەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا"، وتی: سروشتی ژنان ڕێگرییان لێدەکات لە ئەنجامدانی هەندێک ئەرک، وەک وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری، لێدوانەکانی عائیشە دیبس، سەرۆکی بەناو "فەرمانگەی کاروباری ژنان"، سەبارەت بە ئەرکەکانی ژنان و سروشتی مانەوەیان لە ماڵەوە، دوور لە کار دۆخەکەی خراپتر کرد.


هەر لە سەرەتاوە ئەحمەد شەرع "جۆلانی"، بە شێوەیەکی گوماناوی مامەڵەی کرد و ڕەتیکردەوە تەوقە لەگەڵ وەزیری دەرەوە ئانالینا بایربۆک بکات، ئەمەش پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسی بوو، هەروەها گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە داوای لە ژنێکی گەنج دەکات باڵاپۆش بێت بۆ وێنەگرتن لەگەڵیدا، ئەمەش گفتوگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و پرسیاری ئەوەی لێکەوتەوە کە ئایا بەڕاستی نوێنەرایەتی سووریا دەکات یان گروپە جیهادییەکەی؟، کە دەست درێژ ناکەن بۆ سڵاوکردن لەگەڵ ژنان کە ئەمەش ژنان زیاتر دەکاتە کۆیلە.


لە حەلەب بانگەواز بۆ پۆشینی نیقاب کرا، هەروەها لە شەقامەکانی دیمەشق، ژنانی عەلەوی و دروز ناچار بوون باڵاپۆشبن بۆ پاراستنی خۆیان.


ناکرێ تەنها وەک زیانبەرکەوتوو باس لە ژنان بکرێت، ڕەنگە هەندێک کارەکانیان بە سادە بزانن، بەڵام بەڵگەیەکی ڕوونن بۆ بەرخۆدانی ژنان، سەرەڕای ئەو تیرۆرەی لە کاتی هێرشی دڕندانە بۆ سەر کەناراوەکان ڕوویدا، بەڵام زەرقە سەباهیە بێدەنگ نەبوو، ئەو ژنە وەک پاسەوانی تەرمی کوڕ و نەوەکەی وەستابوو، کاتێک جیهادییەکانی هەتەشە لە گوندی قەبووعەوامییە لە گوندەکانی لازقیە کۆمەڵکوژیەکەیان ئەنجامدا، ئەم دایکە خەمگینە بە ئیرادەوە وەستابوو، فرمێسکەکانی خۆی ڕاگرتبوو، دەموچاوی بە ئازار و توڕەییەوە چەسپابوو، کاتێک ڕووبەڕووی جیهادییەکان بووەوە کە هەڕەشەی کۆمەڵکوژی زیاتریان دەکرد.


بە هەمان شێوە فەوزیە شەعرانی، دانیشتووی شاری سوەیدا، لە کاتی هێرشی جیهادی هەتەشە بۆ سەر ئەو شارە، لە بەرامبەر ئەو کەسانەی ماڵەکەیان کردە ئامانج، بە توندی وەستا، چەکی هەڵگرت و پێش ئەوەی فیشەک کاریگەری هەبێت لەسەری ڕووبەڕوویان بووەوە.


ئەمڕۆ سووریا بە تونێلێکی تاریکدا تێدەپەڕێت، بەڵام خۆری ڕاستی ناشاردرێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئاسمانیش تەماوی بێت، دواجار باران دەبارێت، خۆری راستی بە گەشاوەیی لە ئاسمانی سووریادا دەدرەوشێتەوە و ئازاری ساڵانێک لە شەڕ و زیان بۆ سووریاییەکان کەم دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر مێژوو بە ئارەزووی خۆیان بنووسنەوە و کۆمەڵگەی سووریا بشێوێنن و ڕۆڵی ژن نەهێڵن، سووریا بەو شێوەیە دەبێت کە گەل و ژنان شایستەیین.