سۆشیاڵ میدیا، هۆیەک بۆ لەناوبردنی پەروەردەی کۆمەڵگا

داهێنانێکی وەک سۆشیاڵ میدیا و میدیا ئەلکتۆرنییەکان، زیانیان زیاترە وەک لە سودگەیاندن بە کۆمەڵگە، بەتایبەت کاتێک سیستمی سەرمایەداری هەموو هەوڵێک بۆ لەناوبردن و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و کۆمەڵگە دەدات.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ـوە وەک بڵێیت سەرهەڵدانی نوێگەریەکی سەرتاسەری لە جیهاندا ڕووبدات وابوو، لە ئاکامی ئەو نوێگەرییە سۆشیاڵ میدیا-تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیدا بوو، دوای ئەوەی میدیای لە مێژینەی مرۆڤایەتی (تەلەفیزیۆن و سەتەلایت) وردە وردە دەبووە هۆی بێزارکردنی تەماشاکارانی، خەڵکی دەکشانەوە لە تەماشاکردنی میدیا ئاسمانییەکان و بەرەو بەدواداچوون و تەماشاکردنی بەرنامە دیجیتاڵیەکاندا دەگەڕان، خواستی مرۆڤ لەسەر ئاسانترین ڕێگا گەیشتن بوو بە هەواڵ و زانیاریەکان تا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووداوەکانی ژیاندا تێکەڵ ببن.

 

سەرهەڵدانی میدیای ئەلکترۆنی

لەگەڵ پەیدابوونی سۆشیاڵ میدیا، میدیای ئەلکترۆنیش پەیدا بوو، لەبەر ئاسان بەکارهێنانی لەلایەن بەکارهێنەرانییەوە بە شێوەیەکی خێرا لەناو کۆمەڵگەدا تەشەنەی سەند و بینەرانیشی بەردەوام لە زیادبووندان، چونکە میدیا نوێیەکان بۆ هەموو کەسێک دەرگایەکی کراوەیە، هەر کەسێک ئارەزوومەند بێت دەتوانێت لە ڕێگای ئەکاونتی تایبەتی خۆیەوە یاخود پەرە ئەلیکترۆنی و سایتە جیاوازەکانی سۆشیال میدیاوە بە ئاسانی بەوەی دەیەوێت، ئەم تۆڕە یارمەتیدەرە تا پەیوەندی ببەستی لە نێوان تاکەکانی یەک وڵات یان لە جیهاندا، جگە لەوە ڕۆڵێکی باڵا دەبینێت لە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیاندا لەڕووی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری یان فێربوون و بەستنی کۆنفرانس، سیمینار، وۆرک شۆپ، هەروەها بۆ کات بەسەربردن لەسەیرکردنی وێنە، ڤیدیۆ و هۆکارەکانی تر، هەر بۆیە هاوڵاتیان زیاتر گرنگیان بە میدیا نوێیەکان داوە وەک لە میدیای ئاسمانی، ئەم گرنگیپێدانەش ڕاستەوخۆ لەلایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە ئاڕاستە دەکرێت، بۆ گەیشتن بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە و شێواندنی ئەخلاقی خێزانی، میدیای نوێش وەک ناوەندێک کاری کردووەتە سەر تاک بە تاکی خێزان و کۆمەڵگە.

 

کاریگەرییە خراپەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر کۆمەڵگە:

بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە ڕۆژانە ئاگاداری وردەکاری ژیانی زۆرینەی خەڵکی دەبیت و شتێک نامێنێت بە ناوی تایبەتمەندی تاکە کەسی، تەنهاش ڕووی باشی خەڵکیت بۆ دەردەکەوێت چونکە هیچ کەس ئامادە نییە ڕووییەکی دیکەی خۆی پیشان بدات، وەک نەخۆشیەکی دەروونی تاک تووشی قەلەقی و دوو دڵی دەبێت، بە بەراورد کردنی ژیانی کەسانی چواردەوری لەگەڵ خۆیدا.

 

هەروەها نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی تێکەڵی، هەواڵ پرسین و هاتوچۆکردن و گواستنەوەی بۆ نامەیەکی ئەلکترۆنی یاخود پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یەکێکی دیکەی لە کاریگەرییە خراپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

 

تەکنەلۆژیا، ئاڕاستەی پەروەردەی بەرەو کوێ بردووە؟

کەنار کەمال، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بەم پرسە بۆ ئاژانسی ژنها دەدوێت: "سەرەکیترین هۆکاری ئاراستەکردنی پەروەردە لە ئێستادا تەکنەلۆژیایە چونکە بووەتە جیهانی پێنجەم، منداڵ لە ماڵدا ئەوەندەی لەگەڵ مۆبایل و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکاندا بەرکەوتنی هەیە ئەوەندە لەگەڵ دایک و باوکیدا تێکەڵ نابێت، منداڵان پەروەردە لە فیلم کارتۆن و بەرنامە سۆشیاڵیەکان وەردەگرن".

 

ئەو توێژەرە باس لەوەش دەکات، دەکرێت سۆشیاڵ میدیا و میدیا ئەلەکترۆنیەکان بۆ لایەنی زانستی بەکار بهێنرێن بەڵام ئەگەر سەرنجی ئێستای کۆمەڵگە بدرێت دەبینرێ زیاتر زیانی گەیاندووە بە کۆمەڵگە وەک لە سود.

 

سۆشیاڵ میدیا  کاری کردووەتە سەر هەڵوەشاندنەوەی خێزان، هەڵە پەروەردە کردنی منداڵ، لاسای کردنەوەی هەڵە هەروەها بووەتە جێگای بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

 

کەنار کەمال: پێویستە هەموو ڕاگەیاندنێک ڕاوێژکاری پەروەردەیی هەبێت.

کەنار باس لەوە دەکات تەکنەلۆژیا بێ سانسۆرە و ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێن، لە ڕێگای هەبوونی ڕاوێژکاری پەروەردەی، کۆمەڵایەتی، یاساییەوە.

 

کەنار کەمال دەڵێت" پێویستە ئەو دراما و فلیمانەی پەخش دەکرێن لەگەڵ کلتور و بەها کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا بگونجێت نەک تاک ئاڕاستە بکات بۆ پەروەردەی هەڵە و ببێتە هۆی لاسای کردنەوەی هەڵە لەلایەن هاوڵاتی بە گشتی، منداڵان و پیاوان بە تایبەتی، بە هۆی ئەوەی دراماکانی تورکی، کۆری و هندی بە هۆی ئەوەی دابوونەریتیان جیاوازە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆیە کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر تاکی کۆمەڵگە".

 

دراما بیانییەکان خێزان بەرەو لێکهەڵوەشان دەبات

لە ئێستادا سەرەکیترین کێشەی کۆمەڵگە کە خێزانی بەرەو لێکهەڵوەشان و جیابوونەوە بردووە هەبوونی دراما بیانییەکانە، زۆر کات پیاوان داوا لە هاوژینەکانیان دەکەن وەک ژنانی ناو دراماکان بن و ژنەکەی بەراورد دەکات بە ژنانی ناو دراماکان، دەربارەی دراما بیانییەکان کەنار کەمال پێی وایە لە جیاتی هەبوونی درامای لەو شێوەیە دراما کوردییەکان کە هەڵقوڵاوی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگەی خۆمانە پەخش بکرێن.

 

جگە لە هۆیەکانی ڕاگەیاندن پێویستە تاکی خێزان هەوڵی خۆ هۆشیارکردن بدات و ڕێگە لە سەیرکردنی دراما بیانییەکان بگرێت.

 

یاسایەک بۆ ڕێگری کردن و سانسۆر خستنە سەر دەزگا ڕاگەیاندنەکان

گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی پێویستی یاسایەک بۆ سانسۆرکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێت: "یاسایەک هەیە یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایلە بەڵام ئێمە پێویستمان بە یاسایەک هەیە سۆشیاڵ میدیا ڕێکبخاتەوە، چونکە لە ئێستادا بە ڕەهایی لە بەردەم تاکەکانی کۆمەڵگادایە بە بێ هیچ سانسۆرێک هەروەها کەناڵە ڕاگەیاندنەکانیش بەبێ بوونی سانسورێک چیان مەبەست بێت دەیخەنە بەرچاوی بینەر".

ئامارەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات لەناو پێنج ملیۆن کەسدا ٢٥ ملیۆن سیمکارت فرۆشراوە، ئەمەش کێشەیەکی کۆمەڵگەییە، هەروەها ئەو پاکێجانەی بە خەڵات بۆ هاوڵاتیان دەنێردرێن لەلایەن کۆمپانیای هێڵەکانی پەیوەندییەوە، وەک لە دوای ١٢ شەوەوە قسەکردن بە خۆڕایی، یاخود کەمتر لە پارەی ڕۆژ، زیان بە گەنجان دەگەیەنێت و توشی کێشە و دروستکردنی پەیوەندی ناتەدروستیان دەبات.

 

چارەسەر بۆ کەم کردنەوەی ئەم کێشانە چین؟

کەنار کەمال پێی وایە، دەبێت دایک و باوک پەروەردەیەکی تەندروسی منداڵەکانیان بکەن، ڕێگا بگرن لە سەریکردنی کۆمەڵێک بەرنامە و دراما، پێویستە بزانن منداڵەکانیان بە مۆبایلەکانیان خەریکی چ کارێکن و سانسۆریان بۆ دابنێن، هەروەها کەناڵە ڕاگیاندنەکان بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی سودبەخش پەخش بکەن. پێشی وایە گرنگە وانەی چۆنیەتی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بچێتە نێو پەروەردەی خوێندکارانەوە.

 

گوڵستان سەعید دەربارەی پەروەردەی خێزانی دەڵێت: "نابێت خێزان تەنها لە ڕووی بایۆلۆجیەوە یەکتر بناسن بەڵکو پێویستە لە ڕووی پەروەردەییەوە فێر بکرێن و ئاڕاستەی پەروەردەی تەندروست بکرێن، تا ڕووبەڕووی بیری جیاوازی ڕەگەزی و خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و چەندین کێشەی تر نەبنەوە، هەروەها هەبوونی سەنتەری ڕۆشنبیری خێزانی لەناو گەڕەکەکاندا بە پێویست دەزانم تا خێزانەکان زیاتر هۆشیاریان هەبێت".

 

ت.پ